سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

بــــــــازاڕ و ڕەمـــــەزان

پێش 4 هەفتە


سەركۆ یونس

ڕەمەزانی ئەمساڵی هەرێم جیاواز لەڕەمەزانەکانی پێشوو، لەگەرمەی وەرزی بەهار و گەشتوگوزاردایە، بارودۆخی ئابووری و دارایی هەرێم، سەرەڕای ڕێکكەوتنی هەولێر و بەغداد و بەرزی نرخی نەوت، هێشتا بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنێت، مووچە کە سەرچاوەی سەرەکی بژێویی دانیشتوانە هێشتا بەلێبڕینەوە دابەشدەکرێت. سەرەڕای گەشتنی "ڤاکسین" و کوتانی هاونیشتیمانییان، جیلی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەهەرێمدا بڵاوبووەتەوە، لایەنەپەیوەندیدارەکان هۆشیاری خراپبوونی زیاتری دۆخی تەندروستی دەدەن، ناوەندەکانی خوێندن بەزانکۆکانیشەوە دەوامیان ڕاگیراوە.

ڕەمەزان و گرانی بازاڕ لەزۆربەی وڵاتانی ئیسلامیدا دووانەیەکی بەیەکەوە گرێدراون، بەپێچەوانەی وڵاتانی نا-ئیسلامی لەکاتی بۆنە و یادەکاندا، نرخەکانیان دادەبەزێنن، خواستی کڕیار و بەکاربەری ڕۆژووەوان لەم مانگەدا، پێچەوانەی یاسای خواستە، سەرەڕای بەرزبوونەوەی ئاستی نرخەکان، کڕیاران بڕی خواستیان کەمناکەنەوە، ڕەمەزانی ئەم بەهارە لەکاتێکدایە بەرهەمە سەرەکییەکانی کەرتی کشتوکاڵی هەرێم، بە بەرهەم نەهاتوون و هێشتا پێنەگەشتوون، مەترسیش هەیە ئەمساڵ بەهۆی ووشکەساڵییەوە بەشێکی زۆری بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێم لەناوبچن و نەیەنە بەرهەم.

دەرئەنجامی "کۆرۆنا ڤایرۆس" لە ئابووری جیهانیدا ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی(FAO) باس لەوە دەکەن؛ کەبەرهەمی کەرتی کشتوکاڵی جیهانی، بەرەو دابەزین چووە، مەترسی لەسەر کەمبوونەوەی تەواو هەیە لەبازارەکاندا، هەربۆیە تێبینی دەکرێت ئاستی گشتی نرخەکانی خۆراک بەرەو هەڵکشان ڕۆشتووە. لە هەرێمدا؛ بۆ پڕکردنەوەی خواستی کڕیاران، ناچار پەنا دەبرێتە بەر هاوردەکردن لەدەرەوە بەگشتی، هەردوو وڵاتی ئێران و تورکــیا بەتایبەتی، هەریەک لەم دوو وڵاتە بەهۆی کێشە سیاسییەکانیانەوە، ئابووریەکانیان بە بارودۆخێکی نا-جێگیری نەختینەیی و داراییدا گوزەر دەکەن، بەهای دراوەکانیان لەئاستێکی زۆر نزمدایە و ناچار نرخی شمەکەکانیان بەرزکردووەتەوە، بەمەش هاوردەکردن لەم وڵاتانەوە، بەنرخی بەرز دەبێت و لەناوخۆش بەنرخی بەرزتر دەفرۆشرێت. بە پێی ئامارەکان ڕێژەی(80%) پێداویستییە خۆراکییەکانی هەرێم لە ئێران وتورکیاوە هاوردە دەکرێت، لەلایەکی ترەوە، بەهۆی بڕیارەکەی بانکی ناوەندی و حکومەتی ئێراقییەوە، بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەڕێژەی (20%-25%) داشکێنرا،  پەرلەمانی ئێراقیش لەیاسای بودجەی گشتییدا، بەهەمان ڕێژە بودجەی پەسەندکرد، ئەمەش جارێکی تر بارگرانی دروست دەکات، لەسەر بودجەی خێزانەکان و ڕێژەی(25%) نرخی شتەکان بەرزبوونەتەوە. هەروەها لەماوەی پێشوودا بەهۆی هەندێ هۆکارەوە نرخی گۆشتی مریشک بەرزبویەوە و، بووە جێگای دڵتەنگی زۆربەی هاونیشتیمانییان، لەئێستادا نرخی کیلۆیەک مریشک، لەسەروو(3,750) دینارەوەیە.

یەکێک لەگەورەترین گرفتە سەرەکییەکانی کۆمەڵگای کوردستان نەبوونی هۆشیارییە بەشێوەیەکی گشتی، هۆشیاری کڕین و دابینکردنی پێداویستییەکانیان بەتایبەتی، چونکە بەپێی وتەی بەرپرسانی حکومی و بازرگانانی هەرێم، هیچ گرفتێک لەپێداویستییەکانی خۆراکدا نیە و زۆربەی کۆگاکانیان زیاد لەپێویست خۆراکیان هەڵگرتووە، کەچی چوونە بازاڕی کڕیاران وەک ئەوە وایە کە بازاڕ هیچی تێدا نامێنێت! لەبەرئەوە زۆر گرنگە هاونیشتیمانیان بەهۆشیارییەوە ڕۆژانە پێداویستییەکانیان دابین بکەن،  دوور لە هەڵپە و پەلاماردان، چونکە هەر جووڵەیەکی بەکاربەران ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بازاڕ دروست دەکات و لەبەرژەوەندی فرۆشیاران و بازرگانان دەبێت.

گومانی تێدا نیە حکومەت ناتوانێت نرخی شتومەک و کاڵاکان دیاری بکات، بەڵکو نرخ بەمیکانزمی بازاڕ دیاری دەکرێت، هەربۆیە حکومەت تەنها دەتوانێت چاودێری نرخەکان بکات، هەروەها هەوڵی ڕێگریکردن لەقۆرخکاری و بەرزکردنەوەی نرخی هەندێ شمەک دەکات، هیوادارین فرۆشیاران و بازرگانان لەم مانگە پیرۆزەدا، بەهەستێکی ئاینی و ئەخلاقی و نیشتیمانی بەرپرسیارانەوە، بەرهەمەکانیان بخەنەڕوو، لەبەرامبەردا هاونیشتیمانییان بەئاسانی و بێ کێشە پێداویستییەکانیان دابین بکەن.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.