لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

شەڕی دەسەڵات لەنێوان دو محەمەدەكەی سعودیە

7 رۆژ پێش ئێستا


محەمەد بن نایف جێنشینی پێشوی سعودیە دوای دورخستنەوەی لەلایەن شا سەلمانی مامییەوە و هێنانە پێشەوەی محەمەدی كوڕی بۆ جێگرتنەوەی نایف، ئێستا نایف مەترسی لەسەر ژیانی هەیە.

بە درێژایی زیاتر لە 100 ساڵ دەسەڵاتی پاشایەتی سعودیە، بنەماڵەیەك لەسەر دەسەڵات بون، كە دەسەڵات بەشێوەی ئاسۆیی لە براوە بۆ برا گواستراوەتەوە و دواین براش لەسەر دەسەڵات شا سەلمانە كە ئێستا نەخۆشە و باری تەندروستی ناجێگیرە.

شا سەلمان دوای گەیشتنی بۆ دەسەڵات بە ماوەیەكی كەم محەمەد بن نایفی جێشنین و برازای دورخستەوە و محەمەدی كوڕی هێنایە پێشەوە و كردیە جێنشین، شرۆڤەكاران ئەو هەنگاوەی شایان بە كودێتایەكی سپی لێكدایەوە.

لەو كاتەوە محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعودیە وەك پاشا و دەسەڵاتداری كرداری مامەڵە و دەوڵەتداری دەكات، محەمەد بن نایفی ئامۆزاشی تا دێت چارەنوسی ڕەشتر دەبێت.

پارتی گەلی ئەوروپایی كە گەورەترین كوتلەی نێو پەرلەمانی ئەوروپایە، داوا دەكات بە پەلە چارەنوسی محەمەد بن نایف ئاشكرا بكرێت و پارێزگاریشی لێ بكرێت لە كوشتنی.

پارتەكە لە بەیاننامەیەكدا نیگەرانی خۆی نیشانداوە لە چارەنوسی بن نایف و وتی، بەڵگەكان ئاماژە بە خرابپونی رەوشی بن ناییف دەكەن لە زیندانەكانی سعودیەدا.

داواشی لە جێشنینی سعودیە كرد خۆی لادات لە كۆتاییهێنان بە نەیارە سیاسییەكانی.

دەشڵێت، دەستگیركردنی محەمەد بن نایف نیگەرانی زۆری پەرلەمانتارە ئەوروپییەكانی لێكەوتوەتەوە، پێویستە سعودیە رێز لە پابەندبونە نێودەوڵەتییەكان تایبەت بە مافی مرۆڤ بگرێت لە چوارچێوەی دادگایەكی پاك و سەرخۆدا.

وتیشی، جێنشینی پێشو دۆستی خۆرئاوا و ئەوروپا بوە، جێگەی نیگەرانی زۆرە گوێبیست دەبن كە رەوشی لە زینداندا خراپە بە هۆكاری نادیار.

رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریكیش بڵاویكردەوە، سەرەتاكانی ئەم مانگە چەند سەرچاوەیەكی سعودی و ئەمریكی وتویانە، لیژنەیەكی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی سەر بە جێنشینی سعودیە گومانیان بوە لە لێكۆڵینەوەكان لە دۆسێكانی گەندەڵی و ناپاكی بەرامبەر بن نایف دوای چوار مانگ لە دەستگیركردنی.

بەپێی سەرچاوەكان لیژنەكە ئامادەكاری دەكات بۆ سەپاندنی تۆمەتی دەستگرتن بەسەر 15 ملیار دۆلار كە بەرنامەی بەرەنگاربونەوەی تیرۆری بەڕێوەبردوە.

لەنێو بنەماڵە فەرمانڕەواكانی كەنداودا زۆر جار كوڕەكان كودەتایان كردوە و دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرتوە، بۆ نمونە وڵاتی قەتەر، ئەم هەنگاوەی سەلمان و كوڕەكەشی بەسەر بن نایفی برازا و ئامۆزایاندا جۆرێكی ترە لە كودەتا بەسەر نزیكەكانی خۆیاندا.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure