سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

داعش لە ساڵی رابردوودا

24/02/2021



حەسەن یاسین

هەڵسەنگاندنێكی كورت

هێشتا لە سەرەتای ساڵی نوێی (2021) داین. وا باشە بەكورتی هەڵسوڕانی داعش لە ماوەی ساڵی رابردوودا هەڵبسەنگێنین، بەتایبەت كە لەم ساڵەی رابردوودا، داعش لەسایەی خەلیفەیەكی نوێدا، دوای كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی بەڕێوەچووە. هەڵبەت ئەم هەڵسەنگاندنەش یارمەتیمان دەدا بۆ دیاریكردنی دیدی ئایندەییمان بۆ ئێستا و دواڕۆژی تیرۆر لەم وڵاتەدا!

سەرەڕای ئەوەی داعش خیلافەتەكەی رووخێنراوەو خاكی بەدەستەوە نەماوە، كەچی هێشتا تەواو لاواز نەبووەو پەكی نەكەوتووە.

كە هێزەكانی ئەمریكا لە ساڵی 2011دا لە عیراق كشانەوە، ئەوكات داعش كە ناوی (دەوڵەتی ئیسلامی لەعیراق) بوو نزیكەی (700 – 1000) چەكداری هەبوو، كەچی لە ئابی (2018)دا، بەپێی خەمڵاندنی شارەزایان، گەیشتە (30000) چەكدار لەعیراقدا.

داعش توانی سوپایەكی گەورە پێكەوەبنێ و فەلوجە و موسڵ و ئەنبار و چەندین شارۆچكە لە عیراق داگیر بكات و دەست بەسەر زۆربەی خاكی رۆژهەڵاتی سوریادا بگرێ. ئەمەش تەنیا لەماوەی سێ ساڵدا.

سەرچیغچوون ئەوانەی وا دەزانن داعش بەتەواوی تێكشاوە. راستە چەكدارانی داعش لەنێو شارەكاندا نەماون و فەرمانڕەوانین، بەڵام هێشتا توانای شەڕ و پەلاماردانیان هەیە و لەڕووی راگەیاندن و داراییەوە بەهێزن!.

شارەزایان جەخت لەوە دەكەنەوە كە داعش لە خۆگونجاندن لەگەڵ واقیعی مەیدانیدا خێرایە و بەنەرمییەكی زۆرەوە مامەڵە دەكات لەگەڵ ئەو واقیعەی ناچاریكرد پشت لە ناوەندێتی و روو لە ناناوەندێتی بكات. بۆیە لە دوو ساڵی رابردوودا توانیویەتی لەڕووی سەربازی و ئەمنی و ئیداری و كاروباری شەرعی و راگەیاندنەوە پەیكەربەندیی خۆی دابڕێژێتەوە!.

لەگەڵ كۆتاییهاتنی پڕۆژەی سیاسی وەك خیلافەت لە كۆتایی 2017دا، داعش خۆی رێكخستەوە و تەكتیكە سەربازییەكانی خۆی گۆڕی و رووی لە شەڕی پارتیزانی كرد.

شارەزایان پێشبینی سەرلەنوێ لەدایكبوونەوەی داعشیان كرد و رایان وابوو ئەمجارە داعش لە زۆر رووەوە لەگەڵ داعشی پێشتر جیاواز دەبێ. پێشبینییەكەشیان وا دەرچوو. داعشی ئێستا، بەپێی واقیعی مێژوو و راستییەكانی مەیدان، داعشێكە دیسان وەك رێكخراوێكی نهێنی كاردەكا و توانیویەتی پەیكەربەندیی رێكخراوەیی خۆی بپارێزێ و پەرە بەتوانای ئایدیۆلۆجیی خۆی بدا، گەشە بەسەرچاوەی دارایی خۆی بدا و لەڕووی راگەیاندنەوە هێز و گوڕ بداتەوە بەخۆی!

لەڕووی كاركردنی ستراتیجییەوە پشت بە پەلاماردانی بەردەوام و شەڕی پارتیزانی دەبەستێ. پشت ئەستوورە بە مەفرەزەی بەژمارە كەمی هەڵسوڕاو لەنێو ئەو رووبەرانەدا كە ئاوەدانییان تێدا نییە. هەڵبەت چەندین رووبەری خاكی بێئاوەدانی، لێرە و لەوێ، لەنێو عیراقدا هەن كە لەڕووی ئاسایشەوە بەبۆشایی دادەنرێن و پشتگوێخراون و لەنێو قووڵایی گوندەكان و ناوچەكانی بیاباندان، سەرەڕای شانە نووستووەكانی نێو شارۆچكەو شارەكان!

سەرەڕای پشتبەخۆبەستن و ئاستی بەرزی ویستی شەڕكردن لای چەكدارانی داعش، كەچی هەلومەرجی بابەتیی نێو عیراقیش یارمەتیدەرە بۆ گەشەكردنەوەی داعش. هێشتا عیراق لەڕووی سیاسییەوە ناجێگیرەو لایەنی ئاسایش و ئارامی تۆكمە نییە، لێرە و لەوێ خۆپیشاندان درێژەی هەیە و خۆپیشاندەران دەكوژرێن.

لە عیراقدا دۆخی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی گۆڕانكاریی ئەرێنییان بەسەردا نەهاتووە. ململانێی سیاسیی نێوان ئەمریكا و ئێران لەسەر هەژموونیان بەسەر عیراقدا وەك خۆیەتی و ناوە ناوە گەرمتر دەبێ. گەشەپێدان و ئاوەدانكردنەوە لەنێو وڵاتدا نەك هەر لاوازن، بەڵكو لە حاڵی نەبووندان و سەرەڕای بوونی دەستەی دەستپاكی، كەچی گەندەڵی بەشێوەیەكی كەموێنە روو لەهەڵكشانە، ململانێی تایەفەگەری پتربووە و ئەو هۆیانەی مایەی پتربوونی توندوتیژی و یاخیبوونن هێشتا هاندەری بەرزبوونەوەی كێرڤی گیانی توندڕەوین!.

بەپێی راگەیاندنی داعش، خۆیان تەنیا لەنیوەی یەكەمی ساڵی رابردوودا لەعیراق 722 چالاكییان كردووە. خۆ ئەگەر بڵێین خۆیان هەڵكێشاوەو پتریان بۆ خۆیان نووسیوەو بیكەین بە نیوە و تەنیا 361 چالاكی حسێب بكەین هێشتا زۆرەو بەڵگەی ئەوەیە كە داعش هێشتا لەسەر پێیەو مایەی زیان و ئاشوبە لەنێو عیراقدا، هەڵبەت ئەمە سەرەنجام بە زیان بۆ ئێمەی كوردیش دەشكێتەوە!

كاتی ئەوە هاتووە هەموو ئەو هۆكارانە بنبڕبكرێن كە دەبنە مایەی گەشەكردنی داعش و یارمەتیدەری داعشەكانن تا بتوانن برەو بە كارو چالاكییە تیرۆریستییەكانیان بدەن!.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.