سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

كتێبی (گەردوونێك لە هیچەوە)ی لۆرێنس كراوس دەكرێتە كوردی

پێش 4 هەفتە


 

دیاری سابیر


كتێبی (گەردوونێك لە هیچەوە - A Universe from nothing)، كە لە نوسینی فیزیازانی بەناوبانگ لۆرێنس كراوسە، وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی كوردی. ئەم كتێبە زانستییە گرنگە لە لایەن سەروەر موحەمەدەوە وەرگێڕدراوە بۆ زمانی كوردی و م. حوسەین ڕابی پێداچوونەوەی بۆ كردووە، ڕۆژی شەممە بە تیراژی ١٠٠٠ دانە لە ناوەندی غەزەلنووس بڵاو دەكرێتەوە.

 

 

لە باسی گەردوونێك لە هیچەوە، سەروەر موحەمەد، وەرگێڕی كتێبەكە بە سایتی دابڕانی وت:

ئەم کتێبە بەدەر لەوەی بۆ زیاتر لە بیست زمانی جیهانی وەرگێڕدراوە، هاوکات خەرمانێکی زانستیی و مەعریفیی لەخۆگرتووە. تێڕوانیەکانی ناو ئەم کتێبە تەواو زانستیین و بەتایبەتتر تەواو فیزیایین. لە دیدێکی زانستییەوە پێناسەی چەمکەکانی " هیچ "، " شت " و تەنانەت "خودا"ش کراوەتەوە. لێرەدا ڕاستە فۆڕمی چەمکەکان هەمان ئەو فۆڕمانەن کە لە فەلسەفە و تیۆلۆجییدا بەکارهاتوون بەڵام ناوەڕۆکەکەیان جیاوازە و سەربە پانتایی خوێندنەوەیەکی زانستیین. بۆ نموونە "هیچ" ئیتر ئەو هیچە نییە کە فەیلەسوفێک لەبارەیەوە دواوە، بەڵکو لێرەدا "هیچ" فەزای بەتاڵە کە پڕە لە وزە. واتە نووسەر لە ڕووی فۆڕمەوە گەمەی بە چەمکەکان کردووە تا لێیانەوە خوێنەر ئاشنا بە چەندین حەقیقەتی زانستیی و فیزیایی بکات.

 

هەروەها، سەبارەت بە گرنگی هەبوونی ئەم كتێبە بە زمانی كوردی وتی:

سەرەڕای ئەو مەعریفە و زانستە نوێ و ناوازەیەی نووسەر پێشکەشی کردووە، دەمەوێ خوێنەری کوردزمان ئاشنابێت بەو بۆچوون، فیکر و میتۆدە، کە نووسەر پێشکەشی دەکات. مەبەستمە بڵێم؛ لەپاڵ ڕوانگە، بۆچوون و خوێندنەوەکانی تر، جا هەرچۆنێک بن و هەرچییەک بن، ئەم خوێندنەوەش هەیە. ئیتر خوێنەر خۆی، دوای خوێندنەوەی کتێبەکە، گەڕان و پشکنینی زیاتر، بڕیار دەدا.

 

لۆرێنس كراوس فيزيازانێكی تيۆرييە لە ساڵی ١٩٥٤ لە دايكبووە. بڕوانامەى بەكالۆريۆسی لە بيركارى و فيزيا و، ماستەرى لە زانكۆى كارليتۆن لە ئۆتاوا بە دەست هێناوە. لە ساڵی ١٩٨٢ بڕوانامەى دكتۆراى لە فيزيادا، لە زانكۆى ئێم ئاى تی وەرگرتووە. يەكێكە لە فيزيازانە هەرە ناسراوەكان كە بايەخدانێكی فراوانی هەيە بۆ پرسەكانی نێو زانستی فيزيا، و ئەمەيش لە توێژينەوەكاندا ڕەنگی داوەتەوە؛ لە فيزياى تەنۆلكەييەوە تا گەردوونناسی. بە شێوەيەكی سەرەكی توێژينەوەكانی سەرنج دەخەنە سەر بنچينە و پەرەسەندنی گەردوون.

 

كراوس خاوەنی زياد لە ٣٠٠ بڵاوكراوەى زانستيی و ١٠ كتێبی بە ناوبانگە، لە پڕفرۆشترين كتێبەكانيدا، فيزياى ستار ترێك و گەردوونێك لە هيچەوە هەن. دواترين كتێبی بە ناونيشانی فيزياى گۆڕانی كەشوهەوا لە مانگی يەكی ئەمساڵدا بڵاوكرايەوە. لەگەڵ ئەمانشدا، كراوس بەردەوام لە گۆڤار و ڕۆژنامەكاندا نوسينەكانی بڵاو دەكاتەوە، لەوانە نيۆرك تايمس و نيۆركەر. 

 

كراوس كتێبی گەردوونێك لە هيچەوەى لە ساڵی ٢٠١٣دا بڵاوكردەوە كە لە ٢٤٠ لاپەڕە پێكهاتبوو. تيايدا هەوڵدەداتبە دواى وەڵامی هەندێك پرسيارى گەوردا بگەڕێت؛ گەردوون لە كوێوە هاتوو؟ چی هەبوو پێش درووستبوونی؟ هەروەها، بۆچی لە جێی هيچ، شت هەيە.

 

هەر سەبارەت بەم كتێبە سام هاريس، زاناى دەمارى و نوسەرى ئەمريكی دەڵێت:

"لە كتێی (گەردوونێك لە هيچەوە)دا، لۆرێنس كراوس ناساندنێكی سەرنجڕاكێشی نووسيوە سەبارەت بە دۆخی ئێستاى گەردوونناسی: ئەو لقەى زانست كە دەربارەى ڕابردوويەكی قوڵ و داهاتوويەكی قوڵتر بۆمان دەدوێت و ئاشنامان دەكات پێی. وەك دەردەكەوێت، هەموو شتێك پەيوەندييەكی زۆرى بە هيچەوە هەيە. ئەمە كتێبێكی ناوازە و نايابە."

 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.