سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە نێوان بەرداشی دەسەڵات و ستەمی رەگەزیی لەئێران

پێش 2 هەفتە


ئێران لەنێوان 190 وڵاتدا لە رووی یەكسانی ژن و پیاودا دەكەوێتە ریزبەندی 180یەمین وڵات، ئەوەش بەهۆی رەچاونەكردنی مافەكانی ژنان لە رووی سیاسی و ئابوری و كەلتوریی لەوڵاتەكەدا.

لەئێران هیچ دادوەرێكی ژن كە بتوانێت بڕیاری شەرعی و یاسایی بدات نییەو كەمتر لەسەدا 5٪ ژن لە پرۆسەی سیاسەت و حوكمڕانیدا بەشدارن و كەمتر لە 12٪ی ژنان و كچانی خوێندەوارو خاوەن بڕوانامە دەتوانن لەبازاڕ و كەرتی ئەهلیدا كاربكەن.

دوو ژن بە یەك شاهید لە دادگاكان ئەژمار دەكرێن و تەنانەت هیچ كچ  و ژنێك بۆی نییە بچێتە یاریگاكان بۆ ئەوەی یاری تۆپی پێی پیاوان لەنزیكەوە ببینێت.

لەلایەكی دیكەوە ژنانی كورد سەرەڕای ئەوەی هاوشانی ژنانی دیكەی ناوچەكانی ئێران لەمافەكانیان بێبەش بۆ دابینكردنی بژێویی خۆیان و خێزانەكانیان كۆڵبەریی دەكەن و لەئامارە نافەرمییەكانی ئێراندا نزیكەی 11 هەزار ژن و كچ كۆڵبەریی دەكەن و لەسەر سنورەكان بەشداریی گواستنەوەی كاڵاو شتومەك دەكەن.

رۆژهەڵاتی كوردستان كە لە رووی جوگرافیای سیاسی و حوكمڕانییەوە دەكەوێتە وڵاتی ئێرانەوە پشكی زۆری ئەو نایەكسانییەی نێوان ژن و پیاوی بەردەكەوێت ئەمە وای كردووە ژنانی رۆژهەڵات قوربانییەكی گەورەی نایەكسانییەكانی رەگەزی بن و ساڵانە سەدان ژن و كچ لەو بەشە لەكوردستان ببنە قوربانیی جیاوازییەكی نەخوازراوی رەگەزیی و  جگە لەمەینەتییەكانی ژیانی ئێستای ئەو وڵاتە، باری قورسی نایەكسانیش بكەوێتە سەرشانیان.

تەنها لەساڵی رابردودا 45 ژنی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەتۆمەتی چالاكی سیاسیی و مەدەنی و ئایینی لەئێران دەستگیركراون و نۆ كەسیشان لەلایەن دادگاكانی ئێرانەوە سەرجەم  25 ساڵ و دوو مانگ زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە.

رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوەكردوە كە دادگاكانی ئێران شەش ژنی كوردیان بەهۆی چالاكیی سیاسی و سێ ژنی دیكەیان لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەتۆمەتی چالاكیی مەدەنی بە 25 ساڵ زیندان سزا داوە.

كوشتنی ژنان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان

ناوەندنی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەئاماری ساڵانەی خۆیدا لەسەر دۆخی كچان و ژنان لەو بەشە لەكوردستان بڵاوی كردووەتەوە لەساڵێكدا 44 ژن بە بیانوی جیاوازەوە كوژراون كە زۆربەیان لەلایەن كەسوكارە نزیكەكانی خۆیانەوە ئەو تاوانەیان بەرامبەر كراوە.

هەنگاو ئاماژەی بەوە كردووە لەماوەی یەك ساڵی 2020 بۆ ساڵی 2021، زیاتر لە 14 ژن لەپارێزگای كرماشان و 13 ژن لەپارێزگای سنەو نۆ ژن لەپارێزگای ورمێ و  هەشت ژن لەپارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی كوردستان كوژراون.

لە راپۆرتەكەدا روونكراوەتەوە كە 11 ژن لەو قوربانییانە بە بیانوی شەرەفەوە لەلایەن كەسوكاریانەوە كوژراون و هەرەوەها 22 ژنیش بەهۆی ناكۆكیی خێزانییەوە كوژراون،  بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە 22 قوربانیی لەكۆی 44 ژنە كوژراوەكە بەچەكی جۆری كڵانشینكۆف و دەمانچە و تاپڕ كوژراو .

خۆكوژیی لەڕۆژهەڵاتی كوردستان و جیهان

ئامارەكانی رێكخراوی تەندروستیی جیهان (WHO)  ئاشكرای دەكات كەساڵانە نزیكەی 703 هەزار كەس لەدانیشتوانی گۆی زەوی بەهۆكاری جیاواز خۆیان دەكوژن، بۆیە بەپێی ئامارەكانی تەندروستیی جیهانی لەهەر 100 هەزار كەسی رەگەزی نێرینە 12.6 كەس خۆیان دەكوژن و لەهەر 100 هەزار كەسی رەگەزی مێینەش 5.4% كەس خۆیان دەكوژن، بۆیە نێرینە دوو هێندەی مێینە خۆیان دەكوژن.

بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران رایانگەیاندووە لەهەر 100 هەزار كەس لەوڵاتەكەدا تەنها 12 كەس هەوڵی خۆكوشتن دەدات كە شەش كەسیان رزگاریان دەبێت و شەش كەسیش گیانیان لەدەستدەدەن و ئامارەكانی خۆكوژیش لە رەگەزی مێینە لەهەر 100 هەزار كەس 3.6 كەسە كە بەراورد بەڕەگەزی نێرینە، ژنان كەمتر لەپیاوان هەوڵی خۆكوشتن دەدەن.

لەئێران پیاوان دوو هێندەی ژنان هەوڵی خۆكوشتن دەدەن و لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەتایبەت بەپارێزگای ئیلام و پارێزگای كرماشان زیاترین ژمارەی خۆكوژیی تۆمار كراوە بەجۆرێك كە لەنێوان هەر 100 هەزار كەسی دانیشتوی ئیلام 26 كەس خۆیان كوشتوەو لەپارێزگای كرماشان لەهەر 100 هەزار كەس 23 كەس خۆیان كوشتوەو دوای ئەو دوو پارێزگایەش رێژەی خۆكوژیی لەپارێزگاكانی سنەو ورمێ و لوڕستان بەرز بووە بەجۆرێك خۆكوژیی لەپارێزگاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان زۆر زیاتر بووە لەتاران-ی پایتەختی ئێران كە بەتەنها ژمارەی دانیشتوانی پایتەخت نزیك دەبێتەوە لەهێندەی كۆی دانیشتوانی رۆژهەڵاتی كوردستان.

ئەمساڵ لەماوەی هەشت بۆ نۆ مانگدا 107 حاڵەتی خۆكوشتنی ژن و كچ لە رۆژهەڵاتی كوردستان تۆمار كراوە  52 حاڵەتیان لەپارێزگای ورمێ بووە و 24 حاڵەتی دیكەیان لەپارێزگای سنە و 22 حاڵەتیان لەكرماشان و نۆ حاڵەت لەئیلام بووە و بەپێی راگەیەنراوی مافەكانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستان ئەو ئامارانە تەنها ئەو حاڵەتە خۆكوژیانەی ژنانە كە تۆمار كراوە، چونكە ژمارەی راستەقینەی خۆكوژیی ژنان زۆر زیاترەو هەندێكیشی بەهۆی شاردنەوەی دۆسیەكانیان لەلایەن حكومەت و كەسوكاری قوربانییانەوە ئاشكرا نابێت و تۆمار ناكرێت.

