لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

مەرگی خودا و لێکەوتەکانی لە فیکری نیچەدا

04/08/2020


هیدایەتی عەلەوی تەببار, سەییدە ئازادە ئیمامی
وەرگێڕانی: وریا ئەحمەد
سەرچاوە: وێبسایتی گروپی نێگەتیڤ

 

پێشینەی دەستەواژە مەترسییدارەکەی "مەرگی خودا"، دەگەڕێتەوە بۆ پێش نیچە. شۆپنهاوەر سەدەی نۆزدەیەمی، بە چاخی مەرگی ئایین وێنادەکرد. هاینریش هاینە لەساڵی ١٨٥٢دا دەنوسێت: ''سۆز و بەزەیی لەناو دڵەکانماندا شەپۆلان دەدات، هەناسەمان سواربووە، دڵ وەختە لەسینە دەرێ، ئەمجارە خودی "یەهوا" لەسەرەمەرگدایە. یەهوای پیر دەخوازێت بمرێت و بۆ هەمیشە بەجێمانبهێڵێت. زەنگی کەنیسەکان نابیستن؟ بکەونە سەر ئەژنۆ، دەیانەوێت کۆتا سرووتی پیرۆز بۆ خودایەک، کە لەسەرەمەرگدایە، بەجێبهێنن''(استران: ١٩٩٦؛ ٤٣). هیگڵ، لەساڵی ١٨٠٢دا، لەبارەی مەرگی خوداوە قسەیکردووە(گیسلر: ٢٠٠٧؛ ٨١). هەڵبەت هیگڵ هێما بۆ "مەرگی مەسیح"، وەک سێیەمین ڕەگەزی سیانەی پیرۆز بەسەر خاچەوە، دەکات. بەڵام بۆچی لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا دەستەواژەی "مەرگی خودا"، نیچە و فیکری ئەومان بەبیردێنێتەوە؟ پێدەچێت هۆکارەکەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، نیچە بوێرانەتر لەئاست ئەم پرسەدا قۆڵى هەڵماڵى و جیاوازتر لەوانەی پێش خۆی پرسەکەی بەڕوون و ڕەوانی خستەڕوو. نیچە، بەوپەڕی خودئاگاییەوە لەم پرسەی ڕوانی و بە وریاییەوە لە چەقی باسوخواسە فیکرییەکانیدا داینا و بەدەم ئازارێکی قووڵەوە، لێکەوتە مەترسیدارەکانی ئەم پرسە هەستیارەی هەڵسەنگاند.

دەگوترێت لاپەڕەکانی کتێبی (زانستی شاد)، یەکەمین دیمەنە مەترسیدارەکانی ئەم سیناریۆیەی تێدا تۆمارکراوە. بەڵام لەسیاقی کتێبی (بەرەبەیان)یشدا، ئاماژە بۆ ئەم سیناریۆ مەرگبارە کراوە. ئەگەرچی لەمەیاندا، ئاماژەکە لەئاستی ڕووکەشدا ماوەتەوە و بابەتەکە بەڕوونی باسنەکراوە. دواتر ئەم سیناریۆیە لە سیاقی کتێبی (وەهای گوت زەردەشت)دا بەڕوون و ڕەوانی و بە پوختی دەخرێتەڕوو. لەم کتێبەدا، پرسی "مەرگی خودا" بە تەواوی قورساییەکانی دەستەواژەکەوە، بەکۆی مانا فیکری و کەلتورییەکانیەوە، بەر زەینی خوێنەر دەکەوێت. سەرەتا دێوانەیەک بەچرایەکەوە لەناو خەڵکیدا دەردەکەوێت و لەنێو ئاپۆڕای بێ‌باوەڕاندا هەنگاودەنێت و لەبەر خۆیەوە بەبەردەوامی ئەمە دەڵێتەوە: ''بەدوای خودادا دەگەڕێم! بەدوای خودادا دەگەڕێم!''. دەستەی بێ‌باوەڕان بەدەم گاڵتەوگەپەوە وەڵامی دەدەنەوە: ''مەگەر خوداکەت منداڵە و ڕێی ونکردووە؟''. دێوانەکە، لەم بێ‌باکییەی ئەوان سەری سوڕدەمێنیت و بۆ ساتێک لەچاوەکانیان ورددەبێتەوە و بەسەریاندا هاواردەکات:

ئێستا من پێتان دەڵێم خودا بۆ کوێ ڕۆیشتووە. من و ئێوە، واتە ئێمە، ئەومان کوشتووە. ئێمە، هەموومان، بکوژانی ئەوین! لێ ئێمە چۆن بەم کارە هەستاین؟ چۆن توانیمان دەریاکان وشک بکەین؟ کێ ئیسفەنجی پێداین، تاوەکو ئاسۆ بسڕینەوە؟ کاتێک پەیوەندیی زەوییمان بە خۆرەوە بچڕاند، دەمانزانی چی دەکەین؟ ئێستا زەوی ڕوو بەرەو کوێ ملدەنێت؟ ئێمە بەرەو کوێ پەلکێشدەکات؟ داخۆ بۆ هەمیشە لەخۆرەکان دوورناکەوینەوە؟ داخۆ ئێمە بۆ هەمیشە و بەبەردەوامی و بەبێ وچان، لەپێش و لەپاش، لای ڕاست و لای چەپ و لەهەموو لایەکەوە تووشی داڕمان و کەوتن نابین؟ ئایا ئێمە لە هەناوی عەدەمێکی ناکۆتادا سەرگەردان نابین؟ ئایا شنەی ئەم عەدەمە بەسەر ڕووخسارمانەوە هەستپێناکەین؟ ئایا ئاوازی گۆڕهەڵکەنان، کە خودا دەنێژن، نابیستین؟ خودا مرد! خودا مردووە! ئێمە ئەومان کوشت! ئێمەی بکوژی بکوژەکان، چۆن دەتوانین دڵنەوایی خۆمان بکەین! چەقۆکەی دەستمان، خوێنی پیرۆزترین و بەدەسەڵاترین ئەو هێزەی ڕشت، کە تاوەکو ئێستا دونیا بەخۆیەوە بینیبێتی. کێ دەستەکانمان لەم خوێنە پاکدەکاتەوە؟ بە کام ئاو، ئەم خوێنە لەسەر دەستمان بشۆین؟ (نیچە: ٢٠١٠؛ ١٩٢_١٩٣).

دێوانەکە، بەم‌جۆرە هاواریکرد، لێ هیچ کەس توانای ئەوەی نەبوو لەم هاوارە تێبگات. تێگەیشتنی خەڵکی لەکوێ و ئەم ئاگادارییە مەترسیدارەی ئەو لەکوێ؟! مەودای نێوان تێگەشتنی خەڵکی و ئاگادارییەکەی ئەو، گەلەک زۆربوو. ئەم دێوانەیە، زۆر لەکاتی خۆی زووتر دەرکەوتبوو، هێشتا ڕۆژگاری ئەو نەهاتبوو. دەبوو ڕۆژەکان تێپەڕن، تاوەکو پەردە لەسەر ئەم حەقیقەتە پەنهانە لابچێت، وەک‌بڵێی ئەو ڕووداوە مەزنە هێشتا بەڕێگاوەیە و لەئایندەدا دەقەومێت. دەوترێت ئەم دێوانەیە هەر لەهەمان ڕۆژدا سەردانی چەندان کەنیسەی کردووە و بۆ مەرگی خودا، شیوەنی گێڕاوە. ئەو دەمەی دێوانەکە لەلایەن خەڵکییەوە لە کەنیسە وەدەردەنرێت و داوای لێدەکرێت هۆکاری ئەم دێوانەبازییەی ڕوونبکاتەوە، دێوانەکە بەردەوام ئەمەی وتووە:

مەگەر کەنیسە جیا لەوەی ئارامگا و گۆڕی خودایانە، دەشێت شتێکی تربێت؟

بەشێک لە ڕاڤەکاران  لەوباوەڕەدان، دێوانەی ناو ئەم حەکایەتە، هێمایە بۆ خودی "نیچە". نیچە، کە هەرجارە و لەسیاقی زمان و بەرگێکی جیاوازدا ئاوازی سەرمەدییەتی خۆی دەچڕێت، ئەوێک کە هەندێکجار لە پەیکەری بێ‌گیانی "چەکوش"ێکدا ڕستەی توند دادەکوتێت و هەندێکجار لە ناو گیانی پەیامبەرێکی وەک "زەردەشت"دا ڕۆدەچێت و مەستانە دەپەیڤێت، ئەمجارەش بەرگی پەشمینی دێوانەیەک دەپۆشێت و چەشنی شێتەکان، ئاوازی غەمگین بۆ مەرگێکی دەگمەن دەهۆنێتەوە.

 

بۆچوونەکان لەسەر دەستەواژەی "مەرگی خودا"

ئەو سروودەی دێوانەکە بۆ ماتەمی مەرگی خودا دەیچڕێت و ئەو شیوەنگێڕانەی ئەو، کە بۆ ئەم کۆستە گەورەیە بەرپایدەکات، دەشێت وەک بەڵگەیەک بۆ تێڕامانی قووڵ و غەمگینانەی نیچە بۆ "مەرگی خودا" و بۆ "لەدەستچوونی پیرۆزترین و بەدەسەڵاتترین هێزێک، کە تاوەکو ئەمڕۆ دونیا بەخۆیەوە بینیویەتی"، بهێنرێتە بەرباس. ڕوونتر بدوێم، نیچە بۆ ئەم لەدەستدانە مەزنە، غەمگین بووە. دەتوانین بڵێین لەپشتەوەی ئەم دەستەواژە بەڕووکەش ئاتەیستییەدا، باوەڕێکی قووڵ خۆی مەڵاسداوە. ئەم باوەڕە قووڵە، بە بەرچاوڕوونییەکی بێ‌وێنەوە، تاوانی سەربڕینی ئەم بوونەوەرە نازەنینە لەلایەن مرۆڤەوە، شەنوکەودەکات. ئەمە هاوارێکی غەمگین و پڕ ئازارە دەرحەق بە خامۆشبوونی چرای باوەڕ لەناو دڵی مرۆڤدا، ئەو مرۆڤەی، کە خودای کوشت و بە خاکی سپارد و وەک فیرعەونێکی لەخۆبایی کەڵکەڵەی ئەوە کەوتە سەریەوە، خۆی لەشوێنی خودادا دابنیشێت. ئەم ڕووداوە مەزنە، ئەم کوشتنە پڕ لەبوێرییە، پێشهاتێکە هێشتا وەک ڕووناکی ئەستێرەیەکی دوورەدەست دەردەکەوێت و هەموان توانای بینینیان نییە. تەنها چاوە دووربین و تیژەکان دەتوانن ئەم ڕووناکییە دوورەدەستە ببینن. نیچە لەمیانی دەستەواژە و ڕستە کورت و چەکوش‌ئاساکانیەوە، دەیەوێت شوێنپێی ئەو لێکەوتە مەترسیدارانە هەڵبگرێت، کە مەرگی خودا بەدوای خۆیدا دەیانهێنێت. شوومیی ئەم خوێنە، کە بە زوڵاڵیی هیچ ئاوێک ڕاناماڵدرێت، ڕۆژێک دامێنی هەمووان دەگرێتەوە و بۆ زیانە گەورەکانیشی، هیچ چارەسەریک بوونی نابێت. کارەساتی ترسناکی نێهیلیزم و لەمانا بەتاڵبوونەوەی هەموو بەهاکان، باجی ئەم خوێنڕشتنە دەبێت، مرۆڤی نوێ دەبێت ئەم باجە سەنگینە بدات. ئەگەر لەمڕۆدا مرۆڤ، وێڕای ئەوەی لەناو نازونیعمەتی ماددە و چێژپەرەستیدا نقومبووە، لەهەموو کات زیاتر، هەست بە خەمۆکی و بێ‌هیوایی دەکات و خۆی لەلێواری لەناوچووندا دەبینێتەوە، ئەوا باجی ئەو تاوانە مەزن و ترسناکە دەدات، تاوانی مەزنی کوشتنی خودا و سڕینەوەی ئاسۆ میتافیزیکییەکان. تاوەکو سەردەمی نیچە، مرۆڤایەتی خودای هەم وەک جێ نزرگە و سەرچاوە، هەم وەک دوامەنزڵگە و کۆتائامانجی هەموو باوەڕەکانی خۆی ئەژماردەکرد. خودا، لەدیدی مرۆڤدا، بەرجەستەبووی هەموو هیوا بڵندەکان و خواستە باڵاکان بوو، خودا ناوەندی پیرۆزی هەموو پیرۆزییەکان بوو، خودا کۆتا خانەی دڵڕفێنی هەموو ویست و ئارەزووە ناکۆتاکان بوو، خودا چەقی گەردوونێکی ناکۆتا و مینای هەمیشە درەشاوەی کەنار زەریایەکی بێ‌پایان بوو، هەموو ڕێگاکان لەوەوە دەستیان پێ‌دەکرد و بەرەو لای ئەو دەچوونەوە، بەڵام وا ئێستا و لەبەرئەنجامی پرۆسەیەکی مێژوویی‌دا، کە لەڕێنیسانسەوە دەستیپێکرد، باوەڕ دەست لەم بوونەوەرە نازەنینە دەشوات و هیواکان دەستبەرداری ئەم خانەی هیوایە دەبن و ئەو ئەستوورە باڵایە لە سەرووی ئاسمانەکانەوە بۆ سەر زەوی دادەبەزێنرێتە خوارەوە. ئەوەی سەردەمانێک بە سەرچاوەی هەموو ڕەسەنایەتی و حەقیقەتێک دادەنرا، ئەمێستاکە سەراپا بە وەهم و وڕێنە ئەژماردەکرێت و بەدوای ئەمەدا، سەرلەبەری بەهاکان و ئامانجە باڵا و پیرۆزەکان بەبێ هیچ سەرپەناهێک دەمێننەوە و لە بازاڕی نێهیلیزمدا سەرگەردان دەبن و بەرەو بۆشاییەکی ناکۆتا دەخزێن، لەوێدا بۆ هەمیشە پەرت دەبن. ئەمەش واتە چارەنووسی شووم و هەژێنەری نێهیلیزم.

ئەمەی وتمان، دیوێکی دراوەکە بوو، دەتوانین بۆ دیوی دووەمی دراوەکە بڕوانین. دەستەواژەی "مەرگی خودا" مانا و دەلالەتی تر لەخۆدەگرێت. ڕاستی ئەوەیە، نیچە بۆ هەمیشە بەدیار پرسەی مەرگی خوداوە دەست لەسەر ئەژنۆ دانانیشێت. ڕوونتر بدوێین، ئەگەر بۆ دیوی دووەمی ئەم پێدراوە بڕوانین، دەبینین، نیچە نەوەک هەر بۆ "مەرگی خودا"، تازێبار نییە، بەڵکو بەدەم هەلهەلە و سەماوە ڕووبەرەو ئەو ئاسۆ ناکۆتایانە ملدەنێت، کە لە غیابی خودایەکی بەتوانادا، بەڕووی مرۆڤایەتییدا کراونەتەوە. لە هزری بەرزەفڕی کەسێکی سەرکەشی وەک نیچەدا، کە لەسەردا خەیاڵی داهێنان و ئافراندنی هەیە، هەبوون و ئامادەیی هێزێکی باڵای وەک خودا، ڕێگری و کۆسپێکی گەورە دەبێت و بگرە دژ و پێچەوانەی ئەم هزرینە بەرزەفڕەیە. ئەگەر مرۆڤ ناچارە و دەبێت بۆ سەرچاوەی هەموو پاکی و خێر و ئافراندنێک، بەدوای خودایەکدا بگەڕێت، کەواتە مرۆڤایەتی لەناو ئەم گەردوونەدا چ کارەیە و بە چ دەردێک دەخوات؟ بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پەیامە بڵندەی نیچە بۆ "مرۆڤی باڵا"ی لەبەرچاو دەگرێت، دەتوانرێت پەی بەوە ببرێت، کە بۆچی لەبری درێژەدان بە شین و شەپۆڕ و ماتەمگێڕان لە پرسەی خودادا، نیچە هەلهەلەی مەستانەی کێشا و گۆرانیی بۆ سپێدەیەکی نوێ و دونیایەکی تازە چڕی.

لێگەڕێن جۆرێکی تر بدوێین. دەشێت دەستەواژەی "خودا مرد"، وەک ڕستەیەکی خەبەری وەربگرین. ئەم ڕستەیە هەواڵی ڕووداوێک، کە لە گێتی‌دا قەوماوە، ڕادەگەیەنێت. ڕووداوەکە، ئەوەیە مرۆڤ خودای کوشتووە. کەواتە تاوانێک ڕوویداوە و دەبێت دابنیشین و چاوەڕوانی توندترین سزا بین. وەک وتمان، ئەم ڕاڤەیە، تەنها دیوێکی پێدراوە نیچەییەکە دەبینێت. بەدیوەکەی تردا، دەشێت لەهەناوی ئەم دەستەواژە ترسناکەدا، جۆرە فەرمان و لێخوڕینێک پەنهانبێت و ڕاستییەکەی ئەوەبێت ئێمە ئەم دەستەواژەیە وەک ڕستەی داخوازی وەربگرین، کە نیچە لەڕێگەیەوە بانگمان دەکات و فەرمانمان پێ دەکات "وەرن خودا بکوژین، بۆ ئەوەی مرۆڤی باڵا لەدایک ببێت". لەنێوان ئەم دوو ئاڕاستەیەدا، دەشێت ئاراستەی سێهەمیش بوونی هەبێت و پێمانوابێت، نیچە هەر بەڕاستی بۆ مەرگی خودای ڕاستین پرسەی گێڕاوە، ئەو خودایەی بەدرێژایی مێژوو هەرکەسە و بەجۆرێک لەجۆرەکان لەپای تەماح و هەوەسە مرۆییەکانی خۆیدا گەوزاندییەوە. خودای سەدانجار گەوزێنراو بەدەستی مرۆڤ، ئەو خودایەی هەرجارە و بەشێوەیەک و هەر زەمانە و بە ئامرازێک لەناو قوڕاوی هەوەسی مرۆییدا دەگەوزێنرا، سوکرات بە خەنجەری فەلسەفە، پۆڵس بە شەریعەتی درۆیینی مەسیحییەت و مرۆڤی ئێستاش بە مۆدێرنە، هەرجارەو ئەم خودا نازەنینەیان لەسەر عەرشی خۆی هەڵبڕیوە. کەواتە پێدەچێت خودای ڕاستین دەمێک بێت لەم هەموو هەڵبڕین و گەوزاندنەدا، پەڕوباڵی لێ بووبێتەوە و تەنها زڕە خودایەکی لێ مابێتەوە. زەردەشتەکەی نیچە، بۆ مەرگی ئەم زڕەخودایە شایی دەگێڕێت، خودایەک، کە بەرئەنجامی خەیاڵپڵاوی و هەژمونخوازیی قەشەکان و فەیلەسووفەکان بووە.

مانای ئەم بانگەوازە، بانگەوازی مەرگی خودا، ئەوە نییە، گوایە بوونەوەرێکی زیندوو بەناوی خودا، هەر بەڕاستی و پڕ بەمانای وشەی مەرگ، مردبێت. بەڵکو مەرگی خودا لێرەدا ئاماژەیە بۆ ئاوابوونی چاخی باوەڕ بە حەقیقەتە میتافیزیکییەکان، ئەو باوەڕەی تاوەکو سەردەمی مۆدێرن بۆ کەلتوری ئەورووپی سودێکی هەبوو''(Sedgwick, 2009: 31)

ئاراستەی سێهەم، یان بۆچوونی سێهەم، بەوەی تاڕادەیەک دوو بۆچوونەکەی تر لەخۆیدا جێدەکاتەوە، زیاتر بەهەند وەردەگیردرێت. ئەم بۆچوونە دەیەوێت ئەوە ڕوونبکاتەوە، کە نیچە وێڕای ئەم بانگەشە بەڕووکەش پڕ لە کوفرەی، هەرگیز هاوشێوەی ئەتایستە بەناوبانگەکان بەدوای ئەوەوە نەبووە ئەم بانگەشەیەی خۆی بەکۆمەکی بەڵگە بسەلمێنێت و ئارگۆمێنتێک بۆ پرسی نەفیی "بوون"ی خودا بخاتەڕوو. "خودا مردووە"، هاوشێوەی "نەفیی هەبوونی خودا"ی ئەتایستەکان، نکۆڵیکردن نییە لە بوونی بوونەوەرێکی میتافیزیکی. تەنانەت نیچە بەدوای ئەوەشەوە نەبوو، گومان لەسەر وێنا و ئایدیای "خودا" درووستبکات، بەڵکو ئەو تەنها بەدوای ئەوەوەبوو، پەردە لەسەر ڕاستییەکی تاڵی ڕۆژگاری خۆی لابدات. ئەو دەیویست پەردە لەسەر ئەوە لابدات، کە باوەڕ بە هەبوونی خودا، لەم چاخەدا سەنگ و قورسایی خۆی لەدەستداوە و بۆ پرسێکی نالۆژیکی گۆڕاوە. چیتر هیچ پاساوێک بۆ ڕۆڵ و کاریگەریی "باوەڕ بە هەبوونی خودا"، بوونی نەماوە، هەروەک بڵێی ئەو مردبێت. بانگەشەی نیچە ئەوەیە، کە گوایە ئەو تەنیا هەواڵی ئەم مردنەی ڕاگەیاندووە، ئەگینا ئەم پێشهاتە دەمێکە ڕوویداوە، ئەگەرچی هەموان ناتوانن بیبینن: ''مەزنترین ڕووداو لەناو زنجیرە ڕووداوەکانی ئەم دواییانەدا، مەرگی خودا بوو. پێشهاتی مەرگی خودا، یان ئەو پێشهاتەی کە باوەڕ بە خودای مەسیحییەت سەنگ و قورسایی خۆی دۆڕاندووە، لەئێستاوە سێبەری خۆی بەسەر ئەوروپادا پەخشەوەدەکات''(نیچە: ٢٠١٠؛ ٣٠٩). نیچە ناڵێت "خودایەک بوونی نییە"، ناڵێت "من باوەڕم بە خودا نییە"، نیچە دەڵێت "خودا مردووە". ئەو دەکارێت، پەردە لەسەر واقیعی ڕۆژگاری ئێستا لابدات، ئەوی‌دەم بە چاوانی تیژبین بۆ سەردەم و سرووشتی خۆی دەڕوانێت، ئەم واقیعە دەسەلمێنرێت(یاسپرس: ٢٠٠٨:٣٨٨). ڕاستی ئەوەیە، نیچە بەدوای چییەتیی ئەم پرسەدا، کنەوپشکنین دەکات.

نیچە وێڕای ئەوەی لەگەڵ کانت لەوەدا هاوڕایە، کە عەقڵی (پەتی)ی ئادەمیزاد، لە حکومدانی ئەرێنی یان نەرێنی لەمەڕ پرسی "هەبوون"ی خودا و ئایدیا وابەستەکان بەم پرسەوە، بێ توانایە، هەوڵدەدات لەسەر بنەمای ڕستێک تێبینیی نافەلسەفی، چۆنیەتیی سەرهەڵدانی ئەم چەشنە باوەڕ و ئایدیایانە لەناو گرۆی ئادەمیزاد_دا کێوماڵ بکات، دواتر لەسەر پایەی ئەنجامەکانی ئەم کێوماڵکردنە، نالۆژیکیبوونی پاساوی باوەڕ بە خودا، بسەلمێنێت. ئەو، خودا وەک پەرچەکرداری پاسیڤی مرۆڤ و وەک بەرهەمی "ترس" و لەڕاستیدا، وەک هەڵەیەک لە لێکدانەوەی مرۆڤ بۆ دیاردەکان، وێنادەکات. بە بۆچوونی نیچە، ئەوەی کە هۆکاری ڕووداوە سرووشتییەکان دەدرێتەپاڵ بوونەوەرێکی میتافیزیکی بەناوی "خودا"، بۆ کەم‌توانایی عەقڵی مرۆڤ دەگەڕێتەوە، بەوەی کە لە لێکدانەوەی دیاردەکان لەسەر پایەی ڕێسا و هۆکاری سرووشتی، دەستەپاچەیە. هەڵبەت لەگەڵ هەڵکشان و گەشەکردنی ئاستی تێگەیشتنی مرۆڤ لەم بابەتانە، بازاڕی ڕاڤە و لێکدانەوە ئاینییەکان، ڕەونەقی نەما. نیچە، لە شیکارییەکی تردا، وەهمی ڕۆنراو لەسەر بنەمای ستراکتۆرەکانی زمان، بەهۆکاری سەرهەڵدانی ئایدیای خودا، ئەژماردەکات.  لە میانی هەڵسەنگاندنێکی تردا، بە شوێنپێهەڵگرتنی فویەرباخ، پرۆسەی ئوبێکتیڤیتەکردنی هەموو هیواکانی ئادەمیزاد لەسیاقی بوونەوەرێکی باڵا و سەرووتر لەمرۆڤ و گەیاندنی بە ئاستی بوونەوەرێکی شێوەخودایی، بەهۆکاری سەرهەڵدانی ئایدیای خودا لەقەڵەمدەدات. ڕوونتر بدوێین، بەدیدی نیچە، ئەوەی کۆی هیوا مرۆییەکان بە بزماری بوونەوەرێکی نامرۆییدا هەڵبواسرێت، هۆکاری دەروونیی دەرکەوتنی ئایدیای خودایە. ئەم هۆکارانە، بەتەنها لە شێوەپێدان و هێنانەبوونی ئەم ئایدیا و باوەڕانەدا ڕۆڵناگێڕن، بەڵکو زەمینەی بەردەوامیی ئەم جۆرە باوەڕ و ئایدیایانەش دەڕەخسێنن، بە واتایەکی تر، نیچە بانگەشەی ئەوە دەکات، کە " باوەڕە ئایینییەکان لەسەر بنەمای بەڵگەی لۆژیکی ڕۆنەنراون و مرۆڤەکانیش لەبەر بەڵگە و ئارگۆمێنتەکان نییە کە باوەڕ دەهێنن، بەڵکو تەنها لەبەر لێکەوتە دەروونییەکانی باوەڕە، کە باوەڕ دەهێنن"(Young 2006: 106). وەلێ، بەدیوێکی تردا، خودی نیچە لەوباوەڕەدایە، کە ئەمجۆرە لێکدانەوانە لەسەر پایەی تێگەیشتنێکی نادرووست لە"خودا" ڕۆنراون. لەمیانی شەنوکەوکردنێکی ورددا، پەردە لەسەر لێکدژی و ناسازگاریی ئەم جۆرە لێکدانەوانە هەڵدراوەتەوە و هێدی‌هێدی کەموکورتییەکان هێندە ڕوون و ئاشکرابوون، دواجار ئادەمیزادیان بەو دەرئەنجامە گەیاند، کە باوەڕێک لەم سەرچاوە بێ‌بنەمایەوە هەڵقوڵابێت، چیتر شیاوی پەسەندکردن نییە! بەمجۆرە چیتر خودا، بەتایبەت خودای مەسیحی، شیاوی باوەڕپێکردن نییە. بەپێی دەربڕینی کۆپڵیستۆن، نیچە لەمیانی ئەم میتۆد و شێوازەدا، بەدووی ئەوەوەیە، کە ''نەخشەیەک لەمەڕ سەرچاوەکانی ئایدیای خودا بەدەستەوەبدات و بە خۆشحاڵییەوە شوێن دەرئەنجامێک دەکەوێت، کە هەر لەبنەوانەوە بە چەوت‌وچەوێڵی ڕۆنراوە، ئەو بانگەشە بۆ ئەوە دەکات کە: هەر ئەوەندەی پیشانماندا ئایدیای خودا لەکوێوە سەرچاوەیگرتووە، ئیتر پێویستیمان بە بەڵگەی ڕەتکردنەوەی "بوونی خودا" نییە''(کاپلستون: ٢٠٠٨؛ ٣٩٤). ئەو وێنە پڕ لە لێکدژی و ناماقوڵییەی، کە نیچە بۆ سەلماندنی بانگەشەکەی پشتی پێ دەبەستێت، بەمجۆرەیە: ئەم خودا توڕەیەی، کە ئێمە بە درووستی تێی‌ناگەین، بۆچی لەمە ڕوونتر نەهاتە گۆ؟ ئەگەر کەموکووڕی لە گوێی ئێمەدایە، بۆچی جووتە گوێیەکی پێ بەخشین، کە بەهۆیانەوە خراپ لە ئەو تێگەیشتین؟ خۆ ئەگەر پەردە بەسەر گوێی ئێمەدا دراوە و هیچ نابیستین، باشە کێ پەردەی بەسەردا داون؟ هەڵەی ئەو گۆزەگەرە ئێجگار گەورەیە، کە فێربوون و پەروەردەکردنی خۆی بەکۆتا نەگەیاند، لێ ئەوەی کە تۆڵە لە گۆزەکان و ئافرێنراوەکانی دەستی خۆی بکاتەوە، بەبیانووی ئەوەی خراپ بەبارهاتوون، ئەمە ئیتر لوتکەی بێ‌زەوقییە!(نیچە: ٢٠٠٩ج).

بە گوێرەی باوەڕی نیچە، "ئاکاری مەسیحی، مانای ڕاستگۆیی و ڕاستی، کە گەلەک بە وردی بەکاربراون"، بەسەر چەمک و مانای خودا، یان لەڕاستییدا بەسەر مانای خودای مەسیحییدا، زاڵن(نیچە: ٢٠١٠؛ ٣٤٢). هەروەتر، لێکدانەوەی مەسیحی بۆ کردەی ئافراندن، مانای خودای لەسێبەری خۆیدا داشاردووە. بەگوێرەی لێکدانەوەی مەسیحی بۆ کردەی ئافراندن، جیهان چەشنی سەکۆیەکە و حیکمەت و ڕەحمەتی خوداوەندی تێدا دەنوێنرێتەوە؛ هەموو "هەبوون"ێک لە هەناوی نەخشە و پلانێکی قووڵەوە هەڵقوڵاوە و لەم جیهانەدا ڕۆڵ و بەرپرسیارییەتیی بۆ لەبەرچاوگیراوە؛ ئاراستەی هەموو کاروبارەکان، لەژێر کۆنترۆڵی خودادایە و دەستی چارەنووسی خودا، هەمووان بەرەو ئامانجێکی باڵا دەبات. لێ ڕاستی ئەوەیە، کە "ڕۆژگاری هەموو ئەم حەکایەتانە، بەسەرچووە. هەست و ئاگایی مرۆیی لەبەرانبەر هەموو ئەمانەدا سنگ دەردەپەڕێنێت و دەوەستێتەوە؛ هیچ ویژدانێکی تاڕادەیەک ڕوون‌وڕەوان شکنابەین، کە هەموو ئەمانە بە ناپەسەند، هەڵە، درۆ، ژنانە، لاواز و ترسنۆکانە ئەژمارنەکات... ئەو ڕوانینانەی، کە ئێمەی ئەورووپایی لەئاست ئەمانە و لەئاست خودادا (ڕوانینێکی ئاکاری، کە ڕێک‌وڕاست بەرئەنجامی زووهد و خۆپارێزیی مەسیحی بوو) هەڵمانبژاردبوون، چیتر نامانەوێت بەهەند وەریانبگرین..."(نیچە:٢٠١٠؛ ٣٤٢_٣٤٣). ڕاستی ئەوەیە، خاڵی جیاکاریی نێوان نیچە و بێ‌باوەڕەکانی تر لە پرسی ڕووبەڕووبوونەوەی ئایدیای خودادا، ئەوەیە، کە ئەو هاوتای ئەوانیتر بانگەشە بۆ ئەوە ناکات، گوایە لە هەناوی مێژوو و لە دووتوێی بەڵگەکاندا بەدووی خودا گەڕاوە و نەیدۆزیوەتەوە؛ بەڵکو قسەی نیچە ئەوەیە، ئەوی کە لە پێگەی خودادا تا ئێستا بەڕێزەوە وێناکراوە و پەرەستراوە، لەبنەوانەوە هەر خودا نەبووە، چ بگات بەوەی شیاوی پەرەستن بێت: ''خوداوەند، هەروەک کیانێکی بێ‌نەوا، پووچ، زیانبار، نەک هەر هەڵەیەکە، بگرە تاوانێکە دژبە ژیان''.

وێنای مەسیحییەت بۆ خودا، خودا وەک خودای بیماران، وەک جاڵجاڵۆکە و وەک ڕۆح، یەکێکە لە داوەشاوترینی ئەو وێنایانەی، کە مرۆڤ دەستی پێیان ڕاگەیشتبێت؛ لەسەر ڕێگووزەری پاشەوپاشی جۆر و ڕەگەزی خودا، پێدەچێت ئەم چەشنە وێنایە، پەستترین قۆناغ بێت. خودا لەبری ئەوەی بارگۆڕانی ڕیشەیی، یان بەڵێ‌کردنێکی تاهەتایی بێت بۆ ژیان، کەچی بۆ پێگەی لێکدژیی ژیان دابەزی! لە وجوودی خودا، دوژمنایەتی لەگەڵ ژیان، سرووشت و هێزی ئیرادەی ژیاندا، نوێنرایەوە! خودا بۆ جۆرە دەستوورێک گۆڕدرا، کە بشێت بەهۆیەوە، هەر چەشنە تۆمەتێک دەرحەق "بەم جیهانە" و هەر چەشنە درۆیەک دەرحەق "بە جیهانەکەی تر" بڕێسرێت. لە وجوودی وی‌دا، "نەبوون" نوێینرایەوە و ئیرادە بۆ "نەبوون" پیرۆزکرا...(نیچە: ١٩٦٣؛ ٤٦).

بانگەوازی نیچە، کە لەسەر ئەوە ڕۆنراوە گوایە ئایدیای "خودا"ی مەسیحی لەگەڵ تەواوی چەمکە وابەستەکانی ئەم ئایدیایە؛ دونیاکەی تر، بەهەشت، دۆزەخ، پاداشت و سزا، سەراپا ڕستێک "ئەفسانەی زیانبارن"، بەم تێگەیشتنە بۆ چەمکی خودا، بەستراوەتەوە: ''من مەسیحییەت سەرکۆنەدەکەم، چونکە کەنیسە مەسیحییەکان، لەمیانی پیلانگێڕییە شاراوەکانیان، هەموو چەشنە بەهایەکیان ئاوەژوو کرد. ئەوان هەر بابەتێکیان بەهادارکرد، کە لێکدژی لەگەڵ تەندرووستی، جوانی، بوێری، بەخشندەیی ڕۆح و بەگشتی لێکدژی لەگەڵ ژیاندا هەبێت''(Shacht, 2001; 357). بەگوێرەی پێ‌وابوونی نیچە، بەوەدا کە هەر لەبنەڕەتەوە، لە قوڵایی باوەڕ بە خودایی مەسیحیدا، هەستی گوناح و خۆبەهەڵەزانین چێ‌کراوە، بۆیە هەردەم ئازاری ویژدانێک سەراپای بەختەوەری و خۆشنودییە زەمینییەکان ژەهراوی دەکات و مایەپووچی و بێ‌ڕەونەقی بەسەر ژیانی گرۆی ئادەمیزددا زاڵدەکات و قەرەبووی ئەمەش، لەڕێگەی باوەڕبە بەهەشتێکەوە دەکرێتەوە، کە بە وتەی نیچە، "لە مرۆڤ پەنهانە" و لەڕاستیشدا "هیچستانێک"ە لەئاسماندا(نیچە: ٢٠١٠؛ ٤٣)، بۆیە ئەم باوەڕە، سەنگ و قورسایی ژیانی ئەم دونیایە لەکەدار دەکات؛ ئەمەش هەڵدێرانە بەرەو دامێنی جۆرە نێهیلیزمێکی تر، کە نیچە بەتەواوی دژی دەوەستێتەوە و زەردەشتیش بانگماندەکات، کە:

براکانم سوێندتان دەدەم بەئەمەک بن بۆ زەوی و باوەڕ بەوانە مەکەن کە باسی ئومێدی نازەمینی‌تان بۆ دەکەن. ئەوانە بزانن یان نەزانن، ژەهرڕێژن...
ڕۆژگارێک کوفر لەهەمبەر خودا گەورەترین گوناە بوو، وەلێ خودا مرد و لەگەڵیشیدا هەموو ئەم گەورە گوناهبارانە مردن. ئەمڕۆ کوفرکردن لەهەمبەر زەوی، مەزنترین گوناهە و بەهابەخشینە بە دەروونی پێوار زیاتر لە بەهابەخشین بە مانای زەوی.

سەروەختێ ڕۆح بەچاوێکی سووکەوە بۆ جەستەی دەڕوانی، لەو سەروەختەدا ئەم سوکایەتیپێکردنە مەزنترین کار بوو. ڕۆح دەیویست جەستە لانەواز و باریک و قێزەون و برسی بێت، وایدەزانی بەم چەشنە دەتوانێت لە جەستە و لەزەوی هەڵبێت.(نیچە: ٢٠١٠؛ ٢٢_٢٣).

خودا وەک چەمک، هێمایە بۆ قەڵەمڕەوی ئایدیاڵ و ئایدیاکان. لە ئەفلاتوون بەدواوە، لەپاش کەرتبوونی جیهان و دابەشکردنی بەسەر جیهانی بەرهەست و جیهانی سەرووهەست و بە ڕەسەن ناساندنی جییهانی سەرووهەست، چیتر جیهانی بەرهەست وەک سێبەر و وەک پانتاییەکی دەستی دوو ئەژمارکرا و نێوبانگى خۆی لەدەستدا. لێرەوە، باوەڕ بە خودا لەسەر بنەمای بیروباوەڕی مەسیحی، هەر ئەو ئەنجامەی لێدەکەوێتەوە، کە دەبێت هەمیشە مرۆڤ بۆ ڕاپەڕاندن و چارەسەری کاروبارەکانی خۆی، چاو ببڕێتە هێزێکی دەرەوەی خۆی، ڕوونە کە سەرئەنجامی ئەم جۆرە ئومێدە وێرانکەر و ئالوودەکەرە، هەر گرگنی و لاوازی و لادان دەبێت؛ ئەمەش خۆبەخۆ مرۆڤ لەسەر ئەوە ڕادەهێنێت، کە لەبری ئەوەی مێژوو بئافرێنێت، پاڵی لێ دەداتەوە و چاوەڕوان دەبێت تاوەکو دەستێک لە نادیارەوە بێت و بەردێک لەسەر بەردێک دابنێت، لە وەها هەلومەرجێکدا خودی مرۆڤ هیچ هەوڵ و کۆششێک بۆ گۆڕینی بارودۆخی داسەپاو نادات و ناکارێت خواستەکانی خۆی بەدیبهێنێت، لاوازی و دەستەپاچەیی خۆی، بە هەبوونی "ئەو" پاساودەدات. ئەم جۆرە باوەڕە ڕەتێنەر و پڕوکێنەرە، نیچە هاندەدات ئارەزووی مەرگی خودایەک بکات، کە ڕێگای لە جووڵە و ئاکتی مرۆیی بەستووە و مرۆڤی بەرەو ناو دۆڵی ژیانێکی نەرێنی و پاسیڤ ڕاماڵیوە و تەنیا لە قاڵبی کیانێکی بێ‌دەستوپێ و گوێڕایەڵ، قبوڵیدەکات: ''من بە خراپ و بە دژەمرۆی دەزانم، هەموو ئەو پەندانەی لەبارەی ئەوێکی یەکتا و کامڵ و بێ‌جووڵە و بێ نیاز و پایەدارەوە ڕێسراون''(همان:٩٩).

