لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

ژنێكی ئێزدی: كاتێك دەكەویتە دەستی داعش رۆژی سەد جار ئاواتی مەرگ دەخوازی

7 رۆژ پێش ئێستا


كە چومە ماڵی، لەژێر چادرێرێك بە دەستەكانی هەردو قاچی لە باوەش گرتبو، منی بینی، بە زەحمەت توانی لە جێگەی خۆی هەستێ، سڵاوم لێ كرد و دەستیم ماچ كرد، وتی“باشە هیچ پیاوێكت لەگەڵ خۆت نەهێناوە، شەرم دەكەم لەبەردەم پیاوەكان قسەت بۆ بكەم”.

كاتێك هەندێ قسەمان كرد و حاڵی ئەوم بینی، پەشیمان بومەوە لەوەی، ژیانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)ی پێ بگێڕمەوە، پێیم وت، من تەنها بۆ سەردان هاتوم، ویستم ئێوە ژنە ئازاكان ببینم، كە بەرگەی دڕندەیی و رەفتارەكانی ئەوانتان گرتوە.

بەپێكەنینەوە وتی“حاڵم زۆر خراپ دیارە”؟ وتم: “نا، ئەگەر من بومایە نەمدەتوانی وەك تۆ ئازا بم، بەدڵنیاییەوە، بەڵام نامەوێ ماندوترت بكەم”.

زەینەب وتی:“لەڕاستیدا من بە گێڕانەوە دەڕۆمەوە ناو روداوەكان، ئەگەرچی زۆر زەحمەتە، بەڵام بۆ هەمو كەسی دەگێڕمەوە، تا بزانن چییان بەسەر ئێمە هێناوە”.

زەینەب تەمەنی ٥٥ ساڵە و دایكی پێنج منداڵە، ئەو نازانێ منداڵەكانی لە كوێن، چونكە لە كاتی دەستگیركردنیان لەلایەن چەكدارانی داعشەوە، لە یەكتریان دابڕیون، دوای ئەوە ئاگایان لە یەكتر نەماوە، بە بێتاقەتییەوە دەڵێت، لەوانەیە لە ژیانیشدا نەمابن (دوای ماوەیەك بێدەنگبون)، كاتێك دەكەویە بەردەستی داعش رۆژی سەد جار ئاواتی مەرگ دەخوازی، بەڕاستی مەرگ لە ژیانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان ئارامترە.

زەینەب خەڵكی شنگالە، لە ٣-٨-٢٠١٤، كاتێك داعش هێرش دەكاتە سەر شنگال، ئەوان دەیانەوێ رابكەن، بەڵام لە رێگە دەستگیر دەكرێن"كاتێك داعش هێرشی هێنا، ئێمە ویستمان رابكەین، خێزانی من و خەڵكی گەڕەك و هەندێ خزم پێكەوە بوین، لەنزیك (قەبائیل) داعشەكان ئێمەیان دەستگیر كرد".

زەینەب دەڵێت، ئەوەی منی سەرسام و خەفەتبارتر كرد، بینینی عەرەبەكانی هاوسێ و دۆستمان بون، وەكو چاوساغی داعش"كاتێك ئێمەیان دەستگیر كرد، هەندێ پیاوی عەرەبم بینی، كە چەندین ساڵە لەگەڵ ئێمە، لە گەڕەك و كۆڵان و سەرسفرەكانمانن! توشی سەرسوڕمان بوم، بەڕاستی چۆن ئەوانە دەیانەوێ ئێمە بدەنە دەستی بكوژان و تیرۆریستان؟".

زەینەب لەگەڵ گێڕانەوە زۆر ماندو دەبو، جگەرەیەكی دادەگیرساند و تا تەواو دەبو، وەك كەسێكی سڕ هیچی نەدەگوت، تەنها ئاو دەخزایە چاوەكانی.

