لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

قسەكانى محەمەد حەكيم: ئایدیۆلۆژیا یاخود قەیرانی وتار

پێش 1 هەفتە


نوسينى: ئيبراهيم مەلازادە

وتاری ئیسلامییەکان، لەکۆمەڵێك ڕووەوە پڕییەتی لە ئیشکالییەت و لەناعەقڵانیبوون. لەو چەند پەرەگرافەدا جەخت لەسەر سێخاڵ دەکەمەوە.

ئەو وتارە لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە، هێندە چەقی بەستووە، ناتوانێت خۆی لەو پۆپولیزمە دۆگماییەی ڕزگار بکات کە ڕۆژانە بەرگوێمان دەکەوێت. دیارە ڕەخنەیەکی زۆر لەو وتارە گیراوە و دەگیرێت. ئیخوانەکان لەوە بوونەتەوە کە لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژیا و بەرژەوەندی حیزبەکەیان دەدوێن و دەخولێنەوە. بەڵام هەڵەیە ئەم وتارە هەر لە ئیخوانەکاندا چڕ بکەینەوە. چونکە ئاڕاستەی ئایدیۆلۆژیای سۆزداری ئیسلامی لەلایەن هەندێك لە سەرکردە دیارەکانی ئیسلامییەکانی کوردستانەوە هێندە زەقە، هەر زوو ئیسلامییەکان دەخاتە داوی خۆی و دەیانخاپێنێت، با ئەو سەرکردانە یەکێکی وەکو ئەردۆگانیش بێت، کە لەبەرامبەر ئەو وتارە پۆپولیزمەیدا هیچ تاوانێکی نابینن.

 

قەیرانی وتاری ئیسلامییەکان لەئاست تورکیا، کۆمەڵێك ڕەهەندی هەن، لەوانەش:

یەکەم: گیرۆدەبوون بە توراسێك کە پڕیەتی لە تەڵەی بکوژ. یەکێکیش لەو نموونانە ئەو حەدیسەیە کە بەزاری پێغەمبەر لەسەر محەمەد فاتیحی بکوژی کورەکانی خۆی، گوتراوە و لەلایەن ئەحمەد شاکر و ئەلبانی و شوعەیب ئەرنائوت (ولهذا حكم بضعف الحديث أحمد شاكر، والألباني، وشعيب الأرناؤوط من شيوخ السلفية المعاصرين) بە حەدیسێکی زەعیف ناوزەدکراوە. ئەوەی مەبەستی بێت دەتوانێت بەدواداچوونی بۆ بکات کە حەدیسێکە لەلایەن ڕاوییەکانەوە جگە لەوەی کە کەسێکی غەریب گێڕاویەتییەوە و هیچ ناوبانگێکی نەبووە. بۆیە، دەکرێت ئەو حەدیسەش وەکو زۆر حەدیسی دیکە، هەڵبەستراوبێت. ئەوە لەکاتێکدا کە حەدیسەکانی ناو موسلیم و بوخاریش تیایاندایە جێگای گومانن، تا بە حەدیسێك ڕادەگات کە هیچ دایك و باوکی نین.

دووەم: جۆرێك لە کۆکبوون لەنێوان چاودێراندا هەیە بە چاودێرە تورکەکانیشەوە، یەکێکیش لەوانە ئەحمەد دود ئۆغلۆیە کە ئەوەی ئەردۆگان سەبارەت بە ئەیا سۆفیا کردی، جۆرێکە لە پۆپولیزم و بازرگانی کردن بە سیمبۆڵە دینییەکان و بە خودی دینیشەوە، لەپێناو داپۆشینی ئەو قەیرانانانەی کە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی تورکیادا ڕووبەڕووی دەبێتەوە. مۆبیلیزەکردنی دین لەپێناو ئامانجە سیاسییەکان لەلایەن دەستەڵاتدارانەوە درێژ دەبێتەوە بۆ سەردەمی موعاوییەی کوری ئەبوو سوفیان و لەوانەیە پێش ئەویش. جێگای لەسەر وەستان و تێڕامانە ئیسلامییەکانی کوردستان لەو مۆبیلیزەکردن و بەکارهێنانەی سەرکردەیەکی پۆپولیست و چەواشەکار تێنەگەن؟! هەڵبەت هۆکاری یەکەمیش سادەیی و ئەو سۆزە ئاینییەیە کە بەچاوێکی ئاسایی دەبیندرێت.

سێیەم: ئەردۆگان و حیزبەکەی، دوژمنایەتی خۆی بۆ کورد و دۆزەکەی نەشاردۆتەوە. دەستییان سوورە بە خوێنی هەزاران خەڵکی بێتاوان لە هەرسێ پارچەی کوردستان. ئەوە ڕاستە ئیسلامییەکان لەڕووی ئایدیۆلۆژیاوە ناکۆکن لەگەڵ دونیابینی پەکەکە و بزووتنەوەی کوردی باکوور، بەڵام جگە لەوەی کە داواکاری ئەو بزووتنەوەیە بەهەموو پێوەرە دینی و قانونییەکان داواکاری ڕەوان، خۆ دوژمنکارییەکانی ئەردۆگان و دەوڵەتی تورکیا هەموو سنوورەکانی ململانێی سەربازیشی بەزاندوون و بەسەدان خەڵکی بێتاوانییان کوشتوون. ئەگەر خەمخۆرێکی نێودەوڵەتی هەبووایە، زۆر ئاسانە هەر هیچ نەبێت تاوانەکانی جەنگی سوپای تورکیا بناسینەوە. ئیسلامییەکان ئەگەر لەو هاوکێشەیە تێنەگەن هەرگیز لەهیچ هاوکێشەیەکی دادوەرانە تێناگەن.

لەبەر ئەم هۆیانە، ئەو وتارەی ئیسلامییەکان هێندە قەیران ئامێزە، ئەگەر دەستەڵاتییان بڕوات، نەك هەر خۆیان، کۆمەڵگا و خودی دینەکەشییان وێران دەکەن. بەو وتار و بیرکردنەوە قەیراناوییە، هەرگیز شیاونین وەکو بەدیل بۆ هیچ دەستەڵاتێك تەماشایان بکرێت.



نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure