سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

دین و زانست

پێش 1 هەفتە



حەسەن یاسین

مشتومڕ و دەمەتەقێیەكی زۆر لەسەر پێوەندیی نێوان زانست و دین كراوە و دەكرێت. هەن دەڵێن ئەو بابەتانەی دین پێیەوە خەریكە جیایە لەگەڵ ئەوانەی زانست لێیان دەكۆڵێتەوە.  

بابەتەكانی دین هەست و سوسەكردنن، كەچی بابەتەكانی زانست مەعریفە و حەقیقەتن. رێساكانی مەعریفە و حەقیقەت بەسەر هەست و سوسەكردندا جێبەجێ نابن، بواری هەست و سوسەكردنیش رێساكانی مەعریفە و زانستیان بۆ نابێت. زانست لەسەر بناغەی بەڵگەی ئەقڵی بیناكراوە، دینیش لەسەر خۆبەدەستەوەدانی بەرەنجامی بڕیاری دڵ بەڕێوەدەچێت.

 دین پێوەندیی مرۆڤ و خودایە. ملكەچی مرۆڤە بۆ ئەو خودایەی دەیپەرستێ. زانست چالاكییەكی مرۆییە و لەسەر بنەمای پرسیاركردن و دانانی گریمانە بۆ گەیشتن بە ‌حەقیقەتی دیاردەكانی سروشت و پێوەنددار بە مرۆڤ دروستبووە. تێبینی و ئەزموون كۆڵەگەن  بۆ  مرۆڤ تا بگات  بە حەقیقەتی زانستی. 

 مەلاكان و ئەوانەی بانگەوازی دینی بڵاودەكەنەوە هەوڵدەدەن حەقیقەتی زانستی، لە رێی دەقێكی دینییەوە، بۆ بەهێزكردنی ئیمانی دینداران بەكاربهێنن، بۆیە هەیانە هەوڵیداوە «بەشێوەیەكی زانستی» قورئان تەفسیر بكات، وەك مستەفا مەحمود، كە نووسەرێكی ئیسلامیی میسرییە، لە كتێبی (القرێ‌ن محاولە لفهم عصری) وایكرد و پاشان د. عاتیف ئەحمەد، كە ئەویش هەر نووسەرێكی میسرییە، زانستییانە بەكتێبێك بە ناونیشانی (نقد القرێ‌ن محاولە لفهم عصری) وەڵامیدایەوە و بۆی سەلماند كە نابێ دەقی دینی، بخەینە بەر وردبینیی زانستی.

ئێستا كە ئەم وتارە دەنووسم،  خۆڵێكی چڕ دەبارێ و ئاسمانی شار تەڵخە. ئەم دیاردەی خۆڵبارینەش ماوەیەكە یەخەی گرتووین و وا خەریكە زوو  زوو دووبارە دەبێتەوە. 

ئەوەی وایلێكردم ئەم دیاردەی خۆڵبارینە ببەستمەوە بە پێوەندیی نێوان دین و زانستەوە، كورتە ڤیدیۆی وتارێكی دینیی مەلایەكە كە باسی سوودەكانی خۆڵبارین لە روانگەیەكی دینییەوە دەكا و  خۆڵبارین بە رەحمەتێكی خودایی دادەنێت و بە وردی باسی ئەو نیعمەتە خوداییە دەكا!

دیاردەی خۆڵبارین، ئەگەر بمانەوێ قسەی لەسەر بكەین دەبێ گوێ لە شارەزایانی بواری زانستی جوگرافیا بگرین، نەك مەلایەك، كە هەموو ئەو قسانەی لەو بارەیەوە دەیكا دەچێتە خانەی وەعزی دینییەوە و لەڕووی زانستییەوە ناتوانرێ هیچ بەهایەكی زانستیی بۆ دابنرێت.

 بابای دینی دێ و باسی سوودەكانی خۆڵبارینمان بۆ دەكا و دەڵێ ئاسمان پڕیەتی لە ڤایرۆس و ئەگەر خودای گەورە خۆڵ نەبارێنێت ئەو ڤایرۆسانە لەناو ناچن و ئێمە ناتوانین دەرمانی دژە ڤایرۆس بەئاسماندا بڵاوبكەینەوە! مایەی پێكەنینە لەسەردەمی پێشكەوتنی زانستیدا، نەزانانە باسی دیاردەكانی سروشت، لەروانگەیەكی دینییەوە بكرێ، هەڵبەت بمانەوێ یان نا، ئەمە ناچێتە ناو خانەی لێكدانەوەی زانستییەوە!

بەداخەوە، پێ بەپێی پێشكەوتنی زانست، لەناو كایەی دینیدا، هەندێ لەوانەی بەناوی دڵسۆزی بۆ دین و ئیمان  و بڵاوكردنەوەی پەیامی خودایی، وتار پێشكەش بە نوێژكەران دەكەن، ژەهری نەزانی بڵاودەكەنەوە و خۆیان ماندوو ناكەن تا لە گوگڵ كەمێك بەدوای دیاردە سروشتییەكانەوە بگەڕێن و  شتێك لەبارەیەوە فێربن، تا سەر لە خەڵك نەشێوێنن و كۆمەڵێك قسەی ناڕاست بەناوی دینەوە بە خەڵك بگەیەنن، لەكاتێكدا وەك لەسەرەوە گوتمان دین و زانست دوو شتی جیان و نابێ تێكەڵ بكرێن.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.