سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

چارەنووسی ڕێكخراوی ئەلقاعیدە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان

11/05/2021



بورهان شێخ رەئوف

دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان كاردانەوەو لێكەوتەكانی دوای كشانەوەكە، وا دەخوازێت باسی ڕێكخراوی ئەلقاعیدە بكەین، ئەو رێكخراوە بكەین بە دایك و مناڵدانی هەموو تاقم و گروپە توندتیژ و  تیرۆریستیەكان لە جیهاندا لە دوای كشانەوەی سەربازەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان تا 11 سپتەمبەری ئەمساڵ 2021.

 

هێزەكانی ئەمریكا دەستیانكردووە بە پاشەكشە لە ئەفغانستان دوای شەڕێكی دوورو درێژی خوێناوی بیست ساڵە، سەرۆكی ئەمریكا جۆبایدن ڕایگەیاند دەبێت تا 11/9/2021 دوا سەربازمان لە ئەفغانستان بكشێتەوە، هەروەها بایدن ئەوەشی ڕاگەیاند كە نابێت ئێمە ئەوەمان لە بیربچێت كە بۆچی چووین بۆ ئەفغانستان ؟ 
مسۆگەر كردنی ئەوەی كە قاعیدە جارێكی تر خاكی ئەفغانستان بەكارنەهێنێت بۆ پەلاماردانی ئەمریكا، ئەوەمان ئەنجامدا و ئامانجەكەمان بەدیهات.

ئەلقاعیدە 
ڕێكخراوی ئەلقاعیدە پاساوی ئەمریكیەكان بوو بۆ داگیركردنی ئەفغانستان،چونكە لە دوای هێرشە تیرۆریستیەكانی 11 سپتەمبەر كە ئوسامە بن لادن و زۆرێك لەسەرانی ڕێكخراوەكەی لەو وڵاتە بوون ئیتر هیچ ئەڵتەرناتیفیك نەبوو بۆ ئەمریكا ئەنجامی بدات دژی ئەلقاعیدە جگە لە پەلاماردانی ئەفغانستان و داگیركردنی و تاروماركردنی هێزەكانی ئەلقاعیدە.

 

ئەوەی دیارە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت ڕێكخراوی ئەلقاعیدە 400 تاوەكو 600 چەكداری هەیە لە ئەفغانستان لە نێو ڕیزەكانی تاڵیباندا دەجەنگن، بەگوێرەی مەزەندەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان، لە لایەكی ترەوە روخسارە دیارو چالاكەكانی ئەلقاعیدە لە چاوپێكەوتنێكی تازەدا بەڵێنیان داوە كە لە شەڕ دژ بە ئەمریكا بەردەوام دەبن لە هەموو بەرەكاندا، كە ئەمەش بووە مایەی نیگەرانی زۆری ئەندامانی كۆنگریس  لە بەرامبەربڕیارەكەی سەرۆك بایدن بە كشانەوەی هێزەكانیان لە ئەفغانستان، لەلایەكی ترەوە بە بێدەنگی زۆرێكی تر لە ڕاوێژكارە سەربازییەكانی سەرۆك ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بڕیارەكەی سەرۆك پیشانداوە، چونكە ڕەخنەگرانی ئەم بڕیارە لەو بڕوایەدان كە جارێ‌ ئەلقاعیدە زۆر بەهێزە، لە كاتی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكادا جارێكی تر تاڵیبان داڵدەیان دەدات و هەموو كۆمەك و ئاسنكارییان بۆ دەكات بۆ ئەنجامدانی كاری تیرۆریستی، فشارەكانی ئەمریكاش سووك و خاو دەبێتەوە بۆ بەگژاچوونەوەی تیرۆر، حكومەتی ئەفغانستانیش كێشەو ئاریشەی زیاتری بۆ دەخوڵقێت، كاریگەری توانای ئەلقاعیدە لە ئێستاداهەرچەندە ماوەی بیست ساڵ زیاترە هێزە تیرۆریستەكانی ئەلقاعیدە لە ئەفغانستانن، بەڵام حاڵی حازر تواناو هێزی پەلاماردانییان سنوردارە، لە دوای 11 سبتەمبەرەوە نەیان توانیووە پەلاماری وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بدەن، هەرچەندە هەوڵ و تەقەلای زۆریشیان داوە، هەروەها لە دەیەی ڕابردووشدا بەرامبەر ئەوروپاش  بە هەمان شێوە ئەو توانا و هێزەیان نەبووە، بەڵام ڕێكخراوەكەیان بەناوی ڕێكخراوەی ئەلقاعید لە نیمچە دوورگەی عەرەبی هەندێك پەلامارو هێرشی سنوردارییان ئەنجامداوە، لەوانە ئەو هێرشەی لە دیسەمبەری 2019 كردیانە سەر بنكە دەریایی ئەمریكا لە فلۆریدا كە (3) سەربازی ئەمریكیان كووشت، كە ئەوەش لە پاكستان و ئەفغانستانەوە نەچووبوون.

ئەوەی ناوەندە ئاگادارەكان لە چالاكی تاقمە تیرۆریستەكان باسی دەكەن ئەوەیە كە هەواداران و هاوسۆزان لە گەڵ ڕێكخراوی ئەلقاعیدە زیاتر ئەو هێرش و پەلامارانە ئەنجام دەدەن.

 

هەمان ئەو سەرچاوانە باس لەوە دەكەن كە هێزەكانی ئەمریكا زۆرێك لە سەركردە بنەڕەتی و دیارو چالاكەكانی ئەلقاعیدەیان لەناوبردووە، لەو بڕوایەشدان ئەیمەن زەواهیری سەرۆكی ئەلقاعید مرد بێت، لەڕاستیشدا دەنگۆی زۆر هەبوو كە مردووە بەڵام تائێستا دەرنەكەوتووە تاچەند ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە ڕاستە.

لەڕاستیدا فشارو پەلامارو ئۆپەراسیۆنی هێزە ئاسمانییەكانی ئەمریكاو هێزە تایبەتەكانیشی وایان لە سەرانی ئەلقاعیدە كرد كەلە دۆخێكی شپرزەو شڵەژاو و ڕاكردنی بەردەوامدا بن و نەتوانن خۆیان كۆبكەنەوەو خۆیان ڕێكبخەنەوە و بنكەو بارەگا دابمەزرێنن بۆ ئەنجامدانی كاری تیرۆریستی تر وەكو پێش 11 سپتەمبەر.

 

ئەوەی دەبینرێت تائێستا هەواڵگری زۆرێك لە وڵاتان بەچڕی كارلە سەرمەترسی هەڕەشەكانی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستیە دەكەن بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری جیهان، تیم و تاقمە هەواڵگرییەكانیان كار لە سەر كۆكردنەوەی زانیاری و توانا دارایی و جموجوڵەكانیان دەكەن بۆ ئەنجامدانی پەلاماری تیرۆریستی.

ئەمریكاو تالیبان
لەماوەی ڕابردوودا جیهان شاهیدی گفتوگۆكانی بزوتنەوەی تالیبانی ئەفغانستان و ئەمریكا بوون لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، ئەوەی لەو وتوێژانەدا باسكراوە ئەوەیە ئەمریكیەكان داوایان لە تالیبان كردووە كە ڕێگری لە كارو جموجووڵ و چالاكی ڕێكخراوی ئەلقاعیدە بكەن لە سەر خاكی وڵاتەكەیان كە كردوویانەتە پەناگەیەكی ئارام و پەلاماری جیهان دەدەن و كاری تیرۆریستی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەبەن،بزوتنەوەی تالیبان بەڵێنیان داوە ئەو داخوازییە قبوڵ بكەن ،ئەوەشیان وتوە كە سەرانی ئەلقاعیدە بەوە قایل بوون و بەڵێنیان داوە ئەگەر پەلاماری ئەمریكا بدەن ئەوە لە شوێن و جێگەو گۆڕەپانی ترەوە بیكەن، بەڵام پێناچێت ئەمریكیەكان زۆر بڕوایان بەم بەڵێنانە هەبێت، چونكە لە ڕابردوودا لەسەر پەیوەندییەكانیان بە قاعیدەوە هەواَڵی ڕاستیان بە ئەمریكا نەوتووە، بۆیە بۆ پەیوەندییەكانی داهاتویشیان پێناچێت وابێت جێگەی گومانی گەورەیە..!

لەلایەكی تریشەوە بزوتنەوەی تالیبان هەست بەمەترسی و كاریگەری و كاردانەوەو لێكەوتە قورسەكانی ململانێ‌ لە گەڵ ئەمریكا دەكات، بۆیە لەوەیە تالیبان ئەندامەكانی ئەلقاعیدە وەكو چەكداری ناوخۆیی خۆی پەنا بدات و سوودیان لێ ببینێت بۆ خۆی، بەڵام  ڕێگرییان لێ بكات پەلاماری بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بدەن  بەم شێوە هاوپەیمانە كۆنەكانی خۆی قایل بكات، لە هەمان كاتیشدا ئەفغانستان بپارێزێت و دووری بخاتەوە لە ڕق و توڕەیی و پەلاماردانی لەلایەن ئەمریكیەكانەوە .

ئەمریكا دوای كشانەوە
لە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان ڕاستەوخۆ توانای ئەمریكا بۆ لێدانی دڵی زیندووی ئەلقاعیدە لە پاكستان و ئەفغانستان كەم دەبێتەوە، لە هەمانكاتیشدا ئیتر كەس ناتوانێت چاودێری ئەوە بكات كە ئایا تا چەند تالیبان پابەند دەبێت بەوەی ئەلقاعیدە ناچار بكات كە جموجووڵەتیرۆریستیەكانی لە جیهاندا بووەستێنێت.

چونكە هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان هەموو تونا هەواڵگرییەكان و سەربازییەكانی خۆیان بۆ چاودێری كردنی ئەلقاعیدە تەرخان كردبوو لە ڕێگەی فڕۆكەی درون و بێ فڕۆكەوان، هەرئەوەشە وای لە سەرۆكی هەواڵگری ئەمریكا (ویلیام جبیرنز) كرد ماوەیەك پێش ئێستا بڵێت كە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا توانا هەواڵگرییەكان كەم دەكاتەوە بۆ چاودێریكردنی ئەلقاعیدە.

بۆیە پێدەچێت ئەمریكیەكان هەندێك هێز لە دەرەوەی ئەفغانستان بۆ مەبەستی بەگژاچوونەوەی تیرۆر  بهێڵنەوە و شوێن و ڕێگەی تر بگرنە بەر بە تایبەتی لە قەتەرو ئۆزبەكستان، هەرچەندە ئەو شوێنانە دووریشن لە ئەفغانستانەوە بۆ ئەمریكیەكان بۆیە ئەركەكەیان زۆر قورس دەبێت.

دۆخی حكومەتی ئەفغانستان دوای كشانەوە
ژەنراڵ (كینیس فرانك ماكینزی)فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا لە لێدوانێكدا لە هەفتەی ڕابردوودا وتی من نیگەرانم و بە گومانم لە توانای هێزەكانی حكومەتی ئەفغانستان لە خۆگرتن بەرامبەر هێرشەكانی تالیبان و ئەلقاعیدە دوای كشانەوەی هێزەكانمان ،بەڵێ‌ ئەمە واقیعێكی تاڵە بۆ ئەمریكاو ناتۆ و دوای خەرجكردنی ملیارەها دۆلار و كۆمەكی سەربازی و ڕاهێنانی فراوان و ورد  و گەلێك كۆمەكی زەبەلاحی تر لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا.

بۆیە لە باشترین دۆخدا توانای حكومەتەكەی كابول بۆ بەگژاچوونەوەی تالیبان و ئەلقاعیدە سنووردارە و لە ڕابردوودا هێزەكانی حكومەتەكەی كابول پشتی بە توانا سەربازی و هەواڵگرییەكانی ئەمریكا بەست بوو بۆ بەرگری لە خۆی، بۆیە قورسە بتوانێت بەر بە چالاكی و پەلاماری تاقم و گروپی تیرۆریستی بچووكی تری وەك ئەلقاعیدە بگرێت كە كاری تیرۆریستی لە جیهاندا ئەنجام نەدەن.

لە كۆتاییدا هەموو ئاماژەكان ئەوەمان پێ دەڵێن  لە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان، فشارلەسەر ڕێكخراوی ئەلقاعیدە كەم دەبێتەوە و بە ئازادی جموجووڵ دەكات، بەڵام ئەوەشمان لەبیر بێت كە ئەلقاعیدە زۆرێك لەتواناكانی لەدەستداوە لە دوای هێرشەكانی 11سبتەمبەرەوو گەلێك بەربەست و ئالەنگاری گەورە لەبەردەمیدا هەن.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.