سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

یەكێتیی زانایان: بەكارنەهێنانی ڤاكسین دەچێتە چوارچێوەی گوناهەوە

پێش 4 هەفتە


سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند، بەكارهێنانی پێكوتەی كۆرۆنا پێویستییەكی شەرعییە و بەكارنەهێنانی دەچێتە سنوری گوناهەوە و بونی ماددەیەكی قەدەغەكراو لە ئیسلامدا، نابێتە هۆی قەدەغەكردنی بەكارهێنانی پێكوتەكە.
 
مەلا عەبدوڵا وەیسی سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام رایگەیاند "بەكارهێنانی پێكوتەی كۆرۆنا لەلایەن كەسانی بەڕۆژوەوە كاریگەریی نابێت، ئەگەر رۆژووەوانێكیش بەهۆی بەكارهێنانی پێكوتەكەوە، هەستی بە ماندویی كرد، دەتوانێت رۆژوەكەی بشكێنێت و دوای مانگی رەمەزان بیگرێتەوە".
 
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا مەلا عەبدوڵا وەیسی باسی لەو دەنگۆیە كرد كە ماددەی بەراز لە پێكوتەكەدایە و بەو هۆیەوە، بەكارنایەت و وتی"لە روانگەی شەرعەوە، بونی ماددەیەكی حەرام لەناو پێكوتەكە، ماددەی بەراز بێت یان هەر چییەكی دیكە بێت، نابێتە هۆی حەرامبونی پێكوتەكە، ماددەكە ناوەكەی لەسەر نەماوە و لەو حاڵەتەدا وەك ماددەیەكی حەرام تەماشا ناكرێت".
 
سەرۆكی یەكێتیی زانایان راشیگەیاند"بەكارهێنانی پێكوتە پێویستییەكی شەرعییە و هەر كەسێك بەكارینەهێنێت دەچێتە سنوری گوناهبارەوە".
 
دوای بڵاوبونەوەی دەنگۆی بەكارهێنانی ماددەی بەراز لە دروستكردنی ڤاكسینی كۆرۆنا، بەشێك لە موسڵمانان پێیانوابوو بەكارهێنانی ڤاكسین حەرامە. لە مالیزیا هەمان گرفت رویدا، كاتێك لە 2018 وتیان ڤاكسینی سورێژە حەرامە، ئەمەش وایكرد خەڵكی ئەو وڵاتە ڤاكسین بۆ منداڵەكانیان بەكارنەهێنن، ئەو ساڵەش ژمارەی حاڵەتەكانی سورێژە گەیشتە لوتكە، سێیەم زۆرترین حاڵەتەكانی سورێژە لە جیهاندا لە مالیزیا تۆماركران. 
 
پێشتر محەممەد عەسری موفتی و سەرپەرشتیاری ئایینیی مالیزیا لەبارەی بەكارهێنانی ڤاكسین رایگەیاندبو"با دۆخەكە ئاڵۆز نەكەین كە بە بچوكی بیری لێبكەینەوە، چونكە ئەگەر شتێك بۆ گشتی و نەتەوەیەك بێت، دەبێت رێكبخرێت و ئاسانكاری بۆ بكرێت". دەشڵێت:"ئەگەر ڤاكسینێك لە پێكهاتەی حەڵاڵ دروستبكرێت باشترینە و یەكەم بژاردە دەبێت، بەڵام تەنانەت ئەگەر ڤاكسینێك ماددەیەكی رێگەپێنەدراوی تێدابێت بۆ گواستنەوە و دروستكردنیشی و دواتر بە پاكی دروستبكرێت رێگەپێدراوە".
سەرچاوە/ روداو

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.