سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

فەتحی هیندستان گەورەترین كۆكوژی لە مێژوودا

10/05/2021



حەمەسەعید حەسەن

ئەوەی لەشكری ئیسلام لە هیندستان كردوویەتی، گەورەترین جینۆساید بووە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی. هۆلۆكۆست كە شەش میلیۆن ئینسانی تێدا قەلاچۆ كرا، لەچاو تاوانە گەورەكانی لەشكری ئیسلامدا لە هیندستان، زۆر بچووك دێتە پێش چاو. ئالان دانیلۆ لە (مێژووی هیند)دا دەبێژێت: (هەر كە لەشكری موسوڵمانان لە ٦٣٢دا گەییشتە هیندستان، ئیدی مێژووی هیندستان، بوو بە زنجیرەیەك لە كوشتوبڕ و كاولكاری. لەشكری موسوڵمانان شارستانیی هیندستانی سڕییەوە، ڕەگی زۆر پێكهاتەی نەتەوەیی و دینیی لە بێخەوە هەڵكێشا و هەموو ئەو تاوانە گەورانەیشی بە ناوی جیهادەوە كرد.)

لەشكری ئیسلام كە گەلانی قەلاچۆ كردووە، ئەو تاوانە گەورانەی بە جەنگی پیرۆز لە قەڵەم داوە. ئەڵمانەكان هەم داوای لێبوردنیان لە جوو كرد، هەم قەرەبوویشیان كردنەوە، كەچی هێشتا توركیای موسوڵمانی میراتگری خەلافەتی عوسمانی، نەك هەر داوای بەخشینی لە ئەرمەن نەكردووە، بەڵكوو ددانیشی بەوەدا نەناوە، ئەو گەلەی قەلاچۆ كردووە.

ژمارەی دانیشتووانی خەڵكی نیمچە كیشوەری هیند، بەر لە زنجیرە پەلامارەكانی ئیسلام، زیاتر لە نیو میلیارد كەس دەبوو، بەپێی گوتەی موحەممەد قاسم فریشتە (١٥٦٠ - ١٦٢٠) كە مێژوونووسێكی موسوڵمانە، دوای فوتووحات، لە نیوە كەمتری ئەو ژمارەیە مایەوە. ئیسلام چەندان سەدە لەسەر پەلاماردانی هیندستان بەردەوام دەبێت، هەر لە سەردەمی ئومەوییەكانەوە (٦٦١ - ٧٥٠) تا سەردەمی مەغۆلەكان (١٢٠٦ - ١٣٦٨)  و دواتریش. ئیسلام ڕووی دەكردە هەر دەڤەرێكی هیندستان، شاخێك لە كەلـلەسەر و ڕووبارێك لە خوێنی لە دوای خۆیەوە بەجێ دەهێشت.

قەلاچۆكردنی هیندییەكان لە ڕوانگەی ئیسلامەوە، كارێكی پیرۆز بوو، چونكە كافر و بتپەرست بوون، چونكە سەر بە جەهل بوون، ئاخر لە ئیسلام وایە، لە غەیری دینی موحەممەد، ئیدی هەموو كولتوور و ئایین و شارستانییەكانی دیكە، سەر بە قۆناغی (جاهیلی)ین. هەر موسوڵمانێك بە دەستپاكییەوە، جیهاد وەك خۆی پێڕەو بكات، كرۆكی مرۆڤدۆستی لە دەست دەدات، ئاخر ئیدی وا بیر دەكاتەوە، ئەوە كارێكی پیرۆزە، ئەگەر قڕ بخاتە خەڵكانی ناموسوڵمانەوە، دەست بەسەر خاك و سامانیاندا بگرێت و وەك كۆیلە و كەنیزەك كەڵك لە كوڕان و كچانیان ببینێت.

ئیسلام هەر ڕۆحی گەلانی هیندستانی نەكوشت، ڕۆحی چەندان گەلی دیكەیشی كوشت و كولتووری سڕینەوە، كە گەلی كورد یەكێكیان بوو. بەر لە بڵاوبوونەوەی ئیسلام بە هیندستاندا، لەوێ چەندان كولتووری دەوڵەمەند و باڵا، بە ئاشتی پێكەوە دەژیان، غەزووی موسوڵمانان ئەو ڕۆحی تەبایییەی كوشت. لەشكری ئیسلام شارەكانی دەسووتاند، پەرستگاكانی دەڕووخاند، خەڵكەكەی قەلاچۆ دەكرد و چی شتومەكی بەنرخی دەستكەوتبا بە تاڵانی دەیبرد. ئیسلام كە بۆ تاڵانی ڕووی دەكردە هیندستان، هەر سامانی وەڵاتەكەی زەوت نەدەكرد، كچان و كوڕانیشی بە تاڵانی دەبردن و وەك كەنیزەك و كۆیلە دەیفرۆشتن.

لەشكری ئیسلام لە هیندستان، بە میلیۆنان خەڵكی قەلاچۆ كرد، بە میلیۆنان ژنی لاقە كرد، بە هەزاران پەرستگای ڕووخاند و بە هەزاران كتێبخانەی سووتاند، سەدان بەڵگە هەن ئەو تاوانانەیان تۆمار كردووە. هەر فەرماندەیەكی ئیسلام پەلاماری هیندستانی دابێت، خەڵكەكەی قەلاچۆ كردووە، بەڵام سوڵتان مەحموودی غەزنەوی (٩٧١ - ١٠٣٠) قەلاچۆكردنی خەڵكی هیندستانی بە لوتكە گەیاند. سوڵتان مەحموود لە نێوان ساڵانی (١٠٠١ و ١٠٢٦)دا، حەڤدە جار پەلاماری هیندستانی دا، ئەوەندە پەرستگای هیندۆس و بوودایی ڕووخاندبوو، بە سوڵتانی بتشكێن ناوی زڕابوو. لەو مێژووەدا كە یەكێك لە وەزیرەكانی غەزنەوی تۆماری كردووە، نووسراوە: (لە شاری تەهانیسەر بە جۆرێك خوێنی كافران ڕژێنرا، ئاوی ڕووبارەكە لێڵ بوو، كافران كە ویستیان قەڵاكەیان بەجێ بهێڵن، یان كوژران، یان لە ڕووبارەكەدا خنكان، یان بە دیل گیران و بە كۆیلە كران.)
 
ویڵ دورانت (١٨٨٥ - ١٩٨١) لە (چیرۆكی شارستانی)دا دەڵێت: (پەلاماری لەشكری موحەممەد بۆ سەر هیندستان، خوێناویترین چیرۆكە لە مێژوودا. مێژوونووسانی ئیسلام بە خۆشی و بە شانازییەوە، ئەو قەسابخانانە دەگێڕنەوە كە بۆ هیندۆسەكانیان ساز داون، لەژێر گوشاری شمشێردا كردوویانن بە موسوڵمان، ژنان و گەنجان و منداڵانیان بردوون و لە بازاڕەكانی كۆیلەفرۆشیدا، بازرگانییان پێوە كردوون.)

فرانسۆ گاوتیر لە كتێبی: (سەرلەنوێ نووسینەوەی دیرۆكی هیند)دا دەڵێت: (ئەو كوشتارانەی موسوڵمانان لە هیندستان سازیان دا، لە مێژوودا لە نموونەیان نییە، زۆر گەورەترن لە هۆلۆكۆستی جوولەكە، لە قەلاچۆكردنی ئەرمەن و لە قڕكردنی دانیشتووانە ڕەسەنەكەی ئەمریكای باشووریش كە لە ئەستۆی ئیسپانیایی و پورتوگالییە داگیركارەكانە.)

فێرناند براودێل (١٩٠٢ - ١٩٨٥)  لە كتێبی: (مێژووی شارستانییەكان)دا دەنووسێت: (ئەزموونێكی داگیركارانەی ئەوپەڕی زەبروزەنگاوی بوو، موسوڵمانان لە ڕێگەی تیرۆری سیستەماتیكەوە كە پشتیان بە كوشتوبڕ دەبەست، دەسەڵاتی خۆیان دەسەپاند. چی پەرستگای هیندۆسی هەبوو، خاپووریان كرد و مزگەوتیان لە جێیان قوت كردەوە. بە زۆر خەڵكەكەیان دەهێنایە سەر دینی موحەممەد، ئەگەر یاخیبوونێك ڕووی دابا، بە پەلە و بە دڕندانەترین شێوە سەركوتیان دەكرد، گوندەكانیان كاول دەكرد، پیاوەكانیان دەكوشت و ژنەكانیان بە كۆیلەی سێكس دەكرد.)

عیرفان حوسەین لە (شەیتانەكانی ڕابردوو)دا دەڵێت: مەحموود غەزنەوی دەستی بە خوێنی هیندییەكان سوورە، تێپەڕینی كات، ئەو خوێنە ناسڕێتەوە، كە پەلاماری (سومناس)ی دا، دانیشتووانی شارەكەی كوشت كە پەنجا هەزار كەسێك بوون. ئەوەی بە ئەركی پیرۆزی دینی (جیهاد) لە قەڵەم دەدرا، بریتی بوو لە كوشتوبڕ و تاڵانی و ئەتككردنی ژنان.

حەسەن نیزام نیشابووری لە تۆمارگەی (تاجی سەردەم)دا دەنووسێت: (كە قوتبەددین ئایبەگ، ئەوی لە نێوان ساڵانی ١١٩ و ١٢١٠دا فەرمانڕەوای دەلهی بوو، پەلاماری شاری (میرات)ی دا، هەموو پەرستگا هیندۆسییەكانی لەگەڵ زەویدا تەخت كرد و مزگەوتی لە جێیان ڕۆ نا. لە شاری (ئالیكرا)یش، هەموو هیندۆسەكانی بە زەبری شمشێر هێنایە سەر ئایینی ئیسلام، ئەوانەی ملیان نەدا، سزای سەربڕینی بەسەردا سەپاندن.)

مێژوونووسی فارس، وەسسافی شیرازی دەنووسێت: (كە عەلادین خەلجی پەلاماری - كامبایات - ی دا، چی نێری باڵق لە شارەكەدا هەبوون، كوژران، چی ژن هەبوون، بە دیل گیران و چی خشڵ و كاڵای گرانبەهایش هەبوون، دەستیان بەسەردا گیرا.) هیندستان وەڵاتێكی ئاوەدان بوو، مەڵبەندی فیكر و هونەر و پێكەوە ژیان بوو، هەر كە ئیسلام گەییشتە ئەوێ، ئیدی نە هونەر ما، نە فیكر، نە كولتووری پێكەوە ژیان، بە كۆیلەكردن، سەربڕین، ئەتككردن و تاڵانكردن برەویان پەیدا كرد. لە ١٩٧١دا و لە شەڕی نۆ مانگەی نێوان پاكستان و (بەنگلادیش)دا كە هەردوو لایان موسوڵمان بوون و پێشتر سەر بە هیندستانیش بوون، نزیكەی سێ میلیۆن بەنگلادیشی كوژران و دەیان هەزار ژنیشیان لاقە كران.

وەك ویڵ دورانت دەڵێت: (دیرۆكنووسانی سەر بە ئیسلام بە شانازییەوە ئەو مێژووەیان تۆمار كردووە كە تێیدا موسوڵمانان، پەلاماری هیندستانیان داوە، خەڵكەكەیان بە زۆر هێناوەتە سەر دینی ئیسلام، ئەوی نەبووبێت بە موسوڵمان، سەریان بڕیوە، سامانی وەڵاتەكەیان تاڵان كردووە، پەرستگایان بە پێوە نەهێشتووە و كوڕان و كچانیان وەكوو كۆیلە و كەنیزەك بردووە.) ڕەزوان سەلیم دەڵێت: (ئەو شارستانییەی لە هیند هەبوو، گەشەسەندووترین شارستانیی دونیا بوو، موسوڵمانانی بكوژ، لە دوورگەی عەرەبی و خۆرئاوای ئاسیاوە هاتن، لێ نەگەڕان ئەو شارستانییە، بەرەو پێشتر هەنگاو بنێت و خاپووریان كرد.)

لە سەرەتاوە ئومەوییەكان كە هاتن هەموو كەسیان نەدەكوشت، لێ دەگەڕان هیندۆس لەسەر دینی خۆی بمێنێتەوە، بەو مەرجەی باج بدات، بەڵام دواتر كە باسكی موسوڵمانان بەهێزتربوو، ئیدی ئەوی دینی ئیسلامی قەبووڵ نەكردبا، بە باج لێی خۆش نەدەبوون، دەیانكوشت و چی شك بردبا، تاڵانیان دەكرد. كە هیندییەكان بە دیل دەگیران، بۆ فرۆشتن هەناردەی وەڵاتانی دیكە دەكران، بەڵام پێشەكی هەر نێرینەیەك گەنج بووایە، دەیانخەساند. موسوڵمانان كۆیلە و كەنیزەكیان، بە دیاری خوا دەزانی و دەستكەوتنی كەنیزەك، پاڵنەری یەكەمیان بوو بۆ جیهاد. بە فەرمانی حەججاجی كوڕی یوسفی سەقەفی لەماوەی سێ چوار ساڵدا (٧١٢ - ٧١٥) نزیكەی سێ سەد هەزار كۆیلە هەناردەی وەڵاتانی عەرەب كران. سوڵتان مەحموودی غەزنەوی كە توركی ئەفغانستان بوو، لە هیندستانەوە سەدان هەزار كۆیلەی ڕەوانەی وەڵاتانی ئیسلامی كردووە. بەشی خەلیفە لە هەموو ئەوانەی بە كۆیلە دەكران، پێنجیەك بوو. لە سەردەمی (جاهیلی)دا، بەشی سەرۆكی خێڵ لە تاڵانی، چواریەك بوو، ئیسلام كردی بە پێنجیەك، ئەمەیش هاندەرێك بوو بۆ ئەوەی تاڵانچییان بە ئیسلامەوە پێوەست ببن.

(شمشێر دەتگوت بروسكەیە لەنێو هەورێكی تاریكدا، فوارەی خوێن لە ئەستێرەی كشاو دەچوو، خۆشەویستانی خوا، دوژمنیان بەزاند، موسوڵمانان تۆڵەیان لە كافران سەندەوە، پازدە هەزاریان لێ كوشتن، تەرمەكانیان بوون بە خۆراكی قەل و داڵ. خوا پێنج سەد هەزاری لە كیژان و كوڕانی جوان، بە خۆشەویستانی بەخشی.) ئەوە شیعر نییە، پەرەگرافێكە لە یەكێك لە ڕووپەلەكانی مێژووی خوێناویی ئیسلام، سكرتێری سوڵتان مەحموودی غەزنەوی تۆماری كردووە.

كە ساڵی ١٠٧٩غەزنەوییەكان پەلاماری (پەنجاب)یان دا، دەستكەوتیان سەدهەزار كۆیلە بوو. پەرەسەندنی بازرگانیی كۆیلە، زادەی پەرەسەندنی ئیسلام بوو. جاهار: بریتی بوو لەوەی، ژن بۆ ئەوەی ئەتك نەكرێت، خۆی دەسووتاند، لە ژمارە نایەن، چەند ژنی هیندی، بۆ ئەوەی دەست لەشكری موسوڵمانان نەكەون، خۆیان سووتاندووە. میر خەسرەو كە سۆفی بوو، دەڵێت: (تورك هەر خەریكی ئەوەبوون، هیندۆس بكوژن، بكڕن یان بفرۆشن.)

حەریم كە شوێنی ژنانی لە ژمارە نەهاتووی سوڵتانە، پێویستی بە پاسەوانی هەبوو، ئەو ئەركە كۆیلەی خەسێنراو ڕایدەپەراند. كوێلەی خەسێنراو نە دەیتوانی لەگەڵ ژنانی حەریمدا دەست تێكەڵ بكات، نە دەیتوانی ژن بهێنێت و وەچە بخاتەوە. یەكێك لەو هۆكارانەی وایان دەكرد، ڕێژەی دانیشتووانی هیندستان لەسایەی ئیسلامەوە، ڕوو لە كزی بكات، خەساندن بوو، ئاخر ژمارەی خەسێنراوان بەردەوام ڕوو لە هەڵكشان بوو. زۆر لە سوڵتانەكان بە هەزاران كوڕێژگەی خەسێنراویان هەبوو، زۆریان حەزیشیان لە كوڕی جوان بوو، سوڵتان مەحموودی غەزنەوی یەكێك بوو لەو پیدۆفیلانە. (تیلاق) كوڕێكی زێدە جوانی هیندی بوو، هێندە سەرنجی سوڵتان مەحموودی ڕاكێشابوو، كردبووی بە فەرماندەی لەشكر.

(١) الغزو الاسلامی للهند: أعظم إبادە جماعیە فی التأریخ، ترجمە: مصطفی الفارس.
(2) Islamic Invasion Of India: The Greatest Genocide In History.
 (*) ئێستا هیندستان لە ڕووی ژمارەی موسوڵمانەوە، یەكەم وەڵاتی دونیایە، ئەندەنوسیا و پاكستان، دووەم و سێیەمن. هەنووكە لە هیندستان و پاكستان و بەنگلادیش، كە سەر بە هەمان نیمچە كیشوەرن، زیاد لە نیو میلیارد موسوڵمان هەن. ئەگەر نیمچە كیشوەری هیند بەر غەزوو نەكەوتبا، خەڵكی ڕەسەنی ئەوێ، لەسەر دینە دێرینەكانی خۆیان دەمان و ڕەنگە ئێستا نیو میلیۆن موسوڵمانیش لەو وەڵاتانە نەژیابا.
 (**) وەك مەدینە بێ نەبی بێ، یا نەجەف بێ، بێ عەلی
شاری غەزنەش ئێستە بێ مەحموودە وەك داریكەلی
حەمدیی شاعیر ستەمێكی گەورەی لە شێخ مەحموودی حەفید كردووە، كە بە خوێنڕێژێكی وەك سوڵتان مەحموودی غەزنەویی شوبهاندووە..

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.