سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

پەنابەرێكی عێراقی لە ئەمریكا لەسەر داعش دادگایی دەكرێت

پێش 2 هەفتە


پەنابەرێكی عێراقی بە تۆمەتی پاڵپشتیكردنی داعش لە ویلایەتی تێكساسی ئەمریكا دادگایی دەكرێت. 
 
نوسینگەی وەزارەتی دادی ئەمریكا لە كەرتی باشووری تێكساس لەبارەی ناسنامەی تۆمەتبارەكەوە دەڵێت، ئەو كەسە ناوی عەبدولڕەحمان محەمەد حافز قەیسە و تەمەنی 24 ساڵە، دەشڵێت، رۆژی هەینی 17ی حوزەیرانی 2022 بۆ یەكەمجار لە بەردەم دادوەر ئامادەبوو. 
 
لەگەڵ تۆمەتباری سەرەكی، دوو كەسی دیكەش بە تۆمەتی جیاواز دادگایی دەكرێن، یەكێكیان ئامۆزای عەبدولڕەحمانە بە ناوی محەمەد فەیسەڵ قەیسی ناسراو بە "عامر" كە تەمەنی 26 ساڵە. ئەوی دیكە، ناوی حامی جەمشید، ناسراو بە جەمشید ئەحمەدزایە و تەمەنی 32 ساڵە و خاوەنی ناسنامەی ئەمریكییە، بەڵام ئاماژە بە رەچەڵەكەكەی نەكراوە. 
 
وەزارەتی دادی ئەمریكا دەڵێت، ئەو سێ تۆمەتبارە دانیشتووی شارەكانی هیوستن و شوگەرلاندی ویلایەتی تێكساسی ئەمریكان، بەگوێرەی نووسینگەی تێكساسی وەزارەتی دادی ئەمریكا، ئەو سێ كەسە، رۆژی 16ی حوزەیرانی ئەمساڵ لەلایەن پۆلیسەوە بە نۆ تۆمەتی جیا دەستبەسەركراون.
 
نووسینگەی داواكاری گشتیی ئەمریكا بە ئاماژەدان بە پەڕاوەكانی دادگە دەڵێت، عەبدولڕەحمان محەمەد حافز قەیسی "بەشێوەیەكی نایاسایی و بەمەبەست" لەگەڵ چەند كەسێكی دیكەدا پیلانی بۆ دابینكردنی پاڵپشتیی دارایی بۆ داعش گێڕاوە، جگە لەوە، عەبدولڕەحمان بە سێ تۆمەتی دیكەش تۆمەتبارە، لەنێویدا، پێدانی زانیاریی هەڵە بۆ وەرگرتنی ناسنامەی ئەمریكی.

بەگوێرەی پەڕاوەكانی دادگە، كاتێك پرسیاری پەیوەندی لەگەڵ گروپە توندڕەوەكان و پاڵپشتیكردنیان لێكراوە، بەشێوەیەكی ناڕاست وتویەتی "نەخێر" پەیوەندی لەگەڵ هیچ كامێكیان نەبووە و ئەوەش دەچێتە چوارچێوەی درۆكردن لەگەڵ دادگە. 
 
هاوكات لە كاتی پێشكێشكردنی داواكاری بۆ وەرگرتنی ناسنامە، بەشێوەیەكی ئاسایی ئەو پرسیارە لە كەسی داواكار دەكرێت كە ئایا پێشتر هیچ تاوانێكی كردوە یان هەوڵی ئەنجامدانی تاوانێكی داوە؟ بەگوێرەی پەڕاوەكانی دادگە، كاتێك ئەو پرسیارە لە تۆمەتبارەكان كراوە، هەمویان زانیاری هەڵەیان داوە. پەڕاوەكانی دادگە دەریدەخەن كە حامی جەمشید بەشێوەیەكی نایاسایی ناسنامەی ئەمریكی بەدەستهێناوە. 
 
هەرسێ تۆمەتبارەكە، تۆمەتێكی دیكەیان دەدرێتە پاڵ، ئەویش پیلانگێڕانە بۆ ئەنجامدانی تاوانی ئەلیكترۆنی، بەگوێرەی پەڕاوەكانی دادگە، لە سەرەتای مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 2015ەوە تا ئاداری 2017، ئەو سێ تۆمەتبارە لەڕێگەی "ساختە و پێدانی بەڵێنی ناڕاستەوە" هەوڵی بەدەستخستنی پارە و موڵكیان داوە. 
 
ئەگەر تۆمەتەكانی بەسەردا ساخبێتەوە، عەبدولڕەحمان محەمەد بە تۆمەتی دابینكردنی پاڵپشتیی دارایی تا 20 ساڵ بەندكردن سزادەدرێت و بە تۆمەتی دزینی ناسنامەش دوو ساڵ سزادەدرێت كە راستەوخۆ لە دوای ئەو 20 ساڵە بەند دەكرێت. 

نوسینگەی تێكساسی وەزارەتی دادی ئەمریكاش دەڵێت، دركاندنی قسەی ناڕاست لەكاتی پێشكێشكردنی داواكاری بۆ وەرگتنی ناسنامە، دەكرێت پێنج ساڵ تا 10 ساڵیش سزای بەندكردن بۆ تۆمەتبار مسۆگەر بكات.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.