سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ژن كوشتن بوەستێنن!

پێش 1 هەفتە



كەنار قاسم

ژنێك لە لایەن مێردەكەیەوە بە زیندوویی سووتێنرا، كچێكیش لەلایەن برا هەرزەكارەكەیەوە بە دەمانچە كوژرا،  ناونیشانی زۆربەی هەواڵەكانی وێب سایت و پەیجەكان و رۆژنامەكانن. ئەو دڕندەییانەی بەرامبەر بە ژنان دەكرێن لە هەرێمی كوردستان، كوشتنی ژنان و توندوتیژی خێزانی بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە.

ئەمە سەرەڕای ئەوەی ساڵانێكە چالاكوانانی ناوچەكە خەتەنەكردنی ژن و زەماوەندكردنی زۆرەملێ و توندوتیژی دژ بە ژنان لە كۆمەڵگەیەكی كۆنەپەرستدا ئیدانە دەكەن، كەیسی توندوتیژی دژی ژنان لە زیادبووندایە و زۆربەی ئەو ژنانە بە دەستی ئەندامێكی خێزانەكەیان گیانیان لەدەستداوە. 

لە مانگی حوزەیرانی 2011 پەرلەمانی هەرێمی كوردستان یاسایەكی دەركرد كە خەتەنەكردنی مێینە و توندوتیژی خێزانی بە تاوان ناساند و لە یاسادا سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ بكەرانی تاوانی شەرەف جێگیركرد. نەتەوە یەكگرتووەكان لەو كاتەدا پێشوازی لە یاساكە كرد و رایگەیاند ئەو یاسایە پێشكەوتنێكی بەرچاوە دوای چەندین ساڵ لە ئیدیعاكان.

بەڵام جێبەجێكردنی ئەم یاسایە بەهۆی كەشوهەوای بێ سزایی و ترس لە قسە و باس بەردەوام ئاستەنگی بۆ دروستبووە و دەبێت.

خزمەتگوزارییە ئەمنییەكانیش لە حاڵەتەكانی كوشتنی ژناندا هەمان رێوشوێن ناگرنەبەر كە لە حاڵەتەكانی كوشتنی پیاوان دەیگرنەبەر.

هەندێك لە دۆسیەكانی كوشتنی ژنان تەنانەت ناگاتە دادگا و لە رێگەی ئاشتەوایی خێڵەوە لەنێوان خێزانی پیاوەكە و خێزانی هاوسەری قوربانییەكە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.

راستەیەكەی رێگریكردن لە ژن  كوشتن و توندوتیژی هێندە كارێكی قورس و ئەستەم نییە، ئەوەی ئێستا هەیە یەكێتی پڕۆژە یاسایەكی بۆ هەمواركردنەوەی یاسای توندوتیژی خێزانی و مەسەلەی ژن كوشتن ئامادەكردووە تا بەند و بڕگەكانی سزاكان قورستر بكرێن، پێویستە هەموو ژنێك لە پەرلەمانی كوردستان و چالاكوانان و رێكخراوەكانی مافی ژنان و هەر ژنێك لە هەر توێژێك كاربكەن و بۆ قبوڵكردنی پڕۆژە یاساكە، ئەگەر ئەمە بكرێت بێگومان ژن كوشتن هێندەی ئێستا ئاسان نابێت و بەو مەرجەی لە دادگاكان یاسا و سزاكان وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت.

دایكم دەیگێڕێتەوە، ژنان جاران زۆر ئازادانە جلوبەرگیان دەپۆشی و دەچوونە سینەما و گەشتیان دەكرد و هەندێكیشیان خاوەن كاربوون، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەهاو رەوشتە بەرزەكانیان لە ترۆپكدا بوون، جاران ژن كوشتن هەبووە، بەڵام  تاك و تەرا . ئێستا چی دەبینین هەموو رۆژێك  ژنێك بە پاساوێكەوە دەكوژرێت و خۆزگە بە رابردوو دەخوازین.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.