لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/ عربي/ English

لیژنەی فەتوا، تکایە دەست بەفەتواوە بگرن

30/06/2020


عەبدوڵا ڕێشاوی

جاران لەکۆمەڵگەی ئێمەدا فەتوا قورسایی و پیرۆزیی خۆی ھەبو، سامی ھەبوو، فەتوا نەئەدرا ئەگەر ئیلزامیی و پابەندبون پێوەی نەبوایە، بەڵام ماوەیەکە خەریکە فەتوا وەک کارتی سوتاوی لێدێت، بێ ئەوەی ھیچ دەسەڵاتێکی ئیلزامیی لە پشتەوە بێت ھەروا لە خۆڕا فەتوایەک فڕێ ئەدرێتە ساحەکەوە، بێ رەچاوکردنی فیدباک و وردەکاریی مەسەلەکان.

بێ ئەوەش کە حکومەت و دەسەڵاتێک لەپشت ئەو فەتوایەوە بێت تابیچەسپێنێت و خەڵکی پێوە پابەندکات، ئاخر جیاوازی زۆرە لەنێوان فەتواو بۆچون و ئامۆژگاریدا.
فەتوا سروشتێکی ئیلزامیی ھەیە جا یاکەسێک داوای فەتواکەی کردوەو دەیەوێت پابەند بێت یاخود دەسەڵاتێک بەسەر خەڵکەکەدا دەیچەسپێنێت..

پێم باشە لەمەودوا لیژنەی فەتوا ئەو بەیاننامانەی دەریدەکەن ناوی بۆچون، یا ئامۆژگاری لێبدەن نەک فەتوا، لەماوەی رابردودا چەند فەتوا دران وھەروا بێ لێپرسینەوە وکارپێکردن خەسار بون و پێچرانەوە.

فەتوای حەرامی پۆبچی.
فەتوای حەرامی پارەی ئەلکترۆنی.
وائێستاش فەتوای معاشی بندیواری ھاتە پاڵ.

ئەمە جگە لەوردە فەتوای تر کە ڕۆژانە لەم تەلەفزیۆن و لەم ڕادیۆوە گوێمان لێ دەبێت.

ئاخر معقولە تۆچاوەڕێ بکەی کابرا حکومەت موچەی بۆ بڕیوەتەوە بڵێ لەمەودوا نامەوێ لیژنەی فەتوا حەرامی کردوە!

موچەیەک ئەگەر کابرا بەھەقی خۆی نەزانێ بێگومان چەند ساڵە وەریناگرێ، لیژنەی فەتواو ھەرکەسی تر ئەبێ لەم بابەتانەدا رو لە حکومەت بکەن، ئەوە حکومەتە بەرپرسە لەوەی چۆن کاروباری ئیداری ودارایی ڕێکدەخات، نەک تاک..

کاتێک کەسێک شایستەی موچەیەک نیە ئەوە حکومەت و یاسای ئیلزامیی دیاری ئەکەن، یەک کەس نیە لەم دنیایا ئەو موچەیەی حکومەت دەیداتێ بەھەقی خۆی نەزانێ !

بۆیە ئەوە حکومەتە کەدەبێ بزانێ موچە بەکێ دەدات نەک تۆبێی خەڵکەکە والێبکەی موچەکەی لەدایرەکە لای مودیرەکە بێت، ئەم بڵێ نامەوێ!!کێشە لێرا فەتواکە نییەبەقەدەر ئەوەی خەسار بونی فەتواکەیە و جماعەتیش باش ئەمەدەزانن.

بەگشتی ئەگەر ئاوا بڕوات فەتوای دینی لەوڵاتی ئێمەدا وەک بەیاننامەی حیزبەکانی لێدێ، ئەبێ بەکۆمەڵێ دەقی بێگیانی ناواقیعی و کاغەزەکەشی دەکرێت بە لولەی گڵۆبەڕۆژە و زەرفی پاقلە.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure