سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

بۆ ئەوەی ژنكوشتن و مرۆڤ كوشتن بوەستێنین

پێش 2 هەفتە



لەتیف حسێن

بەداخەوە كۆمەڵگە بەجۆرێك ئاسایشی كۆمەڵایەتی بەدەست چەك بەدەستەكانەوە تێكچووە، كە كورد وتەنی كات و ناكات نازانێ، بەهەموو پێوەرەكان جەژن ڕۆژی لێبوردەیی و خۆشی مرۆڤەكانە، كەچی لای ئێمە چەك دەبێتە زمانی هەموو كات و ساتێكی ئێمە، هەربۆیە بەردەوام دەنگی فیشەك و نەعرەتەی چەك بەدەستەكان، بۆ كوشتن و رشتنی خوێنی نزیك و دوورەكان، گوێمانی ئاخنیوەو لە دڵەخورپەو شۆكیشمان تێپەڕاندووە، ئەوەتا لە یەكەم ڕۆژی جەژندا مرۆڤ لەبری نیشاندانی مرۆڤبوونی خۆی، دڕەندەیی خۆی نمایش دەكات و بەجارێك وەك ئەوەی لە قۆناغێكدا ژیان دەكەین خوێنی مرۆڤەكان هێندە هەرزان بووە، بێ ئەوەی لەهیچ بسڵەمێینەوە، كۆمەڵ كوژی دەكەین، ئەوەی لەچەمچەماڵی ئەنفالستان روودەدات، پەیوەندی بە چەمچەماڵەوە نییە وەك ناوچەو شوێن، بەڵكو پەیوەندی بە خەسڵەتی مرۆڤەكانەوە هەیە، كاتێك ژینگەیەكی بۆ فەراهەم دەبێت، دڕەندەیی خۆی تێدا نمایش دەكات، هەر وەك ئەوەی بۆمان بسەلمێنێتەوە كە لەسایەی ئەو ژینگەیەدا كە هیچ بەهایەك بۆ ژیانكردن تێیدا نەماوە، بڕیاری كوشتن و مردنی مرۆڤەكان دەدات.

ئەوەی لەچەمچەماڵ ڕوویداو جەژنی هەمووانی شێواندو هەموانی نیگەران كرد، رووداوێكی هەر وا ساناو ئاسایی نییە، وەك هەموو ئەو كارەسات و روداوانەی تر كە هاتن و بە كەفوكوڵێك تێپەڕین و هەموان دادەنیشین بەدیار هەواڵێكی دڵتەزێن و كارەساتبارترەوە، ئەوەی لەچەمچەماڵ بەسەر ئەو خێزانەدا هاتووە، گەر بە زوویی فریای نەكەوین لەدەرگای تاك بەتاكمان دەدرێت و چەك بەدەستەكان و ئەوانەی پێیانوایە دەتوانن بەئاسانی بڕیاری كوشتنی ئێمە دەركەن، دەبنە هەڕەشەی لەناوبردنی یەكجارەكی ئەو كەمە بەهایەی كە لەم كۆمەڵگەیەدا بوونی ماوە...

بەندە بەشبەحاڵ خۆم بەدواداچوونە وردو راستەخۆكانی هەڤاڵ قوباد، بۆ دەستگیركردنی تاوانباران و ژنكوژان و مرۆڤ كوژان، هەوڵێكی گرنگەو جێی دەستخۆشییەو ئەو هەڵمەتەشی كە رایگەیاندووە، بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ژنكوژان، پێویستی بەوەیە هەمووان پشتگیریی لێ بكەین و لەگەڵیدا هەڵمەتێكی گەورەو گرنگ دروست بكرێت و بەڕێزیشیان وەك كەسێكی خاوەن بڕیارو لایەنی جێبەجێكردن، دەست بكات بە نیشاندانی چارەنووسی ئەوانەی كە ئەم تاوانانە دەكەن و تەنانەت ئەوانەشی كە داڵدەی تاوان و تاوانكاریی دەدەن، تا هەمووان بزانن، بەكارهێنانی چەك و كوشتنی مرۆڤەكان چ چارەنووسێكی رەش چاوەڕێی دەكات، ئەمە جگە لەوەی پێویستمان بەوەیە لەگەڵ پشتگیریی هەڤاڵ قوباد، بۆ ئەوەی ژنكوشتن و مرۆڤ كوستن بوەستێنین پێویستە:

- پەروەردە بەتەواوی بخەینە خزمەتی ئەم بوارەوەو لە پەروەردەوە ژنكوشتن و زمانی چەك ناشرین و قێزەون بكەین، لەپەروەردەو مرۆڤ فێری ژیاندۆستی و لێبوردەیی بكەین، جیلێك پەروەردە بكەین، كە لەسەر سەرچۆپی و فول لایت و مۆڕە كردن و هیچ پاساوێك دەستیان نەچێتە خوێنی یەكتری..

- لە پەروەردەوە كار بكەین بۆ ئەوەی لە نەوەی داهاتومانی بگەیەنین ژنان و كچان، دایك و خوشك و هاوسەرەكانمان كۆیلەی نێرەكان نین و ئەوانیش وەك پیاوو كوڕەكان مافی ژیانیان هەیەو ئەوانیش وەك ئێمەو بگرە زیاتریش مرڤترو میهرەبانترن.

- هەرچی زووە بە بڕیاری یەكلاكەرەوە چەكی مۆڵەت و بێ مۆڵەت سزای بۆ دابێن و چیتر بیری تەسكی(چەكێك حەوت كوڕ دەهێنێ) لەهزرو مێشكی پیاوی كورددا بسڕێتەوە.

- سەروەربوونی یاسا، بەتەواوی جێبەجێ بكرێت و هیچ كەسێك بەبێ هیچ جیاوازی و جیاكارییەك، لە یاسا نەبوردرێت، كاتێك تاوانێك دەكات، یان دەبێتە هۆی پاراستنی تاوانكارەكان و یان دەبنە پشت و پەنای تاوانكارەكان، لەگەڵیشیدا چارەنووسیان بۆ خەڵكی بخرێتەڕوو، تا كەسی تر جورئەتی ئەوە نەكات دەستی بچێتە خوێنی كەسی ترەوە، یان هیچ كەسێك داڵدە نەدات و قەڵەویان نەكەن بۆ تاوانكاریی گەورەتر، راگەیاندن و ئەنجامدانی سزای خێرا، یەكێك دەبێت لە هۆكارەكانی ژنكوشتن و مرۆف كوشتن..

- پێویستە چیتر حكومەت رێگە نەدات، هۆكارو پاڵنەرەكانی مرۆڤ كوشتن بەردەوام بێت، چیتر نابێت رێگەبدرێت ئەم ژینگە كۆمەڵایەتییە سیاسییە ئابوورییەی، كە بوونەتە هۆی ئەوەی مرۆڤەكان لەبری مرۆڤدۆستی، دەبنە مەرگدۆست و كوشتنی مرۆڤ و ئاوخواردنەوە هاوشان بوونەتەوە بۆ هەندێك كەس، چیتر نابێت ژیان و گوزەرانی خەڵكی لەم بارودۆخەدا بمێنێتەوە، كە هۆكارێكی سەرەكی تاوان و تاوانكارییەكانە...

- میدیاكان واز لەراستەوخۆی تاوانەكان و كارەساتەكان بهێنن، واز لەمایك بردن بۆ پرسەكان بێنن، لەبری ئەوە كار لەسەر هۆكارەكانی ئەو ژینگەیە بكەن كە مرۆڤی كردۆتە دڕەندە، بەدوای تاوانكارو چارەنووسی تاوانكارو داڵەدەدەرانییەوە بن..

كار بكەن بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵك و ریسواو قێزەونكردنی تاوان و تاوانكارییەكان و نەیانكەن بە پاڵەوان، چونكە پاڵەوانەكان چەك هەڵناگرن، ئازاكان زمانی فیشەكیان نییە یان زۆر كەمە، ئەوە ترسنۆك و فس فس پاڵەوانەكانن دەستیان دەچێتە خوێنی مرۆڤەكان..

- وەرن با هەموومان پێكەوە زمانی چەك و توندوتیژی ریسوا بكەین، وەرن پێكەوە با بەهەڵكی بڵێین، هیچ كێشەیەك نییە زمانی دیالۆگ و یاسا چارەسەری نەكات، بۆیە با پەنا بۆ چەك نەبرێت، با ئەوانە چەك وەبەر پشتێن دەنێن و خۆیانی پێدەڕازێننەوە، چەكیان لەبەرچاو ڕەس و ناشرین بكەین، وەرن با پێكەوە بە هەموان بڵێین، كێشەی كۆمەڵایەتی بە چەك و كوشتن یەكلا نابێتەوە، وەرن با پێكەوە بە هەموان بڵێین، بەژیانی مرۆڤایەتی چەك و خوێن ڕشتن هیچ كێشەیەكی چارە نەكردووە، وەرن با پێكەوە بەهەموان بڵێین ژنكوشتن شەرەف و شەرەفمەندانە نییە، بەڵكو ئەوانیش وەك ئێمەو زیاتریش مافی ژیانیان هەیەو چەندین رێگەی تر بۆ چارەسەری كێشەكانت هەیە...

وریابن ئەو كۆمەڵكوژییە بە هەمووانی وت، لەمەودوا كەس ئەمین و ئەمان نییە، لە كوشتنی تاكەوە بۆتە كۆمەڵكوژی و زەنگێكی هێندە مەترسیدارە، دەنگەكەی وەك زرنگاندنەوەكانی تر نییە..

وەرن با پێكەوە هاوكارو یارمەتیدەری ئەمن و ئەمانی یەكتری بین، با هەموان پشتیوانی لەهەر كەسێك بكەین، ژنكوشتنزو مرۆڤ كوشتن دەوەستێنێت...

تكایە مەڵێن پێمان ناكرێت، چونكە دڵنیابن، ئێمەی مرۆڤین چۆن ژیانمان لەیەكتری تێكداوە، ئاوهاش دەتوانین راستی بكەینەوە، هەر كەس لای خۆیەوەو هەركەس بەپێی تواناو قودرەتی خۆی.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.