سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

هاوسەرگیری نەکردنم مانایی قەیرەیم نییە

26/07/2021


 

سەرچاوە: سايتی چاوى خەڵك

 

هەر لە تەمەنی لاوێتییەوە مامم من وخوشکەکانمی بۆ کوڕەکانی خۆی دانابوو، هەر داواکارێکمان دەهات دەیوت بوکی خۆمن، کە لە چوار خوشک تەنها یەک خوشکم شوی کرد بەکوڕی مامم چونکە کوڕەکانی تری ئێمەیان نەویست و هاوسەرگیرییان لەگەڵ کچانی تر کرد، ئێستاش من و خوشکێکم کە لەخۆشم گەورەترە هاوسەرگیریمان نەکردووە و لەم کۆمەڵگەیەدا دەژین کە پێمان دەڵێن قەیرە.”

 

فاتمە محەمەد کچێکی تەمەن چل ساڵە و تا ئێستا هاوسەرگیری نەکردووە، هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ مامی، مانەوەی خۆی و خوشکەکەی و خەمی مامی لەلایەک، توانجی خەڵکیتریش لەلایەک، چونکە دەوروبەر پێی وایە گرفتێکیان هەیە بۆیە هاوسەرگیرییان نەکردووە.

 

زۆر جار خێزانەکان هۆکارن بۆ ئەوەی کچەکانیان بگەن بە سەروی قۆناغی گەورەکچیەوە، ئەوەش بەهۆی  ڕێگریکردن لەهەڵبژاردنی ھاوسەری خۆیان و ھێشتنەوەیان لە ماڵەوە.

 

هەروەها وتیشی”زۆرجار خێزانەکان بەناوی دڵسۆزی ستەمێکی گەورە لە کچەکانیان دەکەن، بەهۆی نەبونی باوکم، دایکیشم هۆکار بووە بۆ ئەوەی ئێمە بمێنینەوە، چونکە ئەویش ڕێگر بوو لەوەی شوبکەین بەو کەسانەی کە خۆمان دەمان ویست کە لەکاتی گەنجی دەهاتنە خوازبێنیمان، ئێستاش بە قسەی کۆمەڵگە قەیرەین.”

 

هەر قسەیەک لە زار بێتە دەرەوە کاریگەری لەسەر بەرامبەر بەجێ دەهێڵێت، بەتایبەت قسەی نەرێنی، توانج و پرسیاری بێزارکەرو لێپرسینەوە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە بەرامبەر بە گەورە کچان دەبێتە هۆی ئەوەی کە  کەفشاری دەرونی لەسەر کچان زیاتر بێت و بەرەو بیرکردنەوەی ناڕەحەت و قورسیان بەرێت.

 

هەر لەو بارەیەوە محەمەد عومەر، توێژەری کۆمەڵایەتی بە (چاوی خەڵک)ی وت” ھەنگاوی دوای فشارەکان ھەمیشە کەسە بەرەو لێکەوتەی خراپی دەرونی و جەستەیی و تەندروستی و ئابوریشی دەبەن، بەتایبەت بۆ ئەو گەورە کچانەی خۆیان بدەنەبەر تەوژمی ئەو جۆرە قسەو بیرکردنەوانە و بەرگریان کەمتربێت.”

 

بەڕای ئەو توێژەرە بەکارھێنانی وشەی قەیرەکچ گونجاو و پێویست نیە و دەبێت ھەموو ئەو مرۆڤانەی ئەو وشانە بەکاردێنن بۆ بەرامبەرەکانیان بزانن کە مرۆڤێکیتر برینداردەکەن و دەبن بە ھۆکاری تێکدانی بیرو دەرونی ئەوانیتر.

 

بە پێی داتاکانی بەڕێوبەرایەتی گشتی ئاماری سلێمانی کە بەڕاپرسی لە ساڵی ٢٠١٩ ئەنجام دراوە، ڕێژەی ئەوکچانەی  لە تەمەنی (٣٠_٤٩) ساڵی  هاوسەرگیرییان نەکردووە لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە٤٢% بوون ولە سلێمانی ڕێژەکەی لە ٤٣% بوو، هەروەها لە دهۆکیش زیاتر لە ٤٣% بووە، بەوەش دەردەکەوێت ئەوکچانەی تەمەنیان هەڵکشاوە و هاوسەرگیریان نەکردووە ڕێژەکەی دەکاتە لە ٤٢٠٦% لە هەرێمی کوردستان.

 

دکتۆر دیلمان ئازاد، پزیشکی دادوەری کە بەردەوام هەوڵی داوە کۆمەڵگە هۆشیار بکاتەوە لە ئاست کەم و کورتی و هەڵەکان بەتایبەت هۆشیارکردنەوەی کچان و ژنان، سەبارەت بەکچانی گەورە بۆچونی خۆی دەڵێت” بۆچی تاكو ئێستا بۆ جارێكیش گوێمان لەوشەی گەورە كوڕ یان قەیرە كوڕ نەبوە؟ کەبەرامبەر ئەو كوڕانە بەكاربێت كە تەمەنیان هەڵكشاوە و هاوسەرگیرییان نەكردووە؟ بەشێکی زۆرمان خاوەن كچین بۆ وایان لێبكەین بەو وشانە بكەونە بارێکی دەرونی خراپەوە؟ یاخود بۆچی کوڕی گەورە دەتوانێت كچێكی تەمەن بچوك بخوازێت؟ بەڕاستی بەكارهێنانی وشەی قەیرە بۆ كچ یاخود بۆ هەر ڕەگەزێك وشەیەكی زۆر ناشیرینە و هیچ مانایەكی نییە.

 

‎” تەمەن هەر تەمەنە بۆ كچ و كوڕ واتا ئەگەر كچ گەورە بێت، كوڕیش گەورە دەبێت. نەڵێن ئەم بابەتە پەیوەندی بە هۆڕمۆناتەوە هەیە!، ئێمە پزیشكین و دەزانین كێشەی تەندروستی هەیە توشی پیاوان دەبێت لەهەندێك تەمەن، وەك چۆن توشی ژنانیش دەبێت” د. دییلمان وای وت.

 

شنیارعوسمان ،کچێکی دەرچوی پەیمانگایە و کاتەکانی بە کاری ماڵ و سۆشیاڵ میدیا بەسەر دەبات، بەڕای ئەو كچان ئەو ئازادییەیان نیە بە شوێن دڵخوازی خۆیان بگەڕێن، تەنها ڕێگە چاوەڕوانی كردنە تا داخوازیان بچێت، لەگەڵ بوونی فشاری خەڵك و قسەو قسەڵۆكی نەبڕاوە كە قورسایی و ترسێكی گەورە لەسەر دەروونی كچ دروست دەكەن، ئەمە وای كردوە زۆر جار كچ لەبەر قسەی خەڵكی ناچار بووە بڕیاری هەڵە بدات و كەسێكی نەگونجاو بكاتە هاوسەری.

 

شنیار سەبارەت بەو بابەتە دەڵێت” هەرچەندە خۆشم هاوسەرگیریم نەکردووە، لە ئێستادا  سی ساڵم، بەڵام خۆم وەک ئەو کەسانە دێتە پێش چاوکە پێم ئەڵین قەیرە. سێ ساڵ پێش ئێستا هاوڕێیەکم پێی وتم تۆش بوی بە قەیرە، ئاخر کێشەی کۆمەڵگەی ئێمە ئەوەیە تەداخولی ژیانی بەرامبەر دەکەین و دڵەکان ورد دەکەن، ئێمەی کچانیش فیشەکی چەکەکەی کۆمەڵگەین بۆ هەرکوێ بیانەوێت دەیتەقێنن. زۆرجار بێ ئومێد بوم لە ژیان بەهۆی توانجی خەڵک ئاخرهەندێک کات ئەوخەڵکەش خێزانەکەتە، دایکم هەمیشە قسەی زاری خوشکە بچوکەکەمە بەتوانج دەڵێت تۆ بویتە ڕێگر لەبەر شونەکردنی ئەو، کچی دنیا شوی کرد تۆ بۆنایکەیت؟ دور نییە بەهۆی دایکم بڕیاری هەڵەبدەم.”

 

دکتۆر سەید ئەحمەد عەبدولوەهاب، زانای ئاینی دەڵێت” کۆمەڵگە کۆمەڵێک شتی ناباشی کردووە بە کلتور بۆخۆی، بۆنمونە وشەی قەیرە کە مانای تەواوی بیر هەموو لایەک چۆتەوە کە واتای ڕێز و قەدرە. بەس ئێستا واتەکەی پێچەوانە کراوەتەوە بە ناشرینی بەکار دەهێنرێت بۆ کچانی شونەکردوو، بگرە  ئەوەش زوڵمێکی کۆمەڵایەتییە لە ژنان دەکرێت. وە دەبێت حکومەت و کۆمەڵگە هاوکار بن بۆ دروست بونی ڕایەڵ لەنێو گەنجەکان بۆ ئەنجامدانی هاوسەرگیری، هەروەها دروست بونی دەزگای تایبەتمەند بەو بابەتە.

 

کچان کۆمەڵێک بەربەست لەبەردەمیاندا دانراوە کە کە بەئەرکی سەرشانی نەزانێت وەک کوڕان هەوڵ بدەن، کاتێک کچ کەسێکی بەدڵ بوو، زۆر ئاساییە بە خێزانەکەی بڵێت دەمەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو کەسە بکەم. ئەرکی خێزانیشە لە کوڕان زیاتر خەمی کچەکانیان بخۆن.

 

كاتێك كچ ئەگاتە تەمەنی نێوان 35بۆ 29 ساڵ پێیان دەگوترێت قەیرە، لە كاتێكدا ئەمە چەمكێكی روخێنەرە بۆ ئەوانەی لەو تەمەنەدان و نەچوونەتە نێو پڕۆسەی هاوسەرگیری، ڕەنگە كلتور داب و نەریت یا كۆمەڵگە هاوكات لەگەڵ سەپاندنی ئەم چەمكە بەسەریاندا بە چاوێكی تر سەیریان بكات و ڕەتیان بكاتەوە بۆیە كچان لە ترسی بە قەیرە بوون لە تەمەنێكی نەگونجاودا هاوسەرگیری دەكەن.

 

 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.