سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

دەرکەوتنی شەپۆلی پێنجەمی تیرۆریزم (4)

پێش 1 هەفتە


وه‌رگێڕانی/ سیامه‌ند موهته‌دی 

 

جیاوازییەکانی شەپۆلی نوێی تێرۆریزم بە پێی شیکاری ناوەرۆکی گۆڤاری "دابق"

یەکێک لەو باشترین سەرچاوانەی دەتوانێت توێژەران بۆ ناسینی لەبارتری ئەو ئایدۆلۆژیایە یارمەتی بدات، گۆڤاری ئینگلیزی زمانی داعشە کە لە ژێر ناوی "دابق"ـدا بڵاو دەکرایەوە. یەکەمجار بە مەبەستی شەرعییەت بەخشین بە خەلافەت لەڕێگای دەقە ئیسلامییەکان و واتا ئایینییەکانەوە و بە جەخت لەسەر بابەتەکانی پەيوەندیدار بە جیهاد و تەوحید، لە ساڵی 2014 دا ئەو گۆڤارە بڵاو کرایەوە. شیکاری ناوەرۆکی ئەو گۆڤارە زۆر خاڵی سەرنجراکێشمان دەخاتە بەرچاو. بۆ وێنە یەکێک لە بابەتە گرنگ و سەرنجڕاکیشەکانی ئەو گرووپە، باسی فەلسەفەی مێژوویی "ئاخر زەمان"ە. بە پێی شیکاری دابق و باقی بلاڤۆکەکانی لەو شێوەیە، روانگەی ئاخر زەمانی یەکێک لە هێزە بزوێنەرەکانی ئەو گروپەیە. بە تایبەت بەپێی ناوەرۆکی ژمارە سێی ئەو گۆڤارە، شاری "دابق" کە لە نزیک "حەلەب" هەڵکەوتووە، بە شوێنیکی گرنگ بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خاچ ‌پەرستان دێتە ئەژمار و بە پێی هەندێک لە ڕیوایەتەکان شەڕی دابق یەکەم هەنگاو بۆ پێکهێنانی ئیمپڕاتۆرییەتی ئیسلامی لە جیهان دایە. ئەو قسەیە لە ڕووبەرگی ژمارە چواری ئەو گۆڤارەدا بە باشی خۆ دەنوێنێ. ئەو وێنەیە نیشانەی دەوڵەتی ئیسلامییە بۆ پەرەپێدانی ئیمپڕاتۆری خۆی لەسەرانسەری جیهان و بە تایبەت شاری ڕۆم. ئەوەش جیاوازی ئایدۆلۆژیای داعش لەگەڵ شەپۆلی نوێی تیرۆزمی مەزهەبی؛ واتە ئەلقاعیدە وەدیار دەخا و بەرجەوەندی (perspective) شەپۆلێکی تازە لە پانتای نێودەوڵەتی زەق دەکاتەوە. بە واتایەکی ڕوونتر؛ پێداچوونەوەیەک بە کردەوەی ئەلقاعیدە ئەو خاڵە ڕوون دەکاتەوە کە ئەوان بە شوێن وەدەست هێنانی دەسەڵات لە وڵاتانی وەک ئەفغانستان و پاکستان و هێنانە سەرکاری "ئیماڕەت" لە ناو جوگرافیای ئەو دوو وڵاتەوە بوون؛ بەڵام بزووتنەوەی تيرۆریستی داعش، ویستی پێکهێنانی "ئیماڕەت" لەناو چوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوەدا نەبووە؛ بەڵکوو ئەو گرووپە ویستی دامەزراندنی سیستەمی خەلافەت لە چوارچێوەی سەرووتر لە وڵاتێک و بەڵکوو لە هەموو وڵاتانی ئیسلامی دابوو. رەنگە بتوانین بڵێین؛ کە گرینگترین جیاوازی داعش و ئەلقاعیدەش هەر ئەو بابەتەیە. لەهەمان کاتدا بە "قوڕەیشی" ناوبردن و هەڵبژاردنی "ئەمیرەلموئمنین" بۆ ڕێبەرانی ئەو گرووپە، شتێک بوو کە هەرگیز "بن لادن" نەیکرد و ئەوەش لە جیاوازییەکانی دیکەی داعش لەگەڵ شەپۆلی چوارەمی تيرۆریستە؛ بەتایبەت کە لە نێو زانایانی سوننە، هەبوونی ڕەچەڵەکی قوڕەیشی و بوون بە خەلیفە شتێکی پێویست و حاشاهەڵنەگرە. لە کردەوەشدا؛ سەرەتا "ئەبوو عومەر" و دواتر "ئەبوبەکر ئەلبەغدادی" بە داوایەکی ئاواوە بە شوێن شەرعییەت وەرگرتنەوە بوون.

یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکان کە ئایدۆلۆژیای داعش لە گرووپەکانی دیکە جودا دەکاتەوە، جەخت کردن لەسەر "کۆچ" یان "هیجرەت"ە. ئەو گروپە کاتێک لە هاوینی 2014 دا دەستیان بەسەر شاری موسڵ داگرت، داوایان لە موسڵمانانی تەواوی جیهان کرد بۆ، شارە کۆچ بکەن. چونکە وشەی کۆچ یان هیجرەت لە واتا ئیسلامییەکاندا گرنگی تایبەتی هەیە و لە نەریتی ئیسلامیدا ئاماژەیە بۆ هیجرەت و کۆچی پێغەمبەر لە شاری "مەککە"وە بۆ شاری "مەدینە" کە بۆیەکەم جار بووە بەردی بناغەیەک بۆ دامەزراندنی حکومەت لە ئیسلامدا. بەو پێیە ژمارە سێی "دابق" لە وتارێکدا لە ژێر سەردێڕێ "بانگەواز بۆ کۆچ" ئاماژە بە پێویستی کۆچ کردن بەرەو دەوڵەتی ئیسلامی دەکا. خاڵیكی جێی لێوەردبوونەوەی دیکە کە لەو بەشەدا داعش لەگەڵ شەپۆلی تيرۆرزمی مەزهەبی جودا دەکاتەوە و دەتوانین وەک بەرجەوەندی شەپۆلی پێنجەم بهێنینە ئەژمار، جۆری رووبەڕووبوونەوە و خۆ ڕێکخستنیانە لەکاتی هێرش بۆسەر دوژمنەکانیان. لە کاتێکدا کە "ئەلقاعیدە" بەباشی دەزانی لە خاکی خۆیاندا هێرش بکەنە سەر دوژمنەکان، بەڵام داعش دەیویست هێزە جیهادییەکان لە خاکی عێڕاق و سووریا لەگەڵ دوژمنان رووبەڕوو ببنەوە. ڕووداوی یازدەی سێپتامبری ساڵی 2011، نموونەی بەرچاوی ئەو کردەوانە بوو کە "بن لادن" لە کردەوەکانی دیکەشدا رەچاوی کرد. ئەوە لە کاتێکدایە؛ داعش پێیوایە دەبێ لەگەل کافرەکان شەڕی دەستە ویەخە بکەی. ڕوانگەیەکی ئاوا، بووە هۆی ئەوەی ئەوان بە بەراورد لەگەڵ گروپە تيرۆریستیەکانی دیکە ئاراستەیەکی هێرشکارانە تریان بی. بۆ وێنە لەیەک ژمارەی "دابق"دا لەسەر ئەو خاڵە جەخت کراوە کە ئەو جیهانە پڕ بووە لە کوفر و تاوان و موسڵمانەکان دەبێ لە رێگای هەڵگیرساندنی شۆڕشەوە خۆ ڕزگار بکەن و لە گوناە خۆ بپارێزن. لە ژمارەی دووەمی هەمان گۆڤاردا بە ڕاشکاوی ئاماژە بەو خاڵە کراوە کە داعش وەک "کەشتی نوح" وایە و هەرکەس نەبێتە هاوڕێی بە دەست تۆفان و سێڵاوەوە دەبێتە دیل و تێدادەچێ. لە لایەکی دیکەوە هەر وەک لەبەشی تیۆری ئەو نووسینەدا باسکرا، "بێڕژنێسکی" پێیوایە ئایدۆلۆژیا لە بزووتنەوە تووتالیتێرەکان شوناسێکی مەزهەبی بە خۆوە دەگرێ. لەو بارەوە توێژینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە پەيوەندی ئایدۆلۆژیکی سەلەفییە جیهادییەکان لەگەڵ بەعسییە سێکۆلارەکان، ئاوێتەیەکی لێکدژە، کە شوناسی ‌مەزهەبی ئەوان وەدەردەخا. بۆ ڕوونتر بوونەوەی ئەو بۆچوونەو دەکرێ ئاماژە بە یاداشتی یەکێک لە ڕێبەرانی داعش بکەین و بیکەینە بەڵگە. "حاجی بەکر" وەک یەکێک لە بیرە بزوێنەرەکانی داعش، پێیوایە "مەزهەب بە تاقی تەنیا زامنی سەرکەوتن نییە، بەڵام کەڵک وەرگرتن لە مەزهەب و بیروباوەڕی خەڵکی دیکە، دەتوانێت رێگا خۆشکەری گەیشتن بە ئاواتەکانمان بێت."

