سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ژیاننامەی پێغەمبەر لەسەردەمی منداڵیدا (دیدێکی ڕەخنەیی)

22/10/2017


خەسرەو مەحمود

پێشەکی
 ژیاننامەی کەسانی مەزن بە گشتی لەهەمو سەردەمێکدا بابەتێکی زۆر سەرنجڕاکێش بووە. هەمیشە چێژێکی تایبەتی بە وەرگران بەخشیوەو کاریگەریی خۆی هەبووە لەسەریان، هۆکارەکەشی لەوەوە هاتووە کە بریتییە لەگێڕانەوەی بەسەرهات و ڕوداو و چۆنێتی تواناو لێهاتویی ژیانی کەسانێک کە لەمێژوی کۆن و نوێدا هەڵکەوتو و ناوازەبون. ئەگەر ئەمە سەبارەت بە کارەکتەرگەلێکی دونیایی بوبێت کە لەبوارەکانی فەلسەفەو فیکرو زانست و هونەرو سیاسەت و......هتد، سەرکەوتو و نمونە بووبن، تۆ بڵێیت ئەم بابەتە سەبارەت بە کەسانێک چۆن بکەوێتەوە کە پێغەمبەر بون، بە تایبەتیش لە دیدی ئەو کەسانەدا کە بڕوایان پێیان بووە. نێردراوی تایبەتی خوداو خاوەن تواناو تایبەتمەندی دەگمەن و موقەددەس و مەعسوم بوون، واتە خاوەنی پیرۆزیی تایبەت و پارێزراوێتیی بوون لەلایەن خودا خۆیەوە. لێرەوە ژیاننامەی پێغەمبەران بە گشتی و پێغەمبەری ئیسلامیش بەتایبەت، دەبێتە بابەتێک، لەپاڵ چێژو کاریگەری و سەرنجڕاکێشیەکەیدا، پیرۆزو باڵاو سەر جیهانی میتافیزیک و خوداو فریشتەکان، ژیاننامەیەک کە پەیڕەوکردنی و شوێنپێهەڵگرتنی دەبێتە پیرۆزترین ئەرکی موسڵمانان. بەو پێیەی لەناو نەوەی مرۆڤداو، لەناو ئەو بونەوەرە باڵاو خاوەن تواناو تایبەتمەندییە دەگمەنانەدا کە مرۆڤیان ناوە، دەبێتە باڵاترین نموونە کە بۆ هەتا هەتایە دوبارەبونەوەی ئەستەم و مەحاڵ بێت! کارەکتەرێک کە هەرگیز مومکین نەبێت ئێمە کەسێکی دیکەی لەم چەشنە، لەڕوی توانای ڕۆحی و کامڵبونی مرۆیی و موقەدەسبونەوە بۆجارێکی دیکە ببینینەوە، لەو ڕوانگەیەوە کە ئیدی بۆ ئەبەد ئەو پێگەی سەرداری پێغەمبەرانی پێبەخشراوە، ئەو پێغەمبەرانەی کە لەدیدی ئایینیدا بەدرێژایی میژوو سەرمەشقی مرۆڤەکان بوون،  سەرمەشقی ئەو سەرمەشقانەش (محەمەدی کوڕی عەبدوڵڵا)ی پێغەمبەری ئیسلامە.

قورئان ، بەو پێیەی ئەو کتێبەیە کە بۆئەو پێغەمبەرە هاتووە، یەکێک لەو بابەتانەی کە بایەخێکی زۆری پێداوە، بریتییە لە باسکردنی ژیانی ئەو (ژیانی پێغەمبەرەکە)، لەو ڕوەوە کە ئەو کارەکتەرە ئەو کەسەیە ئەرکی گەیاندنی پەیامەکەی، چەشتنی کێشەو موعانات و چەرمەسەریی بەپلەی یەکەم لەم ڕوەوە کەوتۆتە ئەستۆ، لەچۆنیەتی گەیاندنی پەیامەکەی و ئەو مشتومڕو جەدەلانەی ڕوبەڕویان بۆتەوە، چۆنیەتی ژیانی خێزانی و ئەو یاساو ڕێساو حەڵاڵ و حەرامانەی کە بەپلەی یەکەم بۆئەو دابەزێنراون، لەگەڵ باس و خواسی جەنگ و.....گەلێک بابەتی دیکە.

