سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

کورد و فەڵەستینییەکان!

12/05/2021


شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

 

کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیل ڕەگوڕیشەیەکی قووڵی هەیە و بەو هاتوهاوار و دروشمە ئایینی و عاتیفیانەی شەقامی عەرەبی و ئیسلامیش کۆتایی نایەت، ئینجا لەو کوردە بەدبەختانەش گەڕێ کە لە خۆیانەوە ماستاو بۆ فەڵەستینییەکان دەکەن، تەنانەت دەزانن یەک وڵاتی عەرەبی و سەرکردەیەکی تڕزلی ئیسلامیش سوپاسێکی کاڵیان ناکات لەپای ئەوەی بۆ عەرەب و فەڵەستینییەکان چەقۆ لە ئیسرائیلی زلهێز هەڵدەکێشن و لە پرسی داگیرکردنی خاکەکەی خۆشیاندا لە نوێترین دوو نموونەی عەفرین و کەرکووکی دوای شازدەی ئۆکتۆبەردا بێدەنگن.

 

لەم ڕوانگە نەتەوەییەوە دەتوانین ئاماژە بە کڵۆڵی ئەو جۆرە کوردانە بکەین کە بە قسە و دروشمی ئایینی بەرگری لە قودس و فەڵەستینییەکان دەکەن، بەڵام لە ئاست ئەو ستەمانەی دەوڵەتانی ئیسلامی لە کوردی دەکەن عاقڵ عاقڵ و بە بێدەنگی تەنیا سەیرکەرن!

ئاخر پێم ناڵێن کێ و کام تاکی عەرەبی فەڵەستینی و وڵاتانی دیکەی عەرەبی و ئیسلامی دەڵێن کوردگەلێکیش هەن پاڵپشتی لە فەڵەستینییەکان دەکەن! دەی نموونەیەک ئەگەر هەیە.

 

دەی سبەی کورد دەوڵەت ڕابگەیەنێت، پێش عێراق و سووریا و تورکیا و ئێران، فەڵەستین و فەڵەستینییەکان دژت دەوەستن و دەوڵەتت پێ ڕەوا نابینن! ئەدی خێرە تۆ لە خۆتەوە هاشوهوشی ئایینیت گرتووە و شمشێر بەرز دەکەیتەوە.

 

وەک بابەتێکی مرۆیی، بە هەموو شێوەیەک دژی هەر جۆرە کوشتار و ئاڵۆزی و پێکدادانێکم لەنێوان ئیسرائیلییەکان و فەڵەستینییەکان، بەڵام نە ئیسرائیل و نە عەرەبیش نایانەوێ ئەو کێشەیە یەکلا بکەنەوە، بە تایبەتی ئامانجی هەردوو لایەنی ئیسرائیلی و عەرەبی ئیدارەدانی قەیرانەکەیە، وڵاتانی عەرەب سۆزی ئایینی خەڵک دەجووڵێنن و ئیسرائیلیش دەڵێ هەڕەشەم لەسەرە، بە هەردوو دیوەکەدا ئەو پرسە هەویرەکەی ئاوی زۆری دەوێت و بە ئاسانی ناگاتە قۆناغی کۆتایی، ئینجا شتێکی دیکەش هەیە، عەرەب هەر خۆی بە سرووشت نایانەوێت هیچ دەوڵەت و ئایینێکی دیکەی نائیسلامی لە تەکیان بە ئاشتی بژین، عەرەبەکان هەر هیچیان چنگ نەکەوێت بە پاساوی هەڕەشە لەسەر ئیسلام، خەڵکی ناموسڵمان و ناعەرەب دەکوژن، ئینجا لە هەمووی ناخۆشتر کە جێی داخە کوردی خۆمان بە پاساوی پیرۆزی قودس و سۆزی ئایینی ماستاو بۆ فەڵەستینییەکان و عەرەب دەکەن، وەک پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد، کەسیش ئامادە نییە فڕێکیش لەو ماستاوەیان بدات! بۆیە ئەو کوردەی پشت بکاتە دۆزی خۆی و داگیرکردنی کەرکووک و عەفرین بە خەمی خۆی نەزانێت و لەولاوەش شینوهاوار بۆ قودس و فەڵەستینییەکان بکات، کۆیلە و ماستاوچی عەرەب و فەڵەستینییەکانە، ئینجا پێی خۆش بێت یان ناخۆش!

 

لینكی فەیسبوك

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.