جیا لەم شەنوکەوکردنەی بانگەواز بۆ مەرگی خودا، نیچە لە چەندان شوێندا هەم هێما بۆ جوگرافیای مەرگی خودا دەکات، هەم کەم و زۆر هێما بۆ مێژووی ئەو مەرگەش دەکات: ''هەنوکە وەختە سەرەتاکانی سێبەری گەورەترین ڕووداو لە زنجیرە ڕووداوەکانی ئەم‌دوایانە، واتە مەرگی خودا، یان بەواتایەکی تر بێ‌بایەخبوونی باوەڕ بە خودای مەسیحی، باڵ بەسەر ئەورووپادا بکێشێت''(نیچە: ٢٠١٠؛ ٣٠٩)، نیچە ئەم دیاردەیە بە دەرکەوتنی "ئەو هەورە تاریک و توونانەی، کە بەم‌زووانە ئەورووپا دادەپۆشن"، دەچوێنێت (همان: ٣١٠) و لەچەند شوێنێکی تردا، لەڕێگەی دەربڕینی هاوشێوەوە، بۆنمونە وەک ''ئاوابوونی خوداباوەڕیی ئەورووپایی''(نیچە: ٢٠١٠؛ ج:٧٣) و ''ئاوابوونی باوەڕ بە خودای مەسیحییەت و سەرکەوتنی ئیلحادی زانستیی، پرسێکی ئەورووپاییە''(نیچە: ٢٠١٠؛ ٣٤١)، هێما بۆ هەمان بابەت دەکات. لەهەناوی ئەم چەشنە دەربڕینانەدا، بەجۆرێک لە جۆرەکان مەبەستی نیچە لە چەندوچوونی نواندنەوەی هەڵاسازی "مەرگی خودا"دا شاردراوەتەوە. هەروەتر، ئەم جۆرە دەربڕینانە، سەلمێنەری ڕاست و درووستیی بانگەشەی ئەوانەشن، کە لەسەر ئایدیای "مەرگی خودای مەسیحی" لە فیکری نیچەدا پێداگری دەکەن و لەو باوەڕەدان لەدەستچوونی باوەڕ بەخودا لەلای مرۆڤی مەسیحی و داپۆشینی ڕووخساری ئەم پەرستراوە بە دەمامکی خاک، هەر یەک بابەتە.

 

مەرگی کام خودا؟

لەپاش کێوماڵکردنی مەبەستی نیچە لەمەرگی خودا، یەکەمین هەنگاوی فرەپێویست، ناسینی ئەو خودایەیە، کە نها بەرەو قەڵەمڕەوی (نەبوون) کۆچیکردووە. کام خودایە بوو، بەجێی‌هێشتین؟ تاڕادەیەک ئەم پرسە لە هزری نیچەدا، لەو کەمە بابەتانەیە، کە هەموان کەم و زۆر لەسەری کۆک بن. وێڕای زۆری و بۆری و تەنانەت لێکدژیی بیروبۆچوونی ڕاڤەکارانی هزری نیچە لەمەڕ پرسی خوداباوەڕی لای ئەو، هەموان لەسەر ئەوە کۆکن، لە جیهانی نیچەییدا تەنیا "خودای مەسیحی"یە لە چنگی مەرگدا گیریخواردووە و خوداکانی تر لە گەردوغوباری عەدەم پارێزراو بوون. بە بۆچوونی هایدگەر: ''لە ئاوازی ئەم قسەکردنەوە، وا دەردەکەوێت، کە مەبەستی نیچە لە مەرگی خودا، بەتەنیا مەرگی خودای مەسیحی بێت. ئەوە ڕوونە، کاتێک نیچە چەمکی "خودا" یان "خودای مەسیحی" بەکاردەهێنێت، مەبەستی "جیهانی میتافیزیک"ە. (ضميران: 2004: 277). یاسپەرسیش بەپشتبەستن بە قسەگەلێکی نیچە، کە ڕووکارێکی (transcendental)ییان هەیە، بەم جۆرە ئەنجامگیری دەکات: ''ئەو نیچەیەی دەبوو نکۆڵی لە خودا بکات، لەوێدا کە دەڵێت  "ڕاستی ئەوەیە، تەنیا خودای ئەخلاقی نکۆڵیی لێ کراوە"، خۆبەخۆ بوار بۆ دووبارەدەرکەوتنەوەی خودا دەڕەخسێنێت. ئەوی‌دەم ئەو، هێندەی لەبارەی خوداکان و کاروباری لاهووتەوە دەپەیڤێت، هێندە لەبارەی خودای تاقانەوە ناپەیڤێت، بەدڵنیاییەوە هەموو دەرگاکان بەڕووی (لاهووت)دا داناخات''(یاسپرس: ٢٠٠٨؛ ٦٨٠). پێر سۆفرێنیش، دەربڕینێکی هاوشێوەی هەیە: ''لە دەستپێکی (وەهای گووت زەڕدەشت)دا و لەبەندی یەک‌دا، بابەتەکە بە سرووت و جۆرە نوێژێک دەستپێدەکات، لەبەندی چواردا، وێنەیەکی سەرنگوون لەمەڕ خودا دەخاتەڕوو. کەواتە پێدەچێت مەرگی یەک جۆر خودا، بەمانای مەرگی هەموو خوداکان نەیەت''(سوفرن: ١٩٩٦؛ ٧١). فردریش باخ، یەکێک لە ڕاڤەکاران و کۆکەرەوەی بەرهەمەکانی نیچە، لەو باوەڕەدایە کە: ''نیچە لە خەمی ئەوەدایە، بەهرە مەزهەبی و ئاکارییەکانمان لە وێرانبوون بپارێزێت، ئەو دەیەوێت خوداوەندمان بۆ بگەڕێنێتەوە، دەیەوێت لە هەناوی مەعنەویەتێکی قووڵ و سەرەتاییانەدا، خودامان بۆ زیندوو بکاتەوە. خودایەک، نە خودای کەنیسەیە و نە خودای لاهووت، بەڵکو خودایەکی بڵندپایە و نەناسراوە، کە نیچە لەسەرەتاوە میحرابەکەی ئاواکردووە و سوێندی خواردووە خزمەتی بکات''(باخ: ٢٠٠٦؛ ٨).  هەڵبەت ئەوەش بڵێین، نیچە خۆی زەمینەی بۆ ئەم جۆرە ڕاڤە و تێگەیشتنانە ڕەخساندووە:

هێشتا گەلەک خودای نوێ بواری دەرکەوتنیان هەیە! تەنانەت خودی من کەسێکم، کە ناوبەناو و لە سات و کاتی نامومکیندا غەریزەی مەزهەبی، واتە غەریزەی "خودا_درووستکردن"م تێدا چالاکدەبێت، زۆر جار لاهووت، چ بەشێوەی سەرنگوون بێت یان جۆراوجۆر، خۆی بۆ من ئاشکرادەکات... نابێت گوومان بکەم، ژمارەیەکی گەلەک زۆر لەخودایان بوونیان هەیە... بەهرەی نائاسایی زەردەشت لەم بارەوە لەبەرچاوبگرین، زەردەشت تا ئەو شوێنە دەڕوات کە ددانی پێدا بنێت: "من تەنیا باوەڕ بە خودایەک دەکەم، بتوانێت سەمابکات"(نیچە: ٢٠٠٥؛ ٧٦٩_٧٦٨).

سۆفرێن، بەپشتبەستن بە نموونەی تایبەتیی، جێنالۆجیی(genealogy)ی چەمکە نیچەییەکان، لەسەر بنەوانی هێزی کردار و پەرچەکردار پۆلێنبەندی دەکات و مەرگی خودا لەسۆنگەی چوار چەشنە مرۆڤەوە، کە لەناواخنی وتەکانی زەڕدەشتدا بەردەوام لەیەکتر جیادەکرێنەوە، وێنادەکێشیت:

مرۆڤانە، زێدە مرۆڤانە = مەرگی مەسیح بەسەر خاچەوە
کۆتا مرۆڤ = سڕینەوەی سەرەوەر و ئاغایەک، کە چاوەڕوانییەکانی لەڕادەبەدەرن و بەشێوەیەکی وەڕسکەر، چاودێر و ڕەقیبە
مرۆڤی سەرووتر = پاشماوەی سێبەری خودا
مرۆڤی باڵا = وێرانکردنی فەرمانە کۆنەکان، یەکەمین قۆناغەکانی گۆڕینی سرووشت.
 (سوفرن: ١٩٩٦؛ ١٣١)

لەسەر ئەم بنەمایە و بەگوێرەی ئەو تێگەیشتنانەی لای سەرەوە هێمایان بۆ کرد، چیتر ناشێت نواندنەوەی هەڵاسازی "مەرگی خودا"، وەک سەلمێنەری بێ‌باوەڕیی دەمارگیرانەی نیچە لێکبدرێتەوە، هەروەتر، نابێت وەک هاومانای باوەڕنەبوون بە هەرچ جۆرە بوونێکی ڕەهای دەرەزەمینی و ڕێنوێنیکەر، ئەژماربکرێت. بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی، کە لەمەڕ ڕوانینی نیچە لەهەمبەر وێنای "خودا" و بەتایبەت خودای مەسیحییەت، وتمان، بەپشتبەستن بەوەی، کە نیچە خۆی وەک کەسێک وێنادەکات "خودای لێ ونبووە" و پێداگری لەسەر "خودای ونبوو" دەکات(نیچە: ٢٠١٠؛ ٣١٧، ٣١٦ و...)، وەها هەڵهێنجانێک، کە نیچە بە بێ‌باوەڕ لەقەڵەمنەدەین، زیادەڕەوی نییە. ئەوەی، کە نیچە پرسی "خودای ونبوو" دەداتەبەرباس، دەشێت هێمابێت بۆ تێڕامانێکی قووڵ بەدیار لەدەستچوویەکەوە، کە بەحەق شیاوی خوایەتیکردن بووە. لەم ڕووەوەیە، هەندێک لەوانەی ئەزموونی ئاگری فیکری نیچەیان کردووە، نیچە لە زۆرێک لە گەورە خوداباوەڕانی ناسراو، بەخوداباوەڕتر دەزانن.

بەگوێرەی لێکدانەوەی فێردید، پێدەچێت هەر لە بنەڕەتەوە فیکری نیچە، بەهۆکاری ئەوەی درووشمی کوفرئامێزی خستە سەر زمانەکان، لە فیکری دیکارت، سپێنۆزا، لایب‌نیتس، هیگڵ و تەنانەت فلۆتین و ئیبن سیناش، زیاتر لە بوونی خودای ڕەسەنەوە نزیک بێت! ئاخر نیچە لەبەرانبەر یەزدان و  خودایانی ساختە، دەڵێت "نەخێر"، هەروەتر لەکاتێکدا لە دووتوێی فیکری هیگڵدا، "بوون" یان بە وتەی هیگڵ "دەروون"، بە بوونی ڕەها یان بە (شرط شي_بوونێکی وابەستە بەدەرەوەی خۆی)ەوە دابەستە و وابەستەیە، نیچە لە قەڵەمڕەوی "بوون"ی (شرط لا_ بوونێکی داماڵدراو لەهەر شتێکی دەرەکی)ی دا پیاسەدەکاتز (گ.ا. ن: ٢٠٠٩؛ ١٢٩).

کارل یاسپەرسیش لەو باوەڕەدایە، ناشێت بێ‌باوەڕی و ئیلحادی نیچە، لەسەر بنەمای تێگەیشتنی عەوام بۆ ئەم چەمکە، لێکبدرێتەوە، تەنانەت ئاماژەکەی نیچە بۆ "مەرگی خودا"ش، هێمایە بۆ حەپەسانی نیچە و دەبێت لە سیاقی ئەو پارادایمەدا هەڵبسەنگێنرێت، کە ڕوانگە ئەخلاقییەکانی پێ هەڵدەسەنگێنین. هەروەک چۆن مەبەستی نیچە لە "بێ‌ئەخلاقی"، تێپەڕاندنی ئەخلاقی دەستە و گرووپ، خۆقوتارکردن لە ئەخلاقی تێکەڵ بە فرتوفێڵ و ساختەچییەتی، ئەوەبوو کە ئاکاری ڕەسەن و خۆبونیاد پێشنیازبکات، بەهەمان شێوە، مەبەستی ئەو لە بێ خودایی‌ش ئەوەبوو، خۆ لە باوەڕی ڕووکەشانە و بێ‌بنەما و درۆیین و فریودەر لابدەین. تەنانەت شێوازی دەربڕینی نیچە، ئەوی‌دەم باس لە نەبوونی خودا دەکات، ''تێمای ئازار و ڕەنجێکی نەوتراو'' ی تێدا پەنهانە(یاسپرس: ٢٠٠٨؛ ٦٧٦). خودی نیچەش، سەرئەنجامی ئەم بێ‌خوداییە بەجۆرێک وێنادەکات، کە دەتوانرێت هەست بە ئازار و سووتانە شاراوەکەی ناوی بکرێت:

تۆ ئیتر هەرگیز نوێژ ناخوێنیت، ئیتر هەرگیز سرووتی پەرەستن بەجێ ناهێنێت، ئیتر هەرگیز پشت بە  پەناگایەکی سەرمەدی نابەستیت، لێرە بەدواوە ئیتر بۆ هەر ڕووداوێک کە دێتەپێش، حیکمەتێک بوونی نییە و  لە هەر پێشهاتێکدا، کە بەسەرت-دا دێت، عەشق و سۆزێک پەنهان نییە. ئیتر دڵی تۆ هیچ پەناگایەک شک نابات، کە لەوێدا هەموو شتێک بە بێ خۆماندووکردن، بدۆزیتەوە(نیچە: ٢٠١٠: ٢٥٣).

لەسەر هەمان بنەما و بەپشتبەستن بەو وتراوانەی سەرەوە، کۆپیڵستۆن هێشتا ئومێدی بەوە هەیە، کە بشێت لە چوارچێوەی ئەو سیستەمە نوێیەی نیچە بۆ بەهاکانی ڕۆدەنێت، ڕیشەی بەها دێرینەکان بدۆزرێتەوە. کۆپیڵستۆن پێی‌وایە، خۆبەخۆ ئەوە لە دەروازەکانی فیکری نیچەدا بەدیناکرێت، کە نەتوانرێت هیچ یەک لەبەها گرنگەکانی پێش "مەرگی خودا" لە سیاقی دونیایەکی بێ‌خودادا ڕۆبنرێتەوە. ئەگەرچی لەنێوان ئەو بەهایانەی، ئەو بەهەندیان وەردەگرێت و کۆسیستەمە ئاکارییەکەی مەسیحییەتدا، بچڕانێکی قووڵ هەیە، لێ لۆژیک وا دەخوازێت، کە ناشێت خێرا ئەنجامگیری بکەین بەوەی، گوایە ئەم نموونە تازانە هیچ لێکچوونێکیان لەگەڵ بەها کۆنەکاندا نییە(کاپلستن: ٢٠٠٨؛ ٤٠١).  

لێکەوتە ناچارییەکانی "مەرگی خودا"

ئەگەر لە بەرخوردی یەکەمدا لەگەڵ پێشهاتی "مەرگی خودا"، یان (مەرگی خودای مەسیحی بەهۆی لەدەستچوونی باوەڕەوە)، هاوسۆزی پیشاندەین، ئەوا لەمیانی دەربڕینەکانی نیچەدا، بەسەر ڕستێک بەڵگەدا دەکەوین کە هێمان بۆ لێکەوتە سەنگینەکانی ئەم پێشهاتە و هێمان بۆ وێرانبوونی هەموو ئەو ئایدیایانەش، کە شانازی بەم (لەدەستچوون)ەوە دەکەن. خودی نیچە، ئەوە دەڵێت، کە ئێجگار دەگمەنن، ئەوانەی دەتوانن لەم پێشهاتە تێبگەن، تەنانەت لەدیدی ئەمانیشدا، پێشهاتەکە وا دێتەبەرچاو، وەک‌بڵێی ''لانیکەم خۆر ئاوابووە، متمانەیەکی قووڵ بۆ گوومان و دوودڵی گۆڕدراوە'' و هیچی تر! دوو چاوی گەلێک قووڵبینتر پێویستن، تاوەکو پەی بە قوڵایی ئەم پێشهاتە ببردرێت، لە ڕەشەخەڵک گەڕێ، کە بەهیچ جۆرێک ڕێ نابەنەوە سەر قووڵایی ئەم پێشهاتە و تا ئەوپەڕی سنوری دووری، لێوەی دوورن. دەبێت ڕۆژگار بێت و بڕوات و کات تێپەڕێت و زریانێک بەرپاببێت، تاوەکو چاوی خەوتووان بەسەر ئەم ڕووداوەدا بکرێتەوە. وێرانەی پاش لەدەستچوونی ئەم جۆرە باوەڕە، بەچەشنێکە، هەر دەڵێی تەقەینەوەیەکی مەزن، چەندان باڵەخانەی تۆکمە و توندوتۆڵی، هاوشێوەی باڵەخانەی ئەخلاقی ئەورووپایی، داڕووخاندووە، هەروەتر، چاوەڕوان دەکرێت لێرە بەدواوە ''پاشماوەی ئەم داڕووخانە درێژببێتەوە و بێ‌ئەژمار وردوخاشبوون، وێرانبوون و سەرنگوونبوون'' بەدوای خۆیدا بهێنێت. ئەوە تەنیا زەوی نییە، دەبێت بە میراتگری ئەم وێرانەیە، پێدەچێت داکشانێکی مەزن، بەرۆکی ئاسمانیش بگرێتەوە(نیچە: ٢٠١٠؛ ٣٠٩-٣١٠).

 

١. داڕمانی بەها ڕەهاکان و "نێهیلیزمی ناچالاک"(passive nihilism)

مەرگی خودا، واتا داڕووخانی هەموو ئەو ئاسۆیانەی، سەردەمانێک مرۆڤایەتی بۆ بەدیهێنانی ئامانج و ئایدیا باڵاکانی خۆی، چاوی لێ بڕیبوون؛ مەرگی خودا، واتا وردوخاشبوونی بەها ڕەهاکان و کۆسیستەمە ئاکارییە بەرینەکان، ئەوی لە دێرزەمانەوە، مرۆ وەک میراتێکی ئێجگار بەنرخ مامەڵەی دەکردن و لەئاستیاندا دەنووشتایەوە و بە خۆ هەڵواسین پێیانەوە، مانای بە ژیانی خۆی دەبەخشی. ئادەمیزاد لەگەڵ ئەم ئایدیایانەدا ژیاوە و خووی پێوە گرتوون، لە پێچ و خەمی ناسازگاری ڕۆژگاردا، دڵی پێ خۆش کردوون، بەو سوکناییەی، ئەم ئایدیایانە، لەدەروونیدا چاندبووییان، بەسەر ڕووداوەکاندا بازی هەڵداوە و بە سەلامەتی گیانی بەدەربردووە، لێ ئەمێستاکە و بە مەرگی ئەو خودایەی، کە پاڵپشتی هەموو ئەم ئایدیایانە بوو، ئادەمیزاد هەلاهەلابوونی هەموو خەونە دێرینەکانی خۆی دەبینێت و وای وێنادەکات، ئەو خەونانە، لە بڵقی سەر ئاو زیاتر، هیچی تر نەبوون، هەر دەڵێی لە خەونی شیرینی هەزارساڵە ڕابووە و حەپەساو و شڵەژاو، بەسەر ڕووتەنیی بیابان و بەرەهووتی دەوروبەری خۆیدا چاودەکاتەوە، بەرەهووتێکی کشاو ڕووبەرەو ناشوێن و داکشاو بەناو ترسناکییەکی مەزندا، کە دڵەخوورپەیەکی نامۆ لەدەروونی وی‌دا بەباردێنێت، لەسایەی ئەم ترس و دڵەخوورپەیەدا، بەرگەگرتنی ژیان، سەخت و دژوار دەبێت. بوونێکی بەتاڵ و بێ‌مانا، کە چیتر بە جادووی هیچ ئیکسیرێک، ڕەنگی بەهاو نرخی بەبەردا ناکرێتەوە و تاهەتایە بێ‌نرخ و پاتاڵ دەمێنێتەوە. نیچە لەدووتوێی نامەیەکەدا بۆ (هێنریش وێن ستین)، بەم‌جۆرە وێنای وەها دۆخێکی سامناک دەکێشێت:

ئەوەی هەردەم هیوای بۆ دەخوازم، لوتکەی بڵندییەکە، بشێت لەوێندەر ئاڵۆسکاویی تراژیدیای شاراوە لەخۆمدا، ببینم. پێم خۆش بوو، بنەوانی ستەمکارانە و دڵشکێنی ژیان، لە بوونی ئادەمیزاد دابماڵم. پرسەکە، بریتییە لە ئازار و بەرگەنەگرتنی ئێمە لەئاستیدا؛ هەموو ئازارێک نا، (بۆنمونە باسی ئازاری ددان ناکەم)، بەڵکو ئازارێک، کە ناتوانین پاساوێک یان مەبەستێکی بۆ بدۆزینەوە، ئازارێک، وامان لێ دەکات، بۆ ژیان وەک بابەتێکی "هێڵنج‌هێنەر" بڕوانین. ژیان بەبێ ‌خودا، تامی نییە و "لەمانا داماڵدراوە" و جگە لە داوەشان و هەلاهەلابوون، هیچ ڕێگایەک بۆ قوتاربوون، لەئارادا نییە(یانگ: ٢٠٠١؛ ١٣٤).

نیچە لەشوێنێکی تر، درێژە بەم پرسە دەدات و دێژێت:

هەرکە ئەم لێکدانەوە مەسحییە (بۆ جیهان و مرۆڤ) نەفیدەکەم، هەروەک دراوێکی ساختە، فڕێی دەدەم، دەمودەست ئەم پرسیارە سامناکە لەبەرانبەرماندا قوتدەبێتەوە؛ پرسیارەکەی شۆپنهاوەر، ئەوەی کە دەڵێت داخۆ دونیای (هەبوو) مانا و ناوەڕۆکێکی هەیە؟ پرسیارێک، سەدان ساڵی دەوێت، تاوەکو بەشێوەیەکی کامڵ، هەموو گۆشەکانی و قوڵاییەکەی درکبکرێن(نیچە: ٢٠١٠ ؛ ١٣٤).

ڕاستی ئەوەیە، نیچە بانگەشە بۆ ئەوە دەکات، گوایە سەرەتاییترین و سرووشتی‌ترین کەڵکەڵەی پاش "مەرگی خودا"، پرسیارکردنە دەرحەق بە بەهای "بوون" و مانای ژیان لە دونیایەکدا، کە چیتر خودا بوونی نەماوە. بێ‌گومان ڕەشبینیی شۆپنهاوەر، وەک یەکێک لەوەڵامە مومکینەکانی ئەم پرسیارە دێتەئەژماردن؛ لە هەمبەر ئەم پانتاییە بەتاڵەدا، مەگەر جگە لە دڵکەندن لەم ژینە کورتە و دەستبەردابوون لەم "بوون"ە و ژماردنی چرکەساتەکان بەئومێدی گەیشتنی کۆتایی، چی ڕێگایەکی تر لەبەردەم ئادەمیزاددا دەمێنێتەوە؟ بەپوختی، ئەمەش واتە کەوتنەخوارەوەی غەمگینانەی مرۆڤی "خودا ونکردوو" بۆ ناو بنی چاڵی نێهیلیزم، نێهیلیزمێکی پاسیڤ، بەمجۆرە، نێهیلیزم وەک یەکەمین لێکەوتەی مەرگی خودا، سەرهەڵدەدات. ڕاستی ئەوەیە، پرسەکە بەوجۆرەش نییە، هەرکە باوەڕمان دۆڕاند و مەرگی خودا کەوتە ڕۆژەڤەوە، ئیتر بەدواییدا یەک دونیا شتی تریش لەدەستبدەین! بەڵام ''نیچە هەوڵدەدات قنیاتمان پێ بکات، کە لەگەڵ مەرگی خودادا هەمووشتێک سەرنگوندەبێت و هیچ شتێک وەک جاران نامێنێت. کەواتە "مەرگی خودا" تایتڵی ئەو قۆناغە ڕاگوزەرەیە، کە نیچە بە "نێهیلیزم" ناویدەبات''(Hasse: 2008; 95).

٢. داڕمانی "ئەخلاق"

 نیچە، داڕووخانی پایەکانی ئەخلاقی مەسیحیەتی وەک لێکەوتەی ناچاریی بوومەلەرزە سامناکەکەی "مەرگی خودا" ئەژماردەکرد. بە باوەڕی کۆپیڵستۆن، ئەخلاقی مەسیحی، بۆ ماوەی سەدان ساڵ، ئاسۆی کۆسیستەمە ئاکارییەکانی ئەورووپییەکان بوو(کاپلستون: ٢٠٠٩؛ ٤٠). نیچە، پێداگربوو لەسەر ئەوە، کە بەهەڵەدا دەچین ئەگەر وا گومانکەین گوایە دەشێت بەبێ بوونی خودا، پارێزگاری لە ئەخلاقی خوداباوەڕی بکەین، وەک سیستەمە سیکۆلار و دیموکراسییەکان بانگەوازیان بۆ دەکرد.
'' بەباوەڕی ئێمە، هەرکە لە ئەڵقەی مەسیحییەت هاتیتە دەرەوە، چیتر مافی ئەوەت نییە، پێ لەسەر سەرزەمینی ئەخلاقی مەسیحییەت دابنێت''(نیچە: ٢٠٠٨؛ ١٠٣). ئاخر، مەسیحییەت مەنزوومەیەکی پێکەوەبەستراو لە بیروباوەڕ و عەقیدەیە و ئەم مەنزوومەیە یەک جۆری ڕوانین لەمەڕ دیاردەکان دەخاتەڕوو، لەسەر ئەو بنەمایەش ڕۆنراوە، کە ئادەمیزاد ناتوانێت چاکە و خراپەی خۆی لێکجیابکاتەوە، تەنیا خودا لەمەڕ بەرژەوەندیی گرۆی ئادەمی بەئاگایە. پێوەرە ئەخلاقییەکانیش، لەلایەن ئەوەوە و بەلەبەرچاوگرتنی سود و زیانی ئادەمیزاد دانراون. کەواتە پێوەرە ئەخلاقییەکان، سەرچاوەیەکی ئاسمانییان هەیە و هەر لەبەرئەمەش، هەر ئەو سەرچاوەیە مافی هەڵسەنگاندنی کۆی کاروبارەکانی هەیە. لەم ڕووەوە، ڕەسەنایەتی پێوەرە ئەخلاقییەکان، لەگرەوی باوەڕ بە هەبوونی خودادایە، کەواتە تەنها ئەویدەم دەشێت لەمەڕ بەها و ئیعتیباری پێوەرە ئەخلاقییەکانەوە قسان بکرێت، کە هێشتا ناوی خودا لەناواندا بێت و باوەڕ بەخوداش سەنگ و قورسایی خۆی لەدەستنەدابێت، ئەگەر نا، ئەوا ئەو پێوەرانە هیچ بەها و نرخێکیان نابێت.

