پێگەی ئەلیكترۆنی "میدڵ ئیست ئای" لەڕاپۆرتێكیدا كە لە 3ی نیسانی 2021 بڵاویكردۆتەوە، باسی لەتاوانەكانی تیرۆر كردووە لەعێراقدا، باس لەوەشكراوە، شاری ناسڕیە لەڕیزبەندی دیاردەی تیرۆركردنی چالاكوان و ڕۆژنامەنووساندا لەسەر ئاستی عێراق پلەی سێیەمی گرتووە.
پێگەی ناوبراو باسی لەوەكردووە كە "جاسب حەتاب هلێجی" تەمەن 57 ساڵ كە دانیشتوی شاری عەمارەیە، تێبینی ئەو ماتۆڕسكیلەی نەكردووە كە دوو چەكدار سەرنشینی بوونو بەرەو ڕووی هاتوون، چەكدارێكیان دابەزیووەو بەرەو ڕووی هاتووە، ئینجا چەكدارەكە دەمانچەكەی دەرێناوەو جاسبی كوشتووە.
پێگە ئەلكترۆنییەكە بەردەوامدەبێتو نوسیویەتی:"دوای كەمتر لەكاتژمێرێك پۆلیسی خۆجێی شارەكە ڕایگەیاندووە، بكوژەكەیان دەستگیركردووە، هۆكاری تیرۆركردنەكەش كێشەیەكی هۆزگەرایی بوو، بكوژو كوژراو ئامۆزای یەكتربوونو كێشەی گەورەیان لەنێواندا بووە، هەردوولا لەدادگا داوایان لەسەر یەكتر تۆماركردووە، ئەمە قسەی بكوژەكەیە كە لەوتەكانیدا دانیپێداناوە".
پۆلیسی عەمارە دەڵێت:"بكوژەكە وتویەتی لەڕێگای گەڕانەوەی بەرەو ماڵ جاسبی بینییوەو تەقەی لێكردووەو كوشتویەتی".
پۆلیس بەفەرمی بەمشێوەیە باسی لەڕووداوی كوشتنەكە كردووەو هۆكارەكەی داوەتە پاڵ كێشەیەكی هۆزگەرایی، بەڵام هێشتا ووردەكاری ڕووداوەكە ئاشكرانییەو ئەوەش ڕوون نییە بۆچی بكوژ چەكی پێبووە.
لەلایەكی دیكەوە زۆرێك لەدانیشتوانی شاری عەمارەو عێراق بەگشتی پێیانوایە كە جاسب قوربانی دەستی تیرۆرە.
پێگەی ئەلیكترۆنی ناوبراو دەڵێت:"دادگای لێكۆڵینەوەی عەمارە بەفەرمی ڕایگەیاندووە كە ئەو دۆسییەیان داخستووە، ئەمەش دوای ئەوەی بكوژەكە دانی بەتاوانەكەیداناوەو وتویەتی بۆیە ساجبی كوشتووە چونكە گومانی ئەوەی لێ بووە كە كوڕەكەی ڕفاندووە".
ئەفسەرێكی پۆلیسی عەمارە لەوبارەوە دەڵێت:"بەڵگەمان لەبەردەست نییە كە پاڵنەری ئەو تاوانە سیاسی بێتو لێكۆڵینەوەكانیش ئەوە ڕەتدەكەنەوە، بەڵكو پاڵنەرەكە كۆمەڵایەتی هۆزگەرایی بووە، بەڵام بەلای كەسانی دیكەوە ئەو ڕووداوە بەمشێوەیە نییەو پاڵنەری دیكەی لەپشتن".
باسی لەوەشكردووە، دیاردەی تیرۆركردنی لەمشێوەیە لەعێراقدا بەرەو هەڵكشانەو گومانی ئەوەی لێدەكرێت پاڵنەری سیاسی لەپشتەوە بێت، چونكە بەزۆری ئەوانەی دەبنە قوربانی ئەو جۆرە تیرۆركردنە كەسانی چالاكوانو ڕۆنامەنووسو خۆپێشاندەرن.
ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، لەمانگی تشرینی دووەمی 2019 چوار چالاكوانی سیاسی لەشاری عەمارە تیرۆركراون كە بەشداریان لەخۆپێشاندانە ناڕەزاییەكانی شارەكەدا كردووە، دیارترینیان چالاكوان "ئەمجەد دەهمامات" بوو كە سەركردەیەكی خۆپێشاندانەكان بوو لەوشارەدا.
ڕاپۆرتەكە ئەوەشی باسكردوە، ئەمجەد پێش كوژرانی لەگەڵ بەرپرسی پۆلیسی شارەكە لەكۆبوونەوەدا بووە، دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە ئۆتۆمبێلێكی جێبی ڕەنگ ڕەش پێشی پێگرتووەو چەكدارێكی لێ دابەزیووەو تەقەی لێكردووەو كوشتویەتیو هاوڕێیەكیشی بەناوی بەسام ساعیدی برینداربووە.
پێگە ئەلیكترۆنییەكە زیاتری لەوبارەیەوە بڵاوكردۆتەوەو دەڵێت:"دوای سێ مانگ لەخۆپێشاندانە ناڕەزاییەكانی شەقام، دەیان سەركردەی چالاكوانی خۆپێشاندەر كوژراونو برینداركراون، هەشیانە ڕفێندراوەو هەشە هەڵاتووە بۆ دەرەوەی وڵات".
لە10ی ئازاری 2020و لەناوەڕاستی شاری عەمارە، قاسمو كەراڕی هاوڕێی تیرۆركراون، دوای دوو ڕۆژ لەو ڕووداوە چالاكوانێكی دیكە بەناوی عوقەیل لەهەوڵێكی تیرۆركردن ڕزگاری بووە.
ئەفسەرێكی پۆلیس لەشاری عەمارە بە"میدڵ ئیست ئای" ڕاگەیاندووە، ململانێیەكی خوێناوی لەسەر دەسەڵاتو هەژموون لەعێراقدا لەئارادایە، هیچ ئاسۆیەكی ڕوونیش نییە بۆ كۆتاییهێنان بەو ململانێ خوێناوییە، چەك بەدەست هەمووانەوەیەو دابو نەریتە هۆزگەراییەكانیش باڵیان بەسەر ژیاندا كێشاوە، بۆیە ناتوانین بەسەر ئەو كەسو گروپانەدا زاڵبین كە چەك بەدەستنو هۆزو حزبو گروپەكانیان داكۆكییان لێدەكەنو دەیانپارێزن.
هەروەك لەبەشێكی دیكەدا پێگەكە دەڵێت:"هێشتا ئامارێكی فەرمی باوەڕپێكراو بەردەست نییە سەبارەت بەو ڕووداوی تیرۆرو كوشتانەی لەشارەكانی عێراقدا ڕوودەدەن".
لەلایەكی دیكەشەوە عەلی بەیاتی كە ئەندامێكی كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤە بە"میدڵ ئیست ئای" ڕاگەیاندووە، لەتشرینی دووەمی 2019وە تائێستا حەوت چالاكوان تیرۆركراون، بەمەش شاری ناسڕیە لەڕیزبەندی دیاردەی تیرۆركردنی چالاكوانو ڕۆژنامەنووساندا لەسەر ئاستی عێراق پلەی سێیەمی گرتووە.
سەرچاوە/ شارپرێس