دو رۆژ دوای دەستگیركردنیان لە قوتابخانەیەكدا، كاتێك (ئافرەتی گەنج و بەتەمەن، جوان، منداڵدار و بێ منداڵ، سەڵت و خێزاندار) جیا دەكرێنەوە، زەینەب لە كچەكانی دادەبڕێت و تا ئێستا نەیبینیونەتەوە، هەمان رۆژی دەستگیركردنیشیان، كوڕەكانیشی لەوان جیا دەكرێنەوە.

زەینەب دەڵێت: "كاتێك ئافرەتەكانیان لە یەكتر جیا دەكردنەوە، هەبو دایك لە منداڵ، كچ لە دایكی، دەتوت رۆژی حەشرە، قیژەقیژی ژن و منداڵ دارودیواری بەدەنگ دەهێنا، ئەوانەی دەیانبردن بە راكێشان بەدوای خۆیاندا رایاندەكێشان، منداڵ هەبو دامێنی دایكی دەگرت و لێی جیا نەدەبوەوە، منداڵێك كاتێك دایكیان برد، ئەوەندە گریا تا بێهۆش بو".

ئافرەتانی رزگاربوی دەستی داعش، پێویستیان بە چاودێری پسپۆڕ و رێنماییكاری دەرونییە، تا بتوانن بگەڕێنەوە بۆ ژیان، بەڵام حكومەتی هەرێم وەكو پێویست نەیتوانیوە ئەم كارە پێویستانە بكات، لە كەمپێكدا تەنها بنكەیەكی تەندروستی و دو دكتۆری دەرونیی لێیە، كە بەراورد بە دۆخی ئەوان زۆر كەمە، هاوكات حكومەتی عێراق هیچ جۆرە هاوكاریەكی پێشكەشی ئێزدییەكان نەكردوە، لەكاتێكدا لە روی ئیدارەوە سەر بە بەغدادن.

زەینەب لەگەڵ ژنانی هاوتەمەنی، ماوەیەك دەبرێنە (قزل قیوە) لەوێ لە خانویەك جێگیر دەكرێن، بێ ئاو و نان و كارەبا، ئەو دەڵێت، ئەگەر بیانویستایە زۆر ئازاری یەكێك بدەن، بێ خواردنیان دەكرد و كارەبایان لەسەر دەبڕی.

دوای مانگێك لەگەڵ چەند ژنێك دەگوازرێتەوە بۆ سوریا، لەوێ بازرگانێك، كە كڕین و فرۆشتن بە ژنانی ئێزدییەوە دەكات، دەیانكڕێت"لە سوریا لە باخێكی گەورە رایانگرتین، رۆژانە داعشەكان دەهاتن سەیریان دەكردین، ئەگەر ژنێكیان بە دڵ بوایە دەیانبرد، یەكێك هات بە منی وت، تۆ ناشیرینی، مەگەر بۆ خزمەتكردنی موجاهیدەكان بەكەڵك بێی، ئینجا رۆیشت، بۆ رۆژی دوایی پیاوێك هات من و چوار ژنی تری كڕی و لەگەڵ خۆی بردمانی".

زەینەب پێی وایە، كە ئەو پیاوە بۆ خزمەت و كاری خۆی دەیانبات، نەیزانیوە بازرگانە"كاتێك ئێمەی بردە قاعەیەكی گەورە، بینیمان زیاتر لە ٥٠ ژنی لێ بو، هەموی ئێزدی بون و هەندێكمان دەناسین، بەڵام كەس نەیدەوێرا لەگەڵ كەس قسە بكات، پیاوەكە وتی خۆتان بشۆن، تا بەیانی هەموتان پاكوخاوێن بن".

وتیشی، بۆ رۆژی دواتر داعشێك دێت پێیان دەڵێت، كە خۆیان ئارایشت بكەن و خۆیان جوان بكەن"هەندێ لە ژنە گەنجەكان نەیانكرد، داعشەكەی ئێمەی كڕیبو، هات بە سۆندە بەربوە گیانی هەمومان و وتی:“ئەوەی خۆی جوان نەكات و خۆی نەگۆڕێت دەیكوژم، من ئێوەم كڕیوە و دەتوانن هەمو شتێكتان لێ بكەم، بۆیە هەندێ لە ژنەكان لە ترسان هەستان ئارایشتیان كرد و ئەو جلانەیان لەبەر كرد كە داعشەكە بۆی هێنابون، هەمومانیان بردە حەوشەیەكی گەورە، لەوێ بە ریز وەستاندیانین، كۆمەڵێك داعشی دیكە بۆ كڕینی ئێمە هاتبون، بە (یا شێخ!) بانگی داعشە بازرگانەكەیان دەكرد".

