دەزگای ھەواڵگریی و لێكۆڵینەوەی فیدڕاڵی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عیراق، كوژرانی والی ئەنباری رێكخراوی داعش و سێ چەكداری دیكەی رێكخراوەكەی لە بیابانەكانی پارێزگاكە راگەیاند.
لە راگەیەندراوەكەی شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەكدارەكانی عیراق، ئاماژە بەوەدراوە، ھێزەكانی سەربە دەزگای ھەواڵگریی و لێكۆڵینەوەی فیدڕاڵی بە ھەماھەنگی لەگەڵ شانەی راگەیاندنی ئەمنیی و بە پشت بەستن بە زانیاریی ھەواڵگریی، ئۆپەراسیۆنێكی ئاسمانیی بۆ كردنە ئامانجی ئۆتۆمبێلێكی تیرۆریستان لە بیابانەكانی پارێزگای ئەنبار، ئەنجامدراوە.
بەپێی راگەیاندراوەكە، لە ئاكامی ئۆپەراسیۆنەكەدا، والی ئەنباری رێكخراوی داعش ناسراو بە ئەبو مەنسور و سێ تیرۆریستی دیكەی یاوەری كوژراون.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو تاوانبارەی كوژراوە چەند پۆستێكی لەنێو رێكخراوی داعش ھەبووە و یەكێك بووە لەو كەسانەی كە لە رێگەی نێودەوڵەتیی روتبە ھاووڵاتییانی دەكردە ئامانج.
وێڕای ئەوەی عیراق لە ساڵی ٢٠١٧دا سەركەوتنی بەسەر رێكخراوی تیرۆریستی داعش و كۆنترۆڵ كردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاكەی كە رێكخراوەكە لە ھاوینی ٢٠١٤دا دەستی بەسەردا گرت، راگەیاند، بەڵام تاوەكو ئێستا رێكخراوەكە لە رێگەی پاشماوە و شانە نووستووەكانیەوە ناو بەناو كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات بەتایبەت لە ناوچەكانی نێوان پارێزگای كەركووك و سەڵاحەددین و پارێزگای دیالە، كە بە "سێگۆشەی مەرگ" ناودەبرێت.