یەکێکی دیکە لە خاڵە گرنگەکانی جیاوازی لەگەڵ شەپۆلەکانی پێشوو کە داعش بەتایبەتی کەڵکی لێوەردەگرێت؛ پروپاگەندەی ئاوێتەی ترس و دڵەڕاوکێیە. هەر وەکی "هانا ئارێنت" ئاماژەی پێکردووە بزووتنەوە تووتالیتێرەکان چۆن لە جیهانێکی نا-تووتالیتێردا دەژین، ناچارن ڕوو بکەنە پڕوپاگەندە و تۆقاندن. ئەوان لەو ڕێیەوە هەم دەتوانن ئاپۆرای خەڵکی ڕەشۆکی بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و هەم تایبەتمەندی سەرەکی خۆیان؛ واتە ترساندن و تۆقاندن نیشان خەڵک بدەن. ئارێنت پروپاگەندە و تۆقاندن بە دوو ڕووی سکەیەک دەزانێ و پێی وایە مەبەستی سەرەکی تۆقاندن و ترساندن لە ڕژێمە تووتالیتێرەکاندا ئەوەیە کە ببێتە هۆی ئەوەی یاسا سروشتییەکان و مێژوو بتوانن بە خستنە ژێر پێی مرۆڤەکان، ئازادانە و بێ لەمپەر بەرەو پێش هەنگاو بنێن و بەو شێوەیە دەکرێ جووڵەی هێزەکانی سروشت و مێژوو خێراتر بکرێ. لەو ڕوانگەیەشەوە داعش سەرکەوتنێکی گرنگی لە پانتای پروپاگەندە و ترساندن دەستەبەر کردووە. بە شێوەیەک کە کەڵک وەرگرتن لە کەرسە نوێیەکانی وەک تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانی فەیسبووک، توویتەر، کتێبە دیجیتاڵییەکان، فیلم و فایلی دەنگی، کە لە لایەن داعشەوە بڵاو کراونەتەوە لەبەراورد لەگەڵ ئەو کارانەی ئەلقاعیدە لەو بوارەدا کردوویەتی، سەرنجێکی زیاتری بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. بە واتایەکی دیکە لە کاتێکدا کە ڕێبەرانی ئەلقاعیدە حەولیان دەدا لە ڕێگای شرۆڤە و دۆزینەوەی نالەبارییەکان و هۆکارەکانیان، بابەتەکان شرۆڤە و ڕاڤە بکەن، بەڵام ڕێبەرانی داعش بە باشتریان دەزانی وێنەی پڕ لە توندوتیژی بە خراپترین شێوە بڵاو بکەنەوە. چۆن ئەوە دەبووە هۆی ئەوەی لایەنگرانی "ناخەکی" یان (بالقوە) بە شێوەی کردەیی و "هێزەکی" یان (بالفعل) بێنە مەیدانەوە و لەگەڵیان کەون. بە دەربڕینێکی ڕوونتر و بەگوتەی "بەختیار عەلی" جەختی هیستریک (Hysterical) لەسەر شووناسی ڕەها و "داخوازی جیاوازی" نیشاندەر و دەربڕی وە له ئەستۆ گرتنی ئەرکێکی مەترسیدارە لە لایەن داعشەوە، کە خەخت لەسەر قەبوڵنەکردنی مافی جیاوازی لەگەڵ شوناسەکانی دیکە دەکا.

