سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

بۆچی ژمارەی "ره‌گه‌زى سێیه‌م" لە هەرێم ئاشكرا نیە!؟

24/02/2021


گرفتی تەندروستی‌و كێشەی كۆمەڵایەتی كارێكی وەهای كردوە ڕەگەزی سێیەم (نێرەموك)، بەنەهێنی ڕەگەزی خۆیان بهێڵنەوە، لەترسان ئامادە نەبن ڕەگەزی خۆیان ئاشكرابكەن ، بێ ئەوەی هیچ هەنگاوێكیش بنێن بۆ داكۆكی كردن لەمافەكانیان.

ڕەگەزی سێیەم یان "نێرەموك" ئەو كەسانەی كە لەڕووی بۆماوەییەوە هەردوو ئەندامی نێرینە و مێینەیان بەشێوەی پێگەشتوو یان پێنەگەشتوو هەیە، هەستێكی دەرونی سەختیان هەیە بێجگە لە پێكهاتەی ناوەوەی بایۆلۆجیان جیاوازن، كۆمەڵگەش وەك مرۆڤێكی ئاسایی سەیریان ناكات.

بەپێی ئامارە نافەرمییەكان ڕێژەی ڕەگەزی سێیەم (نێرەموك) لە هەرێمی كوردستان زیاترە لە 600 كەس، وەزارەتی تەندروستیش ئامارێكی وەهای لەو بارەیەوە لەبەردەستدا نیە، بەهۆی ئاشكرانەكردنی لەناو خێزانەكاندا، شاردنەوەی ئەو كەسانە.

ڕەگەزی سێیەم لە هەرێمی كوردستاندا بەدرێژایی تەمەنیان بە تەنیاو بەبێ‌ هاوبەشی ژیان دەمێنەوە، لە ئێستا و ڕابردوودا هەر پڕۆسەیەكی هاوسەرگیری لەگەڵ ڕەگەزی سێیەم ئەنجام درابێت لە ماوەیەكی كورتدا هەڵوەشاوەتەوە.

لەناو كۆمەڵگادا ئەو حاڵەتە بە شارەوەیی ماوەتەوە

  د. بەكر ڕەحیم ڕەشید،  پسپۆڕی نەخۆشیەكانی منداڵان راگه‌یاند:" ڕەگەزی سێیەم "نێرەموك" شێواویەكە لە جەستەی منداڵدا ڕوودەدات، بەهۆی كێشە لەڕژێنی سەر گورچیلەكان، ئەو منداڵە لەناوەوە كۆئەندامی زاوزێی هەیە لەدەرەوە كۆ ئەندامی نێرینەی هەیە ئەم حاڵەتە لە ئێستادا زۆر باوە، ئەگەر لە ماوەیەكی كەمدا منداڵەكە سەردانی پزیشكی تایبەت بەو حاڵەتە پێنەكرێت ئەگەر هەیە گیان لەدەستبدات".

وتیشی:" جۆری دووەمی ڕەگەزی سێیەم (نێرەموك) ئەو منداڵانەن كە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێیان گەشەی بەتەواوی كردووە، هۆكارەكەی كێشەی كرۆمۆسۆمیە، ئەم حاڵەت زۆركەمە، لەڕێگەی نەشتەرگەریەوە، ئەو منداڵه چارەسەر وەردەگرێت یەكێك لەو دو ڕەگەزی بۆ دیاری دەكرێت كە پێشتر هەیبوە، ناتوانرێت لەڕێگەی دەرمانەوە چارەسەر وەربگرێت".

جیاواز لەساڵانی ڕابردوو هەبوونی هەر حاڵەتێكی ڕەگەزی سێیەم "نێرەموك" لەناو خێزانەكاندا، سەردانی پزیشكی تایبەت دەكرێت بۆ چارەسەر، هەرچەندە لەناو كۆمەڵگادا، ئەو حاڵەتە بەشاراوەی ماوەتەوەو باس ناكرێت، پەردەپۆش دەكرێت بەهۆكاری جیاواز.

 

هیچ كەسێك بۆی نیە ناچاریان بكات بەهەڵبژاردنی ڕەگەز

د. ئاسۆ حەوێز وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت:" كەسانی ڕەگەزی سێیەم (نێرەموك) ئێستا وەك ساڵانی ڕابردوو نیە خۆیان ئاشكرا نەكەن، سەردانی نەخۆشخانەكانمان دەكەن هەرچیان پێویست بێت لە داودەرمان‌و نەشتەرگەری بۆیان ئەنجام دەدەین.

وتیشی:"ئەوانەی ڕەگەزی سێیەمن هیچ كەسێك بۆی نیە ناچاریان بكات بەهەڵبژاردنی ڕەگەزێك( نێر) یان (مێ‌) تەنیا بەئارەزوی خۆیان بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی ئەو ڕەگەزە دەدەن كە خۆیان دەیانەوێت، بەڵام بەهۆكاری دەرونی‌و كۆمەڵایەتی‌و كلتوری ناتوانین ژمارەیان تۆمار بكەین بەو هۆیەوە ئامارێكی ئەوتۆمان لەبەردەستدا نیە لەبارەی ڕەگەزی سێیەمەوە".

 

دادگاكانی هۆڵندا یاسای تایبەتی بەڕەگەزی سێیەمیان دیاریكرد، لەڕاگەیەنراوێكدا دانپێدانان بەبونی ئەو ڕەگەزە بڵاو كردەوە، جەختی كردەوە كاتی ئەوە هاتوە دان بە "ڕەگەزی سێیەم" دا بنرێت.
مەبەستی دادگای هۆڵندا لەدەركردنی ئەو یاسایە لەپێناو پاراستنی مافەكانی ڕەگەزی سێیەم بووە، ئەو وڵاتە دیاریكردنی یاساكەی بەهەنگاوێكی شۆڕش ئاسا ناوبرد لەهۆڵندا.

تا ئێستا پەرلەمانی كوردستان لەسەر ئەم پرسە كۆبونەوەی نەكردوە
بەداخەوە تا ئێستا پەرلەمانی كوردستان‌و لیژنەی تەندروستی لەوباریەوە هەنگاوی پێویستیان نەناوە، یاسایەكی ئەو تۆش لە هەرێم بونی نیە لەبارەی ڕەگەی سێیەمەوە، كۆمەڵگەش لەسەر هەبونی یاسایەكی لەو جۆرە موسیڕ نیە.

شایەن كاكە، جێگری سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لەپەرلەمانی كوردستان راگه‌یاند:" یانزە ئەندامەكەی لیژنەی تەندروستی لەسەر پرسی یاسایەك بۆ ڕەگەزی سێیەم "نێرەموك" كۆنەبوینەتەوە، پێویستە گرنگی بەڕەگەزی سێیەم بدەین وەك لیژنەكەمان".

وتیشی:" ڕەگەزی سێیەم، بەویستی خۆیان دەتوانن بڕیار لە جۆری ناسنامەكەیان بدەن، لە ڕووی یاسایشەوە كێشەیان نیە، ئەوەی كێشەی چارەسەری تەندروستیان نیە هەیە، كێشەی كۆمەڵایەتیان هەیە بۆ ئەمەش پێویستیان بە وشیاری كۆمەڵگە هەیە".

 

وێستگە نیوز

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.