سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئیسلامییەكان و كردنەوەی پەنجەرە

پێش 2 هەفتە



حەسەن یاسین

كردنەوەی پەنجەرە، بەو مانایەی خۆت لە نێو جیهانی خۆتدا گیرنەكەی! ئاخر زۆرن ئەوانەی، چ دەوڵەت یان حكومەت، یان حزب، یان كەسانێك بن، ئەوەندە لەخۆیان رازین، كەمترین ئامادەگیی بەخۆداچوونەوە و خۆنوێكردنەوەیان تێدا نییە. كردنەوەی پەنجەرە، بەو مانایەی راستگۆبیت لەگەڵ ئەو پەندە كوردییەی دەڵی زلێك لەچاوی خۆتدا ببینە، ئەوجا كاریتە لە چاوی خەڵك.

لە ژیانی خۆمدا، گەلێ جار، گەمژەی وام دیوە، تەنیا بۆ ئەوەی بەخۆیدا نەچێتەوە و دان بەهەڵەی خۆیدا نەنێ، بەلایەوە ئاسایی بووە پایەی كۆمەڵایەتیی خۆیشی، وەك كەس، وەك تاكێكی ناو كۆمەڵ لەكەدار كردووە!

راستە، رووی دەمی ئەم نووسینەم لە ئیسلامییەكانی كوردستانی عیراقە، بەڵام یەخەی هەموومان دەگرێتەوە، بە خۆشمەوە، چونكە كە تۆ پەنجەرەیەك دەكەیتەوە، بەو مانایەیە، ناتەوێ لە نێو جیهانەكەی خۆتدا، هەر لە جێی خۆت بخولێیتەوە. زۆران دەناسم، كە پێشتر بە فیكر ئیخوانی بوون و لە رووی حزبایەتی و رێكخستنیشەوە، كادیری سەرسەختی لایەنێكی ئیسلامی بوون، بەڵام لەبەرئەوەی لە رەوتی خۆڕۆشنبیركردنی حزبیدا، پەنجەرەیەكیان لەخۆیانكردەوە و جگە لە جیهانی داخراوی فیكری ئیسلامیزم (بە باوەڕی دینی و سیاسییەوە)، بەسەر فیكری جیاجیادا كەوتن، ئیدی خۆیان لەدەرەوەی ئەو حزبەدا دۆزییەوە و پاشان رایان گۆڕا و نەك هەر جیهانی سیاسەتكردن بە فۆرمە ئیسلامییەكەیان بەجێهێشت، بگرە رایان لەسەر ئەركە دیندارییەكەشیان گۆڕا و چوونە نێو جیهانی ترەوە!

لەوەتەی بیرمدێ، دژی توندڕەویم، دە ساڵ پێش راپەڕین تێكەڵ بە كاری سیاسی و حزبایەتی بووم و لە نێو یەكێتیدا، خۆم لە نێو كۆمەڵەی رەنجدەران دیتەوە و لەوێش هەر پەنجەرەیەكم كردبۆوە و باوەڕم وانەبوو هەموو ئەوەی لەسەرووی خۆمەوە بڕیاریان لێداوە و دەیڵێن راستن و دەبێ وەكو خۆیان جێبەجێیان بكەم، هەر بۆیەش خۆم لە نێو رێكخراوێكی چەپتر لە كۆمەڵەی رەنجدەران دیتەوە. لەو رێكخراوەشدا، چەپڕەوانی توندڕەو بازاڕی فیكری و سیاسییان لە برەودا بوو، بەڵام هەر پەنجەرەیەكم كردبۆوە و هەرگیز نەچوومە ژێرباری ئەوەی ببمە بەشێك لەوانەی پێیاندەگوتن بان چەپ!

ئیسلامییەكانی كوردستان، هەڵبەت مەبەستم كوردستانی عیراقە و بۆیەش ناڵێم هەرێمی كوردستان، چونكە هێشتا نیوە پتر خەڵك و خاكی كوردستانی عیراق، لە دەرەوەی هەرێمی كوردستاندایە و سەركردایەتیی سیاسیی كورد و سەرۆكایەتیی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی هەرێمی كوردستان لەوڕووەوە، هەر لە جێی خۆیان خول دەخۆن و نەیانتوانیوە بە رەسمی بستێك خاك بهێننەوە سەر هەرێمی كوردستان.

ئێرەش جێگەی ئەوە نییە بچینە سەر هۆكارەكانی نەكردنی ئەمە، بۆیە دەگەڕێمەوە سەر ئیسلامییەكان و دەڵێم ئیسلامییەكانی كوردستان، هێشتا هەر چەندین حزبن و نەیانتوانیوە بەرەیەكی هاوكاریی سیاسی، لە نێو خۆیاندا دروست بكەن، بۆ؟ چونكە بڕوایان بە كردنەوەی پەنجەرەیەك نەبووە و هەر لایەكیان هەمیشە سوور بووە لە سەر باوەڕە سیاسی و دینییەكەی خۆی، تەنانەت لە نێو یەك حزبیشدا بۆ نموونە بزووتنەوەی یەكبوونی ئیسلامی لە كوردستان عیراق، كە لەیەكگرتنی هەردوو لایەنی ئیسلامی: بزووتنەوەی راپەڕینی ئیسلامی لە كوردستانی عیراق و بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستانی عیراق، پێكهات نەك هەر نەبووە مایەی یەكخستن، بەڵكو نیازی یەكگرتنەكە لای هەردوو لایان، بۆ خۆدەرباز كردن بوو لە قەیرانی نێوخۆیی. هەردوولا چەندین باڵی جیاجیایان تێدابوو، هەر باڵێك خۆی لە نێو جیهانەكەی خۆیدا گیر كردبوو، دەرگا و پەنجەرەشیان لە خۆیان داخستبوو، بۆیە كە یەكیانگرت، دوو حزببوون، بەڵام كە جیابوونەوە بوون بە پتر لە سێ حزب!

بیرۆكەی ئەم وتارەم لەنووسینێكی بەپێزی توێژەر و رۆژنەمەوانی بەناوبانگی لوبنانی غەسسان شەربلەوە بۆ هات، كە لەسەرەتای ئەم مانگەوە، مانگی كانونی یەكەمی 2021، لە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) بەناوی (ترس و پەنجەرە و قیتار)ەوە بڵاویكردبۆوە و پاشان (ئەلمەرسەد)ی خۆشمان لە ژمارە (7596)ی رۆژی 7ی كانونی یەكەمی 2021 دووبارە بڵاویكردبۆوە. شەربل، لێزانانە باسی كردنەوەی پەنجەرەی كردووە و نمونەی جوانی باسكردوون كە من نامەوێ دووبارە بیاننووسمەوە و ئەوەی بیەوێ دەتوانێ بچێتەوە سەری.

سوپاس بۆ شەربل، كە بیریهێنامەوە، كردنەوەی پەنجەرەیەك، بە بەردەوامی، پێویستە!

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.