سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

مارلین شیفەرس: ژنان بە دەنگبێبژیی دەردی خۆیان و گەلی کورد بەیان دەکەن

11/04/2018


دیدار: نەجیبە قەرەداغیی

مارلین شیفەرس، تێزی داکتۆراکەی لەبارەی ژنانی دەنگبێژەوە دەنووسێت، لێکۆڵینەوەیەکەی لەسەر ئەو ژنانەیە کە دەنگیان بەکاردێنن بۆ گوزارە لە خۆکردن و خۆدەبڕین، رایدەگەینێت: دەنگبێژیی بووەتە شتێکی بەناوبانگ و گرینگ و فەرمیی، ئەوەی ژنان دەیکەن دەکرێت ببێتە رێیەک کە تێبگەم گەلی کورد چۆن دەردی خۆیان بەیان دەکەن. ژنان خەزێنە و میراسێکیان هەیە، ژنان نەک تەنیا چیرۆکی قارەمانێتی بە دەنگبێژیی دەردەبڕن، بەڵکو چیرۆکی تراژیدیی، هەستیار و کەسییش دەڵێنەوە و  هەروەها لە زهنییەتی پیاوسالاریی دەترسن!


ئازادیی کۆمەڵگە: یەک بابەتێکی کە تێزی خۆت لەسەر نووسیووە، دەنگبێژییە،  ئەو پەیڤەشت خستۆتە ناو ئەدەبیاتی زمانی ئینگلیزییەوە، چۆن بوو کە لەسەر ئەو بابەتە لێکۆڵینەوەت کرد؟
مارلین شیفەرس: راستە ئەوە تێزی دکتۆراكه‌مه،‌ بابەتەکەم لەسەر ژنانی دەنگبێژە. ژنانی دەنگبێژ لە هەرێمی وانی باکوری کوردستان و لەوێش لێکۆڵینەوەکەم کرد، دەنگبێژییم هەڵبژارد، چونکە پەیڤی دەنگبێژ بووەتە پەیڤێک کە خاوەن ستاتۆیەکە، دەنگبێژیی وەک نەریتێکە کە هەم گرینگە و هەم وەک ناسنامەیەکە. ئەوانەی دەنگبێژیی دەکەن مێژووی کورد باش دەناسن. ئەوانەی دەنبگێژییش دەکەن خۆیان وەها دەناسێنن، لەبەرئەوەی کە وای دەبینن کە دەنگیان هەم خۆشە و هەم دەنگیان بەرزە. ژنان نایانەوێ پێیان بگوترێ دەنگبێژ.

 
ئازادیی کۆمەڵگە: بۆچی نایانەوێت وایان پێبوترێت؟
مارلین شیفەرس:
هەندێکیان ئەو هەڵوێستەیان هەیە، هەندێکیشیان دەڵێن "تەنیا -کلام- گۆرانیی فۆلکلۆری کوردیی دەڵێینەوە، هەندێ جار گۆرانیی دەڵێم و لاوانەوە دەڵێمەوە، ئەوە دەنبگبێژیی نییە." دەنگبێژیی بووەتە شتێکی بەناوبانگ و گرینگ و فەرمیی. لێکۆڵینەوەیەکەی من لەسەر ئەو ژنانەیە کە دەنگبێژیی دەکەن و دەنگیان بەکاردێنن بۆ گوزارە لە خۆکردن و خۆدەبڕین. من ویستم تێبگەم کە ژنان چۆن گوزارە لە خۆیان دەکەن. دەنگبێژیی ئامرازێکە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە ژنان چۆن گوزارە لە خۆیان دەکەن، سەرنج دەدەم کە دەقێکی گەلێریی-فۆلکلۆریی هەیە بۆ نموونە دەنگبێژیی-کلامی سەر شین-پرسە ژنان دەنگبێژیی دەکەن و مردووەکانیان دەلاوێننەوە. ئەو دەقێکی زۆر گەلێری و دەولەند هەیە ژن بە رێی ئەو دەقە گوزارە لە هەستی خۆیان دەکەن.


ئازادیی کۆمەڵگە: بۆچی دەنگبێژییت هەڵبژارد کەلێکۆڵینەوەی لەسەر بکەیت؟
مارلین شیفەرس
: سەرنجی منی راکێشا کاتێ چومە باکوری کوردستان. جارێک لە شاری وان ژنێکم بینی کە پێی وتم کە دەنگبێژە و بە دەنگبێژیی دەردی خۆم راڤە دەکەم. باسی ئێش و ئازاری خۆی بۆ من کرد. بینیم کە پیاوان زیاتر لە ژنان لە شەڕ و رووداوی قارەمانێتی دا باسیان دەکرێت. ژنانیش بە رێی دەنگبێبژیی دەرد و ئێشی خۆیان بەیان دەکەن. هەم دەردی خۆیان و هەم گەلی کورد دەڵێنەوە. ئەو دەنگبێژیی_یەی کە ژنان دەیکەن دەکرێت ببێتە رێیەک کە تێبگەم کە گەلی کورد چۆن دەردی خۆیان بەیان دەکەن؟ یان دەردی گەلی کورد چییە؟ دەردی ژنی کورد چییە؟ چۆن گوزارەی لێدەکرێت؟

 
ئازادیی کۆمەڵگە: کاتێ ئەوان دەنگێبژی دەکەن، تۆش لەبەرئەوەی کوردییەکەت باشە، تۆ هەستت بە چی کرد لە گۆرانیی (کلام)ەکانیان؟
مارلین شیفەرس
: سەرەتا کوردییەکەم زۆر باش نەبوو. وشە بە وشە گۆرانیی و بەیتەکانیان باش تێنەدەگەیشتم لەگەڵ ئەوەی کە تێنەدەگەیشتم بەڵام دەمتوانی بە هەستی خۆم لێیان تێبگەم کە ئەو ژنانە دەیانەوێ چی بڵێن. بەراستیی ئەوە سەرنجی منی راکێشا. تۆ کە لەگەڵ کەسێک قسە بکەی دەبێ زمانەکەی بزانی بۆ ئەوەی لێی تێبگەی بەڵام لەوێ دا جیاواز بووە. لەوێدا بە رێی میوزیک بە ئاواز و چۆنێتی بەکارهێنانی دەنگ دەکرا لەوێدا گوزارە لە شتێکی دیکە بکات. مەسەلەکە لە زمان واوەترە. بێئەوەی لە زمانیان تێبگەی دەتوانی لەوە تێبگەی ئەو ژنانە دەیانەوێت چی بڵێن. بێ گومان باسیان لە دەرد و ئێش و ئازاری خۆیان دەکرد.


ئازادیی کۆمەڵگە: مەگەر دەنگبێژیی بوارێکی تەنیا هونەر کە ئەو ژنانە گوزارە لە خۆیان بکەن یان بوارێکی کولتووریی و مێژوییە. ئەو ژنانە کاتێ دەرد و ئیشێ خۆیان باس دەکەن دەیانەوێ باسی چی بکەن و گوزارە لە چی بکەن؟ چی لە پشت چیرۆکی دەنگبێژییەوە هەیە؟
مارلین شیفەرس: زۆر شت لە خۆوە دەگرێت هەم کولتووریی، هەم هونەری و هەم سیاسییی. بەپێیی ناوەڕۆکە کۆمەڵایەتییەکەی دەگۆڕێت. دەنگبێژیی لە ژێر کاریگەریی دەوڵەتی تورکیا دا بووە، بەڵام نەک لە هەموو جێیەک و هەموو کاتێک. لە ژێر کاریگەریی دەوڵەت  دا لە واتا کولتووریی و سیاسیییەکەی بەتاڵ دەکرێتەوە و تەنیا دەبێتە شتێکی نمایش و فۆلکلۆریی و گەلێری و بەو پێیەش دەوڵەت دەتوانێ بڵێ"بڕوانن ئێمە ماف بە کوردەکان دەدەین، دەتوانن کولتوور و هونەری خۆیان پەیڕەو بکەن، ببینن ئەوانە دەنگبێژیی دەکەن، مافیان هەیە و هەموو شتێکیان باش بەرێوەدەچێت" هەندێ لەو دەنگبێژانە لە ژێر کاریگەریی دەوڵەتدان و ئەو گۆرانییە فۆلکلۆرییانە دەڵێنەوە کە سیاسییی نییە. لە کۆنسێرت و بۆنەکان دا تەنیا ئەوانە دەڵێنەوە کە فۆلکلۆریین و مۆرکێکی سیاسیی پێوە نییە. ئەوانە لە دەرەوە دەڵێنەوە، بەڵام زۆر شتی سیاسییش دەڵێنەوە لەسەر مێژووی کوردان کە پڕێتی لە توند و تیژیی لەبەرامبەریان، پڕ لە کۆمەڵکوژییە. دەنگبێژان لەسەر ئەوانە گۆرانییەکانیان دەڵێن. ئەوە بۆ گەلی کورد زۆر گرینگە لەبەرئەوەی بەو رێیە بە مێژووی خۆیان ئاشنا دەبن.


ئازادیی کۆمەڵگە: ئەو هونەرە لە هەندێ جێگە لە ژێر کاریگەریی سیستم دا بەرەو توانەوە دەچێت، لە هەندێ جێگەش هەر لەناوچووە. داخۆ ئەو چیرۆکانەی کە بەرێی دەنگبێژیی دەگوترێتەوە تا ئێستاش کاریگەریی خۆی لەسەر کۆمەڵگە ماوە؟ داخۆ پاشماوەیان ماوە؟ چەند لە ژێر کاریگەریی سیستم دان؟
مارلین شیفەرس
: مەسەلەی دەنگبێژیی دوولایەنەیە. بەشێک لەو دەقەی دەنگبێژیی لەدەرەوە و بە کراوەیی نمایش دەکرێت، ئەوەی دیکەش لە ماڵ دا و جێی داخراودا دەکرێت. ئەو دوو لایەنە لە یەک جیاوازن، بەڵام زۆر هێشتاش دەنگێبژیی زۆر جەماوەرییە. ئێستاش گەنجان دەنگبێژیی دەکەن. پێشتر لە زار بۆ زار دەگوزرایەوە و تا ئەمڕۆ هاتووە، بەڵام ئێستا دەیانەوێ کە ئیتر بینووسنەوە. ئەو بەیت و گۆرانییانە دەنووسنەوە کە لە دەنگبێژانی دیکەوە دەیبیستن و دەیکەنە کتێب. چەندین کتێبی دەنگبێژان هەیە. گەنجەکان لە تەلەفزیۆنەکان و لەو کتێبانەوە فێری دەقی ئەو دەنگبێژییانە دەبن. ئەو گۆرانییانە نەرمن و گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت، بەڵام بە نووسینیان هەم لایەنی  ئەرێنی و هەم نەرێنی هەیە. هەم بە رێی نووسین دەپارێزرێن، چاپ دەکرێن و و دەگوزرێنەوە بۆ دوای خۆیان، بەڵام لایەنی نەرێنی ئەوەیە کە دەق دەگرن و نەرم نین، ئیتر گۆڕانکاریی تێدا ناکرێت. پێشتر دەکرا گۆڕانکاریی تێدا بکرێت، بەڵام ئێستا بە نووسینەوەیە دەبێ شتێکی دەقگرتوو، زوو بە زوو ناگۆڕێت.


ئازادیی کۆمەڵگە: داخۆ تۆ لێکۆڵینەوەت لەسەر هەرێمێکی تایبەت کردووە یان یان هەرێمی جیاواز؟
مارلین شیفەرس
: بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک لە وان بووم. لەهەرێمی وان و گوندەکانی دەوروبەری بووم، بەڵام دەنگبێژیی لە سەرحەد زیاترە لە هەر هەرێمێکی تر و زیاتر دەگوترێت. چوومە شارەکانی تر جگە لە وان چومە بایەزید، موش، بەدلیس، تاتوان، چومە ئامەدیش لەو هەرێمانەش لێکۆڵینەوەم کرد، بەڵام زیاتر لە هەرێمی سەرحەد بووم.

 
ئازادیی کۆمەڵگە: چەند نمونەی چیرۆک هەن لە ناو دەنگبێژیی دا سەرنجی تۆی راکیشاوە؟
مارلین شیفەرس
: ئەوەی سەرنجی راکێشام لە دەنگبێژیی دا باس لە مێژووی کورد دەکات. ئەوانەی چیرۆکی کلاسیک بوون، زیاتر سەرنجی منی رادەکێشا. زیاتر لەو چیرۆکانەی کە لە مێژووی نوێ دا کە باس لە تێکۆشان، شەهید و تێکۆشانی پەکەکە دەکەن. باس مێژوو دەکەن ئەوەیش مێژوویەکی جیاوازە، مێژوویەکی کلاسیک نییە، مێژووییەکی هاوچەرخ و نوێی کوردە. دەکرێت لەوێ دا لە بەرامبەر مێژووی فەرمی دەوڵەتی تورک، مێژووییەکی زیندوو ببینی. مێژووی نزیکی ساڵانی ٩٠کان دا گوزەراوە، باس لە مێژووییەکی سیاسیی کوردان دەکات کە مایەی سەرنجە لە دەنگبێژیی دا لەبەرئەوەی مێژووی تێکۆشانی کوردە دەردەبڕێت. لەهەمان کات دا چیرۆکی تریش هەن کە ژنان لە دەنگبێژیی دا دەریدەبڕن، ئەوەیش ئەزمونی ژنانە کە لە دەنگبێژیی دا باس لەو ئێش و ژانە دەکەن کە لە ئەنجامی توندو تیژیی رووبەرووی دەبنەوە، نەک تەنیا توند و تیژیی سیاسیی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بەڵکو توند وتیژییەکی پیاوسالاریی هەیە کە لەنێو کۆمەڵگەی کورد و لە نێو کۆمەڵگەکانی تر دا هەیە. ژن دوو جار رووبەڕووی توند و تیژیی دەبێتەوە هەم توندوتیژی سیاسیی و هەم پیاوسالاریی. دەنگبێژیی ژنان زۆر جار تەنیا بۆ خۆیانە، زۆر جار ناتوانن لەدەرەوەی ماڵ و لە کەشی کراوەدا دەریببڕن. بەهۆی توند و تیژیی پیاوسالارییەوە زەحمەت ژن بتوانن لە دەرەوەی ماڵ دەنگبێژیی بکەن.


ئازادیی کۆمەڵگە: جیاوازی چۆنت بینی لە نێوان دەنگبێژیی ژن و پیاو دا؟
مارلین شیفەرس: بەشێوەیەکی سیستماتیک لەوەم نەکۆڵیەوەتەوە بزانم ژن چی دەڵێن و پیاو چی دەڵێن، چونکە زیاتر لەگەڵ ژنان دانوساندم کرد و کارم کرد. چەند دەقێکی دەنگبێژیی هەیە کە بڵاو بونەتەوە کە هەم ژن و هەم پیاو دەیڵێنەوە، بەڵام ژن لەبەرئەوەی کە ژن زیاتر نزیکی سروستە، هەم دەلاوێننەوە، هەم لە پرسە و شین دا لەسەر مردووکانیان دەنگبێژیی دەکەن و دەیانلاوێننەوە. لەو رووەوە ژنان خەزێنە و میراسێکیان هەیە، ژنان نەک تەنیا چیرۆکی قارەمانێتی بە دەنگبێژیی دەردەبڕن بەڵکو چیرۆکی تراژیدیی، هەستیار و کەسییش دەڵێنەوە. ئەو گۆرانیی (کلام)یانەی کە پیاوان دەیڵێنەوە لە دەنگبێژیی دا زۆر جار لە شەڕێکە یان عەشیرەتێکە یان قارەمانێتیەکە نەک لەسەر خۆیان، بەڵام ژنان بە پێچەوانەوە زیاتر خۆیان دەردەبڕن و زیاتر کەسیین.

 
ئازادیی کۆمەڵگە: چ تەگەرە و گرفت و رێگریەک هەبوو لە بەردەم ئەو لێکۆڵێنەوەیەی تۆ دا لەسەر دەنگبێژیی؟
مارلین شیفەرس
: ژنان شەرمیان دەکرد، لەبەرئەوەی کە ماوەیەکی درێژ بە ژنانیان دەگوت دەنگی ژنان شەرمە، یان ژنان لە ماڵ یان لە دەرەوە بۆیان نییە دەنگیان بەرز بکەنەوە. یان کچانی گەنج بۆیان نییە کە دەنگیان بەرز بکەنەوە، لەبەرئەوەی کە دەنگبێژیی شتێکی عەیبە! بۆ ماوەیەکی درێژ ئەوە بەردەوام بوو تا ئاستێک ئەوە لە ناو هەندێ بنەماڵەدا ماوە. زۆربەی ئەو ژنانەی من بینیمن دەیانگوت "دەنگبێژیین، بەڵام هاوژینەکەم، براکەم، مامم نایانەوێ دەنگبێژیی بکەم" لێیان دەدان بۆ ئەوەی کە دەنگبێژیی نەکەن، لەبەرئەوەی دەنگی ژنان وەک شەرم لەقەڵەم دەدران. چیرۆکی زۆر سەیریان هەبوو، ئەوە کێشەیەکی زۆر گەورەیە و تا ئێستا ژنان لە هاوژین و کۆمەڵگەش دەترسن! لە زهنییەتی پیاوسالاریی دەترسن! ئێستا چەندین ژن هەن کە ئەو ڕچەیان شكاندووە و دەتوانن لە دەرەوە دەنگبێژیی بکەن، بەڵام هەندێکیش هەن لە تەنیا ماڵەوە لە بەرخۆیانەوە دەنگبێژیی دەکەن. ئەوە تەگەرە بوو بۆ گەیشتن بەو ژنانە لەم لێکۆڵینەوەیەدا. زۆر پەیوەندی و گەڕانی ویست بۆ گەیشتن بەو ژنانە. نایانەوێ کۆمەڵگە بزانێ کە دەنگبێژیی دەکەن.

 
ئازادیی کۆمەڵگە: داخۆ شتێک هەبوو کە هاندەر بێت بۆ ئەو ژنانە کە بەردەوام بن وێڕای تەگەرەکانیش؟
مارلین شیفەرس
: راستە کە هەندێکیان دەترسن، بەڵام هەندی ژنی دیکەن هەن کە زۆر چالاک بوون بۆ ئەوەی ئەو نەریتە ون نەبێت. ژنانی دەنگبێژیی بە تەمەن ژیانیان لە دەست دەدەن و گەنجان دەنگبێژیی نازانن. ژنێکی گەنجی دەنگبێژ هەبوو، داوایان کرد کە لێکۆڵێنەوە بکرێت بۆ ئەوەی کە ئەو میراس و کەلەپورە کۆبکرێتەوە و ئەوە نەریتە بە ڕێی بەڵگەکردنی بپارێزین و تۆماری بکەن، ئەوەش یەکێک بوو لەو هاندەرانە بۆ پاراستنی ئەو نەریتە


ئازادیی کۆمەڵگە: رایگشتیی ئەوروپی و ناوەندی ئەکادیمیی چەند ئەم کەلەپورە دەناسن؟
مارلین شیفەرس
: دەنگبێژیی بە گشتیی باش ناناسرێت. گرینگە کە هەموو کۆمەڵگەکان لە دونیادا ئەم کولتوورەیان هەیە و لە ژێر کاریگەریی سیستمی سەرمایەداریی دا هێشتاش لە دەست نەچووە، بەڵام هەندێ کولتووری جۆراوجۆر هەیە کە لە دەنگبێژیی دەچن و نوسراونەتەوە. هەموو کۆمەڵگەکانی دونیا بە شێوەیەکی زارەکی نەریتەکانی خۆیان دەبڕیوە، لەلایەن ئەنترۆپۆلۆگەکانەوە لێکۆڵینەوەی باشی لەسەر کراوە. لەسەر کولتووری زارەکی رابردوو کە ئێستا بەرەو لەناوچوون دەچێت، لە ژێر کاریگەری سیستمی کاپیتالیزم لێکۆڵینەوەی باش کراوە، ئەوە تەنیا شتێکی تایبەت بە کورد نییە، بەڵکو پێشتریش هەبووە و ئێستاش هەیە. واتە ئەو کولتوورە هەم هەیە و هەمیش لێکۆلێنەوەی لەسەر دەکرێت.

 
ئازادیی کۆمەڵگە: ئایا ڕیشەی مێژوویی ئەو کولتوور و کەلەپورە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە؟
مارلین شیفەرس:
لێکۆڵینەوە سەختە لەبەرئەوەی کە بەڵگەی نوسراو زۆر نییە، بەڵام ئەوەی هاوبەشە وەک کۆمەڵگەی کورد لە کۆمەڵگەکانی تریش دا رۆڵی ژن تایبەتە بۆ گوزارە کردن لە شین و ماتەمینی بە رێی دەنگبێژیی. بەتایبەتی ژن زیاتر ئەو کولتوورە دەردەبڕن. ژن لە کاتی ماتەمینی و شین لە هەموو کۆمەڵگەکانی تریش دا رۆڵی گەورە و سەرەکی دەبینن. هەستی ژن زیاتر نزیکی ئەو شتانەیە. لە هەمان کات دا دەنگی خۆیان باش بەکاردێنن بۆ دەربڕینی هەستی خۆیان لە جێی وادا هەم لە کۆمەڵگەی کورد و هەم کۆمەڵگەکانی تر، ڕیشەی دەنگبێژیی بەوەوە دەبەستمەوە.
 

ئازادیی کۆمەڵگە: ئەو لێکۆڵینەوەیەی تۆ هێشتا بڵاو نەکراوەتەوە؟ بە زمانێک نوسیوتە؟ هەوڵدا بیخەیتە رۆژەڤی دەزگا پەیوەندیدارەکانی تر لە ئەوروپا و جێی تر؟ داخۆ ئەم لێکۆڵینەوەیەی خۆت لەگەڵ کەسانی پسپۆر بە تایبەتی ئەنترۆپۆلۆگ ئاڵوگۆڕ کردووە؟
مارلین شیفەرس: هێشتا بڵاو نەکراوەتەوە و بە ئینگلیزیی نوسیومە، بەڵام هەندێ وتارم لەسەر نوسیوە و تا ئێستا کار لەسەر کتێبەکە دەکەم. لە کۆنفرانس و لە زانکۆی جیاواز بابەتم لەسەر پێشکەشکردووە. هەم ئەنترۆپۆلۆگ و هەم کەسانی دیکە باش ئەو نەریتانە دەناسن کە لە کۆمەڵگەکان دا لە یەک دەچن. بەڵکو ئەو ئەنترۆپۆلۆگانەی نەک لە سەر کورد بەڵکو لەسەر کولتووری دیکە کار دەکەن. زۆر جار دەڵێن کە ئەو کولتوورەی دەنگبێژییەی کورد لە هەندێ کۆمەڵگەی دیکەشدا هەیە و بینیویانە. لەبەرئەوەی کە کولتووری گواستنەوەی زارەکییانەی نەریت لە زۆر کۆمەڵگەدا لە یەک دەچن جا ئەگەر ئەو نەریتە لە کوردستان، یان ئەمەریکای لاتین یان چین یان ئەفریقیا بێت. زۆر بابەتی کولتووریی هەیە کە زۆر لەیەک دەچن، بەڵام وێرای ئەوەش دەنگبێژیی کورد شتێکی تایبەتییە. توخمەکانی جیاواز و تایبەتە. بە تایبەتیش پەیوەندی دەنگبێژیی بە دۆخی سیاسیی کوردەوە و بە دۆخی ژن لە ژێر کاریگەریی باوکساریی، شتێکی تایبەتە، بەڵام بێ گومان  لە کولتوورەکانی تریش دەچێت.

 
ئازادیی کۆمەڵگە: ئەزمونێکی سەرنج راکێش هەیە لە مەسەلەی دەنگبێژیی دا لە یادی نەکەیت؟
مارلین شیفەرس
: بەر لە سێ ساڵ ٢٠١٤ من و ژنێک پێکەوە پرۆژەیەکمان ڕێکخست، لەگەڵ گروپێک چوینە ئەرمەنستان لەوێ نەریتێکمان بینی کە زۆر لە دەنگبێژیی دەچوو. لەوێش پیاوان ناهێڵن کە ژنان دەنگبێژیی بکەن. گروپێک لەو ژنە ئەرمەنییانەش هاتنە باکوری کوردستان و ئەستەمبولیش لەوێ پێکەوە کۆنسێرتێکمان رێکخست. بابەت و دەقەکان لەگەڵ ئەوەی کە زمان جیاوازیش بێت بەڵام زۆر لە یەکتر دەچوون. لەگەڵ ئەوەی کە سنورێک هەبوو لە نێوانیانیان دا، زمانیان لە یەک نەدەچوو، ژنانی ئەرمەنستان بە ئەرمەنیی و کوردیی_ش بە کوردیی قسەیان دەکرد، بەڵام لە یەکتر تێدەگەیشتن، بەرێی میوزیک و دەنگیان زۆر لە یەک دەچوون. ئەوە ئەزمونێکی سەرنج راکێش بوو.

 
ئازادیی کۆمەڵگە: تۆ بییر لەوە دەکەیتەوە کە وەرگەڕی زمانەکانی تر بۆ نمونە زمانی کوردیی؟
مارلین شیفەرس
: دەکرێت بۆ نا؟ ئەگەر خوێنەر هەبێ دەکرێت وەرگەڕ بکرێت.


نمونەیەک هەیە لە دەنگبێژیی کە سەرنجی راکێشاوی؟
بەڵێ بۆ نمونە ئەم گۆرانییە فۆلکلۆریە دەنگبێژییە "ئەز گازینم"

ئەز گازینم، ئەز دەنگبێژم
ئەز نە کەرم، ئەز نە گێژم
دەردێ دلێ خوە دبێژم

کەسەکی دەنگێ من نابھیزە
کەسەکی دەنگێ من نابھیزە

ئەز گازینا دلبرینم
دل و ھناڤ تژی خوینن

وەکە خەجێ، وەکە زینم
ل بەر زولما ڤان دژمنان
ئەردەکێ نەمایە ئەز بچم

ل بەر زولما ڤان دژمنان
ئەردەکێ نەمایە ئەز بچم


ئەز گازینا ناڤ گوندیان
ئەز بێریڤان ناڤ بێریان
وەکی قولنگ دقەریام

ل بەر زولما ڤان دژمنان
بووم ھێسرێ، سەرێ چیان
ل بەر زولما ڤان دژمنان
بووم ھێسرێ، سەرێ چیان 

 ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
مارلین شیفەرس Marlene Schäfers :
مارلین شیفەرس، ئەنترۆپۆلۆگ، ئەنترۆپۆلۆگی کۆمەڵایەتیی و کولتووریی. Social and Cultural Antropology. دکتۆرا لەو بوارە خوێندە و ئێستا لە زانکۆی گێنت کار دەکات. هەم کار دەکات و هەم لێکۆڵینەوە دەکات. تێز و کاری دوایی لەسەر دەنگبێژیی ژنی کورد، لەسەر خۆدەربڕینی هەست و گوزارەی کەسیی ئەو کولتوورە کردووە.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
 

سەرچاوە: ئازادی کۆمەڵگە

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.