سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

هارد دیسكی كۆمپیوتەرەكەی بن لادن

23/01/2021


عارف قوربانی

رەنگە هاوشێوەی ئەو پرسیارەی ئایا (مریشك لە هێلكەیە یان هێلكە لە مریشكه؟‌) تێگەیشتن لەوەی كێ‌ وڵاتێكی دامەزراوی وەك ئەمریكا بەڕێوەدەبات ئاوا قورس بێت. ئایا هەر بەڕاستی كێ‌ ئەمریكا بەڕێوەدەبات، ئەوانەی چوار ساڵ جارێك لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە دێنە سەر حوكم، یاخود پلان و ستراتیژێكی دوورمەودا لە پشتی ئەو شێوازە لە بەڕێوەبردنی ئەمریكاوەیه ‌و ئەوانەی دێنە سەر حوكم ئەو ستراتیژە بەڕێوەدەبەن كە پێشتر داڕێژراوە؟
 
هەرچەندە مێژووی دوور و نزیكی ئەمریكا ئەوەی بۆ سەلماندووین كە كارەكتەرەكانی حوكمڕان لە ئەمریكا رۆڵی گەورەیان لە ئاڕاستەكردنی سیاسەتەكانی ئەو وڵاتەدا هەبووە، جیاوازیی دونیابینییان، دۆستایەتی كەسیی و پەیوەندییان لەگەڵ دونیای دەرەوەی خۆیان رەنگدانەوەی بەسەر سیاسەتی ئەمریكاوە هەبووە، هەروەها جیاوازیی فەلسەفەی حوكمڕانی هەردوو حیزبەكەش رەنگدانەوەی بەسەر تەواوی سیاسەتی بەڕێوەبردنی كاروباری ناوخۆیی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكاوە دیارە، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا هەر ناكرێت باوەڕی تەواومان وابێت كە بۆ وڵاتێكی وەك ئەمریكا بە رەهایی دەسەڵات له ‌دەستی ئەوانەدایە كە چوار ساڵ جارێك دێن و دەڕۆن.
 
راستە دامەزراوەی دەستووریی و بە یاسا چوارچێوەیەی دەسەڵات و ئاستی توانای بڕیاردان دیاریكراون، بەڵام هەر مەحاڵە باوەڕ بەوە بكرێت چارەنووسی وڵاتێكی گەورە كە چارەنووسی مرۆڤایەتیشی پێوەبەستراوە، مەحكوم بێت بە هەڵبژاردن و بە دیموكراسیەتێك بسپێردرێت كە یاریكردن بە وشە و سۆز دەرئەنجامەكەی یەكلاییبكاتەوە. بۆیە چاوەڕوانیكردنی زۆر لەو ئاڵۆگۆڕانەی بەهۆی هەڵبژاردنەوە لە حوكمڕانی ئەمریكا دروست دەبن، چاوەڕوانییەكی بێ‌ئاكامە، بەتایبەت بۆ ئەو پرسانەی كە گرێدراون بە ستراتیژی ئەمریكاوە. 
 
ناكرێت باوەڕی تەواومان وابێت لە ئەمریكا دەسەڵات بە رەهایی له ‌دەستی ئەوانەدایە كە چوار ساڵ جارێك دێن و دەڕۆن 

لێرەدا مەبەستمە سەرنجی خوێنەر بۆ پرسێكی گرنگ رابكێشم كە ئەویش ململانێ‌ و پەیوەندیی نێوان ئێران و ئەمریكایە، هەروەها ئەو چاوەڕوانیانەی خەڵك لە ئێران و ناوچەكە بۆ دوای هەڵبژاردنی ئەمریكا و هاتنە سەر حوكمی بایدن وەك ئومێدێك بۆ گۆڕانكاری دروستیان كردووە. بەتایبەت بەهۆی ئەوەی ترەمپ چەند رێكارێكی لە سیاسەتكردن لەگەڵ ئێران پەیڕەوكرد، وێناكە بەو جۆرە كەوتەوە كە ئەمە میزاجی كەسیی ترەمپە و رك و كینەی لە دەسەڵاتدارانی ئێران هەڵگرتووە، بۆیە زۆرێك چاوەڕوانی ئەوەن كە بە رۆیشتنی ترەمپ ئەو سیاسەتانەی ئەمریكا بەرامبەر ئێران گۆڕانكارییان بەسەردابێت.
 
گەرچی لە رابردوودا و بە ‌دیاریكراوی له ‌دوای هاتنە سەر حوكمی كۆماری ئیسلامیی ئێران، لەسەر ئاستی هەردوولا بۆ رای گشتی، ئێران و ئەمریكا وەك دوو وڵاتی نەیار خۆیان ناساندووە. هەردوولا وایان خستووەتەڕوو كە دوژمنی ستراتیژی یەكدین. بەڵام لە پشتی ئەم دیمەنە رووكەشەوە رووداوگەلێكی دیكە هەن كە شتی دیكەمان پێدەڵێن. بەتایبەت ئەگەر دەرئەنجامی هەر جۆرە رەفتار و هەڵسوكەوتێك بە ئەنجامەكەی هەڵبسەنگێنین، ئەوە دەردەكەوێت كە ئەم دوو وڵاتە ئەگەر لەسەر یەك نەخشە و ستراتیژی و بۆ ئامانجگەلێكی دیاریكراو كاریان نەكردبێت، بەدڵنیاییەوە ئاویان كردووەتە ئاشی یەكدییەوە. 
 
چاوەڕوانیكردن لەو ئاڵۆگۆڕانەی بەهۆی هەڵبژاردنەوە لە حوكمڕانی ئەمریكا دروست دەبن، بێئاكامە 

ئەمریكا بە پلەی یەكەم لە پشتی هێنانی كۆماری ئیسلامی بوو بۆ سەر حوكم وەك لەمپەرێك لە بەردەم گەشەی سۆسیالیزم و رێگری لە هەژموونی یەكێتیی سۆڤیەت بۆ سەر سەرچاوەكانی وزەی كەنداو. كاتێك لە سەرەتاكانی هاتنە سەر حوكمیشیدا تووشی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق هات، لەڕێگەی ئیسرائیلەوە باشترین جۆرەكانی چەكی ئەمریكی دەگەیشتە دەستی ئێران. دواتریش ئەمریكا نەك هەر چاوی لە پەلهاویشتنەكانی ئێران دەپۆشی بە ناوچەكەدا، بەڵكو بە ناڕاستەوخۆ یارمەتیدەری گەشەی ئێران بوو بۆ ترساندنی وڵاتانی ئیسلامی عەرەبی سووننه ‌و تەسلیمبوونی یەك بەدوای یەكیان بە ئیسرائیل. 
 
ئەمریكا بە ئێران وڵاتانی عەرەبی نەیاری ئیسرائیلی ترساند و تاوەكو ئەو ئاستە تەسلیمی ئەو ئیرادەیەبوون كە پرۆژەی سەدە بەسەر هەموو نەیارەكانی ئیسرائیلدا بسەپێندرێت. با بەڕووكەش هەر لە تاران مەرگ بەر ئیسرائیل بخوازرێت.
 
دووژمنایەتیی ئەمریكا و ئێران رووكەشە 

پێدەچێت ئەمریكا ئیدی هێندە پێویستی بە گورگەكە نەمابێت بۆ ترساندنی مەڕی عەرەبی، چونكە ئێستا مەڕەكان چوونەتە لای شوانە ئیسرائیلییەكە و لەوە دەچێت قۆناغی داهاتوو بۆ دڵنیایی شوانەكە، قۆناخی راوكردنی گورگە بێت. وەك چۆن ئەمریكا ئەندازیاری دروستكردنی تاڵیبان بوو، هەر خۆشی دەستیگرتن و هێنایانی بۆ حوكمی ئەفغانستان، كە كارەكەیان تەواو بوو، ئەمریكا پاڵی پێوەنان.
 
لە شەڕی هەشت ساڵەدا باشترین جۆرەكانی چەكی ئەمریكی دەگەیشتە دەستی ئێران 

ئاماژەكان بۆ كۆماری ئیسلامیش هەر ئەوەمان پێدەڵێن. بۆیە ئەوەی ترەمپ دەیكرد رۆیشتن بوو بەو رێگایەدا و پێناچێت بایدنیش رێگەكەی بگۆڕێت. هەمان ئەو كارتەی بۆ تاڵیبان بەرزیانكردەوە و كردیان بەپاسا و بۆ رووخاندنی، ئێستا لە دواساتەكانی تەمەنی ترەمپدا، مایك پۆمپەیۆ هەمان ئەو كارتەی خستەوە پێشچاوی ئەمریكییەكان، یانزەی سێپتەمبەر دیمەنە سیحراوییەكەی وروژاندنی شێرە بریندارەكە.
 
