سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئەو شوێنەی داعش ژنانی تێدا سزا دەدا
گەورەترین ماراسۆنی پاسكیل سواری ژنانی تێدا بەڕێوەچوو

پێش 4 هەفتە


نور ئەو ڕۆژەی كە ماراسۆنی پاسکیل سواری بۆ ژنانی شارەكە رێكخرا نەیتوانی بەشداری بكات، نەک لەبەر رێگە نەدانی خێزانەكەی یان داب و نەریتی كۆمەڵگا، تەنیا هۆكار ئەوە بوو لە نزیكی ئەو ناوچەیەی كە ماراسۆنەکەی لێ ڕێكخرابوو پێشتر لەلایەن داعشەوە  بە"گاز"ی لێدرابوو .

 

نور وەعزان پەرستیارێكی تەمەن 30ساڵە دەلێت لە تەمەنی منداڵیەوە ئارەزوی ئەوەی هەبووە بتوانێت فێری لێخورینی پاسكیل ببێت و بە شەقامەكانی شاردا بە سەر سەربەستی بسوڕیتەوە، بەڵام كاتێك داعش بۆ ماوەی سێ‌ ساڵ ئەو شارەی داگیر كرد نەیتوانی خەونەكەی بهێنێتە دی، ئەو دەڵێت زۆر دڵخۆشە كاتێك كچەكان دەبینێت بە سواری پاسكیلە ڕەنگاو ڕەنگەكانیان بە دوای یەكدا ئەڕۆن،پێی وایە ئەم ڕووداوانە بەشداری دەكەن لە سڕینەوەی یادەوەری تاڵ و ناخۆشی سەردەمی خەلافەتەكەی داعش، كە پێشتر ئەو شەقامە بە هۆی كارە دڕندەییەكانی داعشەوە هەمیشە بۆنی خوێنی لێئەهات.
 

سزای "گاز لێگرتن"ی بەسەردا جێ‌بەجێ‌ كراوە
نور لە ساڵی 2015 دا لە لایەن داعشەوە سزای"گازلێگرتن" بەسەردا سەپێنراوە كاتێك داوای یارمەتی لە چەكدارێكی داعش كردووە كە بەهۆی توند بەستنی پەچەكەیەوە توشی هەناسە توندی بووە.

 

نور زەردەخەنەیەك دەکات و دەلێت کە لە سەردەمی حكومی داعشدا قەت بە خەیاڵدا نەهاتووە جارێكی تر ژنان بتوانن بە "قژى کراوە" و پاسکیل لێخوڕینەوە بەسەر شەقامەكانەوە ببینرێن، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات "کچەکەی هێشتا نازانێت پاسکیل سواری بکات، کۆمەڵگاش بە گشتی ڕێگە نادات ژنان لە هیچ شوێنێک چالاکیان هەبێت کە ئاسایی بێت، بۆیە ئەم ماراسۆنە دەرفەتێکە بۆ وەبیرخستنەوەی کۆمەڵگا کە بێبەشن لەو جوانییە".

توندوتیژی دژی "منداڵان و ژنان" زیادی كردووە
ڕەحمە ئەحمەد دەڵێت: ژنانی لە موسڵ بە شێوەیەکی زۆر ترسناک ئازار دەکێشن، بە هۆی جەنگەوە  ژمارەیەكی زۆر لە بێوەژن و منداڵ بە جێ ماون، كەم دەرامەتی و  باری نالەباری ژیان ڕێژەی خۆکوشتنى لەناو ئەو خێزانانەدا بە شێوەیەکی تۆقێنەر بەرز كردۆتەوە، بەپێی ئامارە ناڕەسمییەکان توندوتیژی دژی منداڵان و ژنان نزیکەی 40٪ زیادیکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی شارەکە لە دەستی داعش ڕزگارکرا بە بەراورد بە ساڵانی پێش ئەوەی ئەو گروپە داگیرى بكات، بە وتەی ڕەحمە لە کاتی کۆنترۆڵکردنی شارەكە لە لایەن داعشەوە سزای سەرپۆشیشی بۆ دەرکراوە،


زیاتر لە 10 هەزار بێوەژن لە شارەكەدا بونیان هەیە

لە ڕاستیدا زۆر کەس هەن کە بە " ژنانی ڕێکخراوەکە " ناسراون ، ئەو ژنانەی کە لەگەڵ ئەندامانی داعش ، خوشک یان دایک و کچی ئەو توخمانەدا هاوسەرگیرییان کردووە دایكی عومەر، یەکێکە لەو ژنانە دەڵێت"موسڵی جێهێشتوە بەهۆی ئەوەی خۆی و منداڵەکانی لە تاوانەکانی هاوسەرەکەی بەرپرسن"

دایكی عومەر دەڵێت: ژنان لە موسڵ بە تایبەتی لە ژێر دەستی داعشدا زۆر زوڵمیان لێ کراوە، چەکدارانی داعش ژنان و مەسیحییەکانی ئێزدی تاڵان دەکەن، ژنانی موسڵمانیان بە زۆر لە دابونەریتی تونددا ژیان بەسەر دەبەن، کچانی گەنجیش بە زۆر هاوسەرگیریان کردووە.

دوای دەرکردنەکەی گروپەکە لە شارەكە  مەزەندە دەکرێت زیاتر لە 10 هەزار بێوەژن لە موسڵ دا بن و ژمارەیەکی زۆر لەو ژنانە لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا لە شارەکە هاوسەرەكانیان لە دەست داوە، لە کاتێکدا خراپی باری ئابووری باڵی بەسەر سەرجەم ژنانی شارەكەدا كێشاوە .



نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.