لەو 107 ژن و كچەی كە لە رۆژهەڵاتی كوردستان خۆیان كوشتوە، 64 كەسیان بەخۆهەڵواسین كۆتاییان بەژیانیان هێناوەو 17 كەسی دیكەیان خۆیان سوتاندوە و 15 كەسیشیان حەب و دەرمانیان بەكارهێناوە بۆ خۆكوشتن و 6 كەسیشیان خۆیان لە پردو شوێنی بەرزەوە خستووەتە خوارەوە و 5 ژنیش بۆ خۆكوشتن چەكیان بەكارهێناوە و بە گوللـە كۆتاییان بەژیانیان هێناوە.

ئامارەكانی جیهان و رۆژهەڵاتی كوردستان

بەپێی ئامارە جیهانی و نێودەوڵەتییەكان لەهەر سێ ژن لەسەر گۆی زەوی یەك كەسیان رووبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژیی جەستەیی دەبێتەوە و زۆرینەیان لەلایەن كەسە نزیكەكانیانەوە رووبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژیی دەبنەوە.

تەنها 52%ی ئەو ژنانەی هاوسەریان هەیە مافی بڕیاردانیان لەبەكارهێنانی دەرمان و چارەسەری پزیشكیی لە رێگرییكردن لە دووگیان بوون هەیە.

لەئێستا زیاتر لە 750 ملیۆن ژن لەجیهان هەیە كە لەتەمەنی خواروی 18 ساڵەوە هاوسەرگیرییان كردووە و لەهەر دوو تاوانی كوشتنی ژناندا یەكێك لەتاوانەكە لەلایەن كەسە نزیك و هاوبەشەكانی ژیانیان بەرامبەر بەژنان دەكرێت لە كاتێكدا لەهەر 20 تاوانی كوشتن كە بەرامبەر بە رەگەزی نێرینە دەكرێت تەنها یەك تاوانیان لەلایەن كەسانی نزیك و هاوبەشەكانی ژیانیانەوە بەرامبەر ئەو رەگەزە دەكرێت.

زیاتر لە 71%ی سەرجەم قوربانیانی قاچاخچێتی بەمرۆڤەوە بەرامبەر ژنان دەكرێت و سێ لەسەر چواری ئەو رێژەیەش رووبەڕووی دەستدرێژی سێكسی و توندوتیژیی دەبنەوە.

بەپێی ئامارێك كە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵی خوێندكارانی زانكۆی ئێران (ئیسنا) بڵاوی كردوەتەوە تەنها لە سێ مانگی بەهاری ساڵی 2021 زیاتر لە نۆ هەزار و 753 حاڵەتی هاوسەرگریی كچانی خواروو تەمەنی 15 ساڵ لەئێران تۆمار كراوە كە بەراورد بەساڵی رابردوو 32% زیادی كردووەو هەر لەماوەی ئەو سێ مانگەی ئەمساڵدا زیاتر لە 45 هەزارو 522 حاڵەتی هاوسەرگریی كچانی تەمەن 15 بۆ 19 ساڵ لەو وڵاتە تۆمار كراوە.

رۆژنامەی شەرق لەئێران كە رۆژنامەیەكی نیمچە سەربەخۆیە، بڵاویكردووەتەوە كە لە ماوەی 20 ساڵی رابردودا زیاتر لەهەزار و 200 ژن بەبیانوی شەرفەوە لە پارێزگاكانی سنە، ئیلام، ورمێ و تاران كوژراون كە زۆربەی تاوانەكانی كوشتنی ژنان بە بیانوی شەرەفەوە لە رۆژهەڵاتی كوردستان رویداوە.

بەپێی ئامارەكانی كار لەئێران تاساڵی 2019 نزیكەی چوار ملیۆن و 500 هەزار ژن و كچ كاریان كردووە، بەڵام ئەو ژمارەیە لەساڵی 2020 بۆ سێ ملیۆن و 600 هەزار ژن و كچ كەمی كردووە، واتە لەساڵێكدا نزیكەی یەك ملیۆن ژن و كچ كارەكانیان لەدەستداوە.

