سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

چارەنوسی رێكخراوی قاعیدە لە سوریا چی دەبێت ؟

پێش 3 هەفتە


لە 11ی ئەم مانگە رێكخراوی "ئەلقاعیدە" وتەی ئەیەمەن زەواهیری، سەركردەی رێكخراوەكەیان بڵاوكردەوە، تێیدا باسی ژمارەیەكی زۆری پێشهاتی سیاسی و سەربازی كرد، لەوانەش لە سوریا و لەو چوارچێوەیەشدا ئاماژەی بەو هێرشە كرد، كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە ناوچەی تەل سەمەن كرایە سەر هێزە روسییەكان لە دەوروبەری رەققە.

كەناڵی ئەلحوڕەی راپۆرتێكی بڵاوكردوەتەوە و باسی ئەوە دەكات، كە ئەوكات رێكخراوی "پاسەوانانی ئایین" بەرپرسیارێتی هێرشەكەیان لە ئەستۆ گرت، كە بە وتەی تویژەرانی بواری گروپە جیهادییەكان، بە تاكە نوێنەری قاعیدە لە سوریا دادەنرێت. چالاكییەكانی ئەو رێكخراوە تەنیا لەو كردەوەیەدا نەمانەوە، بەڵكو لە مانگی ئابی رابردوش بەرپرسیارێتی تەقاندنەوەی پاسێكی سەربازیش لە دەروازەكانی گاردی كۆماری لە شاری دیمەشق لە ئەستۆ گرت.

بەگوێرەی راپۆرتەكەی حوڕە، زەواهیری روداوەكەی تەل سەمەنی بە "كردەیەكی سەركەوتو" وەسفكرد و لە تۆمارێكی دەنگیدا رایگەیاند، "لێدانێكی نمونەیی بۆ شكاندنی ئابلۆقەی سەربازی دوژمن بو و با ئاراستەی راست ئەنجامدرا".

ئاماژەی بەوەشدا، "لاوازكردنی دوژمن ئەركی ئەم قۆناغەیە" و باسی لە "ئەنجامدانی كردەكان لە پشت هێڵەكانەوە" كرد، واتا دوركەوتنەوە لە روبەڕوبونەوەی راستەوخۆ و گرنگیدان بە لێدان لە پشتەوە.

بە وتەی توێژەران، بۆ یەكەم جار ئەم وتانەی سەركردەیەكی قاعیدە جەخت لەسەر بەهێزی دەكاتەوە نەك لاوازی، بەڵام لە راستیدا لە سوریا شتێكی دیكە دەڵێت و وەك ئاماژەیان پێدا، "پاسەوانانی ئایین نوێنەرایەتی قاعیدەی دایك دەكات لە سوریا" و بە سەختترین قۆناغەكانیدا گوزە دەكات و ئێستا كەوتوەتە نێوان "دو ئاگری جیاواز"، یەكێكیان لە ئاسمان و ئەوی دیكەشیان لەسەر زەوی.

نێچیرێكی باش

تەنیا هەفتەیەك بەسەر بڵاوبونەوەی ئەو وتانەی سەركردەی قاعیدە تێپەڕی، كاتێك ئەمریكا كوشتنی سەركردەیەكی دیاری "رێكخراوی پاسەوانانی ئایین"ی لە نزیك ئیدلب لە باكوری رۆژئاوای ئەو وڵاتە لەڕێگەی هێرشی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان راگەیاند.

جۆن كێربی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا "پێنتاگۆن" وتی: زانیارییە سەرەتاییەكان جەخت لەسەر پێكانی كەسی مەبەستدار دەكەنەوە و هیچ ئاماژەیەكیش لەبارەی ئەوە نییە كە هاوڵاتیانی سڤیل لەو هێرشەدا زیانیان پێ گەیشتبێت.

لە بەرامبەردا "جیهادییەكان" لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویانكردەوە، لەو هێرشەدا دو بەرپرسی لقی "پاسەوان"ی سەر بە رێكخراوی قاعیدە كوژراون، یەكەمیان: ئەبو حەمزە تەمیمی، فەرماندەی سەربازی و بەرپرسێكی دیكە بەناوی ئەبو بەڕا‌و ئەلتونسی.

ئەمە یەكەم جار نییە كە لە سنوری پارێزگای ئیدلب ئەو جۆرە هێرشانە لەلایەن ئەمریكاوە بۆ سەر ئەو گروپانە ئەنجام بدرێن، لە ئۆكتۆبەری ساڵی 2020ـیش، لە هێرشێكی هاوشێوەدا ئەبو محەمەد ئەلسودانی، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی و شورا لە پاسەوانی ئایین كوژرا، كە بە یەكێك لە دیارترین فەرماندە چەكدارییەكانی سودانیی سەر بە رێكخراوی قاعیدە دادەنرێت.

لەكاتێكدا كوشندەترین هێرشی لەو جۆرە لە مانگی یۆنیۆی ساڵی 2019 ئەنجامدرا، كاتێك لە هێرشێكی ئاسمانی ئەمریكادا لە دەوروبەری پارێزگای حەلەب، ئەبو عومەر تونسی، دادوەری سنور و هاوكاری لە گروپی پاسەوانان و هەریەك لە سەركردەكان ئەبو زڕی ئەلمسری و ئەبو یەحیا ئەلجەزائیری و ئەبو دەجانە ئەلتونسی كوژران.

ئەو سەركردانەی لە هێرشەكەدا كوژران بە "كاریگەر" لە لقی قاعیدە لە سوریا وەسفكران، ئەمەش وایكردوە، بەردەوام پرسیاری ئەوە بكرێت، كە ئاخۆ ئێستا ئەو رێكخراوە چەند سەركردەی دیاری ماوە.

هەروەها زانیاری دژیەك هەن لەبارەی وەردەكاری و ماهیەتی پەیكەری ناوخۆیی ئەو رێكخراوە، بەتایبەت كە ماوەی زیاتر لە ساڵێكە كەوتوەتە بەر فشارەكانی "هەیئەی تەحریر ئەلشام"، كە رۆژانێك یەكێك بو لە باوەڕپێكراوترین هاوپەیمانەكانی.

گروپی بچوك بچوك

لە راپۆرتەكەی ئەلحوڕەدا جەخت كراوەتەوە، كاتێك باس لە رێكخراوی "ئەلقاعیدە" لە سوریا دەكرێت، ناكرێت وەك هێزێكی كاریگەر لەسەر زەوی بیری لێ بكرێتەوە، چونكە روبەرێكی فراوانی جوگرافیای بەدەستەوە نییە، بەڵكو لە پەڵەیەكی بچوكی پارێزگای ئیدلب قەتیس ماون و لە كۆمەڵە گروپی بچوك بچوكی خاوەن ژمارەیەكی كەمی چەكداران پێكهاتون، بەڵام بەیەك بیر و بۆچون پەیڕەوی رێكخراوی قاعیدەی دایك دەكات.

هەرچەند لەدەستپێكی ساڵی 2021، وا بڵاوكرایەوە، كە شوێنكەوتوانی ئەو رێكخراوە لە سوریا پەیڕەوی سیاسەتێكی نوێ دەكەن، ئەویش لەڕێگەی كردە و هێرشەكانیان لە دەرەوەی سنوری ئیدلب، بەڵام تائێستا ئەو ئامانجەی رون نەبوەتەوە، بەتایبەت كە تا ئیستاش تەنها ئامانجەكانی بەرەو یەك ئاراستەن، ئەوانیش پێگەكانی رژێمی سوریا و روسیان.

لە بەرامبەریشدا چەند گروپێك لە باكوری رۆژئاوای سوریا هەندێك هێرش ئەنجام دەدەن، كە ئەویش هەر بۆ قاعیدە هەژمار دەكرێت، بەبێ ئەوەی هیچ راگەیەندراوێكی فەرمی لەو بارەیەوە بدرێت و لە هێرشەكاندا ئەو هێزانەی توركیا دەكرێنە ئامانج، كە بە لە ناوچەی هێڵی كەمەربەندی درێژی باشوری ئیدلب بڵاوبونەتەوە.

عەباس شەریفە، توێژەری بواری گروپە جیهادییەكان لەو باوەڕەدایە، "رێكخراوی پاسەوانانی ئایین تا ئیستاش خاوەنی گروپە بچوك بچوكەكانیەتی و لە پشت هێڵەكان شەڕی پارتیزانی دەكەن"، وێڕای ئەوەی زۆرێك لە سەركردەكانی لەلایەن ئەمریكاوە كراونەتە ئامانج و زیانی زۆریشیان لەڕێگەی هەڵمەتە ئەمنییەكانەوە لەلایەن "تەحریر شام"ـەوە بەر كەوتوه.

‌ئەو توێژەرە لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی ئەلحوڕە وتی: "پاسەوانانی ئایین ژمارەیەك سەركردەی مەیدانیی هەیە، هەندێكی دیكەشیان كاری سەرپەرشتیكردن دەكەن، وەك: سامی عرێدی و ئەبو هەمام ئەلشامی، وێڕای ژمارەیك ئەمیری دیكە، كە لە گرتوخانەكانی تەحریر شام زیندانیكراون".

ئەو تویژەرە سورییە ئاماژەی بەوە كرد، "تا ئێستاش پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان پاسەوانانی ئایین و رێكخراوی قاعیدەی دایك بەردەوامە و تۆڕێكی پشتیوانی داراییش لە نێوانیان هەیە".

پاسەوانان كێن؟

گروپی پاسەوانانی ئایین لە كۆتاییەكانی ساڵی 2018 دامەزرا، پێشتریش فەسیلێك بو لە فەسیلەكانی دەستەی تەحریر شام.

هەرچی تەحریر شامە، لە هاوپەیمانێتی نێوان گروپە ئیسلامییەكان پێكهاتوە و هەژمونی گروپێك كە پیشتر بە ناوی "بەرەی نوسرە" دەناسرا، بەسەریدا زاڵە، كە پێشتر تا ساڵی 2016 باڵی فەرمیی رێكخراوی قاعیدە بو لە سوریا.

دوای ئەوەی محەمەد جۆلانی، سەركردەی تەخریر شام جیابونەوەی دەستەكەی لە رێكخراوی قاعیدە راگەیاند، گروپی پاسەوانانی ئایینیش لە تەحریر شام جیا بوەوە.

دواتر ئەو گروپە لەژێر ناوی "ژوری ئۆپەراسیۆنەكان و هاندانی باوەڕداران" خۆی رێكخستەوە، بەڵام ئەوەندەی نەبرد، بەهۆی زنجیرەیەك هەڵمەتی ئەمنی و دەستگیركردنی ئەندام و چەكدارەكانی لەلایەن تەحریر شامەوە، كە بە گوتەی تویژەران، ئامانج لێی ئەوە بو دەسەڵاتی هەمو ئەو گروپانە لەدەست تەحریر شام بێت، ئەو گروپە بەرەو لاوازی چو.

لە 13ی سێپتەمبەر ئەمساڵ، هەژماری جیهادییەكان لە پێگە و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رایانگەیاند، ژمارەیەك لە چەكدارانی پاسەوانانی ئایین لە زیندانەكانی تەحریر شام بەهۆی دادگایی نەكردنیان، مانیان لە خواردن گرتوە.

ئاماژەیان بەوەشدا، ئەو هەنگاوەی چەكدار و ئەندامە زیندانیكراوەكانیان لە ئەنجامی ئەوەیە، كە زیاتر لە ماوەی ساڵێكە دەستگیر كراون، بەڵام تا ئیستا لە هیچ دادگایەك دادگایی نەكراون و تەنانەت هیچ پارێزەرێكیش نوێنەرایەتی دۆسییەكانیان ناكات و دواتریش هیچ دەرفەتێك بۆ ئازادكردنیان نییە.

ئەوانەی مانیان لە خواردن گرتوە، بریتین لە: "ئەبو عەبدولڕەحمان بەسیر ئەلدیری، ئەندازیار ئەبو حەمزە ئەلدەرعاوی، ئەبو عەبدوڵڵا ئەلسوری (كوڕی ئەبو فراس ئەلسوری، یەكێك لە دیارترین سەركردەكانی قاعیدەیە)، ئەبو میسعەب ئەلتوركی و خەلاد ئەلجوفی".

بە وتەی رێكخراوی پاسەوانانی ئایین، لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئێستا نزیكەی 200 هێرشیان ئەنجامداوه، ئەو هێرشانەش لە چەند شوێنێكی لادێیی و شارەدێی بچوك ئەنجامدراون، لەوانەش 12 هێرش لە پارێزگای حەلەب، 16 لە پارێزگای حەما، 7 لە پارێزگای ئیدلب‌ و 15 لە پارێزگای لازقییە.

بەگوێرەی پەیمانگەی واشنتن، بەلایەنی كەم سێ لەو هێرشانه بە هاوبەشی لەگەڵ دەستەی تەحریر شام ئەنجامدراون، ئاماژە بەوەش دەدات، پەیوەندی نێوانیان "دۆستایەتییەكی دوژمندارییە" زیاتر لەوەی دژایەتییەكی حەتمی بێت.

‌عەباس شەریفە توێژەر رونیكردەوە، "وەك ئەبو هەمام ئەلشامی ئاماژەی پێداوە، پاسەوانان ئێستا توانای ئەنجامدانی هێرش و پلاندانان بۆ چەندین كردهی چەكداری‌ هەیە، بەڵام نەك بە قەبارەی گەورە".

شەریفە وتی: "ناكرێت ئێمە بڵێین كە ئەستێرەی پاسەوانانی ئایین كوژاوەتەوە، بەتایبەت لەگەڵ هەوڵەكانی بۆ راكێشانی ژمارەیەك گەنج بەلای خۆیدا، هاوكات ماوەیەكە هیچ هێرشێك لەلایەن هێزەكانی دیكەوە نەكراوەتە سەریان، چ گروپە جیهادییەكان بن یانیش ئەوانی دیكە و دواتریش یاری لەسەر ئەو هەڵچونە دەكات، كە لە باكوری رۆژئاوای سوریا لەئارادایە".

وتەی ئەو توێژەرە سوریە تەواو پێچەوانەی وتەكانی حەسەن ئەبو هەنییە، توێژەری كاروباری گروپە ئیسلامییەكانە، بەڵام لە لایەنێكی دیاریكراو.

ئەبو هەنییە لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی حوڕێ دوپاتكردەوە، "لەو باوەڕەدام كە نزیكە لەوەی گروپی پاسەوانانی ئایین بەتەواوی لەناو دەچێت و هەمو دەروازەكان بەڕویدا داخراون".

ئەمە لەكاتێكدایە، لەو كاتەوەی ئەو گروپە حیابونەوەی خۆی لە تەحریر شام راگەیاندوە، ئەو گروپە بو بە خاوەن هێزێكی گەورە، وێڕای ئەوەی خاوەن ژمارەیەك سەركردەی دیاری چەكداری بوە‌.

وەك هەنییە باسی دەكات، لە ماوەی دو ساڵی رابردودا زۆربەی سەركردەكانی ئەو گروپە كوژراون، لەوانەش عاروری و قەسام، بەڵام تائیستاش سامی عرێدی و فاروق ئەلسوری هەر ماون.

جێگای ئاماژەیە، لە ساڵی 2019 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە رەسمی رێكخراوی پاسەوانانی ئایینی خستە لیستی رێكخراوە تیرۆرستییەكان و بۆ دەستكەوتنی زانیرایش لەسەر سێ لە سەركردەكانی ئەو رێكخراوە، گوژمەیەكی دارایی بۆ هەر كەسێك دیاری كردبو، كە ئەو زانیارییانەی پێ بگەیەنێت.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.