یەکێکی دیکە لە لایەنەکانی جیاوازی داعش لەگەڵ شەپۆلەکانی پێشوو؛ ئوستوورە سازی بوو. "ئوستوورە" و دابو ڕەسم و ڕێوشوێن ڕۆڵی سەرەکی لە پروپاگەندەی تووتالیتێردا هەیە. ئەو ئوستوورەسازییە دەتوانێ لە ڕیواتەکان، ڕووداوە مێژووییەکان، ڕووداوە سیاسییەکان، لە ناوچە مێژووییە ناسراو و نومادینەکاندا خۆى بنوێنێ. داعش بە جەخت لەسەر حەدیس و دەقە دینییەکان و وەبیر هێنانەوە و پێکگرتنی ڕووداوە گرنگە مێژووییەکان، وەک شەڕ و توندوتیژی لەگەڵ ڕووداوەکانی هەنووکە، هەوڵی‌ دەدا شەرعییەتی خۆی پتەوتر بکا. لە ژمارە حەوتی "دابق" ‌دا ئاماژە بەو بابەتە کراوە کە هەرکەس یان هەرشتێک ببێتە لەمپەری ڕێگای گەیشتن بە کۆمەڵگای ئایدیال، یان دەبێ بهێندرێتەوە سەر ڕێگای ڕاست و هیدایەت بکرێ و یان دەبێ تەفروتوونا بکرێ. "کەسانی نەفام ئەگەر بکرێ دەبێ ڕێنوێنی بکرێن و ئەگەر نەشکرا دەبێ ملیان بپەڕێندرێ.!" ئەو گروپە لە ژمارە هەشتی "دابق"دا وێنەیەکیان بە پشت‌ بەستن بە چیرۆکی حەزرەتی ئیبراهیم بڵاو کردووەتەوە. لەو وێنەیەدا کەسێک خەریکی تێکشکاندن و ڕووخاندنی میراتی لەمێژین و پەیکەرەکانە. لە کۆتاییدا هەر وەک چۆن ڕژێمە تۆتالیتێرەکان بە شوێن پڕکردنەوەی بۆشایی بڕوای لەکیس‌ چوو، لە ڕێگای ئایینی سیاسییەوەن، ڕێبەرانی داعشیش لە ڕێگای ڕاڤەی خۆیانەوە لە دیین و کتێبی ئاسمانی، بە شوێن پڕکردنەوەی بۆشایی ئیمانی لە کیس‌ چوون. خاڵی کۆتاییش ئەوەیە کە ڕێبەرانی داعش وەک ڕێبەرانی ڕژێمە تۆتالیتێرەکان، جیهان بەسەر دوو ئۆردوگادا دابەش دەکەن. ئۆردوگای کوفر و ئۆردوگای موسڵمان و موجاهیدەکان، ئۆردوگای کوفر؛ لە گوناە پێکهاتووە و ئوردوگای موسوڵمانان ئۆردوگای حەقیقەت و پاکی و ڕاستییە. سەرەڕای ئەوەش وەک ئاماژەی پێکرا، یەکێک لە میراتەکانی نیزامە توتالیتێرەکان؛ سازکردنی نەفرەتە لەو کەسانەی کە بە رێگای ئەو نیزامە نالەبارەدا ناڕۆن و لە مەبەستەکانی نزیک نابنەوە، بە واتایەکی باشتر دەکرێ بڵێین؛ لە کاتێکدا کە مەبەستی سەرەکی ئەلقاعیدە لە پلەی یەکەمدا ئەمریکا و چوونە دەرەوەی هێزی ئەو وڵاتە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، لەمەڕ شیعەکانیشەوە ئاراستەی ڕێبەرانی ئەلقاعیدە و یەک لەوان "ئەیمەن ئەلزەواهیری" وەلانانی توندوتیژی بە دژی ئەوان بە مەبەستی ون نەکردنی دوژمنی سەرەکی بوو، بەڵام داعش لە سەرووی ڕیزبەندی ویستە جیهادییەکانی خۆیدا سووک‌وچرووک کردنی شیعەکان و لەناوبردنیانی دانابوو. بە شێوەیەک کە "ئەبوو موسعەب زەرقاوی" لە بەناو جیهادی خۆیاندا، سەرەتی دابوو بە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ شیعەکان، لایەنگرانی ئێران و هێزەکانی رۆژائاوایی. بە پێی نووسینی "دابق" ئەو بابەتە خراوەتە روو کە موسڵمانەکان کەوتوونەتە ژێر کاریگەری زنجیرەی سەفەوییەوە و ڕێگایان لێ ون بووە و زنجیرە پاشایەتی سەفەوی لە ئێراندا زۆرینەی موسڵمانی ئەو وڵاتەی بە زۆر کردووەتە شیعە. فیرقەسازی شیعی و سوننە هەر لەو دەمەوە ساز بووە و هەر لەو کاتەشەوە ئوممەتی ئیسلامی بەرەو تێداچوون هەنگاوی ناوە.