 
پۆمپەیۆ لە دوا وتاریدا وەك وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پێش ماڵئاواییكردنی دۆناڵد ترەمپ لە كۆشكی سپی و بەرلەوەی بایدن بچێتە سەر كورسی دەسەڵات، بە گەلی ئەمریكای گوت ئێران لە پشتی رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدە بووە و بەرنامەداڕێژەری پەلامارەكەی دوو باڵەخانە بازرگانییەكەی یانزەی سێپتەمبەرە. رەنگە زۆربن ئەوانەی ئەم وتارە و ئەو ئاماژەیە وەك هەر تۆمەتێكی ئاسایی یاخود وەك هەر یەك لەو وتارە دژە ئێرانییانە ببینن كە چەندین ساڵە لە واشنتۆنەوه گوێمان لێدەبێت. بەڵام راستی پشتەوەی ئەو وتارەی پۆمپەیۆ شتێكی دیكەیە.
 
"ئەمریكا ئەندازیاری دروستكردنی تاڵیبان بوو"

نزیك بە دوو ساڵ پێش ئەم وتارەی پۆمپەیۆ، من و هاوڕێیەكی رۆژنامەنووسم لەبەر ئەوەی ئیزنی خۆیم وەرنەگرتووە تا ناوی بنووسم سەردانی یەكێك لە بەرپرسە باڵاكانی عێراقمان كرد، بە ڕێككەوت كتێبێكم لە كتێبخانەكەی بینی كە ماوەیەكی زۆر بوو عەوداڵی بووم، بە تەنزێكەوە پێمووت "خۆ تۆ كتێب ناخوێنیتەوە بۆیە ئەم كتێبە دەبەم و بۆت ناهێنمەوه"‌. بانگی هەردووكمانی كردە تەنیشتی خۆیەوە و گوتی ئێوە هەر بچن بیرەوەریەكانی فڵان و فڵان بخوێننەوە، لەسەر ئایپادەكەی فایلێكی (سی ئای ئەی) كردەوه ‌و گوتی من ئەمانە دەخوێنمەوە (هارد دیسكی كۆمپیوتەرەكەی بن لادن) هەندێك پەرەگرافی پێشانداین و كەوتە باسكردنی كە ئێستا ئەمریكا كار لەسەر ئەمە دەكات، دوای كوشتنی بن لادن لە هارد دیسكی كۆمپیوتەرەكەی ئەو بەڵگانەی تیایە كە ئێران لەپشتی قاعیدە بووە و سەرچاوەی مەشق و تەمویل و ئاڕاستەكردنیان بووە، تەنانەت بەڵگەی سەلمێندراوی یانزەی سێپتەمبەر كە ئێران پێی كردوون. كۆبوونەوەكانیان و داڵدەدانی خۆیان و ئەندامانی خێزانەكانیان بە ژن و مناڵەكانی ئوسامەشەوە. بۆیە ئەمریكا ئیدی سیاسەتی بەرانبەر بە ئێران دەگۆڕێت، لاوازی دەكات، كێشە لەناوخۆی دروست دەكات تاوەكو ئەم دەسەڵاتە نامێنێت.
 
هارد دیسكی كۆمپیوتەرەكەی بن لادن ئەو بەڵگانەی تێدایە‌ كە ئێران لەپشتی قاعیدە بووە 

دەمەوێ‌ بۆ وەڵامی ئەو چاوەڕوانیانەی كە پێیان وایە بایدن دەرگا بە رووی ئێراندا دەكاتەوە و لانی كەم دەگەڕێنەوە ئەو قۆناخانەی پێش هاتنی ترەمپ، جۆرێكە لە خەیاڵ. ستراتیژی ئەمریكا و بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل ئیدارەی هاوكێشەكانی ناوچەكە دەدەن، نەك نەرمونیانی بایدن.
سەرچاوە/ روداو

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.