لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

مافی شمشێر
"دونیا لەسەروبەندی هەڵماڵینی پەردەیە لەسەر ڕووی گەورەترین مونافیقی مێژوو"

پێش 3 هەفتە


د. ڕێبین ئەحمەد

لە مونازەرە سێزدە سەعاتییەکەی ناسری سوبحانیی دا هاتووە ئەبوو حەنیفە کە ئیمامی یەکەمی مەزهەبەکانە دەڵێت گەر ئەم خەلیفەیە "عبدالملک کوڕی مەروان" مزگەوتێک درووست بکات، چەند دەرگایەکی هەبێت، بڵێ ئەبو حەنیفە وەرە دەرگاکانیمان بۆ بژمێرە ناڕۆم بیژمێرم، مزگەوتێک ئەم زاڵمە دروستی کردبێت بە بێ دوودڵی خۆم دەپارێزم لە ژماردنی دەرگاکانی و دەترسم بەو ژماردنە ببمە تەرەفداری زاڵم.

لە درێژەی قسەکانییدا سوبحانی دەڵێت شافیعییش لە بەرامبەر خەلیفەی زاڵمی سەردەمەکەی خۆی دەڵێت :(هِمَّتی هِمَّەُ المُلوكِ ۆنَفسی نَفسُ حُرٍّ تَری المَژَلَّەَ كُفرا). ئیمامی ئەحمەد لە زیندانی خەلیفە وەفات دەکات، ئیمامی ئەوزاعی و سەرمەزهەبی ئەوزاعیی ۷ ساڵ لە ئینفرادیی دەبێت. سوبحانی پێی وایەی دەبێت ئینسانی ساڵح بە مەوقیفەکانی بناسرێتەوە لەبەرامبەر زاڵمدا نەک بە دەستنوێژ و ئادابی تەهارەت و قورئان تیلاوەتکردنەکانی چونکە گەورەترین جیهاد وشەیەکی حەقە بەرامبەر سوڵتانێکی جائیر. ئەمە جگە لەوەی سەلاتن و خەلیفەکان کچەزای پێغەمبەریان سەربڕی و دواتریش خانەوادەکەیان وەک تۆز بەر بادا.

ئەردۆگان ئێستا لەدۆخێکی هیستریی ناتەواودایە و پێی وایە خەلیفە ئاردۆگانی یەکەمە و بست بە بستی نەک هەر تورکیا بەڵکو سوریا و عێراق و لیبیا و دەریای ناوەڕاست مافی شمشێرە و هیی خۆیەتی. ئەمڕۆ ئیمام جومعەی ئایاسۆفیا عەلی ئیرباش بە فیعلی بە شمشێرەوە ڕۆیشتە سەر مینبەر و باسی لە حەقی شمشێری تورکەکانی کرد بەسەر ئەو مزگەوتەوە. تەسەورم نەەکرد ئەم باسە وا بە ئاشکرا بکەن و پێم وابوو لەژێر لێوەوە وەک هێمایەک لەناو یەکدا ئەچرپێنن بە گوێی یەکدا لەسەر ئەو باسە. ئەوان بۆ موسڵ و کەرکوک و شارەزووریش هەمان بۆچوونیان هەیە و بە حەقی شمشێر دەیانەوێت دەستی بەسەردا بگرنەوە لە چوارچێوەی میساقی میللییدا.

پارادۆکسێکی سەیر بوو ئەو مەلا شێخەی کە شمشێرەکەی لەدەستدا بوو باسی لەوە دەکرد ئاردۆگانیزمەکەی ئەمان لە تورکیا ئاینی ڕەحمەت و پێکەوەژیانە. ئەمە لەکاتێکدایە تورکیا ئیسلامیستەکەی ئەمڕۆی عەلی ئێرباش و سوڵتانە مونافیقە سیاسییەکەی زیاد لە ٨٥۰ مناڵی خوار تەمەن یەک ساڵی لەگەڵ دایکەکانیان زیندانی کردوووە. بەڵێ ۲٥۰ مناڵیان هێشتا چلەیان نەچووبوو کە زیندانیی کران.

ئەم یارییە ڕەزیل و هەزیلەی ئەردۆگان و دەست و پێوەندەکەی کە لە ۲۰۲۰ دەستیان داوەتێ، لە یارییەکانی ساڵی هەشتای موعەممەر قەزافیی لیبیا دەچێت. ئەویش کە لێی دەقەوما لە دەرەوە، دەهاتەوە لە لیبیا باسی موهاتەراتی ئومەمیی بوون و ئوممەتی عەرەبیی و پانئیسلامیزمی دەکرد، لەکاتێکدا سامانی خۆی و کوڕەکانی پەیتا پەیتا ڕۆژ دوای ڕۆژ زیادی دەکرد.

ئەم کابرا نەخۆشە کاتێک بەهۆی گەندەڵیی و سەرەڕۆییە شەخسیی و خێزانییەکانی دەکرێتە دەرەوەی موعادەلە سیاسیی و دیموکراسیەکانەوە، کاتێک لە سفر کێشەوە دەگوازێتەوە بۆ ئەوەی خۆی خودی کێشەو سەرەئێشەبێ لە ناوچەکە، ئیدی دەبێ ڕۆڵی قارەمان و پاڵەوانی ئوممەت بگێڕێت و لە دەرەوەی دامەزراوە ڕەسمییەکان تەجنیدی سکۆڵەر و ڕۆشنبیری ئیسلامیست و مورتەزەقە چەکدارەکانی ناوخۆ و دەرەوە بکات بۆ ئەوەی بەشدار بن لە ناساندی بە خەلیفەی سەر ڕووی زەوی و سامانی خۆی ژ و زاواو مناڵەکانیشی بەردەوام لە هەڵکشاندا بێت.

شەش مانگ پێش ئێستا ئەردۆگان بە توندی دژی ئەو گەنجە رادیکاڵانە دەوەستایەوە کە دەیانگوت ئایا سۆفیا بکەرەوە و پێی دەوتن "ئێوە جارێ چوار ڕیز نوێژبخوێنن و ببەنە سوڵتان ئەحمەد ئەوسا داوای کردنەوەی ئایاسۆفیا بکەن". کردنەوەی ئایا سۆفیا نە زەروورەتێکی ئیمانیی و ئیسلامیی بوو لەم تەوقیتەیا نە زەروورەتێکی مێژوویی و کلتوریش، بةڵام زەروورەتێکی ئةردۆگانیی وماشێنە پۆپیولیستێکەی خۆی و باخچەلی بوو.

بەرەفراوانەکانی شەڕی جەندرمەی تورک لە لیبیا و دەریای ناوڕاست و سووریا و هەرێمی کوردوستان، تەقینەوە سیاسییەکانی نێوان یۆنان و تورکیاو ئابوورییە داتەپیوەکەی وڵات و داکشانی دەنگەکانی ئاکەپە و پارتی ڕەگەز پەرەستی تورکی کەهاوپەیمان، وایکردووە جوڵەیەکی عاتیفیی سەر ڕێ بخرێت و دوونیای ئیسلامیزمی عەرەبی پێ فریو بدرێت.

بیلموناسەبە ئاردۆگان هاوپەیمانیی لەگەڵ دەوڵت باخچەلیی هەیە جگە لە تورک نە کورد و نە ئەرمەن و نە لاز و نەتەوەکانی ديکە بە مرۆڤ نازانن و پێیان دەڵێن تورکی شاخاویی.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure