سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئەمینداری یەکگرتوو: فەلەستین بەرەی پێشەوەی جەنگی هەقە و دەبێتە سەرەخۆرەی داگیرکار

12/05/2021


 ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان پەیامێکی لەبارەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی کەرتی غەززە بڵاوکردەوە و دەڵێت "فەلەستین بەرەی پێشەوەی جەنگی هەقە و دەبێتە سەرەخۆرەی داگیرکار". 

سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە تویتێکدا نووسیویەتی "بەداخەوە، لەم بەرە جەژن و وەرزە پیرۆزەدا، بینەری دیمەنی پەلاماری دڕندانەی داگیرکاری ئیسرائیل دەبین بۆ قودسی پیرۆز و مزگەوتی ئەقسا و بۆردوومانی کەرتی غەززە".
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستاندا هاتووە "بە دڵنیاییەوە فەلەستین بەرەی پێشەوەی جەنگی هەقە و دەبێتە سەرەخۆرەی داگیرکار و شکستی ئاغاکانی، ستەم هەرگیز تاسەر نەبووە و ئاییندەی نییە".
 
ئەمەش لەکاتێکدایە، گرژییەکانی چەند رۆژی رابردووی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان دوێنێ دووشەممە 10-05-2021 پێی نایە قۆناخێکی نوێوە کاتێک بزووتنەوەی حەماس سەدان مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل زیاتر لە 130 شوێنی لە غەززە بۆردوومانکرد و بەهۆیەوە لانیکەم 25 کەس کوژران کە لەنێویاندا منداڵیش هەن.
 
بەپێی ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، نۆ منداڵ لەنێو ئەو کەسانەدان کە کوژراون و 125 کەسی دیکەش برینداربوون. 

هێرشە مووشەکییەکان و بۆردوومانەکان هاوکاتن لەگەڵ رووبەڕووبوونەوەی سەربازانی ئیسرائیل و نوێژخوێنان لە مزگەوتی ئەقسا کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 700 فەلەستینی بەو هۆیەوە برینداربوون و وایکردووە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی وڵاتان داوای کەمکردنەوەی گرژییەکان بکەن. 
 
گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین چەند رۆژێکە لەسەر چەند خانوویەکی گەڕەکی شێخ جەڕاح دەستیان پێکردووە. بە بڕیاری دادگە داوا کراوە چوار ماڵ لەو گەڕەکە چۆڵبکرێن، دانیشتووانەکەشی دەڵێن، دەتوانن خانووەکانیان لێبستێنن، ئەگەر بەسەر لاشەیاندا بڕۆن.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.