سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئەردۆگان، میسر دەلاوێنتێتەوە و نینۆكی ئیخوان دەكات

پێش 1 هەفتە


ئیدریس سیوەیلی

رۆژی هەینی 12 ئازاری 2021، رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆككۆماری توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند "هاوكاری نێوان میسر و توركیا لە بواری ئابوری، دبلۆماسی و هەواڵگری بەردەوامە و هیچ گرفتێك لەو روەوە لە نێوانیان نییە"، وتیشی " دەخوازین دیداری دبلۆماسیمان لەگەڵ میسر بەردەوام بێت و گەشەی پێبدەین"، هەمان رۆژ مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند "پەیوەندی دبلۆماسی لە نێوان میسر و توركیا دەستپێكردووە بە مەبەستی گێڕانەوەی پەیوەندی هەردوو وڵات بۆ دۆخی ئاسایی خۆی بێ ئەوەی هیچ لایەك مەرجی پێشوەختی هەبێت".

دوای دوو رۆژ لە لێدوانی بەرپرسانی توركیا، سامح شوكری وەزیری دەرەوەی میسر وتی "پەیامەكانی توركیا سەبارەت بە كردنەوەی كەناڵی پەیوەندی لەگەڵ میسر گەیشت پێمان، میسر سوورە لەسەر بەردەوامی پەیوەندی نێوان گەلی میسری و توركی، دۆخی سیاسیی هەمیشە پەیوەستە بە هەڵوێستی سیاسیی توركیاوە بە تایبەت دوای هەڵوێستی نەرێنی توركیا بەرامبەر میسر". لای خۆشیەوە مستەفا بەكری پەرلەمانتاری میسری رایگەیاندووە "سیاسەتی توركیا لە سەردەمی ئەردۆگان بریتییە لە بوژاندنەوەی دەوڵەتی عوسمانی و توركیا دەیهەوێت وڵاتانی عەرەبی دەورەبدات، بۆیە بەرلەوەی توركیا داوای باشكردنی پەیوەندیەكانی لەگەڵ میسر بكات باشترە نیەتپاكی خۆی نیشان بدات، ئەو كەسانە رادەستی حكومەتی میسر بكاتەوە كە لە تیرۆر و توندوتیژی تێوەگلاون و زۆرینەیان لە دادگا حوكم دراون".

توركیا پەناگەی ئیخوان
دوای كودەتای 2013 لە میسر كە كۆتایی هێنرا بە حوكمی محەمەد مورسی و عەبدولفەتاح سیسی بووە سەرۆككۆمار، ئەندامانی ئیخوان موسلیمین كەوتنە بەردەم شاڵاوی راوەدونان و گرتن، لەو نێوەندەشدا توركیا بووە پەناگەیەك بۆ كادیرانی ئیخوان، بەپێی هەندێك سەرچاوەی نافەڕمی لە ئێستادا نزیكەی 35 هەزار میسری لە توركیا نیشتەجێن، لەو ژمارەش 5-7 هەزاریان ئەندامی ئیخوانن، 3 هەزاریان رەگەزنامەی توركیان وەرگرتووە، زۆرینەشیان لە شاری ئەستەنبوڵ نیشتەجێن  زۆربەی سەركردەكانی ئیخوان بوونەتە هەڵگری رەگەزنامەی توركی و ئازادی هاتوچۆیان هەیە لە توركیا و لە بیمەی تەندروستی سودمەند دەبن، منداڵەكانیشیان لە قوتابخانە و زانكۆكانی توركیا دەخوێنن، بەمەش بە شێوەی یاسایی بوونەتە هاووڵاتی توركیا و لە داهاتوودا مەترسی رادەستكردەوەیان بە دەسەڵاتدارانی میسر لەسەر نییە و توركیا دەتوانێت هەر داوایەكی رادەستكردنیان لەلایەن میسرەوە رەتبكاتەوە. ئیخوان لە توركیا بارەگای فەڕمیان نییە تا حكومەتی میسر داوای داخستنی بكات، ئەندامانی ئیخوان لەو وڵاتە مۆڵەتی مانەوەیان پێدراوە، هەروەك لە وڵاتانی تری وەكو بەریتانیا پێیاندراوە، لە بەرامبەریشدا میسر مۆڵەتی مانەوەی داوەتە ئەندامانی نەیاری حكومەتەكەی ئەردۆگان و لایەنگرانی فەتحوڵا گوڵەن، لەلایەن دەسەلاتدارانی توركیا و حیزبی داد و گەشەپێدانەوە دڵنیایی دراوەتە ئیخوان كە توركیا رادەستی میسریان ناكاتەوە و دەستبەرداری پەیوەندی لەگەل ئیخوان نابێت.

تاكتیك نەك ستراتیج
بە بڕوای (هیشام نەجار) شارەزا لە چالاكیی گرووپە ئیسلامییەكان، تا ئەردۆگان لەسەر دەسەڵات بێت هیچ مەترسییەك لەسەر ئیخوان نییە، ئەمەش كە ئێستا ئەردۆگان دەیكات جۆرێكە لە تاكتیك بۆ وەڵامدانەوەی ئەو رەخنانەی لەلایەن نەیارەكانیەوە لێدەگیرێت سەبارەت بە سیاسیەتی دەرەوە و پچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ میسر وەك دڵی وڵاتانی عەرەبی. بە بڕوای (عەمر فاروق) نزیكبوونەوەی ئەردۆگان لە میسر بە ئاگاداری ئیخوان و رێكخستنی نێودەوڵەتییە، سەركردەكانی ئیخوان دەیانەوێت بەهۆی نزیبكوونەوەی توركیا لە میسر تا رادەیەك ئەو تەنگپێهەڵچنینەی لەسەریانە كەمبێتەوە و فشاریان لەسەر كەمبێتەوە، هاوكات لەسەر ئاستی هەرێمایەتی جۆرێك لە شەرعییەت دەداتە ئیخوان تا مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.

هەڵوێستی فەڕمی ئیخوان
لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی جەزیرە، ئیبراهیم مونیر جێگری رابەری گشتیی ئیخوان موسلیمین وتی "ئەگەر دانوستان لەگەڵ حكومەتی میسر بخرێتە بەردەم ئۆپۆزسیۆن كە ئێمە بەشێكین لێی، بە جۆرێك كە دۆخی دەستگیركراوان و باشكردنی گوزەرانی گەل رەچاوبكرێت، رەتیناكەینەوە"، هەروەها وتیشی "نێوەنگیری توركیا بۆ چارەسەری كێشەی میسر پەسەند دەكەن". هاوكات محەمەد سودان سەرۆكی لیژنەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حیزبی ئازادی و داد (باڵی سیاسیی ئیخوان) وتی "ئەوان هیچ رێگریەكیان نییە لەوەی لایەنی سێیەم بەشداری بكات لە چارەسەری دۆخی میسر و هەڵگرتنی ئەو ستەمەی لەسەر گەلی میسرە بە گشتیی و دەستگیركراوان بە تایبەتی".

دوابەدوای لێدوانەكانی ئەردۆگان، دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە هەرسێ كەناڵی ئۆپۆزسیۆنی میسر كە بەناوەكانی (وەتەن، شەرق و موكەمیلین) لە توركیاوە پەخش دەكرێن ئاگاداركردوەتەوە كە بەرنامە سیاسییەكانیان كەم بكەنەوە و خۆببوێرن لە رەخنەگرتن لە حكومەتی میسر. لە ماوەی سێ مانگدا بەرنامەی كۆمەڵایەتی، رۆشنبیری و ئابوری پەرەپێبدەن و خۆیان لە بەرنامەی سیاسیی بەدوربگرن.

شایانی باسە كەناڵی (وەتەن) بە شێوەی فەڕمی خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ ئیخوان و گوزارشت لە بۆچوونی فەڕمی ئیخوان دەكات، بەڵام كەناڵی (شەرق) بەوە ناسراوە كە تاڕادەیەك سەربەخۆترە، ئەمەش وای كردوە بینەری زیاتربێت لە كەناڵی وەتەن، هەرچی كەناڵی (موكەملین)ە لە لایەن كۆمەڵێك گەنجی سەر بە ئیخوان بەڕێوەدەبرێت. لە بەرامبەریشدا دەسەڵاتدارانی میسر رێنماییان داوەتە كەناڵەكانی (حەیات، ئون، سی بی سی و دی ئێم سی) و چەندین پێگە و رۆژنامەی میسری كە خۆیان هەڵنەقورتێنن لە كاروباری ناوخۆی توركیا و هەواڵەكانی تایبەت بە نەیارانی ئەردۆگان بوەستێنن و جەختبكەنەوە سەر بەرنامەی رۆشنبیری و هەمەڕەنگ.

هێوركردنەوە نەك یەكلاكردنەوە

بە بڕوای (عیسام عەبدوشافی) بەڕێوەبەری پەیمانگەی میسری بۆ توێژینەوە، گۆڕانكاری لە سیاسەتی هەرێمایەتی روویداوە، ئەمەش بەشێكی لەژێر فشاری ئەمەریكادایە كە دەیهەوێت تەنگژەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر ببن یان هێوربكرێنەوە، لەوانەش چارەسەری رەوشی لیبیا، راگەیاندنی ئاگربەست لە یەمەن، ئاشتەوایی كەنداوی عەرەب دوای گەمارۆدانی قەتەر، پەیام و لێدوانی بەرپرسانی توركیا، میسر و سعویە بە ئاراستەی هێوركردنەوەی پەیوەندییەكانیان.

هۆكارێكی تری ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان پەیوەستە بە لایەنی ئابوری، بەهۆی كۆرۆناوە لایەنی گەشتیاری توركیا گوزری گەورەی بەركەوت و هاوكات راگەیاندنی وڵاتی میسر رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە لە نیشاندانی دیوێكی نەرێنی گەشتیاری توركیا، بە تایبەت لە رێگەی فیلم و زنجیرەكانەوە، بۆیە دروستكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ میسر رەنگە تا رادەیەك ئەم وێنە نەرێنیە بسڕێتەوە، هاوكات میسر رۆلی یاریكەری سەرەكی دەبینێت لە مامەڵەكردن بە گازی سروشتی لە دەریای ناوەڕاست، توركیاش مەبەستێكی ئەو سەرچاوە گرنگەی وزە لەدەستنەدات و بە تایبەتیش میسر لە بەرامبەر یۆنان و قوبرس پشتی توركیا بگرێـت.

ئیخوان خۆی بۆ مەترسییەكان ئامادە دەكات
دوابەدوای لێدوانەكانی ئەردۆگان، سەركردەكانی ئیخوان لە توركیا و بەریتانیا لە كۆبوونەوە و پەیوەندیدان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارە و پەناگەیەك بۆ خۆیان، ئەمەش لە ئەگەری نزیكبوونەوەی توركیا و میسر لە یەكتری و رادەستكردنی سەركردەكانی ئیخوان بە میسر، سەركردەكانی ئیخوان لەسەر ئەوە رێكەوتون لە دەرەوەی توركیا پەناگەیەك بۆئەو كەسانەی حوكمی سێدارە یان هەتاهەتاییان لەلایەن دادگاكانی میسرەوە بۆ دەرچووە دەستەبەر بكەن، بەجۆرێك پەناگەكە ئەو وڵاتانە بێت كە هیچ رێكەوتنێكی لەگەڵ میسر نییە بۆ ئاڵوگۆڕی سزادراوان، سەبارەت بەو كەسانەش كە حوكمی بەندكردنی 3-7 ساڵیان لەلایەن دادگاكانی میسرەوە بۆ دەرچووە، داوا لە توركیا بكرێت مانەوەی كاتیان پێ بدات.

سیناریۆ چاوەڕوانكراوەكان

1- ئاشتەوایی گشتگیر
لە ئەگەری ئاشتەوایی گشتگیر لە نێوان میسر و توركیا لە داهاتودا، رەنگە توركیا وەكو ئێستا نەبێتە پەناگەیەكی ئارام بۆ سەركردەكانی ئیخوان، توركیا  لە بەرامبەر هەندێك دەستكەوتی ستراتیجی و برەودان بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ میسر، داوا لە سەركردەكانی ئیخوان دەكات چالاكییەكانیان لە توركیا سنوردار بكەن و بچنە وڵاتانی تر نیشتەجێ بن و وەك پەنابەری سیاسیی بمێننەوە، هاوكات پارێزگاری لە پەیوەندی توركیا و ئیخوان دەكەن، لەو وڵاتانەش كە چاوەڕوان دەكرێت سەركردەكانی ئیخوان رویتێبكەن: بەریتانیا، بەلجیكا، ئوسترالیا، نیوزلەندا، كەنەدا و سۆماڵ كە لە ئێستادا ژمارەیەك سەركردەی ئیخوان تێیدا نیشتەجێ بوون.

2- ئاشتەوایی تەكتیكی
هەریەك لە میسر و توركیا بۆ بەدەستهێنانی هەنێك بەرژەوەندی و رۆڵی بینینی زیاتر لە ململانێ و كێشە هەرێمییەكان، پەیوەندییەكانیان جۆرێك لە لێكنزیكبونەوە و خاوكردنەوەی بارگرژی نێوانیان بەخۆوەدەبینێت، لەم حاڵەتەشدا توركیا بەردەوام دەبێت لە هاوكاری لۆجستی بۆ ئیخوان و پێدانی مۆڵەتی مانەوە و رەگەزنامە بە ئەندامانی ئیخوان، بەڵام تا رادەیەك كەناڵەكانی راگەیاندنی ئیخوان سنوردار دەكات تا رەخنەنەگرن لە سیستمی سیاسیی میسر.

3- بەردەوامی هەڵوێستی ئێستا
ئەگەری ئەوەش هەیە پەیوەندیەكانی میسر و توركیا بەمشێوەی ئێستا بەردەوام بێت، لە پشت پەردەوە پەیوەندی هەواڵگری نێوانیان بەردەوام بێت تا گرەنتی ئەوە بدەنە یەكتر بەرژەوەنییەكانیان تێكنەگیرێت، لەم حاڵەتەشدا هەردوو وڵات بەردەوام دەبن لە هاوكاری و كۆمەككردنی نەیارانی یەكتری

ئەنجام
لە ئێستادا ئیخوان لە یاریكەرێكی سیاسییەوە بووەتە كارتێكی فشار بەدەست هەندێك وڵاتی ناوچەكە بۆ بەدیهێنانی مەرام و بەرژەوەندی خۆیان، بە تایبەت پەیوەست بە پەیوەندی ئەو وڵاتانە بە میسرەوە، لەو نێوەندەشدا توركیا وەك یاریكەرێكی بەهێزی هەرێمی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیگرتوە بە كارتی ئیخوان موسلیمینەوە، بەشێكی گەورە لە داهاتوی ئیخوان پەیوەستە بە سیاسەت و بەرژەوەندییەكانی توركیا، هەروەك مانەوەی ئەردۆگان و پارتی داد و گەشەپێدان لە توركیا رەنگڕێژی بەشێك لە داهاتووی ئیخوان موسلیمین دەكات و هەروەك لەم راپۆرتەدا خرایەڕوو داهاتوی ئیخوان لەردەم چەندین سیناریۆدایە كە بە پلەی یەكەم پەیوەستە بە بەرژەوەندی میسر و توركیاوە.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.