سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

كەعبە لە كەربەلا
گەڕێكی دیكەی قوڵبوونەوەی ململانێی ئایينی لەناو موسوڵمانان

25/02/2021


شیعەكانى كەربەلا لە عێراق هاوشێوەیەكیان بۆ كەعبە لەمەككەی سعودیە دیاریكردووە، كە ساڵانە ملیۆنان موسوڵمان لە سەرتاسەری جیهانەوە ڕووی تێدەكەن،  ئەوەش كاردانەوەی توندی سوننەكانی لە وڵاتانی ئیسلامی لێكەوتووەتەوە و چاوەڕوانیش دەكرێت ببێتە گەڕێكی دیكەی قوڵبوونەوەی ناكۆكی نێوان ئەو دوو مەزهەبە سەرەكییەی ئایینی ئیسلام.

تایبەت بە دابڕان

 

ناكۆكیەكان  زیاتر دەركەوتن 
ناكۆكیەكان زیاتر دەركەوتن كە بەشێك لە شیعە مەزهەبەكان لەعێراق گرتەی ڤیدیۆیی ئەو هاوشێوەیەی  كەعبە  بڵاوكردەوە، یەكێك لەو كەسانە دەڵێت "لەجیاتی ئەوەی بچن بۆ سعودیە بۆ حەج ڕووبكەنە كەربەلا، چیتر پێویست ناكات بۆ حەج كردن ڕووبكەنە سعودیە".

 

پشتیوانیی شیعەكان بۆ هاوشێوەی كەعبە  موسوڵمانانی سووننە مەزهەبی توڕە كردووە 
ئەو گرتە ڤیدیۆیی و پشتیوانیەی شیعەكان بۆ كەعبە لە كەربەلا، موسوڵمانانی سووننە مەزهەبی توڕە كردووە و ئەوانیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان كەوتوونەتە كاردانەوە نیشاندان، بەشێكیشیان وای بۆ دەچن كە ئەمە مەسەلەیەكی سیاسی و ئابوورییە و ئێران دەیەوێت عێراق بە تەواوی لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامی داببڕێت، بەڵام زۆرینەی ئەوانەی كاردانەوەیان نیشانداوە كارەكە بە سوكایەتی بە پیرۆزیەكانی ئایینی ئیسلام ناو دەبەن.

 

ڕاستییەكە چییە؟
دوای ئەوەی ڕووداوەكە كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، بەرپرسانی حوسەینیەی كەربەلا لەڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەیان بەوەدا، كە جێگرەوەی مەككە هیچ بنەمایەكی نییە و ئەو هێمایەش كە وەك بەردە ڕەشەكەی كەعبە وێنا كراوە، تەنها بۆ كارێكی شانۆیی لە یادی لەدایكبوونی ئیمامی عەلی دروستكراوە.
وەك حوسەینیەی كەربەلا باسی كردووە، دوای دوو رۆژ لەدانانی ئەو هێمایە لابراوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی لەوشارە قەدەغەی هاتوچۆو وكۆبوونەوەی هاوڵاتیان راگەیەندراوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی دووبارەی ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاو لەعێراق.

 

كاردانەوەی دانانی  كەعبەكەی كەربەلا 
تائێستا كاردانەوەی دانانی كەعبەكەی كەربەلا  بەردەوامە، نە ڕوونكردنەوەی حوسەینیەی كەربەلا كۆتایی پێهێناوە نە لابردنی كەعبەكەش، وا دەردەكەوێت ئەو هاوشێوەیە جارێكی دیكە ببێتەهۆی توندبوونەوەی ململانێی ئایینی نێوان هەردوو مەزهەبی شیعە و سووننە، چونكە زۆرێك لە بڕوادارانی ئیسلام كە سوننە مەزهەبن بڕوایان بە ڕوونكردنەوەكەی حوسەینیەی كەربەلا نییە، رەنگە ئەمەش ببێتە هۆی كاردانەوە و لێدوانی مەرجەعە شیعەكان بۆ ئەوەی كۆتایی بە كاردانەوەكان لەوبارەیەوە بهێنن.
هەرچەندە تائێستا هیچ مەرجەعێكی باڵای شیعە و سوننە لەوبارەیەوە لێدوانی نەداوە،بەڵام محەمەد مەهدی خالصی كە یەكێكە لە پیاوە ئاینییە شیعەكان دوای كردووە مەرجە باڵاكانی شیعە و سوننە پێكەوە لەوبارەیەوە هەڵوێستی خۆیان دەرببڕن.

 

دانانی كەعبە لەلایەن شیعەكانەوە یەكەمجار نییە
یەكەمجار نییە شیعەكان هاوشێوەی  كەعبە وەك جێگرەوەی  كەعبە لە مەككە دابنێن، پێشتر لە شاری قوم لە ئێران و چەند جارێكیش لە نەجەف و كەربەلا هێمای كەعبەیان داناوە و  شوێنكەوتوانیان بەدەورەیدا سوڕاونەتەوە، لە هەریەك لە وڵاتانی یەمەن و تونسیش بەهەمان شێوە هاوشێوەی كەعبە دانراوە.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.