سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

بیردۆزی زانستی چییە؟

26/07/2021


بیردۆزی زانستی (Scientific Theories) بەرزترین ئاستی متمانەدارە بۆ لێكدانەوەی دیاردە سروشتییەكان، كە بە چەندین تاقیكردنەوە و لێكوڵینەوەی یەك لە دوای یەك تێپەڕ بووە، وەك (بیردۆزی پەرەسەندن، بیردۆزی تەقینەوە گەورەكە...هتد.).

واتای بیردۆزی لەزانستدا جیاوازە لەوەی لای خەڵك بەكاردەهێنرێت كە بە گریمانە (hypothesis و بە عەرەبی: فرچیە) ناودەبرێت. گریمانە : ڕاڤەیەكی پێشنیار كراوە كە ئەزموون و تاقیكردنەوەی لەسەر نەكراوە. هەروەها بیردۆزی زانستی  جیاوازە لەیاساكانی سروشت، چونكە بیردۆزی زانستی وەڵامی (چۆن و بۆچی) دەداتەوە، بەڵام یاسا سرووشتیەكان زیاتر بە شێوەی هاوكێشە بیركارییەكان باس لە دیاردە سروشتییەكان دەكەن وەك(یاسای گەرمی وزە، یاساكانی نیوتن...هتد). بەڵام بیردۆزە زانستییەكان ناگورێن بۆ یاسا سروشتییەكان و هیچ یاسایەك بەرزتر نییە لە هیچ  بیردۆزێك، بەڵكو هەردووكییان ڕولی جیاوازیان هەیە لە زانست دا.

هەندێك مەرجی پێویست بۆ هەڵبژاردنی بیردۆزەكان:

بەهەڵەخستنەوە (falsification): واتە بیردۆز ئەو پێشبینیانە بخاتە ڕوو كە بتوانرێت بەهەڵە بخرێتەوە، بۆ نموونە كاتێك كەسێك مراوییەك دەبینێت كە ڕەنگی ڕەشە و گریمانەیەك دروست دەكات كە هەموو مراوییەكان ڕەنگیان ڕەشە، بەڵام كاتێك مراوییەكی سپی دەبینێت ئەوكات گریمانەكەی بەهەڵە دەخرێتەوە، هەمان شت جێبەجێ دەبیت لە تاقیكردنەوەی بیردوزەكان دا.

زاناكان زیاتر ئەو بیردۆزانە هەڵدەبژێرن بە باشترین بیردۆز بۆ باسكردنی دیاردە سروشتییەكان بە پێی پرەنسیپی (Occams Razor ) كە لێكدانەوەیەكی سادە و ساكارانەیان هەبێت و دوور بێت لە ئاڵوزی.

خاوەن ئەو پێشبینییانە بێت كە بتوانرێت تاقیكردنەوەی لەسەر بكرێت (testable).

سەلماندن و زانست: سەلماندن  ووشەیەكە لە بیركاری و لوجیكدا بەكاردهێنرێت بەڵام لەزانستدا بوونی نییە و ئەوەی لەزانستدا دەزانرێت بەشێوەیەكی ڕێژەییە و ئەگەری هەیە بگوڕێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت كە بیردۆزەكانمان هەڵە بن، بەڵكو ئەو بیردۆزانەی كەهەن چاكترین بیردۆزن كە بە چەندین تاقیكردنەوە و پێداچوونەوە تێپەربوونە.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.