سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

سعودیە بۆ یەكەمجار ژنان دەخاتە ریزی سوپاكەیەوە

25/02/2021


سعودیە بڕیاریدا رێگە بە ژنان بدرێت بەشداری ریزەكانی سوپا بكەن، ئەوەش لەناو خەڵكی ئەو وڵاتەدا كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، بەشێك لایەنگری ئەو بڕیارە دەكەن و بەشێكی زۆر لە دانیشتوانی وڵاتەكەش لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دژی وەستاونەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی بەرگری سعودیە، لەمەودوا ژنان دەتوانن داواكاری پێشكەش بكەن بۆ ئەوەی پەیوەندی بە ڕیزەكانی سوپاوە بكەن، دەشتوانن لە سوپا هەتا پلەی رەقیب ببڕن.

 

وەزارەتی بەرگری سعودیە چەند مەرج و بەشێكی سوپای دیاریكردووە تا ژنان پەیوەندی پێوە بكەن
بەڵام وەزارەتی بەرگری سعودیە چەند مەرج و بەشێكی سوپای دیاریكردووە تا ژنان پەیوەندی پێوە بكەن، واتا ژنان ناتوانن لە هەموو بەشێكی سوپادا داوای دامەزراندن بكەن، ئەوانیش هێزی وشكانی پاشایەتی و هێزی ئاسمانی پاشایەتی و هێزی دەریایی و هێزی مووشەكی ستراتیژی سعودیە و ئیدارەی خزمەتگوزاری پزیشكی هێزە چەكدارەكانە.

 

ئەو مەرجانەی پێویستە لەو ژنانەدا هەبێت كە دەچنە سوپاوە لە سعودیە
یەكێك لە مەرجەكان ئەوەیە ئەو ژنە لە دایك و باوكەوە سعودی بێت، هەروەها نابێت هیچ تاوانێكی بەپێی یاسای سعودیە ئەنجام دابێت بەتایبەت تۆمەتبار نەكرابێت بە تۆمەتی شەرەف و گەندەڵی، هەروەها لەڕووی پزیشكییەوە باشبوونی تەندروستی بسەلمێنێت، یەكێكی دیكەش لە مەرجەكان ئەوەیە كە لەگەڵ كەسێك هاوسەرگیری نەكردبێت كە سعودی نەبێت.

 

هەنگاوەكە كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە
بەشێك لە كۆمەڵگەی سعودی پشتیوانی ئەو هەنگاوە دەكەن و بەبەشێك لە كرانەوەی وڵاتەكەیان بەڕووی پێشكەوتنەكانی جیهان و خۆگونجاندن لەگەڵ سەردەم لێكی دەدەنەوە، بەڵام بەشێكی دیكەیان بەدەرچوون لە شەریعەتی ئیسلامی و داب و نەریتی سعودیەی دەزانن و بەهەموو شێوەیەك دژی وەستاونەتەوە، بۆیە ئەو بڕیارەی سعودیە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیشی كردووەتە دووبەشەوە.

محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعودیە پێشتریش چەند بڕیارێكی داوە كە ئامانج لێی خۆگونجاندنە لەگەڵ كرانەوەی جیهانیدا، لەوانەش رێگەدان بە شۆفێریكردنی ژنان و كردنەوەی قاوەخانە و كافتریا لەو وڵاتە، لەگەڵ چەند بڕیارێكی دیكە كە تایبەتن بە كرانەوەی رەگەزی و ئایینیی لەو وڵاتە.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.