ئێران وڵاتێك بەبێ دادوەری ژن

لەئێراندا هیچ حاكم یان دادوەرێكی ژن كە بتوانێت لە رووی یاساییەوە بڕیاربدات بوونی نییە لەكاتێكدا بەژمارە زیاتر لەهەزارو 900 دادوەری ژن هەیە بەڵام تەنها دەتوانن راوێژ بەدادوەرە پیاوەكان بدەن بڕیاری لای دادوەری نێرینەیە.

لە رووی حوكمڕانییەوە هیچ ژنێك لەئێران مافی بوون بەسەرۆك كۆماری نییە و رێگەپێدراو نییە خۆی بۆ ئەنجومەنی دەستەبژێری كۆماری ئیسلامی ئێران بپاڵێوێت و ئەندامی ئەنجومەنی دەستنیشانكردنی بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بێت لەكاتێكدا ئەو دوو دامەزراوەیە رۆڵی چارەنووسساز دەبینن لەبەڕێوەبردنی وڵاتەكەدا.

هاوكات ژن مافی یەكسانی نییە لەشاهیدیداندا، چونكە دوو شاهیدی ژن بەهاوتای شاهیدیی پیاوێك ئەژمار دەكرێت و لەگەڵ ئەوەشدا مافی بوون بە دادوەری نییە لە رووی پیشەییەوە لەكاتێكدا پێش دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران و لەسەردەمی دەسەڵاتی پەهلەوی تاساڵی 1976 زیاتر لە 33 دادوەری ژن كە خاوەن بڕیاربوون لە دەزگای دادی ئێراندا بوونیان هەبووە.

ئێران لە رووی بەشداریی ژنان لەبواری سیاسی و ئابوریدا لەنێوان 190 وڵاتدا دەكەوێتە ریزبەندنی 180یەمین وڵاتی جیهان و تەنانەت لەو سەردەمەدا كە زیاترین ژن لەپەرلەمانی ئێران بوونیان هەبووە رێژەیان تەنها 5%ی كۆی ئەندامانی پەرلەمان بووە.

زیاتر لەنیوەی كۆمەڵگەی ئێران كە لەژنان پێكدێت و بەخوێندەوار ئەژمار دەكرێن 12%ی ئەو ژن و كچە خوێندەوارانە لەبازاڕەكانی كاردان و توانیویانە ببنە خاوەنی پیشەو كار لەبازاڕەكاندا.

لەبواری وەرزشدا ئێران یەكێكە لەو دەگمەن وڵاتانەی كە رێگە بەهاندەرانی ژن نەدات بچنە یاریگاكان  بۆ ئەوەی لە نزیكەوە و لەناو یاریگاكاندا بەشداربن، بۆیە زیاتر لە 42 ساڵە ژنانی ئێران نەیانتوانیوە یارییەكانی تۆپی پێ لەیاریگاكاندا ببین و بەناچاری لە رێگەی شاشەی تەلەفیزیۆنەوە ئەو مافە وەك بۆشاییەكی ژیانیان لەپێ‌ بكەنەوە.

ئاسۆی تاریكی ژنان

پێشبینییەكانی تەندروستیی ئێران ئاماژەن كە دۆخی ژنان لە رۆژهەلات و ئێران ساڵانە بەرەو خراپتر هەنگاو دەنێت بەتایبەت كەحكومەت لەو وڵاتە ئامادە نییە بەبیانوی جێبەجێكردنی شەرع و یاسا لەسەر بنەمای ئایینی شیعە چاكسازیی لە رەچاوكردنی مافەكانیاندا بكات.

لەلایەكی دیكەوە باشبوونی دۆخی هەر چین و توێژێك لە كۆمەڵگەدا گرێدراوی باری ئابورییە بەڵام لەو بوارەشدا ژنان بەراورد بەكۆی گشتی كۆمەڵگە دۆخێكی خراپیان هەیە بەتایبەت كە هەلی یەكسان بۆ ژن لەئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان لەئارادا نییەو وڵاتەكەش زیاتر لەشەش ساڵە دۆخی ئابوریی لەقەیرانی قوڵی ئابوریدایە.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.