ئەو چەشنە بابەتانەی ئەم کتێبە  لەبارەی ئەم پەیامبەرەوە لێیان دواوە، بەگشتی بابەتگەلێکن لەڕوی ئایینیەوە گونجاون لەگەڵ ماهییەتی کتێبەکەو جۆری پەیامەکەدا، بەتایبەتیش کە سروشتی ئەم کتێبە بە جۆرێکە کە بابەتەکان بە کورتی و چڕیی باس دەکات و، بەلای وردەکاریی بابەتەکەدا ناچێت.

لەکاتێکدا کە باسکردنی ژیاننامەی ئەم پەیامبەرە لەو کتێبانەدا کە بە (سیرە) واتە (باسکردنی ژیاننامەی پەیامبەر) بەناوبانگن، لەپاڵ باسو خواسە قورئانییەکاندا، بەلای چەندین بابەتی لاوەکیدا چوون کە قورئان تەنانەت هیچ ئاماژەیەکیشی لەبارەیانەوە نەخستۆتەڕو، ئەمەش بەشێوەیەکی سروشتی بۆتە هۆی خزاندنە ناوی گەلێک بابەتی ئەفسانەیی و خورافی، کە لەڕوی ئاینیشەوە بێسودو بێهودەن.

ئەوەی لەم نێوەندەدا لەهەموی سەیرترە، ئەوەیە کە ئەم ژیاننامەیە بە درێژایی مێژوی دوای وەفاتی خاوەنەکەی، واتە بە درێژایی مێژوی ئایینەکە تا ئێستا بەردەوام بابەتی بۆ زیادکراوە، مشتومڕو ناکۆکی لەبارەی هەندێک لە بابەتەکانیەوە هێناوەتە ئاراوە کە تائێستاش یەکلایی نەکراونەتەوەو چارەسەر نەکراون.

لەهەموی گرنگتر لێرەدا ئەوەیە، کە زۆرێک لەو بابەتانە نەک هەر بێسودو لاوەکی و بێ بنەمان، بەڵکو ناکۆکن بەڕۆحی قورئان و بەوجۆرە لۆژیکەی ئەو ئایینە لەسەری بەندە، واتە لەگەڵ ئەوجۆرە ئیسلامەدا ناکۆکن کە قورئان هەڵگریەتی و نوێنەرایەتی دەکات، ئەوجۆرە باسو خواسانەش لەکتێبە مێژوییە سەرەتاییەکانی ئیسلامدا بەناوی (ژیاننامەی پێغەمبەر)ەوە تۆمار کراون.

 ژیاننامەی پێغەمبەر لەسەردەمی منداڵیدا
بابەتەکەی ئێمە بەشێوەیەکی تایبەت جەخت دەکاتە سەر ژیانی ئەو پیاوە لەسەردەمی منداڵییەکەیدا، کە سەردەمێکە لە ژیانی ئەودا کە نەک هێشتا نەبوە بە پێغەمبەرو وەحی بۆ نەهاتووە، بەڵکو بە پڕاوپڕی وشەکە منداڵ بووە، لەکاتێکدا کە هەموان دەزانین قۆناغی منداڵیی ئەو قۆناغەیە کە لەئیسلامدا تەکلیفی لەسەر نییە، واتە هێشتا فەرمانە ئایینییەکان نایگرنەوەو لەدەرەوەی ئەرک و واجباتی ئایینیدایە، بەو پێیەی بۆ پەیڕەوکردنی  فەرمانە ئایینییەکان پێویست بە بوونی سێ مەرج دەکات:-
یەکەم: دەبێت ئەوکەسە موسڵمان بێت، واتە باوەڕی بە ئایینەکە هەبێت.
دووەم: شێت نەبێت و هۆشی لەسەرخۆی بێت.
سێیەم: دەبێت منداڵ نەبێت.
کەواتە دەبێت هۆکاری ئەوە چی بێت کە ئەو خەرمانە لە موعجیزەو موقەددەس بەدەوری ئەم مرۆڤەدا لەسەردەمی منداڵیدا کێشرابێت، لەکاتێکدا وەک قورئان بە ڕونی و ڕاشکاوانەو شانازییەوە دانی پێدادەنێت کە تاکە موعجیزەی ئەو پێغەمبەرە تەنیا قورئان خۆیەتی. دیارە قورئانیش لەوکاتەوە دەستی بە هاتن کردووە کە پێی ناوەتە قۆناغی پێغەمبەرێتییەوە کە لەتەمەنی چل ساڵییەوە بووە.

پێدەچێت یەکێک لە هۆکارەکانی ڕازاندنەوەو قەرەباڵغکردنی سەردەمی منداڵییەکەی بە موعجیزە، جۆرێک بێت لە لاساییکردنەوەی ئەوەی لەمەسیح ڕویداوە، یان لە یەحیای کوڕی زەکەریا کە هەردوکیان پێغەمبەرانێک بوون کە خودی منداڵێتییەکەیان خاوەنی موعجیزە بووە. 
ڕەنگە هۆکارێکی دیکەشیان ئەوەبێت کە ئەقڵی پۆپۆلیستانەو خورافەخوازی ئایینیی ئەو قەناعەتەی هەبێت کە مومکین نییە هیچ سەردەم و ساتێکی ئەو پێغەمبەرە لە موعجیزەو موقەددەسیەتەوە دوربێت مادام پێغەمبەر بووە. بەو پێیەی ئەوان ئەو پێغەمبەرە وەک کەسێک وێنا دەکەن کە بەجۆرێک لە جۆرەکان بڕێک لە خودایێتی  تێدا بوبێت و لەسەروی مرۆڤی ئاساییەوە بوبێت، بێ ئاگا لەوەی کە قورئان لەچەندین شوێندا جەخت لەسەرئەوە دەکاتەوە کە ئەو هەر مرۆڤێکی ئاساییە، بەڵام جیاوازییەکە تەنها لەوەدایە کە ئەرکی گەیاندنی پەیامێکی پێدراوە، پێویست دەکات کە لەئاستی گەیاندنەکەیدا بێت و هیچیتر؛ واتە مەرج نییە کەسێک لەلایەن خوداوە پەیامی بۆبێت و گەیاندنەکەشی خرابێتە ئەستۆ، ئیدی بەوە لە مرۆڤبوون چوبێتە دەرەوە.

ئەفسانەکانی لەدایکبوون
ئەو زانایانەی مێژوویان نوسیوەتەوە، لە نموونەی تەبەری هاتون لەسەرەتای دروستبونی یەکەم مرۆڤەوە دەستیان پێکردووە، کە بەلای ئەوانەوە ئادەم بووە، دوای ئەویش پێغەمبەرەکانی دیکە بە موعجیزەکانیانەوە، وەک پێشتریش ئاماژەمان پێکرد بەوپێیەی ئەو پێغەمبەرە دوایین پێغەمبەرو گەورەترینیشیانە لەڕوی پلەو پایەوە، ناکرێت خاوەنی موعجیزەی پێغەمبەرانی پێش خۆی نەبێت ((ئەمە مانای ئەوەنییە کە ڕونکردنەوەی باسوخواس سەبارەت بە لەدایکبونی محەمەد، دوبارەکردنەوەی هەواڵی لەدایکبونی پێغەمبەرانی پێشو بێت، بەڵکو ئەوە دەگەیەنێت کە شوێنەواری ئەو هەواڵانەی پەیوەستن بە بابەتی لەدایکبونەوە دەکرێت کاریگەریی هەبێت لە هێنانە دەرەوەی هەواڵەکانی لەدایکبونی محەمەد لە بازنە مێژووییەکەیەوە بۆ خزاندنە ناو بازنە ئەفسانەییەکەیەوە، بە تایبەتیش کە گومانی ڕاویەکان هەمیشە لەسەر سەلماندنی ئەوە بەندە کە کەراماتی محەمەد  مەزنترە لە کەراماتی ئەوانەی پێش خۆی)). (١)

سەبارەت  بە سروتەکانی دوگیانبونی ئامینەی دایکی پەیامبەر پێی، نوسەر لەسیرەکەی ابن هشامەوە لە لاپەڕە ١٥٧و ١٥٨ی بەرگی یەکەمەوە، ئەم دەقە دەهێنێت: (( گوایا- لەو قسانەدا کە خەڵکی دەیکەن، واللە اعلم! دەڵێن، ئامینەی کچی وەهەب، دایکی پەیامبەری خودا کاتێک دوگیان بووە بە پەیامبەر، پێی گوتراوە: تۆ بەسەروەری ئەم ئوممەتە سکپڕ بوویت، لەبەرئەوە ئەگەر کەوتە خوارەوە بۆسەر زەوی بڵێ: اعیذە بالواحد، من شر کل حاسد، لەپاشاندا ناوی بنێ محەمەد، هەروەها کاتێک دووگیان بوو پێی بینی نورێکی لێوە دەرچووە، لە (ئامینەوە)کە کۆشکەکانی (بصری)ی لەخاکی شام پێ بینیوە)). (٢)

شەقکردنی سنگ لەنێوان قورئان و فەرمودەدا
 گوایا ئەو پێغەمبەرە لەتەمەنی چوارساڵیداو کاتێک لەگەڵ منداڵاندا یاری دەکات، فریشتە دێت بۆلای و سنگی شەق دەکات و پیسیی لێ فڕێ دەدات، (( دوو باڵندەی سپی وەک هەڵۆ دێن، یەکێکیان بە هاوڕێیەکەی (واتە، بەوی دیکەیان دەڵێت): ئەوە ئەو خۆیەتی، ئەویش دەڵێت: بەڵێ، ئیدی دێن و دەیگرن)).

پێغەمبەر بۆخۆی ئەم ڕوداوە دەگێڕێتەوە کە دەڵێت(( گرتیانم، لەسەرپشت پاڵیانخستم، ورگیان هەڵدڕیم، لەپاشاندا دڵیان دەرهێنام، شەقیانکردو دوو پارچە گۆشتی ڕەشیان لێدەرهێنا، یەکێکیان بە هاوەڵەکەی گوت: بەفراوم بۆبێنە، ئیتر هەناومیان پێشۆرد، لەپاشاندا گوتی، ئاوی تەرزەم بۆبێنە، دڵیان پێ شوشتم، لەپاشاندا گوتی، ئارامیی (سکینە)م بۆ بهێنن، پرژاندیان بە دڵمدا، ئینجا یەکێکیان بە هاوەڵەکەی گوت: بیدورەوە، ئەویش دورییەوەو مۆری پەیامبەرێتیی لێدا)). (٣)

هەمان ڕوداو لە فەرمودەیەکی دیکەدا هاتووە، بەهەندێک زیادەو جیاوازییەوە کە لە ئەنەسەوە گێڕدراوەتەوە، لەم فەرمودەیەیاندا، دوای ئەوەی پارچە گۆشتەکە لە سکی دەردەهێنێت دەڵێت: (( هذا حـظ الشیطان منک، ثم غسلە فی طست من ذهب بماء زمزم، ثم لأمە، ثم ‌‌اعادە فی مکانە...)) واتە: ((ئەمە پشکی شەیتانە لەتۆدا، لە پاشاندا لە تەشتێکی ئاڵتوندا، بە ئاوی زمزم  دەیشوات، ئینجا برینەکە دادەخاتەوەو دەیگەڕێنێتەوە شوێنەکەی خۆی)). (٤)

دواتر ئەنەس دەڵێت (( وقد کنت اری ‌أثر ذلک المخیط فی صدرە)) واتە: (( من شوێنەواری ئەو دەرزییەم لە سنگیدا دەبینی)): سەیر لەوەدایە ئەم ڕوداوی شەقکردنی سنگە، یان ئەم سکهەڵدڕینە جارێکی دیکەش دوبارە دەبێتەوە! لە گەشتەکەی ئیسراو میعراجدا !.

دیارە ڕوداوی ئیسراو میعراجیش باشترین ڕوداو و گونجاوترینیانە، بۆ ئەوەی جێگەی هەمو ئەو بابەتە سەیرو سەمەرەو خورافیانەی تێدا بکرێتەوە کە لێوانلێوە لێیان، بەڵکو پێدەچێت هەر بابەتێکی نامۆو نەخوازراو کە ئەقڵی میللیی ئیسلامیی تامەزرۆی بوبێت و لەشوێنی دیکەدا بواری بۆ نەڕەخسابێت و جێگەی نەبوبێتەوە، خزێنرابێتە ناو ئەم چیرۆکە بەناو موعجیزەییە دورو درێژو قەرەباڵغە. ڕەنگە ئەوەی وایکردبێت بە ئاسانی ئەم چیرۆکە بکرێتە کۆگاو سەرچاوەی چەند بابەتێکی سەمەرەو سەرنج ڕاکێش، لەلایەکەوە خودی ڕوداوی ئیسراو میعراج بێت کە یەکجار سەیرە، لەلایەکی دیکەشەوە، ئاماژە پێکردنی بێت لە قورئانداو ناونانی سورەتێک بێت بە ناوییەوە (( سورەتی الإسراء)). کەواتە، مادامەکی قورئان شایەتیی بۆ بونی ڕوداوێکی لەم چەشنە دەدات، کەواتە ئیدی دەستمان ئاواڵایە بۆئەوەی تا خەیاڵ بڕ بکات فەرمودەی بۆ هەڵببەستین و، تا لەتواناماندایە، خورافەی تێوە بئاڵێنین! دەبێت ئاماژە بەوەش بکەین کە بۆ ئەم ڕوداوی شەقکردنی سنگە، ئێمە پشتمان بە دوو سەرچاوەی نوێ بەستووە، کە یەکێکیان حەدیسە سەحیحەکانی سیرەی جیاکردۆتەوەو لاوازەکانی وەلاناوە، ئەوی دیکەشیان کە (الرحیق المختوم)ە، لەساڵی (١٩٧٦)ی زایینیدا خەڵاتی وەرگرتووە! کەواتە ئەم دوو کتێبە پوختەو پاڵێوراو و باوەڕ پێکراوی (سیرە)ن و نوێترین سەرچاوەی بەردەستمانن.

پشتبەستن بە سەرەتای سورەتی شەرح بۆ پاساوی ئەم ڕوداوە
لەهەموی سەیرتر ئەوەیە کە موفەسیرەکانی قورئان، هەر لە سەرەتاکانی هاتنە ئارای زانستی تەفسیرەوە تا دەگات بە ئەمڕۆ، کە پتر لە چوار سەدە بەسەر ئەم ئایینەو ئەم زانستەشدا گوزەری کردووە، لە کاتێکدا کە ئێمە لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکی زایینیدا دەژین، ئەم چیرۆکە وەک تەفسیرێک بۆ ئەو ئایەتانە هەر ئامادەگی هەیە.

پێویستە لە سەرەتادا ئەوە بڵێین کە لەڕاستیدا ڕوداوەکە ئایەتەکان تەفسیر ناکات، بەڵکو ئەوە ئایەتەکانن ڕوداوەکە تەفسیر دەکەن، واتە هەوڵدراوە ئایەتەکان بکرێنە پاساو بۆ ڕوداوەکە، کە ئەمەش پڕۆسەیەکی پێچەوانەیە، لەو ڕوانگەیەوە کە بەسەرنجدانێکی سەرپێیی ئاشکرا دەبێت، کە نەک هەر پێویستمان بەم ڕوداوە نییە بۆ تەفسیرکردنی ئەو ئایەتانە، بەڵکو ڕوداوەکە، تەفسیرەکەش و مەبەستی سەرەکی ئایەتەکانیش بە لاڕێدا دەبات و، بەرەو شێواندنێکی ئاشکرا ئاراستەیان دەکات. 
(أَلَمْ نَشْرَحْ لَكَ صَدْرَكَ (1) وَوَضَعْنَا عَنْكَ وِزْرَكَ (2) الَّذِي أَنْقَضَ ظَهْرَكَ (3) ) سورەتی الشرح ئایەتی ١-٣. واتە: ئایا سنگمان نەکردیتەوە؟ تاوانەکەتمان (قورساییەکەتمان) لەسەر لانەبردیت؟ کە پشتی تۆی ماندو کردبو(چەماندبو)؟

گەرچی وشەی (شرح) لە ڕیشەی زماندا بە مانای کردنەوەو ئاشکرا کردن و ڕاڤەکردن دێت، بەڵام لەڕوی زاراوەو، لە بەکارهێنانی لەمجۆرە دەربڕینانەی قورئاندا بەشێوەیەکی تایبەت، مەبەست پێی (کردنەوە)نییە، بەڵکو مەبەستی دیکەی هەیە، واتە: بۆ نموونە (شرح اللە صدرە): بەمانای ئەوە نایەت کە خودا سنگی هەڵدڕی(کردەوە)، کە ئەم مانایە ڕوکەشەو، بابەتەکە لەمانا جەوهەرییە ڕاستەقینەکە دور دەخاتەوە. هەربۆیە (ابن منظور) لە فەرهەنگەکەیدا دەڵێت: شرح اللە صدرە لقبول الخیر( خودا سنگی کردەوە بۆ قەبوڵکردنی خێرو چاکە) واتە: وسعە‌ لقبول الحق فاتسع: بۆ قەبوڵکردنی ڕاستیی فراوانی کردو ئیدی فراوان بوو. (٥) کەواتە مەبەستەکە لێرەدا مەجازی و مەعنەوییە، نەک ڕوکەش و ماددی و جەستەیی.

تۆ بڵێیت کاتێک موسا پێغەمبەر گوتویەتی ( رَبِّ اشْرَحْ لِي صَدْرِي) مەبەستی ئەوە بوبێت خودایە سنگم شەق بکە (و پیسییە ماددییەکەی لێدەربهێنە)؟! بێگومان نەخێر. (قال رَبِّ اشْرَحْ لِي صَدْرِي: موسا گوتی پەروەردگارا سنگم بکەرەوە، سورەتی تەها ئایەتی ٢٥. یاخود ئایەتی ٢٢ ی سورەتی الزمر((أَفَمَن شَرَحَ اللَّهُ صَدْرَهُ لِلْإِسْلَامِ فَهُوَ عَلَىٰ نُورٍ مِّن رَّبِّهِ ۚ فَوَيْلٌ لِّلْقَاسِيَةِ قُلُوبُهُم مِّن ذِكْرِ اللَّهِ ۚ أُولَٰئِكَ فِي ضَلَالٍ مُّبِينٍ (22) واتە ((ئایا ئەوکەسەی خودا سنگی بۆ ئیسلام کردۆتەوەو لەسەر نورێکە لە پەروەردگارییەوە..)).
لێرەدا باسەکە بۆ موسڵمانانە بە گشتی، کەواتە دەبێت خودا سنگی هەمو موسڵمانێک شەق بکات و پیسییەکەی لێ فڕێ بدات، ئەگەرنا پاکنابێتەوەو بۆ ئیمان و ئیسلامەتیی گونجاو نابێت!!

هەروەها دەپرسین: تۆ بڵێیت سەرجەم پێغەمبەران لە ئادەمەوە تا محەمەد، هەمویان سنگیان شەق کرابێت و پیسییان لێ فڕێ درابێت؟!.

یان نەخێر بابەتەکە بەشێوەیەکی دیکەیەو، ئامانجەکە لەلایەکەوە پاساو هێنانەوەیە بۆ ئەو فەرمودانەی باسی شەقکردنی سنگی پێغەمبەر دەکەن، لەلایەکی دیکەشەوە ئاماژەیەکە بۆئەوەی خەڵکینە دڵنیابن ژیاننامەی پێغەمبەر وەک ئەوەی هەیەو تۆمار کراوە ڕاستەو گومانی تێدا نییەو وەکخۆی بە ئێمە گەشتووە. هەروەها دەیانەوێت پێمان بڵێن، هەمو ئەو فەرمودانەی بە صحیح هاتون دەربارەی سیرەی پێغەمبەر بن یان هەرشتێکی دیکە، لەگەڵ ناوەڕۆک و جەوهەری قورئاندا تەباو کۆکن!!.

بەسەرنجدان لەو چیرۆک و ڕوداوانەی لەناو ژیاننامەی پێغەمبەردا هاتون، بەتایبەتیش کە وەک ئاماژەمان پێدا ناکۆکن بەخودی قورئان خۆی و بە سروشتی کارەکتەرو پێگەی پێغەمبەرەکەشی. بۆمان ئاشکرا دەبێت کە لەڕاستیدا لەدوای وەفاتی پێغەمبەرەوە هەڵبەستراون، لەگەڵ ئەو لێشاوە چیرۆکگەرایەدا هاتون کەدواتر هاتۆتە ئاراوە، هاوڕێ بە ئەفسانەگەریی و خورافەخوازییەکی زۆر. ئەمەش لە بنەڕەتدا لە قەیرانی فەرمودە پەرستییەوە هاتووە کە فەرمودەگەلێکی زۆریان خزاندۆتە ناو ژیانی پێغەمبەرەکەیانەوەو، لەوێشەوە تەفسیرەکانیان پێ ئاخنیون! ئەو موفەسیرانە هەمیشە ئەو فەرمودانەیان لە لێکدانەوەی ئەقڵیانەی قورئان بە لەپێشترو (قورئانیتر) زانیوە.

سەرچاوەو پەراوێزەکان:
١-منصف الجزار، المخیال العربي فی الأحادیث المنسوبە الی الرسول، موئسسە، الإشتار العربي، بیروت، لبنان، ٢٠٠٧، ص ٧٥.
٢-هەمان سەرچاوە، ل٨٤.
٣-ابراهیم العلی، صحیح السیرە النبویە، دار النفائس، الأردن، الطبعە العاشرە، ٢٠١٥، ص ٥٣-٥٤، هەروەها بڕوانە: صفي الرحمن المبار کفوری، الرحیق المختوم، دار ابن الجوزي، ١٤٣٤، ص٧٣.
٤-بڕوانە ابراهیم العلی، صحیح السیرە النبویە، ص٥٤، هەروەها الرحیق المختوم، ص٧٣.
٥-ابن منظور، لسان العرب، دار صادر، بیروت، المجلد الثامن، ص٥٠.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.