سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئایا داعش كۆتایی‌ هاتووە؟

پێش 2 هەفتە



بورهان شێخ رەئوف

حەیدەر عەبادی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ پێشووتری عیراق لە 9/12/2017 بانگی‌ سەركەوتنی‌ بەسەر داعشدا راگەیاند، هەموو ناوچەكانی‌ عیراق پاككرایەوە لەو رێكخراوە تیرۆریستییە، كە دواینیان شاری‌ موسڵ بوو لە دوای‌ سێ‌ ساڵ لە شەڕێكی‌ سەخت.

دوای‌ چوار ساڵ لە راگەیاندنی‌ سەركەوتن بە سەر داعشدا، ئێستا شانە نەنوستوو و نووستووەكانی‌ داعش سەرلەنوێ‌ خۆیان سازو ئامادە كردۆتەوە و پەلاماری‌ لە ناكاو و غافڵگیر دەكەنە سەر هێزی پێشمەرگەی‌ كوردستان و هێزە چەكدارەكانی‌ تری‌ عیراق و هێزە ئەمنییەكان بە گشتی‌، جگە لە تەقینەوەی‌ تیرۆریستی‌ و بە ئامانجگرتنی‌ خەڵكی‌ سڤیل، هەروەها تیكدان و تەقاندنەوەی‌ تا‌وەرەكانی‌ گواستنەوەی كارەبا و دامەزراوە نەوتییەكان.

ئەگەر موسڵ سیمبولی‌ بەهێزی‌ دەوڵەتی‌ خەلافەتی‌ ئیسلامی‌ بووبێت، ئەوا بە رزگاربوونی‌ لە بندەستی‌ داعش لەگەڵیدا، هەموو خاڵە بەهێزەكانی‌ داعش لە ئەفریقا و ئاسیا و خۆرهەڵاتی‌ ناوەڕاست شكستی‌ هێنا، بەم شێوەیە عیراقییەكان بە كورد و عەرەبەوە بە هاوكاریی‌ هاوپەیمانی‌ نێودەوڵەتی‌ و هێزە ئیقلیمیەكانیش توانیان كۆتایی‌ بە دەستەڵاتی‌ بەربەری‌ داعش بهێنن و خاكیان لە بندەستدا نەهێڵن.

لەلایەكی‌ دیكەوە دەتوانین بێژین ئەم سەركەوتنە هەر سەركەوتنێكی‌ سەربازی‌ نەبوو، بەڵكو سەركەوتنێكی‌ جەماوەری‌ گەورەش بوو بۆ گەلانی‌ عیراق بەسەر توندڕەویی و‌ توندوتیژیدا، چونكە خەڵكێكی‌ زۆر بەشدار و پاڵپشتی‌ هێزە چەكدارەكانی‌ عیراق بوون بە پێشمەرگە و سوپاو حەشدی‌ شەعبیشەوە بۆ لەناوبردنی‌ داعش.

داعش لەسەر بنەمای‌ تیرۆر و ترساندن و تۆقاندن و خوێنڕشتن سەریهەڵدا و دەسەڵاتەكەی‌ فراوان كرد، كە دەیخواست لە ریگەی‌ هێز و زەبر و زەنگەوە بیروباوەڕی‌ خۆی‌ بەسەر خەڵكی‌ عیراق و ناوچەكەشدا بسەپێنێت، كە ئەمەش بۆ جیهانی‌ شارستانی‌ و ئەمڕۆ نزیك بە مەحاڵە.

فاكتەرە سەرەكیەكانی‌ سەرهەڵدانی‌ داعش

1- شكستی‌ رەوتی‌ لیبراڵی‌ و دیموكراسی‌ و چەپ و ئەوانی‌ تریش بۆ پیشكەشكردنی‌ ئەڵتەرنا‌تیڤ و پڕۆژەیەكی‌ شارستانی‌ بۆ هەڵسانەوە و گەشەكردن و حكومڕانییەكی‌ دادپەروەر و دامەزراوەیی.

2- سیاسەتی‌ پەرواێزخستنی‌ پێكهاتەكەكانی‌ عیراق لەلایەن پێكهاتەیەكەوە.

3- پابەند نەبوون بە دەستووری‌ عیراقەوە كە لە ساڵی‌ 2005 دا و بە راپرسی‌ رەزامەندیی‌ زیاتر 80 % ی گەلی‌ عیراقی‌ بەدەستهێناوە.

4- گەندەڵی‌ كارگێڕی‌ و دارایی‌.

5- نەبوونی‌ شەفافییەت.

6- دابین نەكردنی‌ خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی‌ ئاو و كارەبا و تەندروستی‌ و پەروەردە.

7- بێكاری‌ و هەژاری‌ و نەبوونی‌ بیمە و دڵنیایی‌ تەندروستی‌.

8- دەستوەردانی‌ دەرەكی‌ و بەتایبەتی‌ ئیقلیمی‌.

9- بوارنەدان بە گەڕانەوەی‌ ئاوارەكانی‌ شەڕی‌ داعش بۆسەر ماڵ و حاڵی‌ خۆیان.

10- نەبوونی‌ هەماهەنگی‌ پێویست لەنێوان هێزی پێشمەرگەی‌ هەرێم و هێزە فیدراڵییەكانی‌ عیراق وەكو پێویست.

11- لاوازیی‌ لایەنی‌ هەواڵگری‌ لە كۆكردنەوەی‌ زانیاری‌ وردو دروست لە سەر جموجووڵەكانی‌ داعش.

جیهانگیریی‌ تیرۆر

یەكێكی‌ تر لەو دیاردە سامناكانەی‌ كە رەوتە تیرۆریستەكانی‌ ئەلقاعیدە و دواتر داعش لەگەڵ خۆیدا بڵاویكردەوە، ئەوە بوو كە دیاردەی‌ تیرۆری‌ كرد بە دیاردەیەكی‌ ئینتەرناسیۆنال كە سنوورەكان ببڕێت و لەهەموو وڵاتانی‌ جیهان و گەلانی‌ جیاوازەوە كۆببنەوە و بە هەزاران تیرۆریستی‌ توندئاژۆ لە ژن و پیاو كۆببنەوه لە ناوچەی‌ خۆرهەڵاتی‌ ناوەڕاست بەتایبەتی‌ لە عیراق و سوریا، كە ئەمەش هۆكارێكی‌ گەورەبوو بۆ پیشكەوتنی‌ ئامراز و ئامانجەكانیان لە كاری‌ تیرۆریستیدا.

هۆكاری‌ پەلامارەكانی‌ ئەم دواییە

سەرەڕای‌ ئەو فاكتەرانەی‌ كە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، فاكتەرێكی‌ تری‌ گرنگی‌ ئەم پەلامار و هێرشانەی‌ ئەم دواییەی داعش لە ناوچە جێناكۆكەكاندا، ئەو كێشە و ململانێیانەیە كه ‌لەدوای‌ پرۆسەی‌ هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی‌ 10/10/2021 ەوە هاتۆتە ئاراوە، جگە لە تێكەڵكردنی‌ هەموو كارتەكان، ناردنی‌ كۆمەڵێك مەسجی جۆراوجۆرە بۆ هەموو لایەنە نێودەوڵەتی‌ و ناوخۆیی‌ و ئیقلیمییەكان بەوەی كە داعش ماوە و وا بە ئاسانی‌ گۆڕەپانەكەتان بۆ چۆڵ ناكات.

شوێنی‌ چەكدارەكانی‌ داعش

سەرچاوە ئاگادارەكان باس لەوه ‌دەكەن كە بەشی‌ زۆر چەكدارەكانی‌ داعش لە دوای‌ كۆنترۆڵكردنەوەی‌ شارەكان لەو شوێنانەن كە دەستی‌ دەوڵەتیان پێ ناگات، بە تایبەتی‌ لە ناوچەی‌ جەزیرە لە پارێزگای‌ ئەنبار، هەندێكی‌ تریان لە ناوچەی‌ سنووری‌ عیراق و سوریان، هەندێكی‌ تریان ئێستا له ‌ناوچە شاخاوییەكانی‌ حەمرین خۆیان مەڵاس داوە كە لە خۆرهەڵاتی‌ پارێزگای‌ دیالەوە دەستپێدەكات تا باكووری‌ پارێزگای‌ سەلاحەدین.

هەندێكی‌ تریشیان لە نزیك شاری‌ كەركوكن نزیك له سنوورەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان، هەروەها لە چیای‌ قەرەچووغ و پارێزگای‌ نەینەوا و زۆر ناوچەی‌ تر خۆیان حەشارداوە.

لە كۆتاییدا ئەوەی‌ زۆر پێویستە و گرنگە بووترێت ئەوەیە كە داعش و بیری‌ توندڕەوی‌ هەر بەرێگەی‌ سەربازیی ‌و پرۆسەی ئەمنی‌ چارەسەر ناكرێت و كۆتایی‌ نایەت، بەڵكو پێویستی‌ بە ڕیفۆرم و چاكسازیی‌ فراوانە لە رووی‌ تیوری‌ و فیكری‌ و چارەسەركردنی‌ ئەو 11خاڵەی‌ كە لە سەرەوە ئاماژەمان پێداوە.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.