سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

بۆچی مزگەوتی ئەقسا لای هەرسێ ئاینە ئاسمانییەكە پیرۆز و گرنگە؟

پێش 3 هەفتە


مزگەوتی ئەقسا، یەكێكە لە پیرۆزترین شوێنەكان لای موسڵمانان و جولەكە و مەسیحیەكان، دەكەوێتە ناو شارە دێرینەكەی قودس لە فەلەستین، لای موسڵمان و جولەكەكان ناوی جیاوازی هەیە و هەردووكیان بە خاكی خۆیانی دەزانن.

مێژووی دروستكردنی

مزگەوتی ئەقسا دووەم مزگەوتە لە دوای مزگەوتی حەڕامی مەككەوە دروستكراوە، بەپێی گێڕانەوەی بوخاری، پێغەمبەر ئیسلام فەرموویەتی ماوەی نێوان دروستكردنیان چل ساڵە.

بە شێوەیەكی دیاریكراو ئەو كەسەی كە مزگەوتەكەی دروستكردووە ڕوون نییە، مێژوونووسە موسڵمانەكان كۆك نیین لەسەر دیاریكردنی بنیاتنەر و دروستكەری بناغەی مزگەوتی ئەقسا، هەندێكیان مێژووی دروستكردنەكەی دەگێڕنەوە بۆ "سام"ـی كوڕی پێغەمبەر نوح، هەندێك سەرچاوەی تر پێغەمبەر ئیبراهیم بە دروستكەری مزگەوتەكە دادەنێن.

هەروەها ژمارەیەكی تری مێژووناسان و پسپۆڕانی ئیسلامی پێیان وایە كە پێغەمبەر ئادەم یەكەمین بناغەی مزگەوتەكەی داناوە و زۆرێك ئەم بۆچوونەیان لەلا پەسەندە، پێیان وایە هەر یەك لە پێغەمبەر ئیبراهیم و پێغەمبەر سولەیمان لە سەردەمی خۆیان مزگەوتەكەیان نۆژەن و نوێكردووەتەوە.

ڕووبەری مزگەوتەكە

مزگەوتی ئەقسا ناوچەیەكی دەورەدراوە بە دیواری لاكێشەیی لە باشووری ڕۆژھەڵاتی شاری قودسی دیواربەند كراو كە بە شار دێرینەكە ناسراوە، ڕووبەرەكەی نزیكەی ١٤٤ دۆنمە و قوبە سەخڕە و مزگەوتی ئەقسا ئەگرێتەوە لەگەڵ چەند شوێنەوارێكی تر كە نزیكەی ٢٠٠ شوێنگەن و چوار منارەی ھەیە.

پێوانەكانی مزگەوتەكە ئەگاتە، ٢٨١م لە باشوورەوە و ٣١٠م لە باكوورەوە و ٤٦٢م لە ڕۆژھەڵاتەوە و ٤٩١م لە ڕۆژئاواوە، و ڕووبەرەكەی شەش یەكی ڕووبەری شارە دێرینەكە دەگرێتەوە، و ئەم سنوورە نەگۆڕاوە دوای ئەوەی مزگەوتەكە بۆ یەكەم جار نوێژی تیایدا كراوە بە پێچەوانەی مزگەوتی حەرام و مزگەوتی پێغەمبەر كە چەندین جار فراوان كراوان.

ناوی ئەقسا

مزگەوتی ئەقسا ناوی ئیسلامی مزگەوتەكەیە كە خوا لە قورئاندا ناوی مزگەوتەكەی بردووە پێی، مانای ناوی ئەقسا واتە دوورترین و مەبەست لێی دووری مزگەوتەكەیە بە بەراورد لەگەڵ دوو مزگەوتەكەی تر كە لە مەككە و مەدینەیە.

 مزگەوتی ئەقسا پێش ئەم ناونانە قورئانییە بە بەیتولموقەدیس ناسرابوو، و ناوچەی قودس لەو كاتانەدا بە ناوی ئیلیا ناسرابوو.

پیرۆزی ئەقسا لای موسڵمانان

مزگەوتی ئەقسا پیرۆزییەكی گەورەی ھەیە لای موسڵمانان، كە بەستراوە بە بیروباوەڕەكەیانەوە لە سەرەتای بانگەوازەوە، و بە قیبلەی ھەموو پێغەمبەرەكان دادەنرێت لە پێش پێغەمبەر محەمەد و ھەروەھا قیبلەی یەكەمی ئیسلامیش بوو پێش ئەوەی قیبلە بگۆڕێت بۆ مەككە.

دوای كۆچی موسڵمانان بۆ مەدینە، بۆ ماوەی 17 مانگ بۆ نوێژ ڕوویان لە ئەقسا كرد و دوای ئەوە ڕوویان بەرەو كەعبەی پیرۆز وەرگێڕا.

یەكێكی دیكە لە هۆكاری پیرۆزییەكان، شەوی ئیسرا و میعراجە كاتێك پێغەمبەر شەوڕەوی پێكرا لە مزگەوتی حەڕام بۆ مزگەوتی ئەقسا، پاشان سەركەوت لێوەی بۆ ئاسمان، لە ئاسمانی بەرزدا نوێژی لەسەر پێویست كرا.

لە قورئاندا ناوی مزگەوتی ئەقسا براوە بەوەی كە دەوروپشتی ڕووناك كراوەتەوە، كە ئاماژەیە بۆ پیرۆزی و شوێنی مزگەوتەكە لای خوا و لای موسڵمانان.
ھەروەھا لە فەرموودەی پێغەمبەری ئیسلامدا ھاتووە بەوەی مزگەوتی ئەقسا یەكێكە لەو سێ مزگەوتەی سەردان دەكرێن، سێ مزگەوتەكەش مزگەوتی حەرام و مزگەوتی پێغەمبەر و مزگەوتی ئەقسان.

پیرۆزی ئەقسای لای جولەكەكان

قودس مێژوویەكی كۆنی ھەیە و لە ھەندێك سەرچاوە باس لەوە كراوە كە لە دەوروبەری ساڵی ٣٠٠٠ پ. ز بۆ یەكەمجار ژمارەیەك خەڵكی لێ نیشتەجێ بووە.
شارەكە لە ساڵی 1967 وە، لە ژێر دەستی ئیسرائیلدایە‌، جولەكەكان قودس بە ئۆرشەلیم ناودەبەن و ئەقسا بە پیرۆز دادەنێن، بە گۆڕەپانەكانی مزگەوتەكە دەڵێن شاخی پەیكەر بەو بڕوایەی پەیكەری پێغەمبەر سولەیمانی لێیە.

جولەكەكان پێیان وایە ئەو شوێنە هەمان شوێن بووە كە پێغەمبەر ئیبراهیم ویستوویەتی كوڕەكەی تێدا بكاتە قوربانی، هەروەها "حائگ المبكی" كە دیوارێكی پیرۆزی ئەوانە لە ناوچەی مزگەوتەكەیە.

بۆ جوولەكە گرنگییەكەی دەگەرێتەوە بۆ ئەو كاتەی كە پێغەمبەر داود ڕزگاری دەكات و ئەیكات بە پایتەختی شانیشیی ئیسرائیل لە دەوروبەری ساڵی ١٠٠٠ پ. ز و پاشانیش سولیمانی كوری یەكەم پەرستگای جوولكە بونیاد دەنێت. بەبیرواری جوولەكەكەكان گەنجییەنە و سەروەت سامانێك زۆر لە ژێریدا حەشار دراوە.

بە بیانووی ''بوونی پاشماوەكانی پەرستگای سولەیمان''، جوولەكەكان بەردەوامن لەسەر كارەكانی هەڵكەندنی ژێر حەرەمی مزگەوتی ئەقسا، باس لەوەش دەكەن كە ئەوانیش مافی پەرستشیان هەیە لە مزگەوتی ئەقسادا.

گرنگی ئەقسا لای مەسیحیەكان

كڵێسای قیامەی مەسیحییەكان كە دەكەوێتە "حی النصاری - گەڕەكی مەسیحییەكان"ـەوە، گرنگییەكی زۆری هەیە لەلای مەسیحییەكان، بە بڕوای ئەوان عیسای پێغەمبەر لەو شوێنە لە خاچ دراوە و ژمارەیەك لە لێكۆڵەرانی ئەوان پێیان وایە كە گۆڕەكەی هەر لەو كڵێسایەدایە. 
پێكهاتەی ئەقسا

مزگەوتی ئەقسا لە چەند پایە و شوێنەوارێك پێكدێت كە دەگەنە نزیكەی ٢٠٠ شوێنەوار لەوانە مزگەوت و قوبە و منارە و بیر و زۆری شوێنەواری تر.

چوار منارەو چواردە قوبەی ھەیە، گەورەترین و ناودارترینیان (قوبەی سەخڕە)یە، ئەمەش ئەو بینایەی كە قوبەیەكی ئاڵتونی ھەیە و شوێنەكەی لە ناو مزگەوتەكە وەك شوێنی دڵە لە لەشی مرۆڤدا بە مانای ئەكەوێتە ناوەندییەوە ھەندێك بە لای چەپدا،  ئەم قوبەیە بە یەكێك لە دێرینترین و پیرۆزترین شوێنەوارە ئیسلامییەكان دادەنرێت.

لە ناو ئەقسا، مزگەوتی قیبلە هەیە كە لە ساڵی 636 زایینی بەفەرمانی خەلیفەی موسڵمانان عومەری كوڕی خەتاب دروستكرا، لە ساڵی 1969 بەشێكی گرنگی مزگەوتەكە لەلایەن جوولەكەیەكی توندڕەوەوە سوتێنرا و چەندان شوێنی پیرۆزی لەناوبرد، دواتر لەلایەن چەند وڵاتێكەوە دووبارە نۆژەن كرایەوە.

ململانێ لەسەر قودس

قودس دەكەوێتە ناوەڕاستی فەلەسیتن لە نزیك دەریای ناوەڕاست، عەرەب و فەلەستینیەكان پێیانوایە پایتەختی دەوڵەتی فەلەسیتنه، لەبەرامبەردا جولەكەكان پێیانوایە پایتەختی ئاینی و نیشتمانیانە بۆ زیاتر لە 3 هەزار ساڵ.

نەتەوەیەكگرتووەكان دانبەوەدانانێت كە قودس پایتەختی ئیسرائیلە بەڵكو پێیوایە قودسی رۆژهەڵاتی بەشێكە لە خاكی فەلەستین.
سەرچاوە/ زەمەن

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.