لە لایەکی ترەوە لایەنێکی دیکەی ئایدۆلۆژیای داعش لە هێزە بەعسییەکان پێکهاتبوو کە ساڵانی 2008 تا 2010 چوونە پاڵ داعشەوە. بەعسییەکان بە شێوەی سروشتی خاوەن بیری سێکۆلار و ناسیۆنالیستین. بە شوێن ژیاندنەوەی ڕەگەزی عەرەبەوەن و هەڵکەوتە خوازی و ڕەگەز پەرستی لە ماکە گرینگەکانی ئەو گروپەیە. ئەگەرچی لە لایەنی ئایدۆلۆژیکەوە لە نێوان سەله‌فییەکان و حیزبی بەعس، نزیکایەتییەک لە ئارادا نییە، بەڵام هەر دوو گرووپەکە لە گەڕانەوە بۆ ڕابردوودا بەرجەوەندێکی نوێ بەدی دەکەن. هەردووکیان بزووتنەوەی "سەروو نەتەوەیی"ن و لەسەر ئەو بڕوایەن لە ژێر ڕووناکایی ئەو ئاراستە هاوبەشەدا دەتوانن دەسەڵات بە دەستەوە بگرن. لەو ڕوانگەیەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە هاتنی هێزەکانی بەعس بۆ ناو داعش ڕۆڵێکی کاریگەری لەسەر بەهێز بوونی داعش گێڕا. ئەو هێزانە بە پێی ئەزموونیان لە حکومەتی بەعسدا ڕێکخستنی چەکداری و ئیداری داعیشیان بەهێز کرد و بە کەڵک وەرگرتن لە هێزی مەعنەوییان لەسەر هۆزە عەرەبەکان، ئەوانیان لە ژێر ئاڵای ڕێبەرایەتییەکی یەکگرتوو کۆ کردەوە. بەو شێوەیە دەبینین بە ئاوێتە بوونی دوو ئایدۆلۆژیای بەعسی و سەلەفی، شەپۆلێکی دیکە پێکهات کە لەگەڵ شەپۆلەکانی پێشووی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی جیاواز بوو. بەگشتی دەکرێ بگوترێ مەبەستی ئەلقاعیدە زیاتر لایەنی کردەوە خوازنە بوو، کەچی مەبەستی داعش جودا لە کاری کردەوەیی، لایەنی یۆتۆپیایی و وزەبەخش و ئاخر زەمانی بوو.

سه‌رچاوه‌؛ وه‌رزنامه‌ی زانستی ئه‌منییه‌تی نه‌ته‌وه‌یی زانكۆی تاران. 

ماڵپەڕی چاوی کورد



نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.