لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

73 هەمین فەرمانی سەر ئێزدییەكان لە مێژوودا

پێش 1 هەفتە


ئێزدییەكان شەش ساڵ لەمەوبەر جارێكی دیكە كۆمەڵكوژ كران، لەمێژوودا ئەو پێكهاتە ئاینییە جیاوازە كە كوردن، زۆربەی كات لەلایەن گروپە توندڕەوەكان  و دەسەڵاتدارە ناوچەیی و هەرێمییەكانەوە روبەڕووی دەستدرێژی بوونەتەوە.

وەك ئێزدییەكان خۆیان دەڵێن 73ەمین فەرمانی سەر شەنگال لە شەوی 2 لەسەر 3ی ئابی ساڵی 2014 دا بەرامبەریان ئەنجامدراوە، ئەوان تا ئێستاش فرمێسك لە چاویان نەبڕاوە و بەردەوام مەترسی ئەوەشیان هەیە لەلایەن گروپە توندڕەوە ئیسلامیەكانەوە ئەو كارەیان بەرامبەر ئەنجام بدرێتەوە.

دەوڵەتی ئیسلامی لاپەڕەیەكی دیكەی تاوان و كۆمەڵكوژیی لە مێژووی گەلی كورد و پێكهاتەی ئێزدی كردەوە، ئێستا ماڵ بە ماڵ و تاك بە تاكی شەنگال هەڵگری دەیان چیرۆكی ناخهەژێنی ئەو تاوانەن و ئەوەی لەو شەوەدا لە شەنگال بووبێت، هیچ كات ناتوانێت ئەو رۆژ و كارەساتە ناخهەژێنەكانی لە یاد بكات.

چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە شەوی 2 لەسەر 3ی ئابی ساڵی 2014دا گەورەترین تاوان و كۆمەڵكوژیی و هێرشیان بۆسەر شەنگال ئەنجامدا، ئێزدییەكان لەو رۆژەدا جەژنی چلەی هاوینیان پیرۆزدەكرد، بەڵام چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لەو رۆژەدا هەزاران كەسیان شەهید و بێسەر وشوێن كرد كە زۆربەیان ژن و منداڵبوون، دەیان هەزار كەسیش ئاوارەبوون، كە بەشێكیان تائێستا چارەنوسیان نادیارە. 

بۆ سۆراغی كەسە بێسەرو شوێنكراوەكانیان تا ئێستاش كەسوكاری بەشێك لە ئێزدیەكان شوێن نییە سۆراغیان نەكردبێت بەتایبەتیش چەندین جار سەردانی كامپی هۆل-یان لە رۆژئاوای كوردستان كردووە بۆ دۆزینەوەیان، بەڵام بێ ئەنجام بووە و هەر لە چاوەڕوانی ئازیزانیاندان.

ئێستا شەش ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر تاوانەكەدا و سەرەڕای چەشتنی ئەو ئازارانە و دەربەدەربوونیان و لە دەستدانی ماڵوحاڵیان، هێشتا نزیكەی 180 خیزان لە خەڵكی شەنگال لە ناو كامپی ئاشتی سەر بە پارێزگای سلێمانی نیشتەجێن و لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی ونبووەكانیان و گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیاندان.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure