سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

زارا وەک راڤەی "دەق – بابەت" ێکی رەخنەیی”

پێش 2 هەفتە


ئیسماعیل ئیسماعیل زادە

 

هەر وەکوو چۆن هزری رەخنەیی جیاوازیی هەیە لە گەڵ هزری وەسفی، کردەی رەخنەییش لە گەڵ کردەی وەسفی هەروایە. چالاکییە کولتووری - یاساییەکانی پێشوو و ئێستا لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا کە لە سێ دەیەی رابوردووەوە ئیزنی حکومەتیی پێدرا و هەتا بە ئەمڕۆش لە ژێر چاودێریی راستەوخۆی ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران دان بە ناوی مافی هاوڵاتیبوونی کورد لە ئێراندا پێناسەی فەرمیی کراون. گشت ئەو چالاکییە ئیزنپێدراوانە تەنیا توانیویانە لە چوارچێوەی چالاکیی وەسفیی دا بمێننەوە. جیا لەوە هەر چەشنە جووڵە یان چالاکییەکی کولتووریی لە وەسفیبوون لایدابێ و رەنگی رەخنەیی بە خۆیەوە گرتبێ سڕکراوە و چالاکەکانی شەرمەزاربوون بە سزای بەندکران و بێدەنگبوون.

ئەم کورتەبابەتەی بەردەست وەکوو راڤەی خێرای "دەق-بابەت”ێکی رەخنەیی (رەخنە لە خۆ وەکوو هاونیشتمانی، رەخنە لە دەرەوەی خۆ وەکوو داگیرکار) سەیری زارا دەکات.

زارا راڤەی "دەق - بابەت”ێکی سەڵت نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکە لە نێوان راڤەی "دەق – بابەت”ەکانی سەرلەبەری کۆمەڵگایەکی داگیرکراویدا. لەو رووەوە راڤەی زارا، راڤەی راڤەی ئەوە لە کەسانی هاوچارەنووس و هاوچەشنی خۆی. لە یەکەم راڤەکانی زارا ئەوەیە کە ئەو چ کردەیەکی هەبووە بۆ هاوچەشنی خۆی (هاونیشتمانی) و چ هەڵوێستێکی هەبووە بۆ دەرەوەی هاوچەشنی خۆی (داگیرکار). ئەگەر خۆی بەرهەمی خوێندەوەیەکی بەخەبەری بەهێز بووبێت، خۆی واتە "زارا” دەتوانێ بەسەر دڵەڕاوکێی دەستەمۆبووندا سەرکەوێ. دڵەڕاوکێی دەستەمۆبوون بەرهەمی خوێندنەوەی بەهێزی کەسانی سڕ و خەساوبارهاتووە. نموونەکانی وەکوو زارا بۆ ئاواکردنی بەستێن و کەشێکی بەرفرە بۆ مانەوەی گەلەکەیان دەکرێ تووشی سوکایەتیی بە ئانقەست، دابەزاندنی هزری مانەوە و خۆڕاگریی بۆ ئاستی دروشم و ساتوسەودای ژێربەژێر و لە ئاکامدا خراپ خوێندنەوەی بکوژانە ببنەوە. خراپ خوێندنەوەی بکوژانە هەر خراپ تێگەییشتن نییە لە "دەق - بابەت”ێک بەڵکوو ئەنجامی وەڵامدانەوەی گشت لایەنەیە بە هێزی تۆقێنەری مانەوە لە هەمبەر داگیرکاردا.

لەم راڤەیەدا دابڕانێکی وشیارانە هەیە لە ریزی بایەخە نەریتییەکانی وەکوو ئازادیخوازیی رێگەپێدراو، چالاکیی دەستنیشانکراو، بەشداریی یاسایی، بێدەنگبوونی تراژیک و هتد. بۆ زیاتر روونبوونەوەی ئەم دێڕە یارمەتی لە زاراوەی "نامۆکردن1”ی "بێرتۆلت برێخت” وەردەگرم. ئەو بە تێڕوانین و ئاکاری وشیارانەی نامۆکردن لە بایەخە نەریتییەکاندا کە دەکرێ بایەخی بەرژەوەندخوازانەی شەخسیی بن، لە دۆخی ئاسایی لادەدا و دەبێتە "دەق - بابەت”ێک کە راڤەکردنێکی تەواو شۆڕشگێڕانە بەدەستەوە دەدات و دەبێتە هۆی نامۆکردن و تێکدان و رماندنی عادەتەکانی کرداری رۆژانەی دەوروبەری خۆی.

زارا رێگای راکردنی هەبوو، بە واتایەکی دیکە زارا بوار و دەرفەتی راکردنی پێدرا، دەرفەتێکی لەبار کە لە لایەک داگیرکار و لە لایەکیترەوە پەرەپێدەرانی نۆرم و بەرژەوندیی شەخسی چاوەڕوانیان دەکرد روو بدات! ئەم رێگایە رێگایەکی ئاسان بوو بۆ راکردن لە سزایەکی فاشیستانە،  بەڵام ئەو راینەکرد! ئەو بە لێدوانی دژەباوانە روو بە داگیرکار و بۆ هاونیشتمانیانی (بە ئامادەبوونی پارێزەرەکانی) و هەروەها بە کردەی لەناکاو (پێرفۆرمەنسی بەر دادگا و دەرکی بەندیخانە) چووە دەرەوەی کارەکتەری کەسێکی تاکی وەکوو زارا. رەنگبێ لە یەکەم نیگای لایەنگرانی "خراپ خوێندنەوەی بکوژانە”دا دەسکەوتی ئەم کردەیەی زارا تەنیا ئاکارێکی گەرمی هەستەکی و بەندیخانە بێت بەڵام راڤەیەکی هەڵوێستی زارا هەر وەکوو "پێرفۆرمەنسی ریتمی سفر”ی "ماریانا ئابرامۆڤیچ2”، دەریدەخات کە ئەگەر پاسیڤ بێت هەم خۆی لەناو دەبات و هەم رۆحی خۆوێرانکاری کەسانی دیکە وەخەبەر دێنێت.

لە لایەکی دیکەوە رەخنەگرانی باو ناوشیارانە و بەرژەوەندخوازانە رەخنەکانیان دەبنە پاساو بۆ بەرهەق نیشاندانی سزای جەللادەکەیان، نموونەی وەکوو زارا بە پاڵەوانی تراژیک یان قوربانیی دەستی حیزب (یان لە گەشبینانەترین خوێندنەوەیاندا بە قوربانیی ناعەداڵەتی کۆمەڵایەتی) دادەنێن، بەڵام زارا کە لەدەرەوەی تاکەوە دەدوێ هەستی هەمووان دژ بە ناعەداڵەتی دەردەخا، هەروەها هەڵوێستەکانی و بە پێی خۆی چوونە بەندیخانە، تۆوی رەخنەگرانەتر نەک تەنیا لە دژ داگیرکار بەڵکوو لە جەستەی تاک بە تاکی گەلەکەیدا دەچێنێ کە چالاکانەتر رەخنە لە ناڕەزایەتیی یاسایی خۆیان بگرن.

گەلی داگیرکراو پێویستی زۆری بە کەسانی وەکوو زارایە بۆ ئەوەی لە دادێدا زیاترین گوتاری نووسراو و نەنووسراوی "خۆرەخنەگرتن”ی بەدوادا بێت. هەروەها پێویستی پێی هەیە بۆ ئەوەی ببنە روونبوونەوەی هەڵوێستی ئەخلاقی- سیاسیی هەموو ئەو کەسانەی لە نێوان هەڵوێستی یاسایی و هەڵوێستی نیشتمانیدا خۆیان حەشار داوە.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.