سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

(شێخ) نەبوو، سەلكەگوێرەكە بوو!

21/05/2022



د.حوسێن موحەممەد عەزیز

مەزارگەكەی (شێخ ئەبوسریع)، لە نێوچە شاخاوییەكانی (عەین ئەلسوفنە)ی پارێزگەی (بەنی سوەیس)ی (میسر)دا بوو. ماوەی (40) ساڵ بوو، ئەو مەزارگەیە، جێی بایەخ و ڕێزی ڕۆڵەكانی تیرە و هۆزە بەدووەكانی ئەو نێوچەیە بوو. سەردانیاندەكرد، نیاز و ڕازی دڵی خۆیان دەردەبڕی، دەپاڕانەوە، پارەیان بۆ دادەنا، چاوەڕێیاندەكرد، خێر و فەڕیان بەسەردا ببارێنێ و پێویستییەكانیان بۆ دابینكا. پاشان لەپڕ حەپەسان و واقیانوڕما، بەهۆش خۆیاندا هاتنەوە. چونكە ئەوەی چاوەڕێیان نەدەكرد، یا ئەوەی لە بیر و هۆشیاندا نەبوو، بە چاوی خۆیان بینیان!  

ئاخر ئەو ماڵ و سامانەی موسوڵمانە سەردانكەرەكان، پێشكەش بە مەزارەگەكەی (شێخ ئەبوسریع)یان دەكرد، لە سندووقێكدا كۆدەكرایەوە و هەڵدەگیرا، كە سندووقی (نەزر)یان پێ دەگوت، ساڵانە بە میلیۆن جنیهی میسریی دەخەمڵێنرا. لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا چی بەسەردێ؟!!

لەبەر ئەو هۆیە، جیاوازیی و ناكۆكیی، لە نێوان دوو هۆز لە هۆزە گەورەكانی نێوچەكەدا سەریهەڵدا. ئەویش لەسەر ئەوەبوو، كامیان مافی ڕەوای خۆیەتی، پتر بایەخ بە مەزارەگەكە بدا و پارەكە كۆكاتەوە. ئەو ناكۆكییەش، بە بەرەوڕووبوونەوە و پێكدادان كۆتاییهات. لەبەرئەوە هەردوو هۆزەكە، پەنایان بۆ دانیشتنێكی هێمنانەی فراوان برد، تا كۆتایی بە ئەو ناكۆكییە بێنن. ئەنجامی دانیشتنەكەش ئەوەبوو، بڕیاریاندا، مەزارەگەكەی (شێخ)، بۆ شوێنێكی دیكە بگوێزنەوە، بە مەرجێ لە هەردوو هۆزەكەوە، وەك یەك دووربێ!

بەڵام كاتێ سەری گۆڕەكەی (شێخ)یان هەڵدایەوە، تا ئێسكوپرووسكەكەی دەربێنن و بیگوێزنەوە، هەموو ئامادەبووان سەریان سووڕما. چونكە ئێسكوپرووسكەكەی، (شێخ)ی تێدا نەبوو، بەڵكوو سەرەگوێرەكەیەكی تێدابوو! بۆیە هەر لە ئەو كاتەوە، ڕاستیی ئەفسانەكەی (شێخ ئەبوسریع) پووچبووەوە، كە سەبارەت بە فەڕی (شێخ)، نەوە دوای نەوە، بۆیان هۆنیبووەوە، چیرۆك و سەرگوزشتەی سەیریان بۆ هەڵبەستبوو!

لەبەرئەوە مەزارەكەی (شێخ)یان ڕووخاند و تێكیاندا، بەشەكانیشی پەرشوبڵاوبوونەوە، ئەوەی مایەوە، تەنیا هەر بیری پڕوپووچی كوێرانەی چەوت و نەزانین بوو. كە ماوەی (40) ساڵ بوو، دەسی بەسەر بیر و هۆشی، خەڵكی ئەو نێوچەیەدا گرتبوو.

لە كۆتاییدا منیش دەڵێم: ئاخۆ كەی بێ، ڕۆژێ لە ڕۆژان، كوردە موسوڵمانە ساویلكەكان، واز لە سەردانی گۆڕی مردووكان بێنن، دەردی دڵی خۆیان هەڵڕێژن، بە دەم نزا و تكاوە بپاڕێنەوە، خوا لە گوناهەكانیان خۆشبێ و مەرامەكانیان لە ژیاندا بەدیبێنێ! 

سەرچاوە:

الشیخ ابو سریع طلع داخل قبره راس عجل، ڤیدۆیەكی دێكۆمێنتاریی، خوێندنەوەی رەحاب سەلاح.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.