سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

بۆچی لەگەڵ بە تەمەنداچون مرۆڤ توانای فێربونی نامێنێت؟

24/02/2021


ئان ترافتون شارەزا و نوسەری تایبەت بە زانستەكانی ژیان ڕاپۆرتێكی بڵاوكردوەتەوە و باس لە دەرەنجامی توێژینەوەكان دەكات، بۆ گەڕان بە دوای ئەو پرسیارەی كە بۆچی مرۆڤ لەگەڵ زیاتر بەتەمەنداچون، توانای فێربونی نامێنێت، یان بگرە بەشێوەیەكی قورستر و زەحمەتتر فێر دەبێت، ئەمەش بۆ كۆمەڵێك هۆكار دەگەڕێنێتەوە و گرنگترینیان بریتییە لە وەرنەگرتنی زیاتری زانیاری لەلایەن بازنەكانی داتا هەڵگرتن لە مێشك.

بەشێوەیەكی گشتی لە هەموو كۆمەڵگەیەكی سەر گۆی زەوی، مرۆڤ لەگەڵ زیاتر بە تەمەنداچون، خواستی بۆ فێربونی زیاتر و وەرگرتنی ئامێر و شێوازی نوێ ژیان و چالاكییە جۆراوجۆرەكان كەم دەبێتەوە، بەو هۆیەوە زانایانی بواری مێشك و دەمار لە پەیمانگەی ماساچوستس لێكۆڵینەوەكیان لەسەر مشكی تاقیگە و بۆ زانینی هۆكارەكانی ئەو دیاردەیە لە مرۆڤ ئەنجام دا، دەرەنجامەكانیش بە پلەی یەكەم ئەوەیان دەرخست، كە مێشك لەگەڵ چونە نێو تەمەنەوە، بازنەكانی هەڵگرتنی داتا و وەرگرتنی شتی تازەی سستر دەبێ و هەر گیرۆدەی ئەو زانیاری و شێوازانەیە كە لە زوەوە لە مێشكی هەڵیگرتون و لەگەڵی ڕاهاتووە.

پاش ئەوەی زانایان ئەو هۆكارە سەرەكییەیان دۆزیەوە، دەستیان بە لێكۆڵینەوە لەسەر بازنەكانی مێشك كرد، تا بتوانن دوبارە چالاكیان بكەنەوە و چارەسەرێكیان بۆ بدۆزنەوە، سەرەنجام چەندان تاقیكردنەوەیان لەسەر مشكێكی پیر كرد و توانیان بازنەكانی وەرگرتنی زانیاری لە مێشكی چالاك بكەنەوە، دواتر بە وردی چاودێری مشكەكەیان كردوە و بۆیان ڕونبوەتەوە، كە بەراورد بە پێش وادەی چالاككردنەوەی بازنەكانی مێشك، خواستی بۆ فێربون زۆر زیاتر بووە.

ئان جرایبێڵ وانەبێژ لە پەیمانگەی ماساچوستس و ئەندامی پەیمانگەی ماكجفرن بۆ توێژینەوە لە گرفتەكانی مێشك دەڵێت"لەگەڵ زیاتربونی تەمەنمان، بەلامانەوە قورس دەبێ كە چالاكی نوێ ئەنجام بدەین و خولیای فێربون و خوێندنمان هەبێ و بەردەوامی بدەین بۆ گەیشتن بە خەونەكانمان، دەمانەوێ هەمیشەی ئەوەی پێی گەیشتوین مامەڵەی پێ بكەین و هەرگیز حەز بە گۆڕانكاری لەو باكگراوەندانە ناكەین كە لە مێشكمان هەڵمان گرتون، بەڵام لە ئەنجامی ئەو توێژینەوەیەی ئەنجاممان دا، هۆكاری ئەو گرفتەمان دۆزییەوە و توانیشمان چارەسەری بكەین، بەڵام ئەمە تا ئێستا لەسەر مشكی تاقیگە سەلمێنراوە و هێشتا ماوە تا بە ڕەسمی لەسەر مرۆڤ تاقی بكەینەوە.

ئەنجامی ئەو توێژینەوەییە لە گۆڤاری "سیل"ی زانستی تایبەت بە بڵاوكردنەوەی توێژینەوە نوێیەكان بڵاوكراوەتەوە، جیا لە جرایبێڵ، ئەلیكساندەر فریدمان زانای توێژەر لە هەمان پەیمانگە و وانەبێژ لە زانكۆی تێكساس، ئیمیڵی هویسك زانا و پسپۆڕ لە پەیمانگەی ماساچۆستس بۆ تەكنەلۆجیا بە هاوبەشی توێژینەوەكەیان ئەنجام داوە و توانیویانە بە سەركەوتویی ئامانجی توێژینەوەكە بەدەستبهێنن.

بە گوێرەی توێژینەوەكە مێشكی مرۆڤ دابەشكراوە بە توێژی جیاجیا و بەشێكیان پەیوەست بە ئاكار و كردەوە و كاردانەوە كۆمەڵایەتییەكان، ئەم توێژەی تایبەتە بەو بوارە لە چەندان ناوەندی گرنگی بەیەكترەوە لكێنراو پێكهاتووە، ڕەوشت و ئاكار و ئاستی فێربون و زاڵبون بەسەر پەرچەكردارەكان و هەڵچون و داكشانە هەستیارییەكان و زۆر بواری تر لەلایەن ئەم توێژەوە سەرپەرشتی دەكرێ و فەرمان بۆ بەشەكانی تری جەستە دەردەكات، تا لەگەڵ ئەو حاڵەتەی كە پێی گەیشتووە جوڵە بكەن.

جرایبێڵ دەڵێت"ماوەی دەیەیەكە لە هەموو توێژەكانی مێشك جۆرە خانەیەك دۆزراوەتەوە كە پێی دەوترێ ستریوسومات و تا ئێستایش هۆكار و ئەركی ئەو خانەیە لە نێو هەموو توێژەكان نەزانراوە، بەڵام ئێمە ئەركی ئەو خانەیەمان دۆزییەوە و لەگەڵ هاوكارانم گەیشتینە ئەنجامێكی سەلمێنراو، كە ئەو خانەیە ڕۆڵی سەرەكی دەگێڕی لە بڕیاردانی مرۆڤ، واتە ململانێی دودڵی و بڕیاردان و خۆیەكلاكردنەوە و ڕوبەڕوبونەوەی نیگەرانی و دودڵییەكان لەبارەی ئەو بڕیارانەی كە دەیدەن، سەرجەمی لەلایەن ئەو خانەیەوە دروست دەبێت و وا دەكات زیاتر بیر بكەینەوە و هەڵسەنگاندنی دۆخەكە بكەین و گومان بكەین، كە ئەمەش هەم سودی هەیە هەم زیان بۆ مرۆڤ، چونكە زۆرجار لای هەندێك مرۆڤ وا دەكات بڕیاردان زۆر قورس و ئەستەم بێت.

جیا لەوە ئەو خانانە بە خانەی مادەی ڕەش دەلكێن كە لە ناوەندە گرنگەكانی مێشك بونیان هەیە و هۆرمۆنی دوبامین دەردەكەن، كە بە تەواوی مێشك چالاك دەكات، كاتێك ئەو خانەیە لەگەڵ خانە ڕەشەكان زۆرتر لكاندن و پەیوەندییان لە نێوان دروست ببێت، جۆرێك لە پاشەكشەی مرۆڤ لە وەرگرتنی شتی نوێ و خواستی فێربون دروست دەبێت.

كاتێكیش دوبارە بازنەكانی مێشك كە لەو توێژە بونیان هەیە، چالاك دەكرێنەوە، دەبێتە هۆی دوركەوتنەوەی خانەی ستریوسومات لە خانەی ڕەش، ئەمەش وا دەكات گومان و نیگەرانی و دودڵی زۆر نەمێنێت و مێشكی مرۆڤ چالاكتر بێت و خواستی فێربونی زۆرتر دەبێت.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.