زەینەب دەڵێت، لە یەكەم رۆژی دەستگیركردنمانەوە پێم وابو رۆژانی لەوە ناخۆشتر نابینم، بەڵام: "پیاوێك من و دو ژنی دیكەی كڕی، ئێمەی بردە قاتی سەرەوەی بارەگایەكی داعش، وتی:“دەبێ خزمەتی هەمو ئەو موجاهیدانە بكەن و ئێرە پاك بكەنەوە و خواردن دروست بكەن، بەڵام ئەركی سەرەكیتان خزمەتی ئەبو ئەحمەدە".

بەپێی قسەی زەینەب، ئەبو ئەحمەد پیاوێكی كەمئەندامی سەر كورسی بوە و لە شەڕێك قاچ و دەستێكی پەڕیوە، برای ئەو داعشە بوە، كە ئەوانی كڕیوە: "ئەبو ئەحمەد گەنج نەبو، بەڵام وەك هەرزەكار قسەی لەگەڵ ئێمە دەكرد، بیانوی پێ دەگرتین، رۆژێك برنجم لێ نا و بۆم برد، وتی خۆت بیكە دەممەوە، من بە كەوچك دەمدایە، بەڵام كە تێری خوارد بە تەنها دەستەكەی هەیبو، پاشماوەی قاپە برنجەكەی بەسەرمدا كرد، وتی: “ئەو چێشتە خۆش نەبو".

رەفتارێكی دیكەی ئەبو ئەحمەد، كە بۆ زەینەب سەیر بوە ئەوە بوە، "زۆرجار بانگی دەكردین و دەیوت دەبێ هەموتان لەبەر چاوی من خۆتان روت بكەنەوە، ئێمە پێمان دەوت، وەكو خوشك یان دایكی تۆ واین، میهرەبان بە لەگەڵمان، ئەو دەیوت ئێوە جاریەی منن، دەتوانم هەرچۆن بمەوێ لێتان بخوازم".

زەینەب، ژیانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتەكەی داعش بە جەهەننەمێكی راستی وەسف دەكات و دەڵێت:"ئەو جەهەننەمەی ئەوان باسی دەكەن، لەسەر زەوی بۆ ئێمەیان دروستكرد، ئەبو ئەحمەد دەستدریژیی دەكردینە سەر بە دەست و قاچێكەوە لێشی دەداین و خزمەتی دە چەكداریشیان پێ دەكردین، هەروەها بەردەوام سوكایەتییان پێ دەكردین و جنێویان بە ئایین و رەچەڵەكی ئێمە دەدا".

زەینەب، باس لەوە دەكات، كە هەر كاتێك ئەبو ئەحمەد بێتاقەت دەبو، داوای دەكرد دەرمانەكانی بۆ ببەم، حەبێكی دەخوارد، پێنج شەش سەعات پێی دەخەوت: "دوای ماوەیەك زانیم ئەو حەبە خەوی لێ دەخات، بۆیە رۆژێك، كە حەبەكەی خوارد مۆبایلەكەیم لێ دزی و تەلەفۆنم بۆ دراوسێیەكمان كرد، دواتر رۆژانە، كە دەخەوت پەیوەندیم لەگەڵ كەسوكارم دەكرد، تا كەسێكیان دۆزییەوە من بە پارە بەرێتەوە".

دوای ئەوە زەینەب حەبەكە بۆ ئەبو ئەحمەد دەكاتە ناو خواردن و دوای نیوەڕۆیەك دەڵاڵەكە دێت دەیبات، تا دەگاتەوە سنوری پێشمەرگە و رزگاری دەبێت.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure