سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

داعش و خۆ نمایشكردن، مەترسییەكی بەردەوام

24/02/2021



كاردۆ عوسمان

هێزەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتدا، توانیان ئەو گروپەی سەر بە داعش دەستگیر بكەن كە ئاڵای داعشیان هەڵكردبوو بۆمبیشیان لە ژێری دانابوو، كە لە كاتی لابردنی بە چەند كارمەندێكی ئاسایشدا تەقیەوە، بە وتەی بكەرەكانی كردەوەكە، ئەو كارەیان بۆ خۆنمایش كردن و دەنگدانەوە ئەنجامداوە.

گروپی تیرۆرستی داعش هەر لە سەرهەڵدانی تا « لەناوبردنی»، بەشێكی ئەجێندای كارەكانیان خۆ نمایش كردن بوو، ئەوان بۆ ئەوەی ترس بخەنە دڵی هێزە ئەمنیەكان و هاووڵاتیانەوە نمایشی ترسناكیان خستوەتە روو، تەنها بۆ ترساندن و دابەزاندنی ورەی خەڵك، كردەوەی هێندە ترسناكیان لە شێوازەكانی كوشتن و سزادان كردوە، كە پێشتر وێنەی نەبووە، بۆیە نمایشەكانیان هێندەی كردەوەكانیان مەترسیدار و كاریگەر بوو، كە گروپەكەی كردە گروپێكی جیهانی، بەهۆی ترساندن و نمایشی دڕەندەییان ناوچەیەكی فراوانیان داگیر دەكرد، بەبێ ئەوەی بەرگریەكی ئەوتۆ لە بەرامبەریان بكرێت.

وا دیارە داعش ئەم بیرۆكەیەی لە دڵی هەموو ئەندامانی گروپەكەیان چەسپاندووە، لەسەر ئەو بنەمایەش بەردەوام دەبن، بۆیە هیچ جێگای سەر سوڕمان نیە، تەنها و تەنها لە پێناو خۆدەرخستن كردەوەی گەورەی تیرۆرستی دەكەن، هەر وەك چۆن گروپە دەستگیركراوەكە بە ئاشكرا ئاماژەیان بەوە كرد، دانان یان هەڵكردنی ئاڵاكەیان بۆ نمایش و دەنگدانەوە بووە، بەڵام كە جاری یەكەم هیچ دەنگدانەوەیەكی بەدوای خۆیدا نەهێناوە، بڕیاریانداوە، ئەمجارە لە ژێر ئاڵاكەیاندا بۆمب دابنێن، ئەمە دەمانگەیەنێتە ئەو راستیەی كە داعش و ئەندامانی گروپەكە، خۆدەرخستن و دەنگدانەوە بە كارێكی سەرەكی خۆیان دەزانن، لە هەر كات و شوێنێك بێت و ئەگەر توانایەكی ئەوتۆشیان نەبێت، بیر لە خۆدەرخستن و كردەوەی تیرۆرستی دەكەنەوە، كەواتە تا ئەم فكرە لە مێشك و خەیاڵیاندا هەبێت، مەترسی خۆ نمایش كردنی داعش و كردەوەكانیان بەردەوام دەبێت، هەروەها كۆتایی هێنانیشیان تەنها بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نابێت، بەڵكو بەشێكی بەهۆی ڕوبەڕوبونەوەی فكرەكەیانەوە دەبێت، كە بۆ ئەمەش پێویست دەكات راوێژ بە كەسانی پسپۆڕ بكرێت و ئەم لایەنە چیدیكە فەرامۆش نەكرێت،چونكە مەترسیەكی بەردەوامە لە نێو كۆمەڵگەدا.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.