سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

کێ پێشنیازی لابردنی پاشگری ئیسلامیی کرد؟ کۆمەڵی ئیسلامی لە نێوان بڕیارێکی بوێرانەو پوکانەوەی ڕێکخستنەکانیدا

23/02/2021


ساڵانێکی زۆرە لە نێو ڕەوتە ئیسلامیەکان و بە تایبەت کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتوی ئیسلامی قسەو باس و گفتوگۆ، تادەگاتە ململانێیەکی توند بۆ لابردنی پاشگری ئیسلامی لە هێزەکانیان هەیە،ئەم بابەتە هەندێک لە سەرکردە ئیسلامیەکان و بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی ئەو دو هێزەی ماندوو کرد.

بە جۆرێک بەشێکیان نەیاتوانی بەردەوام بن و لەسەر ئەم بابەتە لە هێزەکانیان پاشەکشەیان کرد و هاتنە دەرەوە. ساڵانێکە دکتۆر محسن عەبدولحەمید کەسایەتی دیاری ئیسلامی و سەرۆکی پێشوی حزبی ئیسلامی عیراقی بانگەشەی جیاکردنەوەی ئاین و سیاسەت دەکات،و پێی وایە دەبێت هێزە ئیسلامیەکان لەوە تێبگەن کە چیدی پاشگری ئیسلامی نابێتە فریادڕەسی هیچ هێزێکی ئیسلامی و باشترە خۆیان لەو ناوە دابماڵن و خۆیان یەکلایی بکەنەوە کاری دەعەوی دەکەن یان سیاسەت؟

ئەم بۆچونە جیاوازانە ئەگەر لە نێو سەرکردەی هێزە ئیسلامیەکان بوبێتە مایەی گفتوگۆ و جەدەلێکی جدی و نیگەرانی بەشێکیانی لێکەوتێبێتەوە ئەوا بۆ لایەنگر و هەوادارانیان کە خەڵکانێکی ئاسایی و باگراوەند ئیسلامین بە سانایی قبوڵکراو نییەو لە زۆر ویستگەدا هەڵوێستی توندیان نواندوە بەرامبەر هێزەکانیان کە ئەو باسە کراوەتە تەوەری گفتوگۆیان.

یەکگرتوی ئیسلامی لە دوو کۆنگرەی پێشویدا بابەتی جیاکردنەوەی سیاسەت و بانگەوازی کردە جێی نیقاش و گفتوگۆیەکی جدی و بەشێک لەو هێزە و سەرکردەکانی بە ڕابەرایەتی ئەبوبەکر کاروانی پرۆژەیەکیان ئامادەکرد بۆ لێکردنەوەی پاشگری ئیسلامی و دورکەوتنەوە لەو جۆرە تەقلیدیەی کارکردن کە هەبوە، هەر هیچ نەبێت جیاکردنەوەی بانگەواز و سیاسەت لە کاروباری ئەو هێزەدا.

هەرچەندە ئەوکات پرۆژەیەکی ئەبوبەكر کاروانی دەنگی زۆرینەی بەدەست نەهێنا بەڵام لە کۆتا کۆنگرەی ئەو حزبەدا بە کەمێک دەستکارییەوە بە ڕانەگەیەنراوی پرۆژەکە جیبەجێکراو لە ئێستادا بە ئاشکرا بە کارەکانی یەکگرتوی ئیسلامییەوە دیارە کە بەشێکیان کار بۆ بانگەواز و پێگەیاندن و بەشێکی تریشیان کار بۆ کایەی سیاسی حزبەکە دەکەن، بە جۆرێک بە پێی زانیاریەکان کەناڵە میدیایەکان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان سەرقاڵی کاری سیاسی و سەرجەم ئۆرگانەکانی تریش سەرقاڵی کاری دەعەوی و پێگەیاندنن و هەر بۆیە خۆیان بەدور دەگرن لە هەرهەڵوێست و لێدوانێکی میدیایی کە باس و خواسێکی سیاسی تێدا بێت.

لەنێو کۆمەڵی ئیسلامی ساڵانێکە باس لەوە دەکرێت کە چەند سەرکردەیەکی ئەو حزبە پرۆژەی لێکردنەوەی پاشگری ئیسلامییان هەیەو دەیانەوێت حزبەکە بکرێتەوە بەڕوی کەسانی دور لە ئاینی ئیسلام، بەڵام سەلەفیەکانی نێو کۆمەڵ زۆر بەتوندی دژی ئەم ڕایە وەستانەوەو لە کۆنگرەی سێیەمی ئەو حزبەدا ململانێیەکی توند دروست بوو کە بوە هۆی دور کەوتنەوەی بەشێکی سەرکردەکانی حزبەکەو دوایی بانگەشەی ئەوەیان کرد لەبەر ئەوەی پرۆژەکەیان جێبەجێ نەکراوە نەیاتوانیوە چیدی لە نێو ئەو حزبە بمێننەوە، بەڵام ئەوەی کە بینرا لە سەر زاری کەسی یەکەمی کۆمەڵ و چەند سەرکردەیەکیانەوە باس لەوەکرا کە ئەو پرۆژەیە پرۆژەی عەلی باپیر ئەمیری ئەوکاتی کۆمەڵ بوەو هیچ کەس خاوەنی پرۆژەکە نییە.

لە کۆنگرەی چوارەمدا و دوای ئامادەکاریەکی دەرونی و ئۆرگانیی بۆ پرۆژەکە، ئەمیری کۆمەڵ لە وتاری دەستپێکی کۆنگرەدا زۆر بەڕونی بە هەموو ئەندامانی کۆنگرەی وت ئەگەر دەتانەوێت لەم دۆخەی ئێستامان دەربچین دەبێت خۆمان بگۆڕین و هەرکەس نایەوێت بگۆڕێت دیارە ویستی مانەوەی نییە، ئەم وتەیەی عەلی باپیر بوە فاکتەرێکی گرنگ و پاڵنەرێکی بەهێز بۆ ئەندامانی کۆنگرە کە ئەو بڕیارە بدەن و ئەوەبوو سەرەنجام بریارەکەیان داو ئێستا کۆمەڵی ئیسلامی بوەتە کۆمەڵی دادگەری و ئەمیریش بوەتە سەرۆک.

ئەم بڕیارەی کۆمەڵ هەم پێشوازیی لێکراو هەم ڕەخنەی توندی ئاراستە کرا بە جۆرێک کە هەندێک پێیان وایە پێویستە کۆمەڵ بکرێتەوە بەڕوی پێکهاتەو ئاینە جیاوازەکاندا و جێی هەموانی تیا ببێتەوە ئینجا دەتوانرێت بوترێت گۆرانکاریەکی باش کراوە، بەڵام محەمەد حەکیم یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی کۆمەڵی ئیسلامی هاوشێوەی زۆرینەی بەرپرسەکانی تری حزبەکەی بە ئاشکرا وتی گۆڕینی ناوەکە هیچ کاریگەری ناکاتە سەر ئیسلامی بونمان و ئێمە هەر بەهیزێکی ئیسلامی دەمێنینەوەو بە پێی مەرجەکانی ئەندام بون هیچ کەس لەدەرەوەی بازنەی ئاینی ئیسلام جیگەی نابێتەوە لای ئێمە.

ئێستا چاودێران و ڕەخنەگرانی ڕەوتی ئیسلامیی سیاسی دابەشبوون بەسەر دووبەرەدا کە یەکێکیان پێی وایە کۆمەڵی ئیسلامی بوێرییەکی باشی نواند و ڕێگەی کردۆتەوە بۆ هەر گۆرانکاریيەکی تر لە ناو خۆیدا چونکە گرنگترین و هەستیارترین بابەتی گۆڕیوە کە پاشگری ئیسلامی بونیەتی، ئیدی دوای ئەوە هەر گۆرانکاریەکی تر ئاسایی دەبێت، بەشێکی تری چاودێران پێیان وایە کۆمەڵی ئیسلامی بەم گۆرانکارییە خۆی خستۆتە بەردەم چارەنوسێکی نادیار و لێڵەوە، چونکە نیگەرانی و دوور کەوتنەوەی ئەندام و لایەنگرە ئیسلامیەکانی بەدوادا دێت و لە بەرامبەردا هیچ کەس لە هێزو لایەنی تر و بگرە لە خەڵکی سەربەخۆش ناچێتە ڕیزی ئەو حزبەوە، چونکە ئەو هێزە مێژویەکی جیهادیی هەیەو بەسانایی ناتوانێت ڕای جیاواز و ئایدۆلۆژیای جیاواز قبوڵ بکات بۆ کارکردن.

 

شارپرێس

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.