سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

دەرکەوتنی شەپۆلی پێنجەمی تیرۆریزم (3)

پێش 2 هەفتە


وه‌رگێڕانی/ سیامه‌ند موهته‌دی

 

کردەوەی نەوەی نوێی تیرۆریستە تەکفیرییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە شێوەیەکی هەڵوارتە لە چوارچێوەی توندوتیژییە تایبەتەکانەوە و بە دەستی "داعش" جێبەجێ دەکرێ و لەگەڵ شەپۆلەکانی دیکەی تێرۆریزم بۆ بەراوەرد نابێ.

بەردی بناغەی ئەو تووند و تیژییانە لەسەر بابەتی هێرشی "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا" لە ساڵی 2003 بۆ عێڕاق دامەزراوە. دەوڵەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە وەڵامی هێرشەکانی یازدەی سێپتەمبەردا، شەڕی لە دژی تێرۆریزم و بە مەبەستی تێکشکاندنی تیرۆریزم لە هەموو دونیا راگەیاند.

بەو بۆچوونەشەوە کە «سەددام حوسێن» خاوەنی چەکی کۆکوژە و پشتگیری گرووپە تووندڕەوەكانی وەک «ئەلقائیدە» ی دەکرد، عێراق کەوتە بەر هێرش و داگیرکرا.

دوابەدوای ئەو ڕووداوە لە لایەن «پۆل بریمێر» (Paul Bremer) حاکمی سیڤیلی عێڕاقەوە، دەستووری ڕاماڵینی بەعسییەکان درا وئەوەش بوو بە بنەمای خۆگرتن و چەشنێکی تایبەت لە تێرۆریزم. چوون بە پێێ ئەو دەستوورە، هەزاران کەس لە ئەندامانی مام ناوەندی ڕیزەکانی حیزبی بەعس، وەک؛ دکتۆر و ئەندازیار و مامۆستا و هێزە ئەمنییەکانی مووچەخۆری رژێمی بەعس، لەسەر کارەکانی خۆیان لادران و سووکایەتییان پێکرا و زۆرێك لە هۆزە سوننەکان خرانە پەراوێزەوە.

هەر لەو بارەیەوە ، بڵاڤۆکی ئەمریکایی «فارێن ئافێرز» لە بابەتێکدا تیشك دەخاتە  سەر باسی چۆنێتی خۆگرتنی چەشنێکی نوێ لە تێرۆریزم و نووسیوێتی؛ «ئەگەرچی ناتوانین رۆڵی سەدام حوسێن و و رژێمە دیکتاتۆرییەکەی لە پڕۆسەی تێرۆریزم لە عێراقدا لەبەرچاو نەگرین، بەڵام رۆڵی کاریگەر و راستەوخۆتر لە پێگەیشتنی میلیشیاکان؛ دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی 2003 و هێرشی هێزەکانی هاوپەیمان بە رێبەرایەتی ئەمریکا بۆ عێراق». ئەوان پێیان وایە ئەو هێرشە پاش ئەوەی پێکهاتەی سیاسی عێڕاقی تێکڕا ڕووخاند، بە هۆی ئەوەی پلانێکی رێکوپێکیان بۆ پاش تێکڕووخاندنی نەبوو، بوو بە هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ. لە راستیدا سەرهەڵدانی حکومەتە تایفییەکان ئاکامی سیاسەتی زاڵمانەی رژێمی بەعس و سیاسەتی بەرژەوەندی خوازانە و هەڵەی ئەمریکا لە عێراق بوو. بەو شێوەیە؛ ماوەیەکی کورت دوای ئازادکردنی عێراق، گرووپی تیرۆریستی نوێ لە عێراق سەریان هەڵدا. «زەرقاوی» وەک رێبەری سەرەکی «ئەلقاعیدەی عێراق»، بناژۆخوازێکی جیهادیی ئەردەنی بوو. سەرەتا کاری خۆی لەگەڵ گرووپی تیرۆریستی «ئەنسارولئیسلام» لە باکووری عێراق دەست پێکرد و پاش ئازادکردنی ئەو وڵاتە لە ساڵی 2003 دا، لە گرووپی ئەنسارولئیسلام جودا بۆوە و رێکخراوێکی تایبەت بە خۆی بە ناوی «تەوحید و جیهاد»ـی دامەزراند. تیرۆری «ئایەتوڵڵا موحەمەد باقری سەدر» رێبەری ڕووحی «شۆرای بەرزی ئیسلامی لە عێراق»، هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەردەن و باڵوێزخانەی وڵاتانی رۆژئاوایی لە گرنگترین کردەوە تێرۆریستییەکانی سەرەتایی ئەو گرووپەن. "زەرقاوی" بەو بانگەشەیەوە کە هێزەکانی ئەمریکا بە یارمەتی ئێران و هێزە شیعەکان دەیانوبست سوننەکان لە عێراق وەدەرنێن  و ڕایان ماڵن، توانی زۆرێک لە سوننە میانڕەوەکان بۆ نمونە هێزەکانی سووپای بەعس و کەسانی بەتوانای وەدەرنراو لە پێکهاتەی حکوومەتی بۆ لای خۆی رابکێشێت و هەرچی زیاتر خۆی بە هێز بکات.

لە نێوانی ساڵانی 2004 تا 2006 گرووپی جەماعەتی تەوحید و جیهاد، چالاکییە تیرۆریستییەکانی خۆیان بە رێبەرایەتی زەرقاوی پەرە پێدا و کۆمەڵێکی زۆر هێرشی خۆکوژییان بەڕێوە برد. زەرقاوی؛ سەرەتا گرووپێکی سەربەخۆ لە ئەلقاعیدەی لە عێراق پێکهێنابوو، بەڵام پاش هەشت مانگ دانوستان لە سێپتەمبەری 2004 دا، سەری بۆ «بن لادن» دانەواند و چووە ژێر ئاڵای ئەوەوە و ناوی سازمانەکەی خۆی لە جەماعەتی تەوحید و جەهادەوە بۆ «ئەلقاعیدەی عێراق» گۆڕی. پاش ماوەیەکی کورت بن لادن؛ زەرقاوی کردە بەرپرسی هێرشەکانی ئەلقاعیدە لە عێراق و ئەو یەکگرتنەی بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ گەیشتن بە دەوڵەتێکی راستەقینە لەقەڵەمدا. ناوبانگی ئەلقاعیدە لە عێراق بووە هۆی ئەوەی گرووپە ئاژاوەگێڕەکانی دیکەش بکەونە پاڵی. لە پازدەی ژانوییەی 2006 دا، پێنج گرووپی دیکە بە ناوەکانی «جەیشو لتایەفە»، «ئەلمەنسوور»، «سەرایا ئەنسار ئەلتەوحید»، «سەرایا ئیجتیهاد ئەلئیسلامی» و «سەرایا ئەلغورەبا»، رایانگەیاند؛ کە لەگەڵ ریزەکانی ئەلقاعیدە تێکەڵ بوون. ئەو یەکگرتنە بە مەبەستی یەکگرتوویی و هاوئاهەنگی زیاتر بۆ شۆڕشی جیهادی و لە ژێر ناوی «مەجلیسی شووڕای موجاهیدین» پێکهات. لە ژوئەنی 2006 ، پاش کووژرانی زەرقاوی بە دەست هێزەکانی ئەمریکایی لە عێراق، «ئەبوو حەمزەی موهاجیر» وەك بەرپرسی ئەو گرووپە دەستنیشان كرا. مانگێك دواتر موهاجیر له راگەیاندراوێكدا گوتی؛ مەجلیسی شووڕای موجاهیدین هەڵوەشاتەوە و گرووپێكی دیكه به ناوی «دەوڵەتی ئیسلامی عێراق» به سەرۆكایەتی «ئەبوو عومەری بەغدادی» پێكهاتووه.

ئەو گرووپە تیرۆریستییە لە كۆتایی ساڵی 2006 دا، توانی بە زیادكردنی دارایی خۆی تا ئاستی 720 ملیۆن دۆلار له ساڵدا و به پشت ئەستوور بوون بە سەربەخۆیی مالی، ببێتە یەكێك لە گرنگترین یاریكەرانی سیاسی و چەكداری لە عێراق و چالاكی و هێرشەكانی بەربڵاوتر كردەوه. سەرەڕای دژایەتی هۆزە ناوچەییەکانی سەحوە (راپەڕین) لە ناوچە سووننە نشینەکان کە بە پشتگیری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هێزە ناوچەییەکان دەستیان کرد بە بەربەرەکانی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی، ئەو گرووپە بە خێراییەوە دەستیکرد بە چاکسازی لە پێکهاتەی خۆیدا و لەیەکەم هەنگاودا نووسینگەی سەرەکی خۆی بۆ ئاژاوە نانەوە و کەڵک وەرگرتن لە کێشەی نێوان (کورد و عەرەب) بۆ مووسڵ راگواست کە ئەو جووڵانە بەرەو مووسڵ، ناوەندێتی سەرلەنوێی رێبەرایەتی بە دواوە بوو. ئەوە لە حاڵێک دابوو کە ئەوان بە رەخنەگرتن لە پێکهاتەی بۆڕۆکڕاتیکی عێراق، لە بانگەشە و پڕۆپاگەندەی گشتیدا، توانییان هێزێکی زیاتر بە دەوری خۆیانەوە کۆ بکەنەوە.

دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سووریا، دابڕانی نێوان رێبەرانی ئەلقاعیدەی هەراوتر کرد. بە تایبەت بەغدادی بە جەخت لەسەر ئەو بابەتە؛ کە ئێمە گوێ نادەینە سنوورەکان، فەرمانی «ئەیمەن ئەلزەواهیری» خستە پشت گوێ و سنوورەکانی ئەو رەوتەی لەگەڵ ئەلقاعیدە زیاتر زەق کردەوە. (Joscelyn,2013) دواتر ئەو گرووپە بە چوونە ناو پانتای چالاکییەکانی سووریاوە و هەروەها داگیرکردنی زۆر ناوچە لەو وڵاتە و پێکەوە لکاندنی ناوچەکانی ژێر دەسەلاتی خۆی لە سووریا و عێراق، لە ئاکامدا توانی لە رێکەوتی 29 ی ژووئەنی 2014 دا، خەلافەتی ئیسلامی لە ژێر ناوی «دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام» ناسراو بە داعش رابگەیەنێت و «ئەبووکر ئەلبەغدادی» وەک خەڵیفە بە خەڵک بناسێنێ. بەو شێوەیە دەبینین داعش توانی بە سازکردنی پةيوەندی و هاوئاهەنگی لە نێوان گرووپە جیاوازە تێرۆریستییەکان دا، کە لە ئاراستەی تیوریکدا سەر بە شەپۆلەکانی سێ و چواری تیرۆریزم بوون، شەپۆلێکی نوێ ساز بکا و بە پێکگرتن و هەڵسەنگاندنی پێوەندی ئەو شەپۆلە لەگەڵ شەپۆلەکانی دیکە و بە تایبەت شەپۆلی چوارەم، دەتوانین گریمانەی سەرهەڵدانی شەپۆلی نوێ بکەین.

"پێکگرتنی داعش لەگەڵ شەپۆلی چوارەمی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی"

تاوتوێ کردنی جیاوازی داعش لەگەڵ دەرکەوتەکانی راستینی شەپۆلەکانی پێشووی تیرۆریسمی نێودەوڵەتی و بە تایبەت جیاوازی لەگەڵ گرووپی ئەلقاعیدە و باقی گرووپە تیرۆریستییە مەزهەبییەکان، کە «دەیوید راپۆپۆرت» بە دەرکەوتەی ڕاستینی شەپۆلی چوارەم یان تێرۆریسمی مەزهەبی دەزانێت، زۆر دەسکەوتی گرینگی تیۆری تێدایە کە دەتوانین لەو رێیەوە جۆری شەپۆلەکانی تیرۆریسم بناسین. لەو روانگەیەوە تێگەیشتن لە حوکمڕانی داعش لە دوو بواری «ئیدئۆلۆژیک» و «رێکخراوە» ـوە شیاوی لێ وەربوونەوەی جیددی تیۆرییە.

"ئایۆلۆژیای سەرلەنوێ زیندوو کراوە"

بە پێی ئەوەی لە چوارچێوەی تیۆری تووتالیتاریسمدا (Totalitarianism) گوترا، ئایدۆلۆژیا لەو یەکەم ماکانەیە کە دەبێ وەک بابەتی هاوبەشی بیرۆکەی تووتالیتاریسم و شێوەی بەروەپێش چوونی ئامانجەکان، لە شەپۆلی پێنجەمی تیرۆریسمی نێودەوڵەتیدا سەرنجی بدرێتێ. لەو روانگەیەوە بزووتنەوە تووتالیتێرەکان بە جەخت لەسەر ئەوەی ئایدۆلۆژیای ئەوان قسەی پوخت و پاراوی بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگای ئاڕمانی پێیە، تەکووزی (نەزم) ئێستا بە تووندی دەداتە بەر تیری رەخنە و هێرشی دەکاتە سەر، ئایدۆلۆژیای داعشیش لە دوو ئاستی «بناژۆخوازی ئیسلامی» و «بەعسی» بۆ باس و تێگەیشتن دەبێ و دەکرێ لەسەری هەلوەستە بکرێت. ئەوە لە حاڵێک دایە کە تەنیا ئاستی یەکەم لە چوارچێوەی شەپۆلی چوارەم یان مەزهەبی هۆکاری رووداوە تیرۆریستییەکان لە تیۆری راپۆپۆرتدا ناسراوە. بە زمانیکی روونتر؛ ئەگەرچی بیری زاڵ، داعشی وەک ئایدۆلۆژیای جیهادی پێکدێنا، کە رەگ و ریشەی دەگەڕاوە بۆ بیر و بڕوای «ئیبنی تەیمییە» و «موحەمەدی ئیبی عەبدولوەهاب» ، کە بە ناوی سەلەفی خوازی نوێ باسی دەکرا، بەڵام ئەوان بە راڤەیەک کە لە ئیسلام و ئایین بە دەستیانەوە دەدا، کۆمەڵگایەکی ئاڕمانییان بۆ لایەنگرانی خۆیان دەنەخشاند کە «وەلانان» و «لێبووردە نەبوون» لە بەرانبەر هەموو ئاراستە و ئایدۆلۆژیاکان، ئاکام و بەر و بوومی ئەو روانگەیەیە.

سه‌رچاوه‌؛ وه‌رزنامه‌ی زانستی ئه‌منییه‌تی نه‌ته‌وه‌یی زانكۆی تاران.

ماڵپەڕی چاوی کورد


نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.