 

٣. ڕووشاندنی سەنگ و قورسایی "حەقیقەت"

لەبەهاکەوتنی ئەو باوەڕەی، کە بەدەوری "حەقیقەت" و "زانست"دا ڕۆنراوە، بە یەکێکی تر لە لێکەوتەکانی بزربوونی ئیمانی میتافیزیکی دێتەئەژمار، ئاخر ئەوە ڕوونە، داڕووخانی ژێرخان و بنەوان، داڕمانی سەرخان و بنمیچی لێدەکەوێتەوە. تا هەنووکە، ئیمانی کەسی باوەڕدار بە سرووشتێکی گوێڕایەڵ و ئارام، کە ملکەچی ڕێسامەندیی ئافراندنە و لەژێر کۆتوبەندی سونەتەکانی خودادایە، ژێرخانی هەر چەشنە توێژینەوەیەک بووە و پاڵپشتی هەر جۆرە مەعریفە و زانینێک بووە. ڕوونتر بدوێین، تا پێش مەرگی خودا، ئیمان و باوەڕ، بنەوانی تێگەیشتنی ئادەمیزاد بوون لەسرووشت. لێ ئەمێستاکە و بە مردنی ئەم خالیقە هەڵسوڕێنەرە، سرووشتیش هەڵگەڕاوەتەوە و سەرکێشی دەکات، بۆ ئەوەی سرووشت ڕێز لەیاساکانی پێشوو بگرێت، هیچ گەرەنتییەک نەماوە. ئیتر لێرە بەدواوە ناتوانرێت لەبارەی "دڵنیایی زانستیی"ەوە قسان بکرێت، بەم‌جۆرە زانستیش، کە سەنگ و ئیعتیباری خۆی لەدەست-دا، ئەو پەڕی بتوانین وەک جۆرە ڕوانگە و بەرچاوڕوونییەک(perspective) قبووڵی بکەین.

''ئەگەر ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئەم بیروباوەڕانە لەرزۆکتربن، چی ڕوودەدات؟ ئەگەر ئەوە بسەلمێت، کە هەموو شتێک جگە لە هەڵە، گومڕایی و درۆ هیچی تر نەبووە، چی دەبێت؟ ئەگەر وا تێبگەین خودی خوداش دێرینترین و پایەدارترین درۆی ئێمە بووە، چی؟''(نیچە: ٢٠١٠؛ ٣١٤).

 

٤. نەفیکردنی "دوالیزم"

 وتمان، نیچە پارادایمی باڵادەستی سەردەمی خۆی بەو جۆرە دەبینی، کە چیتر خودا دەستی تێدا نییە، وەک بڵێی خودا مردبێت. ڕاستی ئەوەیە، ئەو هەلومەرجەی لەهەناوی ڕێنیسانسەوە لەدایکبوو، لەگەڵ یاخیبوونی ئادەمیزاد لە کەنیسا، خۆنواندنی عەقڵگەرایی مرۆڤ لەبەرانبەر پەروەردەی مەسیحییەت، بەرزنرخاندنی پێگەی عەقڵ و ئەزموونی مرۆیی و بەکورتی ئەو غروورەی لە هیومانیزمەوە داکەوت، هەموو پێکەوە، لە سەر ڕێرەوەی بەرەوپێشڤەچوون، قەڵەمڕەوی فەرمانڕەوایەتیی خودایان داگیرکرد و هەنگاوبەهەنگاو پاشەکشەیان بە خودا کرد و لەڕووبەرێکدا، بەئەندازەی بەرینی کەنیسەیەک، توندیانکرد. بەواتایەکی ڕوونتر، ئەو پرۆسەیەی سەرەوە، ئەو خودایەی لەدەسەڵاتی دونیا کەنارگیرکرد، کە سەردەمانێک تاقانە فەرمانڕەوای بێ‌ڕکابەری هەردوو دونیا بوو. بەم‌جۆرە خودا لە کاروباری دونیا دوورخرایەوە و ئەرکی هەڵسوڕاندنی ئاخیرەتی پێ سپێردرا. ئەگەرچی ئەم ڕەوشە، قەڵەمڕەوی فەرمانڕەوایی خودای بەرتەسک کردەوە، لێ هێشتا هەژموونی خودا بەسەر ژیانی ئادەمیزاددا درێژەی هەبوو؛ ئاخر دوالیزم و باوەڕ بە هەبوونی دونیاکەی تر، کە بەشێوازێکی ڕەها موڵکی خودایە، هێشتا وەک هەڕەشەیەک بۆسەر ژیانی مرۆڤ لەم دونیایەدا، ئەژماردەکرا. لەڕاستیدا، وێڕای ئەوەی مرۆڤ بەسەر چارەنووسی خۆی لەژیانی ئەم دونیادا بووبە حاکمی ڕەها، لێ باوەڕ بە میتافیزیک، کاریگەریی بەسەر ژیانی ماددیی ئەوەوە بەجێدەهێشت. واتە، ئایدیای ڕەسەنایەتی و حەقیانەتی ژیانەکەی تر، ژیانی زەمینیی لەکەدار دەکرد و گەردوغوباری پەستی و ناچیزیی بەسەردا دەباراند، لێرەوە و بەم‌جۆرە دونیای مرۆڤ لەپای ئاخیرەت، دەکرا بە قۆچی قوربانی و کەمەری مرۆڤ لەژێر باری سەنگینی فێرکارییە میتافیزیکییەکان، دەچەمایەوە. ئەم دوالیزمە مێژووییە، کە سەرەداوەکەی لەدەستی ئەفلاتووندا بوو، زەمینەیەکی بەبارهێنابوو، کەلتور و ڕێساکانی مرۆڤ لەناو زەلکاوی دوودڵی و گومانی خراپدا بگەوزێنەوە، تەنیا ئەو بابەتانە وەک شتانێکی ڕەسەن پێشوازیان لێ دەکرا، کە لەو دیوی ڕووکەشیی ئەم دونیایەدا هەڵکەوتبوون. لەسیاقی ئەم شێوە ڕوانینەدا، ئەو کەسە لە هەموان فەیلەسوفترە، سەرکەوتووانە دونیای بەرهەست (هەستەکی، دیاردە، بوونی دەرەکی، و .....) تێپەڕێنێت و دەستی بە حەقیقەتی بەرین (مەعقوڵ، بوونی حەقیقی، و ......) ڕابگات. بێگومان، ناسراوترینی فەیلەسووفانی مێژوو، لە ئەفلاتوونەوە تابە کانت و هیگڵ دەگات، هەموویان لە کەوا سوورانی بەرلەشکری ئەم تێپەڕاندنە بوون. بە باوەڕی نیچە، ئەمەش هەر جۆرە نێهیلیزمێکە و بەوەی سەرنجی ئادەمیزاد بەرەو شاری ئیدیاڵی دونیاکەی تر ڕادەکێشێت، دەبێتەهۆی ئەوەی مرۆ چاو لەئاست ئەم ژیانەی ئێستا بنوقێنێت و بەردەوام ڕەخنە لەم دونیایە بگرێت. ئەمە هەر ئەو پرسەیە، نیچە بەتووندی ئاگادارمان دەکاتەوە، توخنی نەکەوین. بەڵام، مەرگی خودا، بۆ نیچە و زەڕدەشتەکەی، بەواتای داڕمانی پێگە ئاسمانییەکەی خوداش دێت، کەواتە ئەگەر خودایەک لەئارادا نەبێت و دونیایەکیش لە پانتایی میتافیزیکدا، کە قەڵەمڕەوی پادشایەتیی خودایە، بوونی نەبێت، ئیتر هیچ بیانوویەک بۆ بێ‌نرخکردنی بەهاکانی ئەم دونیا و نەفیکردنی ژیان، نامێنێتەوە. لێرەدایە، دەبێت "بەڵێ" بۆ ژیان بکەین و بەتەواوی ڕەهەندەکانیەوە لەباوەشی بگرین. نیچە لەسیاقی ئەم دەربڕینەدا، نەک هەر خودای مەسیحییەت، بەڵکو سەرلەبەری خودایانی دێرینیش ڕەتدەکاتەوە. مەرگی خودا بۆ نیچە، چیتر بەمانای ئەوە نایەت، گوایە خودا لە هەڵسوڕاندنی کاروباری ئەم دونیایە دوورخراوەتەوە و لە سەر عەرشی ئارامگایەکی ئەبەدی پاڵی لێداوەتەوە. لەبنەڕەتەوە، نیچە ناتوانێت بەرگەی دووکەرتبوونی جیهان بگرێت، چ بگات بەوەی لەڕێگەی دداننان بەم دوالیزمەوە، جیهانێکی تر بۆ خودایان بنیاتبنێت و لەوێدا دەستبەرداریان ببێت، تاوەکو هێشتا دەریچەیەکی بۆ تیشکدانەوەی ئەو جیهانە بەرینەی ئەولا، هێشتبێتەوە! مەبەستی ئەو ئەوەیە، باوەڕ بە خودا، ئیتر هەرکێیە و لەهەرچ شوێن و لەهەرچ زەمانێکە، لەڕەگوڕیشەوە دەربهێنێت. کەواتە دەتوانرێت بوترێت مەرگی خودا، پێش هەموو شتێک، بەواتای مەرگی میتافیزیک و ئاخیرەت و سڕینەوەی ئیمان بەم دووانە، دێت.      

٥. ئافراندنی بەهای نوێ و "نێهیلیزمی چالاک"(active nihilism)  

 بەڵام، مەرگی خودا، بەتەنیا نێهیلیزم و هەموو ئەو پێشهاتە ناخۆشانەی لێنەکەوتەوە؛ وێڕای ئەوانەی لەئاست لەدەستچوونی خودا، ترس دڵی داگرتن و ئەم پێشهاتەیان وەک هێرشی سامناکی لەشکری پووچی و عەدەم بۆ سەر دونیا وێناکرد و لەتاواندا دەستەوئەژنۆ بۆی دانیشتن، کەسانێک هەبوون، ئەم پێشهاتەیان وەک مژدانەی دەرکەوتنی دونیایەکی نوێ، لێکدایەوە. مەرگی خوداوەندێکی هێندە بەهێز و بەتوانا، کە جڵەوی هەر چەشنە داهێنان و ئافراندنێکی لەژێر چنگدا بوو، موریدان و دەروێشانی بنجکۆڵ و سەرکێشی خستە هەلەکەسەما و ئاهەنگگێڕان، ئەم مەرگە، چاوی ئەوانی بەسەر ئاسۆی ناکۆتادا کردەوە. نیچە، کە سەر بە ئەم خێڵی مەستانە بوو، نەیتوانی سەرمەستی و خۆشنودیی خۆی، دەرحەق بەم ڕەهابوونە بشارێتەوە؛ لەچاوانی مەستی وی‌دا، کاریگەریی دوورمەودای ئەم پێشهاتە، نەک هەر نائومێدکەر نابێت، بەڵکو چەشنێکی نوێ لە بەخت و ئیقباڵ و ئاسوودەیی و خۆشنوودی بەدیاری لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. "مەرگی خودای پێشین"، بۆ فەیلەسوفان و ئازادیخوازان و، بەکورتی "بۆ لەدایکبوان و نوێخوازانی سەدەی ئاییندە"، مژدەی بەرەبەیانێکی نوێ و ئاسۆگەلی بەرین و ناکۆتای پێیە، ئاسۆ تازەکان، چەشنی دەریا لەبەردەم بەلەمی ئەندێشەی نەوەکانی داهاتوودا ڕادەخرێن، تاوەکو لەمیانەیانەوە دونیای نوێ بدۆزرێتەوە. ئەم ئاسۆ تازانە، بۆ دەریاسالارانی بواری مەعریفە و ناسین، دەریایەکی بێ‌بن و ناکۆتان، ئەو دەریاسالارانەی بێباکانە بەرەو مەترسی مل دەنێن، تاوەکو بەگوێرەی توانای خۆیان بەها و ئامانجی نوێ بئافرێنن و کۆتوبەندی کۆن، لە دەست‌وپێی خۆیان دابماڵن؛ ''سەرلەنوێ دەرفەت بۆ هەر جۆرە هەوڵ و کۆششێک ڕەخساوە، دەریا، دەریای ئێمە، سنووری قەڵەمڕەوی بەرینی خۆی بەڕووی ئێمەدا، ئاوەڵاکردووە، پێدەچێت تا هەنووکە، وەها دەریایەکی "کراوە" بوونی نەبووبێت''(نیچە: ٢٠١٠؛ ٣١١). لەسۆنگەی ئەوانەوە، مەرگ، نەک تەنیا شایەنی ئەم جۆرە خودایەیە، بەڵکو دەبێت مەرگ، سێبەری ترس لەخوداش لەناوببات و تەنانەت نابێت بوار بۆ وەهم و خەیاڵی خوداش بهێڵرێتەوە، نەبادا دواتر وەک بتێک دەربکەوێتەوە و سەرلەنوێ مرۆڤ ناچار بە کڕنووش و چەمانەوە و پاسیڤبوون بکات؛ ''پاش ئەوەی بودا مرد، بۆ ترساندنی خەڵقی، سەدان ساڵ سێبەری ئەویان لەناو ئەشکەوتێکدا نمایشکرد، سێبەرێکی سامناک و مەزن. خودا مردووە، لێ سرووشتی مرۆڤەکان وایە، دیسان سێبەری وی بەمەبەستی ترساندن، تا هەزاران ساڵ لەنێو ئەشکەوتاندا نمایشدەکەن. دەبێت ئێمە بەسەر ئەم سێبەرەیشدا زاڵ ببین''(همان:١٧٦). ڕاستی ئەوەیە، لێرەدا "باوەڕ بەخودا، لەسیاقی وشەی (سێبەر)دا جێ کراوەتەوە"، واتە سێبەر، هێمایە بۆ باوەڕی ئێمە بەخودا، کە هەردەم ئەم باوەڕە لەناو قەڵەمڕەوی درک و تێگەیشتنی ئێمە و لە ئایندەماندا، دەردەکەوێتەوە. ڕوونتر بدوێین، باوەڕ، پرسێک نییە، بشێت بە سانایی بەلایدا تێپەڕین، ویست و خواستەکانمان، نەریت و خووەکانی ئێمە لە دەمی جێبەجێکردنی کاروبارەکان، لەدەمی تێفکرین و لەدەمی دەرک و تێڕوانینمان بۆ ژینگەی دەوروبەر، هەموو پێکەوە ڕێگر دەبن لەوەی، بتوانرێت بەسانایی یەخەی خۆمان لەچنگی لێکەوتەی باوەڕە میتافیزیکییەکان ڕزگاربکەین(Sedgwick: 2009; 31). مەگەر ئەوەی ئەکتیڤیتی و تامەزرۆیی بۆ داهێنان و ئافراندن، لە بوونماندا شەپۆل بدات، لەم دۆخەدا، دەشێت لەدژی باوەڕ و ئیمان بوەستینەوە. ئاکتیڤیتی و داهێنان و ئافراندن، بەچەشنێک لە لووتکەی خەونەکانی زەردەشتدا جێکەوت بوون، کە زەردەشت باوەڕی وایە هیوای بەچنگخستنیان، هۆکارە بۆ هەڵگەڕانەوەی وی لە خودایان؛ ''ئەم هیوا و خواستە، منی لە خودا و خودایان دوورخستەوە، شوێنێک بۆ ئافراندن و داهێنان نەدەبوو، ئەگەر خودایان بوونیان هەبووایە!''(نیچە: ٢٠١٠؛ ١٠٠). ئەمانە تایبەتمەندیی خودایی‌ن و لەهەر کەسێکدا بوونیان هەبێت، ئەو کەسە تا مەقام و پێگەی خودایەتی هەڵدەکشێت. زەردەشت، کە خوازیاری شێوە هەرە کامڵەکەی ئەم تایبەمەندییانە بوو، بێ‌پەروا، پەردە لەسەر ڕازی دڵی هەڵدەداتەوە؛ ''دەخوازم دەریچەی دڵم بەتەواوی بەڕووی ئێوەی هاوڕێیاندا بکەمەوە، ئەگەر خودایان بوونیان هەبووایە، چۆن دەمتوانی ڕێ لەخۆم بگرم، کە منیش نەبم بە خودا! کەواتە خودایان بوونیان نییە!''(نیچە: ٢٠١٠؛ ٩٨). بەم‌جۆرە، زەردەشت، بانگ و سەڵای بێ‌خودایی و بێ‌نیازی و خۆپەروەری، بەبێ هیچ پێچ‌وخەمێک، بەگوێی هەمواندا دەدات، کۆڵان‌بەکۆڵان و کۆبەکۆ، بەدوای ئەوانەدا دەگەڕێت، کە باوەڕیان بە ئایینی ئەو هێناوە؛ ''ئەمەیە ئامۆژگاریی من بۆ گوێیەکانیان: منم زەردەشت، پیاوی بێ‌خودا... لەمن بێ‌خودا تر کێیە؟ تاوەکو چێژ لە پەند و وانەکانی ببینم... منم زەردەشت، پیاوی بێ‌خودا! من هێشتا هەموو پێشهاتێک لەناو مەنجەڵەکەی خۆمدا دەکوڵێنم و هەرکە زۆرباش کوڵا، وەک خۆراکێکی بەتام، پێشوازیی لێدەکەم''(همان: ١٨٦).

ئەم ڕێگایەی زەردەشت تەیدەکات، ڕێگایەکی پێچەوانەی هەموو ئەو ڕێگایانەیە کە تا سەردەمەکەی ئەو، ئادەمیزاد پێیاندا ڕۆیشتووە، ئەو سەری ئەم ڕێگایەی زەردەشت، دەچێتەوە ناو ئوستوورە دێرینەکان. تاوەکو پێش ئەو، باوەڕوابوو هیچ هەڵە و تاوانێک لەوە گەورەتر نییە، ئادەمیزاد خۆی بەدەستی خۆی بەهایەک بۆ خۆی بئافرێنێت و لەسایەی ئەو بەهایەدا، یاساکان، چێژەکان و مافەکانی خۆی پاساوبدات. خۆ ئەگەر چەند کەسێکی کەم، بوێریی ئەم جۆرە کارەیان هەبووبێت و سەرکێشییەکی لەم شێوەیان کردبێت، بەم‌جۆرە پاساویان بۆ خۆیان دەهێنایەوە، کە: ''ئەوە من نەبووم بەو کارە هەستام، خودا منی وەک نێوەندگرێک بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو کارە، بەکارهێنا''، هەمیشە دەبوو دەستی خودا لەئارادا بووایە. ئەوەی، کە دەبوو هەردەم خودا ئامادەییەکی ڕەهای هەبووایە، درووست پێچەوانەی ڕوانگەی ئوستوورەیی زەمانی کۆنەوە. بەگوێرەی ئوستوورەکان، ئادەمیزادەکانی ئەوی‌دەم، بە خوڵقاندنی خودای جۆراوجۆر، ئازادی و ئیرادەی خۆیان پایەداردەکرد؛ سەردەمانێک تاقە بەها و پێوەر، خودی "ئادەمیزاد" بوو، هەر گەلێک بانگەشەی ئەوەی دەکرد، گوایە شێوە و بیچمی کامڵی "ئادەمیزاد"، لەمنداڵدانی ئەودایە، لێ لەگەڵ ئەمەشدا ڕێگا لەبەردەم ئازادیی ئەندێشە و فیکردا کراوەبوو، هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەبوو تا دووردەستترین شوێنەکان بەدوای بەهای تردا کنەوپشکنین ئەنجامبدات، هیچ خودایەک جێگەی خوداکانی تری تەنگنەدەکرد، "تاکگەرایی" و "مافی تاک" لەم جۆرە دونیایەدا سەنگ و قورسایی و ئابڕووی خۆی هەبوو. ''لەبەرانبەردا، خودای تاک و تەنیا، وەک بەرئەنجامی تەسکبینی و دۆگمای مرۆڤی ئاسایی، واتە باوەڕ بە خودایەکی ئاسایی، کە جگە لەو، هەموو خوداکانی تر درۆن، پێدەچێت تاوەکو ئەمڕۆ گەورەترین مەترسیی مرۆڤایەتی بووبێت''(نیچە: ٢٠١٠ ؛٢٠٥). ئوستوورە دێرینەکان، ئەو پانتاییەی ناو مێژوون، کە بشێت تێیاندا فرەخودایی وەک (سەرەتاکانی بەرجەستەبوونی ئەندێشەی ئازاد) ببینرێت؛ بەوەدا زەردەشت لەسەر باڵادەستیی ئازادی و ئیرادەی مرۆڤ بەسەر هەموو شتێکدا، پێداگریی دەکرد، بۆیە لەهەوڵدابوو، تاوەکو ڕێگوزەری ئادەمیزاد بباتەوە سەر ئوستوورەکان و جارێکی تر ڕێچکەی مێژوو سەرنگونبکات و ئەم ئاوە ڕۆیشتووە بۆ سەرچاوەکەی بگەڕێنێتەوە. ئەوی‌دەم نیچە هێما بۆ چەمکی مەسحییانەی خودا دەکات و بەسەرهاتی بەرجەستەبوونی خودا لە لەشی مرۆڤێکدا بەرباس دەدات، ڕێی‌تێدەچێت لەم ڕێگەیەوە هەوڵبدات ئەوە بڵێت، کە لەکاتێکدا خودا دەبێت بە مرۆڤ، بۆچی مرۆڤیش نەبێت بە خودا؟ یاسپەرس دەستەواژەی "ویستی دونیاییبوونی پەتی" بۆ ئەم جۆرە تێگەیشتنە داتاشی و لەو باوەڕەدابوو کە:

نیچە نەک هەر تەنیا مەرگی خودا وەک ڕووداوێکی سامناک دەبینێت، بەڵکو کەڵکەڵەی ڕۆیشتن بەرەو قەڵەمڕەوی بێ‌خوداییشی لەسەردایە. بەوەدا کە ئەو عەوداڵی باڵاترین پێگەی مرۆڤایەتییە، بۆیە ئایدیای ویستی دونیاییبوونی پەتیی لە زەینی خۆیدا پەرەپێدەدات(یاسپرس: ٢٠٠٨؛ ٦٦٩).

هەروەتر، ئەو ئایدیایەی گوایە دەسەڵاتێکی باڵا و هەژموونگەر، چەشنی هۆکاری یەکەم لە پشتەوەی هەموو دیاردەکان، دەستپێک و کۆتایی و سەرەتا و ئەنجامی بۆ ئەم جیهانە داناوە و ئامانجێکی باڵای بۆ لەبەرچاوگرتووە و بە خەیاڵی ئاسوودەوە لەسەر عەرشی خوداییبوونی خۆی، چاودێریی پێشهاتەکانی نێوی دەکات، لە فیکری نیچەدا جێگەی نابێتەوە. لەڕوانگەی وی‌دا، ئەوە ئێمەین ئامانجمان داهێناوە؛ ڕاستی ئەوەیە، جیهان ئافرێنراوێکی بێ‌ئامانجە، ئادەمیزاد دیاردەیەکە، بەگوێرەی جەبری سرووشتی، لەپاڵ هەزاران دیاردەی تری جیهاندا، پەیامێکی لە ئەستۆدایە و بەلەبەرچاوگرتنی هەموو ئەمە وەک گشتێک، مانای پەیامی مرۆڤایەتی لێکدەدرێتەوە. لەسەرووی ئەم "گشتە"شەوە هیچ هێزێک بوونی نییە، کە بە چارەنووس و  داوەریکردنی ئەم جیهانە و بوونی مرۆڤەوە سەرقاڵ بێت. ئادەمیزاد لەنێو پانتایی ئەم بوونەدا تەنیایە، دەبێت هەر خۆی بەرپرسیارییەتیی ڕەفتارەکانی و لێکەوتەی کردەوەکانی خۆی، هەڵبگرێت. هیچ لایەنێک بوونی نییە، تاوەکو مرۆڤ بەپشتبەستن پێی، خۆی لەبەرپرسیارییەتیی بدزێتەوە، لەوسەری زنجیرە ڕووداو و پێشهاتەکانی جیهانیشدا، هۆکاری یەکەم بوونی نییە. بەم‌جۆرە خۆری ڕزگاریی مەزن هەڵدێت و پاکێتی بۆ جیهانی "هەبوون" دەگەڕێتەوە؛ ''تا هەنووکە چەمکی خودا گەورەترین دژبەری "هەبوون" بووە... بە نکۆڵیکردن لە خودا، بە نکۆڵیکردن لە بەرپرسیارییەتی لەئاست خودادا، دەتوانین جیهان ڕزگارکەین''(نیچە: ٢٠٠٨؛ ٧٧). لێرەدا دیسان زەردەشت دەستی مرۆڤ دەگرێت و فێری دەکات، خودا ئایدیایەک زیاتر هیچی تر نییە و نابێت ڕێگە بدرێت بەلەمی خەیاڵ، لەقەڵەمڕەوی بیرلێکراوەکان ئەولاوە تر بچێت و لەنێو نەدیتراوە بێ‌کەنارەکاندا، سەرگەردان ببێت. زەڕدەشت هانی مرۆڤ دەدات کە:

دەبا ویستی حەقیقەت لەکن ئێوەدا ئەوە بێت، شتەکان بەجۆرێک بن، کە بشێت بۆ ئادەمیزاد شیاوی بیرلێکردنەوە، شیاوی بینین و دەستلێدان بن! لەچوارچێوەی قەڵەمڕەوی هەستەکانتان بیربکەنەوە و تەواو! ئەوەی پێی‌دەڵێن "جیهان"، سەرەتا دەبێت بەدەستەکانی ئێوە بئافرێنرێت. ئەم جیهانە دەبێت، ببێت بە عەقڵی ئێوە، گومانی ئێوە، ئیرادەی ئێوە، عەشقی ئێوە و ببێت بە مایەی خۆشنوودیی ئێوە، ئێوەی دانایان!''(نیچە: ٢٠١٠؛ ٩٨).

هەڵبەت بەدڵنیاییەوە، هەڵسەنگاندنی هەڵوێستی زەردەشت لەهەمبەر پێشهاتی "مەرگی خودا"دا، تەنیا لەپەیوەندی‌دا بە سەرەکیترین خاڵی فێرکاریی ئەوەوە، واتە لەپەیوەندی‌دا بە ئایدیای سەلماندن و خوڵقاندنی بەهای نوێ و سەرنگوونکردنی بەها کۆنەکانەوە، دەشێت بە درووستی درکبکرێت. بەواتایەکی ڕوونتر، هەرچەندە "مەرگی خودا" لە ڕوانینی نیچە و زەردەشتەکەی وی‌دا، گرنگ و بەبایەخە، لێ بەدڵنیاییەوە "گرنگترین و بەبایەخترین" نییە، واتە "مەرگی خودا" وەک "بەڵگەی سەلمێنەر" بۆ پێویستیی ئافراندنی ئایدیای نوێ دەدرێتەبەرباس، ئەگینا "بابەتی سەلمێنراو" و ڕەسەنی ناو ڕەسەنەکان، هەر هەمان پرۆسەی "ئافراندن و داهێنانە"، کە زەمینەی مەرگی خودا دەڕەخسێنێت. نیچە، سەرەتا و خۆبەخۆ بە ئافراندنی بەها و ئامانجی نوێوە سەرقاڵە، "مەرگی خودا" بابەتێکە لەپەراوێزدا ئاوڕی بۆ دەداتەوە، ئاخر ژیان و مانەوەی ئەم خوداوەندە، کۆسپ و تەگەرە لەبەردەم جووڵە و داهێنانی ئادەمیزاددا درووستدەکات. کەواتە، ڕاستی ئەوەیە، سەرهەڵدانی میتافیزیکی نوێ، میتافیزیکی دێرین بەرەو هەڵدێر ڕادەماڵێت، نەک ئەوەی گوایە بەهۆی داڕمانی میتافیزیکی دێرینەوە بووبێت، میتافیزیکی نوێ لەسەر وێرانەکان ڕۆنرابێت. خۆشنوودی و ئاهەنگگێڕانی (زەردەشت)یش ''بە هۆی مەرگی خوداوە نییە، بەڵکو ڕاستتر وایە بڵێین زەردەشت خۆشنوود و شادە، کەواتە خودا مردووە، هەر ئەم شادی و هەر ئەم ئایدیای سەلماندن و بەڵێ‌کردنەیە، کە لەمیانی جووڵەیەکی پڕ لە ئافراندنەوە، مەرگی خودا دەخاتە ڕۆژەڤەوە''(سوفرن: ١٩٩٧؛ ٥٠).

بەهەر بارێکدا بێت، چ ئادەمیزاد خودای کوشتبێت و چ نیچە بۆ کوشتنی خودا بانگەوازی کردبێت، لێکەوتەکانی ئەم پێشهاتە وەک خۆیان دەمێننەوە. ڕاستییەکەی ئەوەیە، هەنوکە خودایەک بوونی نییە، ئادەمیزاد بەبێ هیچ پەناگا و پاڵپشتییەک، بەبێ یار و یاوەر، خۆی لەلێواری خەرەندی بەتاڵ و بۆشی عەدەمێکدا، دەبینێتەوە. نیچە لەئاست ئەم پێشهاتەدا خۆشحاڵە، لێ لە پەیام و بەرپرسیارییەتی ئەو ناوەشێتەوە کە تاکو لێواری ئەم کەوتنە هاوسەفەری مرۆڤ بێت و دواتر لەناو زەلکاوی سەرگەردانی و حەپەساندا دەستبەرداری ببێت. کەواتە دەشێت لەم گۆشە جادووییەی فیکری بیرمەندێکی وەک نیچەوە، چاوەڕوانی شاکارێکی سەرسوڕهێنەر بین. گرنگیدانی ئەو بەژیان، دەبێت بەهۆی ئەوەی، بەناچاری و پێی بزانێت یان نا، لە چاڵێکی دیکەی موتڵەقییەتدا ڕۆبچێت، گەرچی پێشتر خۆی لە چاڵی موتڵەقییەت قوتارکردووە! نیچە بەجوانی لەوە گەیشتووە، لەجیهانێکدا کە خودا مردبێت و ژیان و بەهاکان لە مانا بەتاڵ بووبێتنەوە، تا چ ئەندازەیەک بەرگەگرتنی ئەم جیهانە سەخت و دژوار دەبێت. لەبنەڕەتەوە ناواخنی ئادەمیزاد بەو جۆرەیە، وێڕای سەرکێشی و سەرچڵیی فیرعەونییانە، هەمیشە لە ناوەوە خوازیاری بابەتێکی ڕەهای دەرە_خودە، تاوەکو خۆی پێدا هەڵبواسێت و لەسایەیدا مانا بە غەمگینی و شادییەکانی خۆی ببەخشێت، ئادەمیزاد دڵکوشتەی (بوون)ێکی ڕەهایە، بوونێک، کە سینەی فەریح و دڵڕفێنی، ئارامگای سەری پڕ لەغەمی مرۆڤ بێت و تیشکی چاوەکانی، مەنزڵگەی هەموو هیوا و ئارەزووەکان بێت. لەم ڕووەوەیە، نیچە وێڕای نکۆڵیکردن لە بوونی خودا و هەموو چەمک و ئایدیا باڵاکان، دیسان تشتێکی ڕەها دەسازێنێت، سا بەڵکو ئەم تینووێتییە ئەبەدییەی ئادەمیزادی تێراوکردبێت. ژیان، دەبێت بنەما و بەهای خۆی هەبێت، بنەما و بەهاکان، دەبێت پاڵپشتی و پەناگایەکیان هەبێت. کەواتە دەبێت بەمەبەستی دۆزینەوەی ئەو تشتە، قۆڵی لێ هەڵکرێت، کە لە ئافراندنی بەهای بەنرخ و ڕەسەن پشتی پێ دەبەسترێت و شیاوی ئەوەیە ببێت بە پاڵپشت و پەناگای هەموو بنەما و بەها مرۆییەکان: ''خوداکان، هەموویان مردوون، هەنوکە دەخوازین مرۆڤی باڵا لەدایکببێت! با ئەمە دواهەمین خواستی ئێمە بێت، لەم نیوەڕۆ مەزنەدا''(نیچە: ٢٠١٠؛ ٩١). یاسپەرس پێی‌وایە، بەوەدا کە نیچە لە سیاقی خوداباوەڕییدا جۆرە خۆفریودانێک بەدیدەکات، هەر بۆیە ڕاستگۆییەکەی وای لێ دەکات ڕێگای نکۆڵیکردن لە خودا بگرێتەپێش. وەک چۆن دابڕانی ئەو لە خەڵقی، بووبەهۆی ئەوەی ''ڕوو بۆ هاوڕێیەکی خۆپەروەر بەنێوی زەردەشت بهێنێت، بەهەمانشێوە، نکۆڵیکردنی وی لەخوداش هانیدا بەدووی دۆزینەوەی جێنشینێکەوە بێت بۆ خودا''(یاسپرس: ٢٠٠٨؛ ٦٧١). درێژەی بەسەرهاتی چۆنییەتی ئەم جێنشینە، باسوخواسی مانای "مرۆڤی باڵا" دەخاتەڕۆژەڤەوە.

ئەنجام

پێدەچێت ئێستا مەبەستەکەمان زیاتر ڕوون بووبێتەوە، ئەوەی کە وتمان نیچە بۆ مەرگی "خودا"یەک تازیەبارە و بۆ مەرگی "خودا"یەکی تر ئاهەنگدەگێڕیت. ئەمێستاکە بەڕوونی لەوە تێدەگەین، بۆچی نیچە بۆ مەرگی خودا، یان مەرگی ئەو وێنەیەی درابووە پاڵ خودا، خۆشنوودە و تەنانەت دەخوازێت لەڕێگەی خێراترکردنی ئەم پرۆسەیەوە، کۆمەک بە دەرکەوتنی ئەنجامە لۆژیکییەکانی مەرگی خودا بکات. بەوەدا کە ئافراندن و داهێنان، بە پلەی یەکەم، نیچەیان بە خۆوە سەرقاڵکردووە، بەجوانی درکی بەو خاڵە کردووە، تاوەکو هەموو ئەوەی لە نەریت و میراتی ڕابردوو ماوەتەوە، بە تەواوی وێران نەکرێت، مەبەستەکەی لە جێکەوتکردنی بەها تازەکان بەتەواوی بەدینایەت؛ لێرەوە بەمەبەستی ئەوەی ئەم وێرانەیە بە خاڵی کۆتا بگەیەنێت، لەبارەی مەرگی خودا و لێکەوتەکانیەوە قسان دەکات. ئەو زۆرباش ئەوە دەزانێت، تەنیا ئەوی‌دەم وێرانبوونی بەها و کۆسیستەمە داسەپاوەکان، دەبێت بە نوقڵانەی دەرکەوتنی "مرۆڤی باڵا" و بەدیهاتنی نەزمێکی نوێ و دونیایەکی تازە، کە پرۆسەکە بەجوانی بڕواتەپێش.

سەرچاوەکان بەفارسی:
١. استرن، ج. پ. ( 1373 ). نيچ، ه ترجمة عز تالله فولادوند، تهران: طرح نو.
٢. سوفرن، پير ابر ( 1376 ). زرتشت نيچ. ه ترجمة بهروز صفدري، تهران: فكر روز.
٣. ضيمران، محمد ( 1382 ). نيچه پس از هيدگر، دريدا و دولو،ز تهران: هرمس.
٤. كاپلستون، فردريك ( 1387 ). تاريخ فلسفه، ج 7، از فيشته تا نيچ، ه ترجمة داريوش آشوري، تهران : علمي وفرهنگي و سروش.
٥. كاپلستون، فردريك ( 1388 ). فردريك نيچه، فيلسوف فرهن ، گ ترجمة علي رضا بهبهاني و علي اصغر حلبي،تهران: زوار.
٦. گيسلر، نورمن ( 1384 ). فلسفة دي ، ن ترجمة حميدرضا آي تاللهي، تهران: حكمت.
٧. مجموعة نويسندگان ( 1388 ). مجموعه مقالات همايش بررسي متون و منابع حوز ههاي فلسفه، كلام، اديان و
٨. عرفان (اسماء) ج 4، تهران: پژوهشگاه علوم انساني و مطالعات فرهنگي.
٩. نيچه، فريدريش ( 1352 ). دجا ، ل ترجمة عبدالعلي دستغيب، تهران: آگه.
١٠. نيچه، فريدريش ( 1380 ). سپيد هدما ، ن ترجمة علي عبداللهي. تهران: جامي.
١١. نيچه، فريدريش ( 1386 ). ارادة قدر ، ت ترجمة مجيد شريف، تهران: جامي.
١٢. نيچه، فريدريش ( 1387 ). غروب ب ته،ا ترجمة داريوش آشوري، تهران: آگه.
١٣. نيچه، فريدريش ( 1389 الف). حكمت شادا ، ن ترجمة جمال آل احمد، سعيد كامران، حامد فولادوند، تهران :جامي.
١٤. نيچه، فريدريش ( 1389 ب). چنين گفت زرتشت، كتابي براي همه كس و هيچ ك ، س ترجمة دايوش آشوري، تهران: آگه.
١٥. نيچه، فريدريش ( 1389 ج). فراسوي نيك و بد، درآمدي بر فلسفة آيند،ه ترجمة سعيد فيروزآبادي، تهران :جامي.
١٦. ياسپرس، كارل ( 1387 ). نيچه، درآمدي به فهم فلسف هورزي ا ، و ترجمة سياوش جمادي، تهران: ققنوس.
١٧. يانگ، جوليان ( 1380 ). فلسفة هنر نيچ، ه ترجمة رضا بهشتي و سيد محمدرضا باطني، تهران: آتيه.

بە ئینگلیزی:
18. Hasse, Ullrich (2008). Starting with Nietzsche, MPG Book Ltd, Bodmin, Cornwall.
19. Sedgwick, R. Peter (2009). Nietzsche, The Key Concepts, Routledge.
Shacht, Richard (2001). Nietzsche, Routledge.20
21. Young, Julian (2006). Nietzsche’s Philosophy of Religion, Cambridge University Press



نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure