سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

گورگە بۆرەكانی ئەوروپا

19/07/2021



حەسەن یاسین

تیرۆر بەڵایەكی پڕ گێچەڵە و هەر بەرۆكی خەڵك و وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نەگرتووە، بەڵكو تیرۆریستان كار و چالاكییە تیرۆریستییەكانی خۆیان گەیاندۆتە وڵاتانی ئەوروپاش، ئەمەش یان لە رێگەی ناردنی كەسانی تیرۆریست، وەك پەنابەر، یانیش لە رێگەی ئیشكردن لەناو پەنابەران و راكێشانیان بۆ ناو بیروباوەڕی تیرۆریستی و سازدانیان بۆ ئەوەی لەسەرپێبن بۆ هەر كارێكی تیرۆریستی، كە سەرانیان داوایان لێبكەن!.

ئەگەرچی وڵاتانی ئەوروپا درەنگ كەوتوونەتە خۆیان و زوو دركیان بە مەترسییەكانی تیرۆر لەسەر خۆیان و لەناو وڵاتەكانی خۆیان نەكرد، زوو نەیانزانی ئەو قانوونانەی ئەوان بۆ پەنابەران دایانناوە و تێیاندا رەچاوی مافەكانی مرۆڤیان كردووە، تیرۆریستان سوودی لێوەردەگرن و دەبێتە سەرچاوەیەكی گەشەكردنی تیرۆر و تیرۆریستان لەڕووی چەندێتی و چۆنێتییەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر درەنگیش بێت دەستیانپێكرد.

وڵاتانی ئەوروپا چەند پێوەرێكیان رەچاوكرد بۆ بڕیاردان لەسەر هەر كەسێك یان رێكخراوێك، كە گومانی تیرۆریستبوونی لێبكرێت. لایەنی پەیوەندیدار تۆمارێك بۆ ئەو كەس یان رێكخراوانە دەكاتەوە، كە كارو چالاكیی تیرۆریستییان كردووە، رەسید و پاڵپشتیی بانكیی كەسان یان قەوارە و رێكخراوەكان بلۆك دەكات. دیارترین پێوەر كە لەم بوارەدا رەچاو دەكرێت بریتین لە (كەسان یان رێكخراوەكان لەڕووی داراییەوە یارمەتییان پێشكەش كردبێت، یان سەرپەرشتیی كۆكردنەوەی كۆمەكی داراییان كردبێت. رێكخراوەكە بیانی بێت و كار و چالاكیی تیرۆریستیی كردبێت و لەهەمان كاتیشدا ئەو كار و چالاكییانە بووبن بە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و جێگیریی ئەو وڵاتە ئەوروپاییە، یان وڵاتانی دیكەی ئەوروپا!.

یەكێك لەو رێكخراوانەی لە وڵاتانی ئەوروپادا كار و چالاكییەكانی، بوون بە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و جێگیری، رێكخراوی «گورگە بۆرەكان»ە، كە توركیا پشتیوان و یارمەتیدەری سەرەكییانە و لە هیچ جێگەیەك لە ئەوروپا سڵ ناكەنەوە لە جێبەجێكردنی ئەجێندای رێكخراوەكەیان، بەو مەرجەی لە بەرژەوەندیی نەژادی تورك بێت و دژ بەوانە بێت، كە تورك و توركیا بە دوژمنی خۆیان دەزانن!.

پەرلەمانی ئەوروپا راسپاردەی پێشكەشكردووە تا لە سەرانسەری وڵاتانی ئەوروپادا رێكخراوی «گورگە بۆرەكان» وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی دانیپێدابنرێت، هۆیەكەشیان گەڕاندۆتەوە بۆ ئەوەی ئەندامانی ئەو رێكخراوە و بەشێك لە رەوەندی تورك بە پشتیوانی و بڕیاری راستەوخۆی ئەنقەرە كاردەكەن بۆ وروژاندنی جیاكاری و رق و كاری توندوتیژیی لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا. تا ئێستا چەندین وڵاتی ئەندامی

یەكێتیی ئەوروپا رێكخراوی «گورگە بۆرەكان»یان قەدەغەكردووە، پاش ئەوەی چەندین چالاكیی تیرۆریستییان كردووە، هەندێك وڵاتی دیكەش تەدارەكی توندیان بەرامبەر بە رێكخراوەكە گرتۆتەبەر!.

حكومەتی فەرەنسا لە 5ی تشرینی دووەمی 2020 بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی رێكخراوی «گورگە بۆرەكان»ی دا، پاش ئەوەی ئەندامانی رێكخراوەكە لە شاری لیۆن دیواربەندی رێزلێنان لە قوربانییانی جینۆسایدی ئەرمەنیان شێواند. هەڵبەت پێشتریش ئەو رێكخراوە چەندین چالاكیی دیكەی كردبوو، كە دەچنە خانەی كاری تیرۆریستییەوە.

لە نیسانی 2020دا چەند ئەندامێكی گورگە بۆرەكان هێرشیان كردە سەر چالاكییەكی كەلتوری لە شاری لیۆن و چوار كوردیان بریندار كرد. هەروەها لە مانگی ئۆكتۆبەری 2020دا هێرشیان كردەسەر رەوەندی ئەرمەنی و چەندین دیواربەندی ئەرمەنییەكان، كە ئاماژەن بۆ جینۆسایدی ئەرمەن و تێكیانشكاندن. ئەمە و رێكخراوی گورگە بۆرەكان چەندین چالاكیی دیكەی لە فەڕەنسا و وڵاتانی دیكەی ئەوروپا كردووە و تائێستاش سەرەڕای قەدەغەكردنیان لە چەندین وڵاتدا، بەردەوامن لەسەر كاری تیرۆریستی.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.