لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

ئایاسۆفیا! تێكشكاندنی پەیكەری كەمالیزم یان مانۆڕێكی دی هەمان ڕێباز؟

پێش 3 هەفتە



ئارێز عەبدوڵا

دوای ٨٦ ساڵ جارێكیتر نوێژی هەینی لە ئایاسۆفیا كرایەوە. ئەو بڕیارەی ئەردۆگان لەسەر ئاستی ناوخۆی توركیا و جیهانیش مشتومڕێكی گەورەی لە نێوان لایەنگر و دژ دروستكردووە، بەڵام ئەردۆگان لەم هەلومەرجەدا پێویستی بەو هەنگاوە بوو، بۆیە بێ دوو دڵی دامودەزگاكانی دەوڵەتی ناچاركردن ئەو بڕیارە جێبەجێ بكەن. هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێك كە لە لایەن ئەتاتوركەوە درابێ  كارێكی ئاسان نییە، بەڵام دەسەڵاتی ڕەهای ئەردۆگان و عەقیدە ئیسلامیەكەی ئەو زەمینەیان بۆ ڕەخساند كە ئایاسۆفیا بكاتەوە بە مزگەوت. لە مێژ نییە ئەردۆگان هەنگاوێكی دی لەم شێوەیەی نا،ئەوەتا بە بیانووی كردنەوەی فڕۆكەخانەی گەورەی ئیستانبوڵ، فڕۆكەخانەی ئەتاتوركی داخست و ناوەكەشی بۆ فڕۆكەخانە نوێیەكە نەگواستەوە!

دیارە لە سەرەتای هاتنە سەركاری ئەردۆگان چاوەڕوانی ئەوەی لێدەكرا لانیكەم هەندێ لە كۆتوبەندە كەمالیزمیەكان نەهێڵێ و بەو هۆیەشەوە ڕێگای كرانەوە بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی بگرێتە بەر، لە ناویشیاندا كێشەی كورد. لەسەر ئەو ئاراستەیە هەندێ هەنگاوی نا، بەڵام دواتر لەو هەنگاوانە نەك هەر پەشیمان بووەوە، بگرە توندتر لە هەندێ لە كەمالیستەكانی پێشخۆی ڕووبەڕووی كورد بووەوە. واتە، لە جیاتی چارەسەركردن كێشە ناوخۆییەكانی قوڵتر كردنەوە و لەسەر ئاستی دەرەوەش كێشەی لەگەڵ هەموو وڵاتە دراوسێكانی درووست كرد. دەپرسین ئەوە بۆچی؟

وەڵامی ئەم پرسیارە باسی زۆر هەڵدەگرێ، بەڵام بە بۆچوونی خۆم:

یەكەم: ئەو دەیەوێ بە هەر شێوەیەكبێ تا سەر لەسەر كورسی دەسەڵات بمێنێتەوە، لەو پێناوەشدا بە لایەوە گرنگ نییە گەلانی توركیا چەند باج دەدەن.

دووەم: سیاسەتێكی فراوانخوازی هەیە و نایشارێتەوە كە دەیەوێ میراتی دەوڵەتی عوسمانی وەربگرێتەوە، لانیكەم لە كوردستانی باشور، كوردستانی ڕۆژئاوا، سوریا، دەریای سپی ناوەڕاست و تەنانەت لیبیاش.

سێیەم: ئەو دەرفەتی ئاڵۆزیەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ململانێی نێوان هەردوو زلهێزی ڕوسیا و ئەمەریكای قۆستۆتەوە و تا ئێستا توانیویەتی بەو هۆیەوە بەشێك لە مەرامەكانی وەدی بێنێ.

چوارەم: ئەو لە لایەك لە ژێر دروشمی فراوانخوازی هەندێك لە ئاسەوارەكانی ئەتاتورك دەسڕێتەوە، بەڵام لە لایەكی دیكەش لەگەڵ بەرەی نەژادپەرستی تورك هاوپەیمانیەتیەكی تۆكمەی درووستكردووە. ئەو هاوپەیمانیەتیەش لەسەر بنەمای فراوانخوازی و ڕووبەڕوو بوونەوەی خواستە ڕەواكانی گەلی كوردستانە، بۆیە نەژادپەرستە كەمالیستەكان نەك هەر لە بەرامبەر ئەو سیاسەتەی بێدەنگن بەڵكو چەپڵەشی بۆ لێدەدەن.

بە كورتی، ئەو زۆر بە ڕوونی پارێزگاری لە هەموو ئەو ڕێسا و پرانسیپە كەمالیستیانە دەكا كە لە دژی كورد و نەتەوەكانی تری توركیا نزیكەی سەد ساڵە كاریان پێ دەكرێ، بەڵام بە ڕاكێشانی سۆزی ئیسلامیست و نەژادپەرستەكانی تورك و ئیخوانیە جیهانییەكان دێ لە ناو ئایاسۆفیا قورئان دەخوێنێ!

كەواتە ئەردۆگان مەبەستی تێكشكاندی پەیكەری ئەتاتورك و كەمالیزم نییە، بەڵكو ئەوەی ئێستا دەیكا مانۆڕێكە لە چەندین مانۆڕیتر بە ئامانجی مانەوەی خۆی لە دەسەڵات و فراوانكردنی نەخشەی توركیا لە ساڵی ٢٠٢٣.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure