سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

تەنگژەی ئیسلامی مەزهەبی لە عیراق

17/01/2022



حەسەن یاسین

كێشەی سوننە و شیعە لە عیراقدا، لە بنەڕەتدا كێشەیەكی مەزهەبیی دینییە و دوورە لە سیاسەتەوە، بەڵام لە واقیعدا، كێشەیەكی تەواو سیاسییە و یەكێكە لە هۆكارەكانی سەرنەگرتنی پڕۆژەی دەوڵەتی عیراق و بەردەوام بێ سەقامگیریی ئەم دەوڵەتە لەوەتای لە ساڵی (1921)ەوە ئینگلیز دروستیانكردووە!

ئیسلامی سیاسیی عەرەبی لە عیراقدا، لەوەتای سەریهەڵداوە، یەك ئیسلامی سیاسی نییە و دووە ، ئیسلامی سیاسیی شیعە و ئیسلامی سیاسیی سوننە. لەماوەی رابردوودا ئەم دووە نە یەكیانگرتووە و نە هەرگیزیش یەكدەگرن، تەنانەت هەموویان لە بەرەیەكدا یان لە چوارچێوەیەكیشدا، لەسەر كاری هاوبەش نە رێكەوتوون و نە رێكیشدەكەون!

ئێستا كە ماوەی ساڵێك پترە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق و كاراكتەرێكی سیاسیی دەرەوەی بازنەی ئیسلامی سیاسییە بە گشتی و ئەگەرچی لەدایك و باوكێكی شیعەیە، بەڵام دوورە لە بیری سیاسیی شیعەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئیسلامی سیاسیی شیعە لە عیراقدا فەرمانڕەوایە و سەرەڕای ئەوەی لە بن كاریگەریی گوشارەكانی خۆپیشاندەرانی تشرینی 2019، عادل عەبدولمەهدی وەك دوایین سەرۆك وەزیرانی نوێنەری ئیسلامی سیاسیی شیعە، ناچاركرا واز لە دەسەڵات بهێنێت و بەدڵنیاییەوە، ئەگەر عیراق روو لە پشێویی و ئاژاوە نەبێت، مەهدی، دوایین سەرۆك وەزیرانی سەربە ئیسلامی سیاسی دەبێ لە عیراقدا.

ئیسلامی سیاسی لە عیراقدا، بە هەردوو باڵی سوننە و شیعەیەوە، لە تەنگژەیەكی قووڵدان و لە ماوەی پتر لە 15 ساڵی فەرمانڕەواییان لە عیراقدا، شكستیان هێناوە، بۆیە زەحمەتە جارێكی تر، دەنگدەرانی شیعە و سوننە، متمانەی تەواو بەو دوو هێزە ئیسلامییە سیاسییە بكەن!

هەڵبژاردنی رابردوو، كە لە 10ی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو (2021) كرا، دەریخست هەردوو باڵەكەی ئیسلامی سیاسیی شیعە (جگە لە رەوتی سەدر) و سوننە بەر نەفرەتی دەنگدەران كەوتوون و ئاستی دەنگەكانیان، لەچاو هەڵبژاردنەكانی پێشوو، یەكجار زۆر دابەزیووە!

سوننە، جگە لەوەی باڵەكانی پەرتەوازەن، كەمترین كورسیشیان لە پەرلەمان هەیە و كاریگەرییان لە نێو پڕۆسەی سیاسیی عیراقدا كەمە و ئەوەی ئێستا نوێنەرایەتیی ئیسلامی سیاسیی سوننەی عیراق دەكات لە مەیدانی سیاسیدا تەنیا (داعش)ە، كە لە دەرەوەی پڕۆسەی سیاسیدایە و گروپێكی تیرۆریستە!

ئیسلامی سیاسیی شیعەش جگە لەوەی تا رادەیەكی زۆر پەرتەوازەن، بەسەر سێ باڵی سەرەكیدا دابەشبوون. باڵی وەلائیی سەربە ئێران، باڵی شیعەی ناو (چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە) و باڵی رەوتی سەدر.

 

رەوتی سەدر براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی رابردووە، لەگەڵ دەوڵەتانی دەستڕۆیشتووی سوننە هەماهەنگیی هەیە و لەڕێی ئەوانیشەوە هاوتەریبە لەگەڵ روانگەی ئەمریكا بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی فەرمانڕەوایی لە عیراق، بەڵام جۆرێك لە شێواوی پێوە دیارە و هێشتا نەیتوانیوە هاوسەنگی لەگەڵ لایەنەكانی شیعەدا لەلایەك و لایەنەكانی كورد و سوننەدا لەلایەكیترەوە رابگرێت. لەلایەكەوە داوای حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەكات، لەلایەكی تریشەوە دروشمی نە خۆرهەڵاتی و نە خۆرئاوایی بەرزدەكاتەوە، كەچی بەشێكە لە پڕۆژەی رۆژئاوایی بۆ كەنارخستنی لایەنەكانی شیعەی بن هەژموونی ئێران و بەشێكیشە لە پڕۆژەی ئەمریكا و ئەوروپا و وڵاتانی سوننە لە ناوچەكەدا بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی فەرمانڕەوایی لە عیراقدا.

دوو لایەنەكەی تری شیعە، چ ئەوەی لەنێو (چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە) دایە و ئەوەش كە پێیاندەڵێن وەلائی و لەسەر ئێران حسابن، دەنگدەران، كەناریان خستوون و بەهۆی هەژموونی سەربازییانەوە، هێشتا پەلەقاژەیانە، بۆئەوەی پارچەیەكی كێكی دەسەڵاتی داهاتووی حكومەتی نوێی عیراقیان بەربكەوێت!

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.