سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

مرۆڤ و دیاردەکان

24/02/2021


د. لاس ئیبراهیم تاهیر

هیرۆدۆتەس لە کتێبی مێژووەکاندا باس لە ڕووداوێکی مێژووی ئەکات، ئەویش جەنگی شەش ساڵەی نێوان میدەکان و لیدیەکان بووە. جەنگەکە بەهۆی دیاردەیەکی گەردوونی سرووشتییەوە کۆتایی پێهاتوە، ئەویش خۆر گیران بووە کە لە رێکەوتی ٢٨/٥/٥٨٥ پ.ز ڕوویداوە.
گرنگی خۆر گیرانەکە هەر ئەوەندە نەبووە کە بووەتە هۆی کۆتایی هاتنی جەنگەکە، بەڵام لەوەدا بووە کە پێشتر پێشبینی بۆ کرابوو. ئەویش لەلایەن فەیلەسوفی یۆنانی ( تالیسی مێلیتەس)ەوە . تالیس لە مێژوودا بە یەکەمین فەیلەسوفی یۆنانی دا ئەنرێت.

دانانی تالیس بە فەیلەسوف بۆ ئەوە ئەگەرێتەوە کە هەوڵی داوە بە دوای واتای شتەکاندا بگەڕێت، پرسیار بکات و لێکبداتەوەو تاقی بکاتەوە، وەک باس دەکرێت لە نێوان(٦٢٤ بۆ ٥٤٥)ی پ.ز ژیاوە، کارێکی هێندە گەورە بووە کە کەسێک لەو ڕۆژگارەدا بەو پێداویستییە دیاریکراوەی  بۆ لێکۆڵینەوە لە جیهانی دەوروبەر بەردەست بووە بتوانێت پێشبینییەکی زانستی بکات.

کەلەهەمان کاتدا زۆر لە کۆمەڵگاکانی ئەو ڕۆژگارە و چەندان سەدەش دوای ئەو ڕووداوەش لێکدانەوەی بەدەر لەسرووشتییان هەبووە بۆ دیاردە تەواو سروشتییەکان. هەوڵەکەی تالیس وەرچەرخانێک بوو بۆ ئەوەی چیتر مرۆڤ بە بیرێکی چەقبەستوو لە دەوروبەرەکەی نەڕوانێت. چەمکی فەیلەسوف لەو سەردەمەی تالیس و دواتریشدا بەواتای گەڕان بووە بەدوای زانیندا. چ جای ئەو زانینە پەیوەندی بەناخی مرۆڤ و بیرکردنەوەیەوە هەبوبێت یاخود پەیوەندی بە پەی بردن بەو نەزانراوانەوە بوبێت کە لەدەرەوەی سرووشتی مرۆڤن، واتا دیاردە سروشتییەکان. لە سەدەکانی دواتردا و لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی ڕۆشنگەری لە ئەوروپا، فەلسەفەو زانست هەریەکەیان بەرەو ڕێڕەوێکی تایبەت بە خۆیان هەنگاویان دەنا.هەندێک لە زاناکانی وەک نیوتن(1642-1726) بە فەیلەسوفێکی سروشتی دانراوە.

واتا فەیلەسوفی سروشتی بە کەسێک دەوترێت کە بەدوای زانینی نهێنییە شاراوەکانی سروشتدا دەگەڕێت. دەتوانین بڵێین هەر یەکە لە تالیس و نیوتن دوو فەیلەسوفی سروشتی بوون و هەوڵیان داوە لە یاساکانی سروشت بگەن. مرۆڤ هەمیشە لەژێر کاریگەری دیاردەکاندا بووە. دووانەی مرۆڤ و شتەکانی دەوروبەری پێکەوە دێن. مرۆڤ بەبێ دەوربەرەکەی بەتەواوەتی دادەماڵرێت لە مرۆڤایەتیەکەی. وە پێکهاتەی لەشی مرۆڤ لەڕووی بایۆکێمیسترییەوە لەهەمان ئەو توخمانە پێک هاتوە کە پێکهێنەری گەردونیشن، وردتر بڵێین ئۆکسجین (٦٥٪) و کاربۆن(١٨٪) و هایدرۆجین( ٩.٥٪) نایترۆجین ( ٣.٢٪) و کالسیۆم (١.٥٪) هتد .

لێرەوە دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە مرۆڤ هەر چەندە لە گەردوون ورد بێتەوە هێندەی لە ناوەڕۆکی خۆی ورد ئەبێتەوە.
ئێمە لەسروشتەوە دێین و دەگەڕێینەوە بۆ سروشت. واتا ئەو توخمە پێکهێنەرانەی لەشی مرۆڤ پێش ئەوەی ئێمەش لە ژیاندا بین لە سروشتدا هەن بە ئازادی بەڵام لەچوارچێوەی دیزاینێکدا نیین کە ببنە هۆی دروست بوونی یەکێتییەکی ئاڵۆزی زیندووی درک پێکراو.

دوای کۆتایی هاتنی ئەو زیندوویەتییەش کە مرۆڤ لە ژیانیدا بەرجەستەی ئەکات ، جارێکی دیکە ئەو توخمانە دەگەڕێنەوە سروشت. وەکو یاسای یەکەمی داینامیکی گەرمی سەلماندوویەتی ( وزە پارێزراوە، نە دروست ئەکرێت نە لەناو دەچێت، بەڵام ئەتوانرێت لە شێوەیەکەوە بگۆڕدرێت بۆ شێوەیەکی دیکە). واتا کۆی ئەو وزەیەی لە سروشتدا هەیە هەمان وزەیە کە لە سەرەتای دروست بوونە گەردوندا هەبوە وە مرۆڤیش بەرجەستەی بڕێک لەو وزەیە ئەکات. دەتوانین بڵێین هەموو دیاردەیەکی سروشتی دیاردەیەکی زانستییە، واتا زانست خوێندنەوەی خۆی ئەبێت بۆی.

لە ڕێگەی تێڕامانمان بۆ کاردانەوەی کۆمەڵگا جیاجیاکان لە سەردەمە جیاوازەکاندا بۆ دیاردە سرووشتییەکان دەتوانین ئاستی هۆشیاری ئەو گەلانە بزانین. وە بەگەڕانەوەمان بۆ نمونەی خۆر گیرانەکە دەتوانین چەند وانەیەک بخەینە ڕوو. مرۆڤ ئەو شتانەی هێشتا درکی پێنەکردووەو پەی پێنەبردووە دەبێتە سەرچاوەی نەزانین و ترس بۆی، وە نەبوونی زانستی تەواو دەربارەی دیاردە سرووشتییەکان دەبێتە هۆی ڕەنگدانەوەی لە ناو دابونەریتی کۆمەڵگاکاندا. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە هەریەکە لە میدەکان و لیدییەکان لەو سەردەمەدا خاوەن شارستانیەتیەکی پێشکەوتوو نەبوون، وە خۆر گیرانیان بە دیاردەیەکی ناسرووشتی داناوە.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.