لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

وەزارەتی ئەوقاف: نوێژی جەژن و هەینی ناكرێت
ئەوقافی سلێمانی: ئەگەر نوێژی جەژن هەر دەكەن لەدەرەوەی مزگەوتەكان بیكەن

7 رۆژ پێش ئێستا


وەزارەتی ئەوقاف بڕیاریدا بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی تەندروستی نوێژی جەژن و هەینی نەكرێت، ئەوقافی سلێمانیش دەڵێت"ئەگەر نوێژی جەن هەر دەكەن لە دەرەوەی مزگەوتەكان بیكەن".

ئیبراهیم بەرزنجی بەڕێوەبەری ئیرشادی ئایینی لەوەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی هەرێم لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەم جەژنە بە هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە هەموو دەزانن كە جەژنێكی تایبەتە لە زۆر روەوە، بۆ نمونە نەتوانرا حەج بۆ موسڵمانانی دەرەوەی وڵاتی سعودیە ئەنجام بدرێت، دەرگای زۆربەی مزگەوتە بەناوبانگەكانی جیهانی ئیسلامیش تا ئێستا داخراون، لەوانە مزگەوتی حەرام كە نوێژی هەینی و جەژنیان تێدا ئەنجام نادرێت.

دەشڵێت، لەعیراقیشدا كە تا ئێستا هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لەو وڵاتە، مزگەوتەكان لە مانگی ئادارەوە داخراون و تا دوای جەژنی قوربانیش بە داخراوی دەمێننەوە، بۆ ماوەی 10 رۆژیش قەدەغەی هاتووچۆ راگەیەنراوە، بێ گومان بەرۆژانی جەژنیشەوە، لەشارێكی وەك موسڵیش كە لەڕوی دانیشتوانەوە نزیكەی سێ‌ ملیۆن كەسە، مزگەوتەكان هەر بەداخراوی ماونەتەوە.

ئاماژەی بۆئەوەشكرد، هەمووان دەزانن لە كوردستاندا بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتی تەندروستی ژمارەیەكی زۆر لە توشبوانی كۆرۆنا هەیە و ژمارەیەكی زۆریش گیانیان لە دەستداوە.

وتیشی: لە خاڵی 19ی راگەیەنراوی ژمارە 44 لە 22/7/2020 كە لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان دەریكردوە، بڕیار دراوە نوێژی هەینی و جەژن ئەنجام نەدرێت، ئەمەش بەپشتبەستن بە رێنماییەكانی تەندروستی بۆ پاراستنی هاوڵاتیان.

بەڕێوەبەری ئیرشادی ئایینی لەوەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی راشیگەیاند، داوتا لە مامۆستایانی ئایینی دەكەن لەم قۆناغەدا لە روانگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی لەبەرامبەر خوا و پاشان لە بەرامبەر بڕیار و رێنماییەكانی حكومەت و یاسا بەركارەكان، پابەند بن بە بڕیارەكانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی كۆرونا، چونكە هەر سەرپێچیەك لەو بڕیارانە بەرپرسیارێتی تێدایە.

لەبارەی ئەو كەسانەش كە نوێژی بە كۆمەڵی جەژن لەدەرەوەی مزگەوتەكان بكەن رایگەیاند، ئەوان لەحەرەمی مزگەوتەكان بەرپرسن، ئەوەی تر دەكەوێتە ئەستۆی هێزە ئەمنییەكان، پێشتریش سزای ئەو كەسانە دراوە كە لەدەرەوەی مزگەوتەكان نوێژی بەكۆمەڵیان كردوە.

لەلایەكی تریشەوە بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی سلێمانی دەڵێت، سەرجەم مامۆستایانی ئایینی ئاگاداركراونەتەوە كە نوێژی جەژنی قوربان لە مزگەوت نەكەن  و داوا لە مامۆستایان دەكات ئەگەر نوێژی جەژن هەر دەكەن، با لە دەرەوەی مزگەوتەكان بێت.
 
فەریدوون غەریب بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی سلێمانی راگەیاند، ئەنجامدانی نوێژی جەژن بە كۆمەڵ لە مزگەوتەكاندا بەبڕیارێك قەدەغەیە‌، بەڵام لەو بڕوایەدایە 10%ی مزگەوتەكان نوێژی جەژنیان تێدا بكرێت، داواشی لە مامۆستایان كرد لەپێناو سەلامەتی خۆیان ‌و نوێژخوێنان، ئەگەر هەر نوێژی جەژنیان كرد، با لە دەرەوەی مزگەوتەكان و لە باخچە یان لە گۆڕەپانی مزگەوتەكاندا بێت".

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure