سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

داهاتی زەكات، قەبارەی گەورە و كاریگەری بچوك

پێش 1 هەفتە



سەركۆ یونس

زەكات، یەكێكە لەبنەماكانی باوەڕبوونی موسڵمانان، خوای گەورە، لەساڵی دووی كۆچی واجبی كرد لەسەر باوەڕداران، بە دەقی ئایەتی (خُذْ مِنْ أَمْوَالِهِمْ صَدَقَةً تُطَهِّرُهُمْ وَتُزَكِّيهِمْ بِهَا وَصَلِّ عَلَيْهِمْ إِنَّ صَلَاتَكَ سَكَنٌ لَهُمْ) [التوبة: 103]

بەپێ ی شەریعەت و بارودۆخی هەر كۆمەڵگاو وڵاتێكی ئیسلامی، زەكات بەخشین، مەرج وئەحكام و ڕێنمایی تایبەتی هەیە، كە لیژنەی باڵای ئایینی یان موفتی وڵات، بڕیاری لەسەر دەدات.

لەهەندێ وڵاتانی ئیسلامیدا، دەزگای تایبەتمەند و لیژنەی پسپۆڕ، هەڵدەستن بە وەرگرتن و دابەشكردنی داهاتی زەكات، بەسەر ئەو كەس وخێزان و چین وتوێژانەی كە زەكات دەیانگرێتەوە، بێ گومان بە شەفافی وبەدەستپاكی.

خوای گەورە، هیچ حوكمێكی لەسەر زەوی بەبێ حیكمەت دانەبەزاندووە، یەكێك لەحیكمەتەكانی زەكات، كەمكردنەوەی جیاوازی نێوان دەوڵەمەندو هەژارانە.
زەكات، موعجیزەیەكە، لەبواری  یاسادانان و ئابوری و وكۆمەڵایەتیدا، كاریگەری ودەرئەنجام وڕەهەندی ئابوری و كۆمەڵــایەتی هەیە، لەسەر تێكڕای دانیشتوان.

لەهەرێمی كوردستاندا، ساڵــانە ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم، بڕیار دەدات لەسەر بڕو جۆری زەكات، بۆ ئەمساڵ، لە فەتوایەكدا ڕێژەی زەكاتی دیاری كرد،  زەكات لە(7)ملیۆن دینارەوە دەستپێدەكات، و بۆ هەرملیۆنێك بڕی (25) هەزار دینار، زەكاتی دەبێت لێ‌ بدرێت.

لەنەبوونی دەزگایەكی سەربەخۆی خاوەن كەسایەتی دەستپاكدا، زۆرێك لە لایەن و حزب و كۆمەڵە وگروپەكان، هەستاون بە دامەزراندنی لیژنە یان دەزگای حزبی بۆ كۆكردنەوەی زەكاتی خواپێداوانی ئەندام و لایەنگرانی خۆیان و دابەشكردنیان بەسەركەسانی تاڕادەیەك نزیك لەخۆیان، زۆربەی كات ئامانجی سیاسی، لەپشت پێكهێنانی ئەم لیژنانەوەیە.

لەلایەكی ترەوە، بەهۆی نەبوونی هاوئاهەنگی و پەیوەندی لەنێوان ئەم لیژنانەدا، هەندێجار، كەس یان خێزان هەیە زیاتر لەجارێك زەكاتی پێدەدرێت، لەكاتێكدا لەوانەیە كەس و خێزانی تر هەبن، هیچیان بەرنەكەوتبێت!

هەروەها بەهۆی نەبوونی ئامارێكی دروست، نازانرێت چەند كەس و خێزان هەژارو بێ دەرەتانن، نازانرێت ژمارەی ئەو كەسانە چەندن، كەدەچنە ژێر سێبەری زەكاتەوە، هەندێجار كەسی ناشایستە زەكاتی، پێ دەدرێت.

تەنانەت حكومەتی هەرێمیش ئاماری دروستی لەلا نی یە! كەپێویستە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی و دەستەی ئاماری هەرێم، ڕێژەو ژمارەی هەموو ئەو چین وتوویژانەی كەهەژارو بێنەوان و ئەو كەسانە دەستنیشان بكەن، كەزەكات دەیانگرێتەوە.

بەپێ ی ئامارەكان، هەرێمی كوردستان، خاوەنی ڕێژەیەكی بەرچاوە لەسەرمایەداران، زیاتر لە 10 هەزار كەس سامانەكانیان سەرووی (5) ملیۆن دۆلارە و 13سەرمایەداریش لە سەرووی ملیار دۆلارەوەن، ئەگەر بەتەواوی زەكاتیان لێ وەربگرێت، ڕێژەی زەكاتیان نزیكەی (750) ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت.

لەلایەكی ترەوە بەسەدان، دەوڵەمەند هەن كەبەهەڕەمەكی و بێ بەرنامەو پلان، زەكاتی سەروەت وسامانەكانیان دەردەكەن، بەڕێژەی بچوك و بڕی كەم، بەسەر زۆرترین كەسدا دابەشدەكەن، كەبەداخەوە كاریگەری لەسەر دۆخی دارایی كەسان دروست ناكات.

هەروەها ڕێژەیەكی زۆری زەكاتدەرانی تر هەن، خۆیان لەزەكاتدان دەدزنەوە، زەكاتەكانیان بەسەر كوڕو كچ و هاوسەرەكانیان دابەشدەكەن، یان بە پێچەوانەوە، بەبێ ئەوەی ئەم كەسانە لەو چینانە بن، كەخوای گەورە دەستنیشانی كردوون!

زەكات، چەندین كاریگەری هەیە لەسەر ئابوری لەوانە:-

یەكەم:-  ڕۆڵی زەكات لەهاندانی وەبەرهێنان.

زەكات، بەیەكێك لەهاندەرەكانی پرۆسەی وەبەرهێنان دادەنرێت، ئەمەش لەڕێگەی بەگەرخستنی سامان ودارایی پاشەوكەتكراو لەوەبەرهێناندا، لەترسی كەوتنەژێر سایەی زەكاتەوە، كەواتە زەكات هانی دارایی پاشەكەوتكراو دەدات، بۆ بەگەڕخستن، ئەمەش دەبێتەهۆی زیادكردنی توانای بەرهەمهێنان و پاشان ڕەخساندنی هەلی كار، سەرئەنجام دەبێتەهۆی بوژانەوەی بازاڕو چالاكییەئابوریەكان.

دووەم:-  ڕۆڵی زەكات لەدوبارە دابەشكردنەوەی ساماندا.

سەرەڕای جیاوازی دەوڵەمەند و هەژاران، بەڵام ئاینی پیرۆزی ئیسلام چارەسەری ڕیشەیی داناوە و ڕێگەنادات دەوڵەمەند دەوڵەمەندتر بێت و هەژارانیش هەژارتر بن، لەپێناو گەورەنەبوونی بۆشایی نێوان چینەكانی كۆمەڵگا، ئیسلام زەكاتی واجب كردوە لەسامانی دەوڵەمەندان بدرێت، بەهەژاران وبێ نەوایان، بەمەش جارێكی تر سامان دابەشدەكرێتەوە و لەم ڕێگەیەوە ئاستی بژێوی هەژاران بەرزدەبێتەوە و دادپەروەری ئابوری لەنێوان تاكەكانی كۆمەڵگادا، بەدەستدێت.

سێ یەم:- ڕۆڵی زەكات لەبەدەستهێنانی گەشەپێدانی ئابوریدا.

دەركردنی زەكات لەسامان وداراییدا، دەبێتەهۆی دەستكەوتنی پارە لەلای هەژارونەداراندا، ئاستی داهاتیان زیاددەبێت، ئەمەش زیادبونی بەكاربردنی پەیدادەبێت و خواست لەسەر شمەكی بەكابردن بەرزدەبێتەوە وسەرئەنجام بەرهەمهێنان و وەبەرهێنانی زیاتر لێ پەیدا دەبێت، لەمەیشەوە هەلی كار دەرەخسێت و توانای بەرهەمداری ئاستی ئابوری تاك و كۆمەڵگا باشتر دەبێت، ئەمەش گرنگترین ئامانجەكانی گەشەپێدانی ئابورییە.

چوارەم:-  ڕۆڵی زەكات لەچارەسەركردنی كێشەئابورییەكاندا.

زۆربەی كۆمەڵگا ئیسلامییەكان، تووشی ئاستەنگی ئابوری وكۆمەڵایەتی دەبنەوە، ژیانی ڕێژەیەكی بەرچاوی هاونیشتیمانیان، تووشی كێشە وقەیران دەبن، لەوانە بێكاری وجیاوازی داهات وكەمی پارە، لەبەرئەوە ئاینی ئیسلام، سنورێكی داناوە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشانە، ئەویش بەدەركردنی زەكاتی ماڵ وسامانی خواپێداوان.

بەداخەوە زۆربەی كات، زەكات، ئامانجە گەورەكەی خۆی بەدەست نایەنێت و كاریگەری ئەوتۆی نیە، لەلایەنی ئابوری وكۆمەڵایەتییەوە.

دەركردنی زەكات و دابەشكردنی بەسەر ئەوكەسانەی كە زەكات دەیانگرێتەوە، بەم شێوازە تەقلیدیە و بەخشین بە هەرەمەكی، مافی خۆی لەگرنگی زەكات بۆ ئابوری هاوچەرخ لەدەست دەدات، لەبەرئەوە زۆر گرنگە، دوبارە خوێندنەوەی ئایینی و زانستی بۆ زەكات بكرێت، هەروەها ئامڕازەكان و میكانزیمەكان گەشەیان پێ بدرێت، كەلەگەڵ بارودۆخی كۆمەڵگا وكێشە هاوچەرخەكاندا، بگونجێت، تا هیچ نەبێت، بەشێك لەو گرفت و كێشانە چارەسەر بكات، كەكۆمەڵگا بەدەستیانەوە دەناڵێنێت.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.