لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

مەلا بەشیر، (پێش و پاش) پەرلەمانتاری چی دەڵێت!

01/03/2020


بەشیر حەداد مامۆستای ئایینی كە ئێستا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقە، لە وتارێكی پێشوویدا لە یەكێك لە مزگەوتەكانی كوردستان دەڵێت بزمارێكی ئاسن لەسەرت بدەن باشترە لەوەی دەستت یان لەشت بەر لەشی ئافرەتێك بكەوێت.

بەشیر حەداد كە مامۆستایەكی ئایینیە و لە ئێستادا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقە، لە یەكێك لە وتارەكانیدا لە مزگەوتێكی هەولێر دەڵێت: گوێت لە پێغەمبەر  بێت دەفەرموێت ئەگەر بزمارێكی لە ئاسن یان دەرزییەكی ئاسن لەسەرت بدەن ئەوە باشترە لەوەی كە دەستت بەر دەستی ئافرەتێك بكەوێت، یان لەشی پیاوێك بەر لەشی ئافرەتێك بكەوێت كە بۆت حەڵاڵ نەبێت.

ئەو مامۆستا ئایینیە لەبەشێكی دیكەی وتارەكەیدا دەشڵێت: وەڵاهی ئەمە خەیرە مردن باشترە لەوەی كە دەستت یان لەشت بەر لەشی ئافرەتێك بكەوێت كە بۆت حەڵاڵ نەبێت.

وتەكانی بەشیر حەداد لەكاتێكدایە، ئەو مامۆستا ئاینییە دوای ئەوەی بوویە پەرلەمانتار و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە چەندین بۆنە و شوێنە جیاوازدا وێنەی بڵاوبوویەوە كە تەوقە لەگەڵ ژنان دەكات.

بەشیر حەداد، لە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕۆژی 16/9/2018  بە دەنگی 182 پەرلەمانتار بووە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستانیش پەرلەمانتار بووە و سەرۆكی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی بووە لە پەرلەمانی كوردستان.

  بەشیر خەلیل تۆفیق حەداد، لە1956 لە شاری هەولێر لەدایكبووە ، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی هەیە، هەروەها ماجستێر و دكتۆرای هەیە لە فەلسەفەی شەریعە و فكری ئیسلامی   كە لە ساڵی 2003 بەدەستیهێناوە، هەروەها دبلۆمی زانستی هەیە لە زانستی شەریعە لە ساڵی 1995 دا و زیاتر لە 30 ساڵ لە پەیمانگا و زانكۆكان وانەبێژ بووە، هەروەها زیاتر لە 25 ساڵ وتاربێژ بووە.

جگە لەوەی وەكو سەرۆكی بەشی زمانی عەرەبی لە پەیمانگای ناوەندی مامۆستایان كاریكردووە لە ساڵی 2002-2004، هەروەها راگری پەیمانگای كوردستان بۆ پەروەردەی پێشنوێژ و وتاربێژ بووە لە ساڵی 2017-2018.

ئەندامی بۆردی راوێژكاری باڵابووە لە وەزارەتی ئەوقاف لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2016 ، سەرۆكی دەستەی وردبینی و چاودێری شەرعی بانكی جیهانی ئیسلامی بووە لە ساڵی 2013، هەروەها ، ئەندامی یەكێتی زانایانی ئاینی لە كوردستان و ئەندامی سەندیكای مامۆستایانی كوردستان و ئەندامی یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان بووە.

ڤیدیۆ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure